كێشەی زمانی دووانەی ئازادی "سەرۆك "ە یا "دیكتاتۆر"
Thursday, 13/01/2011, 12:00
لە ململانێی ئیستای نێوان خەڵك و دەسەڵات لە سەر ئازادی، توێژی رۆشنبیران قسەكەری خەڵكن لەبەرامبەر دەسەڵاتدا. كشانەوەی مەسعود بارزانی لەداواكەی لەسەر ئاراس فەتاح و مەریوان وریا قانع سەركەوتنێكی ئەم دەنگە ئازادە بوو. بەڵام ئەم قسەكەرە كێشەی زمانی هەیە لەگەڵ دەسەڵاتدا و بەتایبەت لەگەڵ سەرۆك دا. لەزمانی ئەم توێژەدا مەسعود بارزانی سەرۆكیشە و دیكتاتۆریشە. پشتیوانی جیهانی لە ناڕەزایەتی خەڵك دژ بە هێرشەكانی پارتی بۆ سەر ئازادی گرنگە و بەدەنگدانەوەی ئەم سەركوتانەی دەسەڵات وێنەی كورد لەدەرەوە ناشیرین دەبێ. بارزانی مەحكوم دەكرێ كە لە پەرلەماندا شاوری هێرشكردنە سەر ئازادی لێدەدا و بەڵام كەمپینی "سەرۆك ئیمزای مەكە" داوا دەكا سەرۆك واژۆی یاسای دژی خۆپیشاندان نەكا. ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە هەیە كاتێك لەبەر ڕێزگرتن لە ئیسلام یاسای بێڕێزگرتنی ژنان بەپێی یاسای فرەژنی دەسەپێنێ كەچی لیستی ڕۆشنبیران داوا دەكەن حكومەتی هەرێم ئەزمونی دەسەڵاتی كوردستان لەدەستدرێژی مەلا و حزبە ئیسلامیەكان بپارێزێ.ئەمانە كێشەی زمانی ئازادیە بەرامبەر دەسەڵات. ئازادیەك كە لەژێر هەڕەشەی جدی دەسەڵات و سەرۆكەكەیدایە ناتوانێ بەم زمانی "نەشیش بسوتێت نە كەباب"ە سەركەوتن مسۆگەر بكات.
سەرەتا دەبێ ئەو ڕاستیە باس بكەین كە بنەمای ئەم كێشەیەی پارتی لەگەڵ ئازادی و میدیای ئازاددا چیە؟ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنترۆلی ساحەی سیاسی كوردستانی كردوە و یەكێتی وەك هێزی دووەم شەریكی دەسەڵاتێتی ،وە هەروەها گۆڕان و ئیسلامیەكانیش هەم ئۆپۆزسیۆنن و هەم لەسایەشیدا كار بۆ گرتنی ئیمتیازاتی دەسەڵاتیش دەكەن.سیناریۆی پارتی بۆ سەقامگیركردنی ئەم پاوانخوازیەی دەسەڵاتی كە بەشی شێری لەداهات و سەرۆكایەتی و دەسەڵاتدا هەیە دروستكردنی مەملەكەتێكی بنەماڵەیی یە لەچەشنی شێخ نشینەكانی خلیج. لیستی دوردودرێژی داوا تۆماركردن لەسەر میدیای ئازاد و كوشتنی رۆژنامەنوسان و پشتیوانی مەلاكان و نانەوەی جەوی ترس لەكاتی هەلبژاردنەكان و قەدەغەكردنی خۆپیشاندان بەیاسا و تەنانەت شیوازی كۆنگرەی حزبەكەیان ،ئەمانە سیناریۆی سەپاندنی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆریانەیە و پەیامی بارزانی لەپەرلەماندا دژ بەو ئازادیانەی ئیستا لە كوردستاندا بونەتە ئەمری واقیع لە تیشكی رۆژ رۆشنترە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر سیناریۆی پارتی و دەسەڵات بەم شێوەیە ڕۆشنە ئەی بۆچی هێشتا زمانێك كە ئازادی خەڵكی پێ بەیان دەكرێ ئاوا ڕاشكاو و رادیكال نیە بۆ بەرگری كردن لەخۆی؟لەبەرامبەر هێرشی پارتی و دەسەڵاتدا هێشتا دەبێ ئامۆژگاری دەسەڵات بكرێ كە ڕووی ناشیرینی خۆی بۆ جیهان دەرنەخات و دیموكراسی كوردی لەكەدار نەكا؟
ئازادی لە كوردستاندا پیداویستی ژیانی خەڵكێكە كە دەیان ساڵ لە سایەی سەركوت وشەڕدا ژیاون و ئیستا كە بوژانەوەیەكی ئابوری و جێگیریەكی نیسبی ژیانی كۆمەڵایەتی هەیە ، خەڵك دەیەوێت لەو ئیمكاناتەی لە كوردستاندا هەیە بەهرەمەند بێت و ژیانێكی خۆشگوزەران و مۆدێرن دابین بكا. بەڵام ئەم ئاستی خواست و داوایەی خەڵكی كوردستان پیچەوانەی بەرژەوەندیەكانی دەسەڵاتدارانی ئیستایە و لەسەرووتری عەقڵیەتی پاوانخوازی و میلیشیایی دەسەڵاتەوەیە و ئەم مافە بۆ خەڵكی كوردستان بەڕەوا نابینن و ڕوبەڕوی دەبنەوە. هەربۆیە لە دوای ڕوخانی بەعسەوە شەپۆلێك لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵات لە كوردستاندا سەری هەڵداوە و ئازادی بوەتە پیویستیەكی خەڵك بۆ دەربڕینی خواست و كێشەكانی، وە میدیای ئازادیش بەشێك لەم واقعیەتیە. كێشەی خەڵك لەگەڵ دەسەڵات لەسەر دابینكردنی پیداویستیەكانی ژیانی پایەی ئەم ناڕەزایەتیانەیە و بەرەی خەڵك لەسەر جادە و میدیا ئازادەكانەوە و بەرەی دەسەڵاتیش لە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و وەزارەت و مزگەوت و شوینەكانی دەسەڵاتەوە زۆر ڕاشكاوانە بەرژەوەندی جیاواز و دژبەیەكی خۆیان بەیان دەكەن . لیرەدا ئەوەی خەلك دەستی دەكەوێت لە بەشی دەسەڵات كەم دەبێتەوە و ئەوەی دەسەڵاتیش پاوانی دەكا لەسەر حسابی سفرە وئازادی خەڵكە. ئەوەی پارتی دەیەوێ كردنی كوردستانە بە مەملەكەتی كە داهات و سوپا و حكومەت و فەرهەنگ و بازاڕ ودراو وحزب ویاسا و هەموو شتێكی مۆری بنەماڵەیەك و دیكتاتۆرێكی لێدرابێ. ئەوەی خەڵكیش نایەوێ حوكمی میلیشیایی و عەشیرەتی و نا عەدالەتیەكە كە كوردستانی كردۆتە بەهەشتێك بۆ سەرمایەدارانی حزبی و سەرزەمینی نائومێدی و نەهاتنەدی چاوەڕوانیەكانی خەڵك بۆ ئازادی ویەكسانی و خۆشگوزەرانی و مەدەنیەت . هەربۆیە لەم شەڕەدا كە هەردوو بەرە لە نیاز و مەرامی یەكتر لەڕیشەوە تیگەیشتوون و ئیتر دەورانی موجامەلەی ئاشتكردنەوەی دەسەڵات وجەماوەر بەسەر چوە و هەر دوولا ڕادیكاڵانە قسەی دڵی خۆیان بەرامبەر یەكتر دەكەن. جەماوەر دەڵێ "دیكتاتۆریكمان ڕوخان ئەتوانین بیكەین بەدوان " و "سەرۆك"یش باكی نیە لەوەی بڵێ" ئەم ئازادیە فەوزایە وقبوڵی ناكەین". ئەمە زمانی ڕاستەقینەی بزوتنەوە جیاوازەكانی كوردستانە كە هەركامەیان تەعبیر لە خواستی خۆی دەكا و یەكێكیان بە "سەرۆك" دەڵێ سەرۆك و ئەوی تر پێی دەڵێ دیكتاتۆر. ئەو رۆشنبیرانەی دەیانەوێ وەك قسەكەری جەماوەر بمێننەوە و بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ جەماوەر دەبیننەوە ئەوا پیویستە زمانی دوانەی ئازادی بكەن بە زمانی ڕاشكاوی ئازادی و بەسەرۆك بڵێن دیكتاتۆر.
[email protected] 08/01/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست