پرسیارێک سەربەخۆیی باشوری سودان لە کوردستانی دەکا
Thursday, 13/01/2011, 12:00
گوێبیستی هەواڵی رفراندۆمی باشووری سودان پرسیارێک لە بەردەم هەر کەسێ لە کوردستاندا دروست دەکا ئەوە بۆچی کوردستان وەک باشوری سودان سەربەخۆ نابێت؟ بۆچی لەکاتیکدا هەردوولا یەک کێشەیان هەیە بەڵام دووچارەنوسی جیاواز؟
خەڵکی کوردستان وەک خەڵکی باشوری سودان هەردوو لا بەدەست حکومەتێکی ناوەندیەوە توشی ستەم و هەڵاواردن هاتن، هەردوولا شەڕ و کوشتار و جینوۆسایدیان بەرامبەرکرا، هەردوولا حکومەتێکی ناوەندی خاوەن ناسنامەی قەومی عەرەبی و ئیسلامی هەڵگرتوە و هاوڵاتیانی غەیری عەرەب بە پلەدوو مامەڵە دەکەن، هەردوولا کێشەی جیگای ناکۆک و نەوت و داهاتیان لەگەڵ دەولەتی ناوەندیدا هەیە. جیاوازیشیان هەیە باشوری سودان هەژارترین بەشی ئەفریقایە و کوردستان دەیان بەرابەری ئەو دەوڵەمەندە. نەخویندەواری و نەخۆشی وبرسیەتی وبێکاری لەباشووری سودان سەدبەرابەری کوردستانە. حکومەتی ناوەندی لە سودان جێگیر و خاوەن سوپای گەورە و لە عێراقدا حکومەتێکی ناجێگیر و سوپایەک هێشتا خۆی کۆنەکردۆتەوە هەیە و دەسەڵاتی میلیشیایی زاڵە. بەڵام سەرەرای هەموو ئەم خاڵە هاوبەشانە و سەرەرای لە پێشەوەبوونی هەلومەرجی کوردستان بەپیچەوانەوە کوردستان پاشکۆی عێراقێکی عەرەبی وئیسلامیە بەپێی دەستور و باشوری سودان رفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا.
سەرچاوەی ئەم دوو چارەنوسە جیاوازە بڕیار و سیاسەتی حزبەباڵادەستەکانی کوردستانە لەچاو بەرەی میللی باشوری سودانە. یەکێتی و پارتی بەویست وبەرژەوەندی خۆیان کوردستانیان بەناوی "فیدرالیزم"ەوە کردۆتە پاشکۆی عێراق و بەرەی میللی لە ریکەوتنی لەگەڵ دەولەتی مەرکەزیدا بریاری رفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی سەپاندوە. بۆچی باشوری سودان بەو هەموو نەهامەتیە ئینسانیانەشی لە جیابونەوەیدا هێشتا چاوەڕوانی دەکا سەربەخۆیی هەڵبژاردوە و کوردستان لە سەربەخۆبونیدا کۆتایی دێنێ بەکێشەی هەموو ڕۆژەی پلەدوویی لە سایەی ناسنامەی عەرەبی وئیسلامی دەولەتی عێراقی قبولکردن ، کێشەی بودجە و داهاتی کوردستان و سوپا و سنور و دەیان کێشەی تر کە هەرکامیان شەڕێکی نەبڕاوە و فتیلی هەڵگیرسانی دوبارەی سیناریۆیەکی ترسی ستەم و کوشتاری قەومیە ، بەڵام سەرەرای ئەمانەش حزبە دەسەڵاتدارەکان و ناسیونالیزمی کورد مانەوەی لە عێراقدا پێ باشە. دوای ئەم هەموو ڕاستیانەی کە لە بەراوردێکی سادەی سەربەخۆیی باشوری سودان و واقعیەتی کوردستاندا دەردەکەوێ ئەگەر هەر کەسێک وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە بەوەی ئەمە ڕیەل پۆلەتیکە لەکوردستان ئەوە بێگومان پیویستی بە تێستی عەقڵ هەیە.
لەکوردستان جیاوازیەکی تری لە باشوری سودان و تەیموری ڕۆژهەڵات و سەحرای غەربی هەیە ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کوردستان خۆیان ڕێگرن لەسەربەخۆبوونی کوردستان و بەرژەوەندی مانەوەی دەسەڵاتیان لەمانەوەدا دەبیننەوە. پێش 15 ساڵ حزبی کۆمۆنیستی کریکاری باسی جیابونەوەی کرد لەلایەن یەکێتیەوە درا بەدادگا و کرایە باینویەک بۆ هێرشکردنە سەری، لەدەرەوە وناوەوەی کوردستان پشتیوانی جەماوەری و ناوەندە سیاسی و ئینسان دۆستەکانی هەبوو ، لە راپرسیەکدا %98 ی خەلکی کوردستان دەنگیان بەسەربەخۆیی دا وە دوو ملیۆن ئیمزایان دا بە نەتەوەیەکگرتوەکان بەڵام سەرۆک کۆماری عێراق ئەمانە بەخەو ناو دەبا و سەرۆکی هەرێمیش بەجیا لەوەی لە پروپاگەندەی ئیعلامیدا بەقسە لەگەڵیدایە بەڵام دیسانەوە بەعەمەلی بڕیاری "فیدرالی" یەکەی خۆیان بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەزانێ و دەیسەپینێ بەسەر %98 خەڵکدا. ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە نایانەوێت ڕێگای گەڕانەوە بۆ ڕاپرسی خەڵک بۆ کۆتایی هێنان بەم کێشەیە بگرن لەبەرئەوەی دەسەڵاتێکی تۆتالیتارن و هیچ مافێکی خەڵک لەبڕیاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی کوردستان بەڕەسمی ناناسن. ئەوان نایانەوێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێ لەبەرئەوەی مانەوەیان لە عێراقدا دەسەڵاتی میلیشیایی ئەوان لە عێراقێکی پڕ لە میلیشیادا بیانوی مانەوەی هەیە و لەجیاتی بودجەیەک دووانیان هەیە ،لەکوردستان و لە ناوەندەوە، ڕێگەی ساتوسەودا ومامەڵەیان لەگەڵ دەولەتانی دەوروبەردا زیاتر کراوەیە، هەمیشە دەتوانن سیناریۆی پاراستنی نەتەوە لە دوژمنی بێگانە بکەنە وەسیلەی کپکردنەوەی دەنگی ناڕازی بەرامبەر بەدەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی کوردایەتیان. ئەمەیان ڕیەل پۆلەتیکە نەک بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە عێراقدا وەک خۆیان دەلێن بەڵکو بۆ چارەسەری کێشەی مانەوەی دەسەڵاتیان.
لەعێراقێکدا کە هەمووی بەسەر قەومیەت و مەزهەبدا دابەشکراوە و هەریەکە بە پێی هێزی میلیشیاکەی دەسەڵاتی ناوچەیەکی پاوان کردوە و ئایندەی دامەزراندنەوەی دەوڵەتێکی مەدەنی تێدا نادیارە باردۆخێکی لەبارە بۆ حزبە ناسیونالیستیە کوردەکان کە ئایندەی دەسەڵاتی محەلی و سەهمیان لە نەوت و بازاڕی سەرمایەی عێراقدا مسۆگەرتر ببینن وەک لە کوردستانێکی سەربەخۆدا کە کێشەی کورد حەل دەکات بەڵام دەسەلاتی ئەوان بەنادیاری دەهێڵیتەوە. ئەوان دەسەڵاتی خۆیان بەستۆتەوە بە نەخشەیەک کە ئەمریکا لە جەنگی دووەمی خلیجەوە بۆ عێراقی داناوە و لە ڕوخانی بەعسیشدا خزمەتی دامەزراندنەوەی دەولەتی عێراقیان وەک مەندوبی ئەمریکا لەعێراقدا بەجێگەیاند و دەستوری پاشکۆکردنەوەی کوردستانیان کرد بە دیاری بۆ تورکیا و ئیران و ووڵاتانی عەرەبی ، هەرچەند لەبەرامبەریدا فیدرالیزمێکیان پێبەخشیون کە تەنیا لەلایەن خۆیانەوە ئیعتباری هەیە و هەموو دابەشکردنی ئیستا لە دیفاکتۆ تیناپەڕێ کە تەوازنی هێزە عێراقی و ناوچەیی ودەولیەکان وەکو شیری دیموکلیس بەسەرسەریەوە ڕاگیراوە. حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان خۆیان لەداڕێژەران و بەشی ئاکتیڤی ئەم سیناریۆیەن کە کوردستانی وەک پاشکۆی وەزعی عێراق هێشتۆتەوە نەک ئەوەی کە ئەوان خواستی جیابونەوەیان هەبێت و بۆیان کاری کردە نەبێ.
هەربۆیە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەمڕۆ سەربەخۆیی باشوری سودان لە کوردستانی دەکات ئەوەیە خەڵکی کوردستان باجی مانەوەی میلیشیا دەسەلاتدارەکان دەدەنەوە و جارێ مافی رفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانیان لەلایەن ئەم حزبانەوە لێ زەوتکراوە.بزوتنەوەی رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەگێڕانەوەی ئەم مافە بۆ خەڵک و سەپاندنی وەک ئەمری واقیع بەسەر ئەم حزبانەدا، دەتوانێت نمونەی باشوری سودان و تەیموری ڕۆژهەڵات لە کوردستاندا پیادەبکا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست