مشتێک نموونەی خەروارێکە : ئەگەر کورد ئازاد بوو کێ دەیبات بەڕێوە؟
Thursday, 22/03/2012, 12:00
هیوادارم کوردستانپۆستی بەڕێز ئەم پرسیارانەمان بۆ بڵاوبکاتەوە کە بەر لە هەرکەس ئاراستەی خۆیانی دەکەین:
بەلای منەوە ئەو سیاسیانەی دەستیان لە بنی هەمانەکەوە دەرچووە، دەیانەوەێت بە ڕاگەیاندنی سیاسەتێکی تر ئیعتبار بۆ خۆیان بگێڕنەوە. ئەوان دوای شکستە یەک لەدوای یەکەکانیان، دەیانەوێت پێگەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بەهێز بکەن. چاکترین وەسیلەش ختووکەدانی گیانی نەتەوەییە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمانە هەروەک جارانیان، تەنها بەدوای شتێکدا دەگەڕێن لە منافسەکانیان بەهێزتریان بکات، ئیتر ئەگەر بە یارمەتی ئێران بێت وەک شەستەکان و بارزانی، یان بە یارمەتی بەعس بێت وەک شەستەکان و بەکرەجۆ، یان بە یارمەتی شیعە بێت، یان بە پاڵپشتی ئەمریکا بێت، یان بەناوی ئازادی نەتەوەییەوە بێت.
پرسیارەکانیشمان ئەمانەن:
- کێن ئەوانەی لە سەربەخۆیی کوردستاندا دەسەڵات دەگرنە دەست؟ ئایا لەم سیاسیانەی ئێستا زیاتر کەسی تر هەن، یان ئەگەر هەبن، رێگایان پێدەدرێت؟
- ئەگەر لە ووڵاتێکی سەربەخۆدا ئەم حیزبانە بوونەوە بە دەسەڵاتدار، هیچ لە واقیعی حاڵ دەگۆڕدرێت؟
- ئەگەر سەربەخۆییمان وەرگرت ئایا لەمەی ئێستا زیاترمان دەست دەکەوێت؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە تکایە ئەوەی دەستمان دەکەوێت چییە ؟ پارەیە بەناوی خۆمانەوە؟ ئەی کێ پارەکان خڕ دەکاتەوە؟ نەوتە؟ ئەی کێ نەوتەکە دەبات بۆ خۆی؟ کەرامەتی نەتەوەییە؟ ئەی هیچ کەرامەتێکمان بۆ ماوەتەوە لە سایەی ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆدا؟ پەساپۆرتێکە؟ ئایا پاراستنی زمانی کوردیە کە ئێستا لە سەردەمی بەعس خراپترە لە سایەی کورد خۆیدا؟
- ئایا ململانێی سیاسی و حیزبی هەر وەک جاران و وەک نەوەدەکانیش کوردستان ناکاتەوە بە چەند ئیماراتێک کە لە ئێشتایشی بچووکتر دەبێتەوە؟
- ئایا وەک کوردستانپۆست لە وێنەیەکدا بڵاوی کردبۆوە ئەگەر سەرمان بە پۆستاڵ پان بکرێتەوە یان کڵاش هیچ جیاوازیەکی هەیە؟
کورد دەڵێت: مشتێک نموونەی خەروارێکە! واتە پێویست ناکات خەرمانەکە هەمووی ببینین تا بزانین چەندێک پاکە یان پیس. ئەمەی لەم ڕۆژگارەیشدا دەیبینین لە کوردستان نموونەی داهاتووە. ساڵانی نەوەدەکان باشترین شاهیدحاڵن کە کوردستانی تیا کرایە سلێمانی و هەولێرو هەڵەبجە.
ئەوەیشی ئێستا یەکێکی وەک نەوشیروان مستەفا ڕایدەگەیەنێت ئەوە یاریەکی سیاسی نوێیە گوایە بۆ هەڵبژاردنی ئەو وەک پاڵەوانێکی نەتەوەیی. بەڵام با بەوانیش بڵێین: مشتێک نموونەی خەروارێکە. ئێوە خۆشتان حاکم بوون و بەشداری دابەشکردنی سلێمانی و هەولێریشتان کرد. لەوەیش سەیر تر ئەوەیە کە ئەڵێن با نەورۆز حیزبی نەکرێت، کەچی ئەوان خۆیان لە نەورۆزی پاردا تەنها سەرای سلێمانیان بەدەستەوە بوو لەو شارەدا ٣ نەورۆز گێڕدرا، پارتی بەجیا، یەکێتی بەجیا، گۆڕان بەجیا. ئیستە گوایە گۆڕان داوای سەربەخۆیی نەتەوەیی دەکات؟ گۆڕان شارێکی کرد بە سیان، وە بە خەڵکی نەگوت با کورد وەک جاران بچنە سەر شاخ و گردو کێوەکان و بەبێ ئاگاداریی گۆڕان ئاگرەکانیان بکەنەوەو بەدەوریدا ڕیزی سێ پێی ببەستن. دکرێت بپرسین بۆچی؟ وە خێرە وا ئێستا هەر لە پڕێکدا نەوشیروان مستەفا خۆی وەک پاڵەوانی ئازادیی نەتەوەیی نیشاندەدات؟
نەورۆز ئەوکاتە جوان بوو کە نە پارتی بوو نە یەکێتی بوو نە گۆڕان. ئێستا سێ بەرگی کراوەتەبەرو کەس نایناسێتەوە. نەورۆز ئەوکاتە لە خۆی دەچوو کە جامانە بەسەرە سادەکان، لە دەوری ئاگرێک کۆدەبوونەوەو ساڵێکی نوێێان پێشوازی دەکرد. نەورۆز ئەوکاتە جوان بوو کە سیاسی نەبوو، حیزبی نەبوو، ئاگرەکەی هیچ ڕەنگێکی نەبوو ڕەنگی ئاگر خۆی نەبێت. ئێستا ئەو ئاگرە زەردو سەوزو مۆر دەکرێت، چیتر لە خۆی ناچێت، چیتر نەورۆزی خەڵک نیە، هەریەکە لە حیزبەکانیش نەورۆزێکیان دەوێت خەڵکی پێ کۆبکەنەوە لە دەوری بارەگاکانیان و بە منافسەکانیانی نیشان بدەن: سەیرکەن، هێز لەلای ئێمەیە، سەرکەوتن بۆ ئێمەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
لە ڕاستیدا ئەوەی نەوشیروان کردی ئەوە هەڵاتنە لەو ئەرکانەی ئێستا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. وە هەوڵدانە بۆ ئەوەی خەڵکی ئەوەی ئێستا تێکۆشانی بۆ دەکات بیری بچێتەوەو بخرێتە چاڵێکەوەو سەری بنرێتەوە بەناوی ئەوەوە کە گوایە ئەبێ ئازادی نەتەوەیی بەدی بهێنین ئەوجا سەری بیرەکە هەڵبدەینەوەو دەست پێبکەینەوە. ئەمەیش لەوە دەچێت کە جاران حیزبی شیوعی و ئەم حیزبە کوردیانە خۆیان بە نەوشیروانیشەوە بە خەڵکیان دەوت با لەپێشا ئیستیعمار دەرکەین ئینجا لە مەینەتی و هەژاری ڕزگارمان دەبێت. ڕزگاریشمان بوو مەینەتیەکەمان زیادی کرد، هەژاریمان زیادی کرد. ئەی ئەگەر ئیستا ئەمانە بوونە حاکمی وەخت چیمان بەسەردێت؟ ئەی ئیستایش هەر ئەوان نین و هەروەک ئیستایش نابن؟
درۆ نیە مشتێک نموونەی خەروارێکە.
زۆر سوپاس. چاوەڕیی وەڵامین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست