کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

فاروق رەفیق

پاش بەدوادووچوونی کوردستانپۆست، لەسەر بڕوانەمەی فاروق رەفیق، کە زیاتر لە 20 ساڵە لە کوردستان بە دکتۆر بانگی دەکەن، دوایی دەرکەوت کە فاروق رەفیق دکتۆرای نییە، بە ساختە ئەو (د)ــەی بە خۆیەوە ناوە، بۆیە ئێمەش لە ئەرشیفەکەدا دکتۆرییەکەیمان لێکردەوە.


د. فاروق ره‌فیق: من ده‌ڵێم ده‌وڵه‌ت پیرۆز نییه‌، نه‌ک نیشتیمان

Saturday, 16/07/2011, 12:00


پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی نووسینێک به‌ ناونیشانی (بۆ بەرێز فاروق رەفیق --- نەخێر نیشتمان بیرۆزە) که‌ به‌ڕیزێک به‌ ناوی (بەهادین ئەحمەد) له‌سه‌ر د. فاروق ره‌فیق نووسیوێتی، گوایه‌ د. فاروق له‌ که‌ناڵی (KNN) وتوویه‌تیی: نیشتیمان پیرۆز نییه‌، ئه‌و قسه‌یه‌ نووسه‌رانی کوردستانپۆستی نیگه‌ران کرد، یه‌کێک له‌ نووسه‌ره‌کان په‌یوه‌ندیی پێوه‌کردین و نمونه‌یه‌کی جوانی هێنایه‌وه‌، وتی: له‌ به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تدا هاوڵاتییه‌ک پرسیارێك ئاڕاسته‌ی ‌سه‌رۆکی روسیا فلادمیر پۆتین ده‌کات، پێی ده‌ڵێت خۆشه‌ویستترین شت له‌لای تۆ چییه‌؟ ئه‌وه‌یش به‌بێ وه‌ستان وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌، ده‌ڵێت: نیشتیمانه‌که‌م که‌ روسیایه‌. کاتێک ئه‌و نووسه‌ره‌ی کوردستانپۆست ئه‌مه‌ی بۆ گێڕایه‌وه‌، به‌ ده‌ستخۆم نه‌بوو به‌ری چاوم به‌ ته‌ڕایی فرمێسک گیرا و نه‌متوانی به‌ روونی ببینم، یه‌کسه‌ر بیرم بۆ لای ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ فڕیی، که‌ ده‌مێکه‌ ئێمه‌ی کورد پێی نامۆ بووین و له‌ بیرمان چۆته‌وه‌، که‌ به‌هره‌ی خۆشه‌ویستییمان له‌ ده‌ست چووه‌، هه‌ر که‌سێک خۆشه‌ویستیی نیشتیمانی له‌ده‌ست چووبێت، خۆشه‌ویستییه‌کانی  دیکه‌ش له‌ ده‌ست ده‌دات، ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی که‌ باوک، یان دایک بۆ خێزان، کارمه‌ندێک بۆ کاره‌که‌ی، سه‌رکرده‌یه‌ک بۆ حیزبه‌که‌ی، حیزبێک بۆ وڵات له‌وێشه‌وه‌ بۆ نیشتیمان، ئه‌مانه‌ له‌ بازنه‌یه‌کدا به‌ ده‌وری یه‌کدا ده‌سوڕێنه‌وه‌، ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌یه‌ که‌ سه‌رانی کورد نیانه‌، یان ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی بۆ پیرۆزی راگرتنی خێزانه‌که‌یان نیانه‌، داوێنپیستیی و خیانه‌ت له‌ یه‌کتر ده‌که‌ن، بۆ نمونه‌ سه‌رانی کورد، چونکه‌ بۆ خۆیان له‌ باوه‌شی رق و کینه‌دا  دروست بوون، ئه‌گه‌ر مێژووی ژیانیان بخوێنیته‌وه‌ که‌سێک له‌وانه‌ نابینم به‌ بچوکترین هه‌ستی خۆشه‌ویستیی گۆشکرابن و به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ بۆ کێشه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانه‌که‌مان تێکۆشابن. هه‌موو ئه‌وانه‌ کێشه‌ی ده‌رونیان تێکه‌ڵ به‌ خه‌باتی شاخ کردووه‌، بۆیه‌ له‌وێش  کچ و کوڕی دڵداریان ده‌کوشت و رێگایان پێ نه‌دان، خێزان پێکه‌وه‌ بنێن، هه‌ر ئه‌وه‌یشه‌ ئه‌مڕۆ که‌م که‌س ده‌بینی ئینتیما و په‌یوه‌ستبوونی بۆ خاک و بۆ نیشتیمان تێدا مابێت.
کاتێک من (که‌مال) وه‌ک کوردستانپۆست داوای روونکردنه‌وه‌م له‌ د. فاروق کرد و ئه‌و پرسیاره‌م ئاڕاسته‌ی کرد، خۆم بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌ کردبوو. پاش ئه‌وه‌ی د. فاروق وتی، که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قسه‌ی وای نه‌کردووه‌، ئیتر وازم هێنا، تا گوێ بگرم بزانم چ کۆمێنتارێکی تر له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌دات، ئه‌مه‌ش ببێته‌ وه‌ڵامێک بۆ ئه‌و نووسه‌ره‌ و بۆ خوێنه‌ره‌کان، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ کورتکراوه‌ی قسه‌کانی د. فاروقه‌:
****************
که‌سانێک هه‌ن، له‌م ماوه‌یه‌دا په‌یدابوون به‌داخه‌وه‌ چیرۆک و داستان بۆ بابه‌تێک ده‌هۆننه‌وه‌، پرسیاری له‌سه‌ر دروست ده‌که‌ن بۆ خۆشیان وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌، به‌ تایبه‌تیی له‌م کاته‌دا که‌ سه‌ریان کردۆته‌ سه‌ر منیش و ناوی منیشی تێده‌خه‌ن، بۆ نمونه‌ رسته‌یه‌ک له‌ قسه‌کان ده‌هێنن، له‌ شوێنێکی دیارییکراودا به‌ کاری ده‌هێنن، ماناکه‌ی هه‌ڵده‌گێڕنه‌وه و ده‌یشێوێنن‌، ئه‌وانه‌ به‌ به‌رده‌وامی خه‌ریکی ئه‌وه‌ن له‌که‌دارم بکه‌ن، دوای ئه‌وه‌ نازانم هۆکار چییه‌ به‌تایبه‌تیی له‌م کاته‌دا،  قسه‌ له‌ سه‌ر نیشتیمان کرابێت، هاتبم له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ئه‌و قسه‌یه‌م کردبێت؟
ئیستاش له‌ ناوه‌رۆکی ره‌خنه‌ی ئه‌و که‌سه‌دا بۆم ده‌رکه‌وت، که‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌م قسانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کۆڕێک له‌ قاوه‌خانه‌ی که‌لتووریی، له‌وێ قسه‌م له‌ سه‌ر توند و تیژی کرد، که‌ناڵی (KNN)یش ئه‌و قسانه‌ی منی گواسته‌وه‌، له‌وێدا وتوومه‌ ده‌وڵه‌ت پیرۆز نییه‌، نه‌ک نیشتیمان، یه‌که‌م باسم له‌ سیکۆلاریزم کردووه‌، ده‌ڵێم که‌ یه‌کێک له‌ خه‌سله‌ته‌کانی عه‌لمانییه‌ت بریتییه‌ له‌ داماڵینی ده‌وڵه‌ت له‌ پیرۆزیی، ئه‌و براده‌ره‌ به‌ هه‌ڵه‌ لێکیداوه‌ته‌وه‌، ره‌نگه‌ پێی وا بووه‌، ده‌وڵه‌ت و نیشتیمان هه‌ر یه‌کن، ده‌بێت به‌ یه‌ک چاو سه‌یربکرێن، ئه‌و دووانه‌ی بۆ جیانه‌کراوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌ سه‌رجه‌می نووسینه‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنه‌ داڕشتووه‌ و ره‌خنه‌ی له‌سه‌ر گرتووه‌.
 مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت، که‌ پیرۆز نییه‌، ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی فیکرییه‌، په‌یوه‌ندیی به‌ نیشتیمانه‌وه‌ نییه‌. دوای ئه‌وه‌ من باسم له‌ توندو تیژی کردووه‌، نه‌ک له‌ نیشتیمان، که‌ ده‌وڵه‌ت مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ خه‌ڵکی بکوژێت، ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵکی بکات، ئیستا عه‌قڵی سه‌رده‌م به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات، که‌ ره‌وایه‌تیی ئه‌و مافه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت بسه‌نێته‌وه‌ و مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیی و خه‌ڵکییدا بکات. نازانم ئه‌و براده‌ره‌ له‌ کوێ خه‌وتووه‌ وا بیر ده‌کاته‌وه‌ و مه‌به‌سته‌که‌ی منی شێواندووه‌؟ ئه‌و که‌سه‌ که‌ هاتووه‌ و گوێی له‌ قسه‌کانم گرتووه‌، ئه‌مه‌ی لێده‌رهێناوه‌.
ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ده‌ڵێن که‌وابوو ئه‌و که‌سه‌ راستیی نه‌کردووه‌ و درۆی به‌ ده‌می منه‌وه‌ کردووه‌، نووسینه‌که‌شی سانسۆر ده‌که‌ین!
 من له‌گه‌ڵ سانسۆردا نییم، با بمێنێته‌وه‌، ناشڵێم  ئه‌و براده‌ره له‌و نووسینه‌دا درۆی به‌ ده‌می منه‌وه‌ کرده‌وه‌، به‌ڵکو ده‌توانم بڵێم تێنه‌گه‌یشتووه‌، چونکه‌  ده‌وڵه‌ت و نیشتیمانی بۆ جیانه‌کراوه‌ته‌وه‌.‌ لێره‌دا من له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ده‌یبه‌خشم که‌ به‌رامبه‌ر من کردوویه‌تی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە