ئەبێ بەدواى ناوێكى تردا بگەڕێین بۆ مامۆستا داربەدەستەكان !!
Wednesday, 26/05/2010, 12:00
عەلى ساڵح
مامۆستا ئەو كەسەیە كە من بۆ خۆم ناتوانم پێناسەى بكەم و پێویستى بە پیاهەڵدانی من نییە و هەر بە ناوەكەیدا دیارە كە ئەبێت كەسێكى زاناو زانست بەخش بێت، بەڵام ئەمڕۆ جێى ڕەخنەو داخە كە ئەبینین خوێندكار وەك هەر چینێكیترى كۆمەڵگە بەڕادەیەكى زۆر بێبەشە لەسەرەتاترین مافى خۆى لەگەڵ نەبونى شوێنى باش كە شیاوبێ بۆ خوێندكارو نەبونى هەموو خزمەتگوزاریەكان، هەر لە ئاوى خواردنەوەوە بیگرە تا...هتد
بەڵام سەیرەكە لەوەدایە لەگەڵ ئەم هەموو بێبەشی و ڕێگریە كە لەبەردەم خوێندكاردا دروستدەكرێت، بەتایبەت بۆ خوێندكارە كچەكان، سەیرم دێ مامۆستا كە دایك و باوكى دووهەمى خوێندكارن ودەبێت ئەو خوێندكارە كە ئەچێتە خوێندنگە لە ماڵ زیاتر دڵخۆش و زیاتر موعاناتى ڕابگیرێ، چونكە خوێندنگە ناوەندێكى فێربوونە و ئەمەش ئەركێكەو لەئەستۆى ئەو كەسانەیە كە لەبوارى پەروەردەو فێركردندا كاردەكەن
ئەوەى جێى سەرنجە مامۆستاكانى ئێمە لەگەڵ ڕێزمدا بۆ هەندێكیان، بە دارو لێدان وقسەى ناشیرین فێرمان ئەكەن. من كە ئەڵێم لێدان هەربەتەنها مەبەستم لە دارەكەى دەستیان نیە كەچەن جوانە بەدەستیانەوە بەڵكو مەبەستم لە (جنێو , گاڵتە پێكردن , تانەو تەشەر , قسەى ناشیرین , قسەى زل , ترساندن , سوككردنى خوێنكار لە بەرچاوى خوێندكاریتر....هتد) كە لەلایەن مامۆستاكانەوە ڕوبەڕووى خوێندكار ئەبێتەوە ئەتوانم بڵێم 60%ى ئەوەى كە فێرى ئەبین بەقسەى ناشیرین و لێدانە. هەندێ مامۆستاش هەیە یادگارییەكانى خۆیمان بۆ ئەگێڕێتەوە كە لە كاتى ڕژێمى بەعس كە چۆن پەروەردە بووە، منیش ڕێزم هەیە بۆى، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ كە مامۆستا چى بە خۆى كراوە بۆ ئێمە دوو قات زیاتر پێمان بفرۆشێتەوە, چونكە زەمانى بەعس گوزەشت، ئێستا پێویستمان بە پەروەردەیەكى مۆدێرن هەیە، پەروەردەیەكى سەردەمیانەو شارستانیانە، چونكە مامۆستاى بەڕێز تۆ سەرباز پەروەردە ناكەیت تا بە لێدان و سزادان من پەروەردە بكەیت، لەگەڵ هەموو ئەو شتانە و بێبەشیەمان لە سیستمێكى مۆدێرنى پەروەردە شتێكى كۆمیدى هەیە كەتا ئێستا خوێندكارى پێ ئەترسێنن ئەویش ئەوەیە كەپێى ئەڵێن (درجە سلوك) نمرەى ڕەوشت من وەك خوێندكارێك هیچ ئەوەم پێ قبوڵ نییە قبوڵمە بەڵام بە مەرجێك هەرهەمان یاسا بۆ مامۆستاش دابنرێت چونكە وابزانم ئاشكرایە كە مامۆستا زیاتر سنور ئەبەزێنێت . من سەیرم لە ئەو كەسانە دێ كە پێیان ئەڵێن مامۆستا، قسە لەسەر ئەوەیە لەگەڵ بێبەشیمان لە سەرەتاترین ماف دیاردەیەكى زۆر باووبەرچاو هەیە لەنێو هەندێ مامۆستادا كە ئەویش سزادانى خوێندكارە. من ئەمەوێ باس لەم لایەنە هەستیارە بكەم، چونكە بەڕاستى زۆر ناشیرین و نامرۆڤانەیەو لەهیچ یاسایەكى پەروەردەو فێركردندا نەهاتووە، خوێندكار دەبێت بەلێدان فێربكرێ،
یان ئەوەى فێرى دەبێت بەباجدان بێت. مەبەستم لەباجدان ئەوەیە كە خوێندكارێك شەپاسەیەك بخوات لەپێناو فێربونى پێناسەیەك یاخود شیعرى شاعیرێك لەبەربكا یان فێرى(سێ)بێت و.......هتد
گەر یاسایەكى ئاوهاییش هاتبێت بەدڵنیاییەوە ئەو ناوەندەى یان ئەو وەزارەتە كە ئەو یاسایەى داڕشتووە
بە سیستمێكى عەسكەرتاریەت دایڕشتووە, كە ئەمەش لە جەهل زیاتر هیچى تێدانیە. بەڵام دڵنیام كە نەهاتووە. ئەوەى من ئەمەوێ وەك خوێندكارێك بیخەمەڕوو سزادانى خوێندكارە لەلایەن مامۆستا داربەدەستەكانەوە. بەڕاستى مامۆستا داربەدەستەكان ئەوەنەتان لێداین بێزارتان كردووین.
باشترین بەڵگە لەسەر ئەو مەسەلەیە، ئەزموونی خۆمەو بە بیرمە كاتێ ڕۆیشتمە پۆلى یەك و وەك هەر منداڵێك لەم تەمەنە پابەندى یاساكان نیەو منیش دەنگم بەرزكردەوە، مامۆستاكەم بانگى كردمە لاى تەختە ڕەشەكەو تەباشیرێكى خستە نێو پەنجەكانمەوە و قوەتى لێكرد تا تەباشیرەكە شكا. پەنجەكانم تا هەفتەیەك هیچ نەجوڵا. هەروا بەبیرم دێ كوڕێك لەپۆلی دوو، مامۆستا هەڵیساندو وتى بنوسە، بەڵام نەیزانى بنووسێ.دیارە لەهەمو پۆلێك و هەموو ئاستێكى خوێندن ئاستى زانینى خوێندكارەكە دەور ئەبینێ. مامۆستاكە لەگەڵ ئەوەى زۆرى لێداو قسەى پێكرد، لاى خۆیەوە سزاى یاسایی بەكارهێنا. سزا یاساییەكەى ئەوەبوو، قوتابیەكەى گەڕاندەوە بۆ پۆلى یەك. نازانم ڕەزامەندى بەڕێوەبەرى لەسەربوو یان نا! هەر خۆیشم بینیومە كە بە شەق لە خوێندكاریان داوە.
مامۆستاكانم بەقسەى ناشیرین بە جنێو فێریان دەكردین. من بینیم پڕۆفیسۆرێك لە تەلەفزیۆن قسەى ئەكرد لەسەر پەروەردە وفێركردنى وڵاتى هۆڵەندا گووتى: لە هۆڵەندا ئەوەى دەرەجەى بەرزبێت پەروەردەو فێركردن وەرى ئەگرێ. بەڵام لەگەڵ ڕێزمدا لە كوردستان ئەوەى دەرەجەى نزم بێت بوارى پەروەردەو فێركردن وەرى ئەگرێ. یان خولی خێرا هەیە ئەوە نازانم چۆنە بە دوومانگ ئەبێتە مامۆستا كە ئەوە خۆى لەخۆیا كارەساتێكى گەورەیە. ئەو پڕۆفیسۆرە وتیشى لە هۆلەندا مامۆستا ئەبێت دەرونناسى تەواو كردبێت، چونكە تێگەیشتن لە موعاناتى منداڵ یان خوێندكار بە گشتی كارێكى ئاسان نییە.دوا قسەشم ئەڵێم بەداخەوە زۆر لە مامۆستاكانى ئێمە ئەو كەسانەن كە بە ئەركى سەر شانى خۆیان هەڵنەستاون بەداخەوە......
من لێرەدا ئەمەوێ كۆمەڵێك پرسیارئاڕاستەى ئەو مامۆستایانە بكەم و بە پێویستى ئەزانم.
ئایا ئەى مامۆستاى داربەدەست تۆ وێنەى خۆتت بینیوە كە لەخوێندكارێك ئەیەى لە چى ئەچى؟!
ئایا تۆ ئەو كەسەى كە وتم ناتوانم پێناسەت بكەم؟!
ئایا پەروەردەو فێركردن لاى تۆ چى ئەگەیەنێ؟چۆن پەروەردەى خوێنكار بكەى؟!
ئایا كە دارەكەت بەدەستەوەیەو ئەچیتە پۆلەكەوە ئەو پۆلە نابێ بەتەویلەو تۆ شوان؟!
ئایا كەلە خوێندكار ئەیەى عەسكەریت بەبیردێ؟!
بەڵێ ئەم پرسیارانەیە كە وات لێ ئەكات بەدواى ناوێكى تردا بگەڕێى بۆ مامۆستا داربەدەستەكان.
E male:
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست