کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بانێك و دوو هەوا هەڵوێستی حزبەكانی كوردستان سەبارەت بە سەربەخۆیی باشوری سودان *

Tuesday, 15/02/2011, 12:00


لە هەڵوێست دەربڕین سەبارەت بە سەربەخۆبونی باشوری سودانداسەرجەم حزبەكانی كوردستان مافی چارەی دیاریكردنی چارەنوس و سەربەخۆیی یان بۆ خەڵكی كوردستان بەمافێكی ڕەوا زانی بەڵام هیچ كام لەوانە خوازیاری سەربەخۆیی كوردستان نین. ئەمە بانێكە و دوو هەوا. ئەم ناكۆكیە لە هەڵویستی ئەم حزبانە لەسەرسەربەخۆیی باشووری سودان و كوردستان ڕاستی ناكۆكی نێوان ئیدعاكانی ئەم حزبانە لەگەڵ پراتیكی سیاسیاندا دەردەخات. ئاسانە بۆ ئەم حزبە ڕەنگاوڕەنگە بورژوازیانە پروپاگەندە بۆ مافی چارەی خۆنوسین و سەربەخۆیی بكەن لەقسەدا بەڵام لەكردەوەدا و لەهەڵویستی سیاسیاندا دژایەتی ئەم خواستی سەربەخۆییەی خەڵكی كوردستان دەكەن.
ئەم هاو هەڵوێستیەی حزبەكانی كوردستان بەدەسەڵاتدار وئۆپۆزسیۆنەوە لەسەر دژایەتی و ڕەتكردنەوەی سەربەخۆبونی كوردستان لە ئیستادا نیشانەی هاوچارەنوسی و هاوبەرژەوەندی بوونی ئەم حزبانەیە لە بارودۆخێكی سیاسی كە لە عێراق و كوردستاندا هەیە. هەركام لە حزبە دەسەلاتدار و ئۆپۆزسیۆنەكان بەرژەوەندی ئیستای حزبی و سیاسیان لە مانەوەی ئەم چوارچێًوەیەدایە كە لەژێرناوی فیدرالیەكی مۆلەقدا كوردستانی بە عێراقەوە گرێداوە. حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان ئەمڕۆ نانی دەسەلات و داهاتیان لەو سیستەمە سیاسیەی عێراق دەخۆن كە خەڵكی عێراقی بەسەر نەتەوە و دین و مەزهەبدا دابەشكردوە و ئەوان بەناوی خەڵكی كوردەوە بەشێكی گەورەیان لە دەسەڵات و داهات كۆنترۆل كردوە. ئەم سیستەمە قەومی و مەزهەبیە پڕ لەشەڕ و كێشەیەی عێراق ڕێگایەكی ئاسانی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی میلیشیایی یەكێتی وپارتیش فەراهەم كردوە. حزبە ئیسلامیەكانی ئۆپۆزسیۆنیش لە كوردستان شەریكی ئەم سیستەمە سیاسیەی عێراقن كە دەستورێكی ئیسلامی و دەسەڵاتێكی ئیسلامی سەپاندوە و ئەمە پشتیوانیەیەكی گەورەیە بۆ هێشتنەوەی كیانی سیاسی و حزبی ئەوان لەكوردستاندا و سوود وەرگرتن لێی بۆ زیاتركردنی بەشە دەسەڵاتیان. ئۆپۆزسیۆنی گۆڕانیش هاوشێوەی ئیسلامیەكان و زیاتریش لە حزبە دەسەڵاتدارەكان خوازیاری چەسپاندنی دەستوری ئیسلامی و عەرەبی عێراقە و دەیەوێت پیگە ودەسەلاتی لە بەغداد بۆ زیاتركردنی فشارەكانی لەكوردستان بۆ سەردەسەلاتدارانی یەكیتی وپارتی سوود لێوەربگرێ.
بەپیچەوانەوەی حزبەكانی دەسەڵات وئۆپۆزسیۆن زۆربەی زۆری خەڵكی كوردستان وەك باشووری سودان %99ی سەربەخۆیی هەلبژاردوە . بەرژەوەندی خەڵك لە سەربەخۆبون لەوەدایە كە لە كوردستانی سەربەخۆدا سیستەمی سیاسی و قانونی دەوڵەت تیایدا جێگیر دەبێ و چوارچێوەی مافی هاوڵاتی بون مانا پەیدا دەكات و سەرگەردانی سیاسی و كۆمەڵایەتی نامێنێ . خەڵكی كریكار و زەحمەتكێش و ئازادیخواز لە كوردستاندا خوازیاری چارەسەركردنی یەكجاری كێشەی كوردە لە عێراقدا تاكو چیتر حزبە دەسەڵاتدارەكان بەناوی جیاوازی قەومیەوە چارەنوسی كوردستان نەكەنە پاشكۆی سیستەمێكی تەقسیمی قەومی و مەزهەبی عێراقدا كە لەم ڕێگەیەوە بەشە دەسەڵات و داهاتی خۆیانی لەگەڵ حزبە قەومی و مەزهەبیە دەسەڵاتدارەكانی عێراقدا پێبەش دەكەن . خەڵكی كوردستان خواستی جیاكردنەوەی سنوری كوردستانە وەك دەوڵەتێكی بەڕەسمی ناسراو تاكو حزبە دەسەڵاتدارەكان بە ناوی پاراستنی كوردستان لەدەستدرێژی توركیا وئیران و شیعە وسونەوە پاساوی مانەوەی دەسەلاتدارێتی میلیشیاییان نەمێنێ. ئەم خەڵكە دەیەوێت لە كوردستان دەوڵەتێك هەبێت كە مافی هاوڵاتی بوونی ووڵاتێك و بەرپرسیارێتی قانونی ئەو دەوڵەتە بەرامبەر بە دانیشتوانی سنورەكەی تیایدا مانا پەیدا بكات . دەوڵەت ڕێگایەكە كە كوردستان لە دوو ئیدارەی دوو حزب و دوو دەسەڵاتی سەروو قانونی و بێناسنامەی نێودەولەتی ڕزگاربكا. خەڵكی ئازادیخواز لە كوردستاندا نایانەوێت پاشكۆی دەستور و شەریعەتی ئیسلامی عێراق بن كە زەمینەی بۆ پارتی ویەكێتی وئیسلامیەكان وگۆڕان خۆشكردوە كۆنەپەرستی بكەنە وەسیلەیەك دژ بە ئازادی و دژ بە خواستی جیایی دین لە دەسەڵات. هەروەها جیایی كوردستان دەستی ئەو ساتوسەودایانە دەبڕێ كە تائیستا چ ئەحزابی دەسەڵاتدار وچ ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی كورد لەگەڵ دەوڵەتان و هێزەكانی دەرەوەی كوردستان كردویانە لەسەر حسابی ماف و چارەنوسی خەڵكی كوردستان. ئەم بەرژەوەندە جیاوازانەی خەڵكی كرێكار وزەحمەتكێش و ئازادیخوازی كوردستان لە حزبە دەسەڵاتدار وئۆپۆزسیۆنە ناسیونالیست وئیسلامیەكان هاندەری ئەوەیە كە زۆربەی ڕەها لە كوردستان خوازیاری سەربەخۆییە. ئێستا كاتی ئەوەیە ئەم زۆربە ڕەهایە وەك ڕیزێكی سەربەخۆ بەرامبەر دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەكەشی ئەم خواستی سەربەخۆییەی كوردستان بەرزكاتەوە. ئەوەی خوازیاری نەمانی دەسەلاتی میلیشیایی یە پویستە خواستی دامەزرانی دەولەتی سەربەخۆش بەرزكاتەوە.ئەوەی داوای مافی هاوڵاتی و ئازادی و جیایی دین لە دەسەڵات و گوزەرانی دابینكراو دەكا ، پیویستە شیعاری دەولەتێكی خاوەن دەستوری سكۆلار و و ئازادیخواز و یەكسانی خوازیش بەرزكاتەوە. ئەمانە بەشی تەواوكاری یەكتری خواستی گۆڕانی ڕیشەیی و ڕاستەقینەی وەزعیەتی كوردستانن .
ئەمڕۆ هەم بارودۆخی سیاسی عێراق نادیار و ناجێگیرە و هەم مانەوەی ئەم بەهەشتەی دەسەڵاتدارانی كوردستانیش نەزانراوە. بارودۆخی عێراق چ بەبۆنەی فاكتەری شكست و نەمانی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق و گۆڕانی تەوازنی هێزەكانی شیعە وسونە و كوردەوە وە ، چ بەبۆنەی ئەو شەپۆلی شۆڕش و ڕاپەڕینانەی خەڵك كە ناوچەكەی گرتۆتەوە و خەڵكی عێراقیش دژ بە دیكتاتۆریەتی میلیشیایی و نەبونی ژیان و گوزەران وئەمنیەت هاتونەتە سەر شەقام ، بەرەو ئاڵوگۆڕ دەڕوات. بارودۆخی كوردستانیش بە هۆی هەمان ئەو دوو فاكتەرەی سەرەوە بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام نابێت. لەم كاتەدا كێشە هەڵپەساردراوەكانی ئیستا وەك كەركوك و خانەقین یاخود مەسەلەی نەوت و پێشمەرگە و سنور و دەستور و فیدرالی و هتد..دەبنە سەرچاوەی شەڕ و گێژاو و ئەزمە و قەیرانی حكومەتی و سەتاپاگیر. ئیتر هێشتنەوەی كوردستان لە چوارچێوەی فیدرالی عێراقدا سەرەرای پیداگری حزبە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەكان توشی شكست و بن بەست دەبێً. ئەمەلەپاڵ ئەوەی خەڵكی كوردستان دژ بە سەركوتی ئازادی و دژ بە گەندەڵی و دژ بەدەسەڵاتی میلیشیایی لەمەیداندان و خوازیاری ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتن.هەربۆیە هەم پاشەكشەی ئەمریكا لە عێراق و هەم شەپۆلی ڕاپەڕین دژ بەدەسەلاتدارانی ئیستای كوردستان، بارودۆخێك پێك دەهێنێ كە ڕێگاچارەی جیابونەوە لە عێراق دەكاتە تاكە ڕێگاچارەی دەرچوون لە گێژاوی شەڕی ناوخۆی عێراق ،وە دەشیكاتە ڕێگاچارەی واقعیش بۆ لابردنی سیستەمی میلیشیایی و دامەزراندنی دەسەڵاتی مەدەنی لە كوردستان.
ئەم واقعیەتە نوێیەی بارودۆخی سیاسی كوردستان و ڕەوتی ئاڵوگۆڕەكانی عێراق و ناوچەكە كاریگەری بەسەر خواستی سەربەخۆیی كوردستانیشەوە دەبێت و دەیكاتە بەدیل و ڕێگاچارەیەكی سیاسی واقعی و فەوری. بزوتنەوەی رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان وەك بەشێك لەو حەرەكەتە فراوانترە دەبێت كە خەڵكی كوردستان بۆ گۆڕینی وەزعی ئیستا و دەرچوون لەم قەیرانە سیاسی و دەسەڵاتیە بەڕێی دەخا. لێرەدا مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستان لەدەست پروپاگەندەی حزبە بورژوازیەكانی دەسەڵاتدار وئۆپۆزسیۆن دەردەهێنرێ و دەكرێتە هەڵوێستی سیاسی ئەو حزب و بزوتنەوانەی داكۆكی لە بەرژەوەندی زۆربەی خەڵكی كوردستان دەكەن و سەربەخۆیی كوردستان دەكەنە كردەوە.هەربۆیە ئیستا كاتی ئەوەیە كە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و شۆڕشگێرانەی جەماوەری كریكار و زەحمەتكێش وئازادیخوازی كوردستان شیعاری سەربەخۆیی كوردستان لەپاڵ شیعاری نان و ئازادی و حكومەتی شوراییدا هەڵبكەن. بزوتنەوەی رفراندۆم بۆ سەربۆخۆیی كوردستان بەپشتیوانی ئەم بزوتنەوەی ئازادی ویەكسانیە لە كوردستاندا دەتوانێت هێز كۆبكاتەوە بۆ سەپاندنی خواستی بەرپاكردنی رفراندۆمێكی ئازاد بۆ سەربەخۆكردنی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵتێكی سكۆلاری غەیرەقەومی لەكوردستاندا. هەربۆیە بزوتنەوەی سەربەخۆكردنی كوردستان ئەمڕۆ بەشێك لە بزوتنەوەی گۆڕینی دەسەڵاتە و ئەم بزوتنەوەی ئازادی ویەكسانیە كە خوازیاری گۆڕینی دەسەڵاتە بەئاراستەی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كرێكار وزەحمەتكێشی كوردستاندا سەربەخۆكردنی كوردستان وەك ئامانجێكی ئەم گۆڕینی دەسەڵاتە ڕادەگەیەنێ. ئەمە خاڵێكی جیاوازی ئێمەیە لەو هێزانەی ئەمڕۆ خوازیاری گۆڕانی دەسەڵاتی یەكێتی وپارتین بەڵام پایەكانی دەسەڵاتی میلیشیایی و پاشكۆیەتی كوردستان بۆ فیدرالی عێراق و مانەوەی دەستور و شەریعەتی ئیسلامی بێماف كردنی ژنان و سڕینەوەی ئازادیەكان دەهێڵنەوە.
* ئەم ووتارە لە رۆژنامەی "هاوڵاتی" لاپەرەی 6 رۆژی ‏13‏/02‏/2011بلاوكراوەتەوە
[email protected]
‏09‏/02‏/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە