تەراتێن كردنى كورد لە نێوان عەرەبى سوننە و عەرەبى شیعەدا
Monday, 07/01/2013, 12:00
سیاسەتەكانى كورد لە ڕابردودا لە شاخ و لە شار جگە لە گاڵتەكرد بە عەقڵى تاكى كوردى هیچى دیكەى تێدا بەدى نەكراوە چونكە لەكاتى دروست بوونى ڕێككەوتنەكان نەگەڕاونەتەوە بۆ ڕاى گەل بەڵام لەكاتى دروست بوونى كێشەكاندا خۆیان خستۆتە باوەشى گەلەوە و یاخود دروسترە بڵێین گەلیان كردۆتە قەڵغانى خۆیان لەكاتى مەترسیەكاندا
ڕەنگە هیچ میلەتێك نەبێت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەقەدەر كورد قوربانى بەرخودانى هەبوبێت بەڵام تائێستا ئەو هەموو قوربانى و تێكۆشانە گەلى كوردى نەگەیاندوەتە ئەو ئاستەى كە كە تاكى كورد ئاواتیەتى ئەمەش دەگەڕێتەوەر بۆ ئەو سیاسەتە هەڵانەى كە هەردوو حیزبى دەسەڵات پیادەیان كردوە لەشاخ و ئێستاش بەردەوامن لە پیادەكردنى لەشار چونكە ئەم دوو حیزبە لەڕوانگەى بەرژەوەندى حیزبى خۆیانەوە تەماشاى پرسە نەتەوایەتیەكانیان كردوە تا ئەوكاتەى بەرژەوەندى حیزبەكەیان چوبێتە سەر ئەو دوژمنى سەرسەختى كوردیان بە دۆست پێناساندوین هەركات بەرژەوەندییەكانیشیان تەواو بوبێت ئەو دۆستیان لێ كردوین بە دوژمن ئەمەش ئەو هەڵەیەیە كە ئەمڕۆ كورد لە عێراق باجەكەى دەدات تا دوێنێ مالكى بەفریشتە پیشاندەدرا هەروەكو خۆشیان دەڵێن ئێمە مالكیمان هێنایە سەر دەسەڵات بەڵام كە مالكى ڕوو بەڕووى بەرژەوەندییە تایبەتیەكانیان بویەوە لە نێوان شەو ڕۆژێكدا مالكیان لێ كردین بە باوكى ئەهریمەن
لەئێستادا كە خۆپیشاندانەكانى عەرەبى سوننە هاتوەتە پێش و چاوەڕوان دەكرێت ئەم خۆپیشاندانانە گۆڕانكارى بە دواى خۆیدا بهێنێت و نەخشەى سیاسى لەعێراق بگۆڕێت جا بەڕاگەیاندنى هەڵبژاردنى پێش وەخت بێت یان هەر ئەگەرێكى تر ئەوەى لێرەدا پێویستە تیشكى بخەینە سەر ئەوەیە كورد لە نێوان عەرەبى سوننە و شیعەدا پێویستە چى بكات
هەڵبەتە لە ڕابردودا لە ئێستاشدا بەهۆى دابەش بوونى هەردوو حیزبى دەسەڵات دارى كوردى بەسەر دوو جەمسەرى شعەو سوننەدا كورد وەكو نەتەوەى دووەم لەعێراق قورسایى خۆى ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر لە دەست دەدات چونكە لیستى عێراقیە كە خۆى بە نوێنەرى سوننەى عێراق دەزانێت و لیستى مالكى و هاوپەیمانەكانى كە خۆیان بە نوێنەرى شیعە دەزانن ناكۆكیەكى زۆر بەدى دەكرێ لە سیاسەتیاندا , بەردەوامن لە دژایەتى كردنى پرۆژەو سیاسەتەكانى یەكترى , كوردیش بەهۆى دابەش بوونى بەسەر ئەم دوو جەمسەرەدا نەیتوانیوە لە ڕابردودا داوا ڕەواكانى خۆى بەدەست بهێنێت چونكە هەر بڕیارێك لیستى عێراقیە ڕەزامەندى لەسەر دەربڕى بێت ئەوە لیستى دەوڵەتى یاسا و هاوپەیمانەكانى دژایەتیان كردوە وەهەروەها بەپێچەوانە كەواتە دەتوانین بڵێین زەرەرمەندترین لایەن لە ململانێكانى عەرەبى سوننە و عەرەبى شیعە نەتەوەى كورد بووە چونكە نەك نەتها داواكانى نەهاتوەتەدى بەڵكو كێشەكانى زیاتریش بووە , بۆیە ئەوەى پێویستە دەسەڵاتى كوردى بیكات
1- دەرس وەرگرتن لە ڕابردوو كورد نزیكەى 40 ساڵ مێژووى تاڵى لەگەڵ عەرەبى سوننە لە عێراق تۆمار كرد لەدواى ڕوخانى ڕژێمى بەعسیشەوە نزیكەى 10 ساڵە لەگەڵ عەرەبى شیعە كەواتە ئێمە نزیكەى نیو سەدەیە لەگەڵ عەرەبدا ژیانى سیاسى بەسەر دەبەین بەڵام بەبێ ئەوەى هیچ دەسكەوتێكمان هەبێت تەنها ئەوە نەبێت كوردستانمان چڕ كردۆتەوە لە سێ پارێزگادا كە هەرێمى كوردستانە ئەوەى پێویستە لە ئێستا بەدواوە ئەنجامى بدەیین ئەوەیە كە لەهیچ كاتێكدا پشتگیرى عەرەبى سوننە یان عەرەبى شیعە نەكەین بەبێ بەرامبەر چونكە سیاسەت پێكهاتوە لە (پێدان و وەرگرتن) بەڵام ئێمە ئەوەندەمان بەخشیوە هێندەى سەرە پێنوسێكیشمان وەرنەگرتوە بۆیە دەبێت ئیتر ئەم سیاسەتەمان بگۆڕین چەندمان بەخشى ئەوەندەش وەرگرین بەڵام زۆر بەداخەوە سەرۆكایەتى حكومەتى هەرێم هەردوو حیزبى دەسەڵات بەردەوامن لە بەخشین بەبێ وەرگرتن لە ڕۆژانى ڕابردوو سەرۆكایەتى هەرێم بەیان نامەیەكیان بڵاو كردەوە و تێیدا پشتگیرى خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەر بڕى ئەوەى لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستە وەریان گرت لە خۆپیشاندانەكاندا ئاڵاى سەردەمى بەعس هەڵكرا و وێنەى سەدام حوسێن بەدەستى خۆپیشاندەرانەوە دەبینرا . ترسى ئەوەش هەیە كە ئەم خۆپیشاندانانە زۆربەى بەعسیەكان بگەڕێنێتەوە نێو كایەى سیاسى ئەوكات مەترسیەكان گەورەتر دەبن .
2-كۆكردنەوە ناوماڵى كوردى و گەڕانەوەى پرۆژەیاساى دەستور و جێ بەجێ كردنى شەش پاكێجەكەى ئۆپۆزسیۆن و بەرەنگاربونەوە گەندەڵى و چونكە بەبێ یەك دەنگى و یەك تۆنى كورد ناتوانێ ڕێكەوتن لەگەڵ هیچ لایەنێكى سیاسى بكات ئەگەر ڕێكەوتنیش ئەنجام بدات ئەوە دەچێتە چوار چێوەى ڕێكەوتنى حیزبى و بەرژەوەندى حیزبییەوە و كەس ناتوانێت وەكو دەسكەوتى نەتەوایەت پێمان بفرۆشێت .
3-كاركردن بۆ ڕاگەیاندنى دەوڵەتى كوردى و خۆ جیا كردنەوە لە عێراق هەڵبەتە بە ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكانیشەوە چونكە وەكو پێشتریش ئاماژەم پێى كرد ئێمە زیاتر لە نیو سەدەیە مێژوومان هەیە لەگەڵ عەرەبى سوننەو عەرەبى شیعەدا لەگەڵ هیچیان نەگەیشتوین بە ئەنجام بۆیە باشتر وایە كورد لە عێراق جیا ببێتەوە ئەمەش خەونى هەموو كوردێكە من باوەڕم بەو هوتافە نیە كە دەڵێن كورد و عارەب برایە ئەگەر وایە ئەمە چى برایەتیەكە كە لە ژێر دەستى ئەواندا بچەوسێینەوە جارێك بەناو سوننەوە جارێك بەناو شیعەوە, ڕاگەیاندنى دەوڵەتى كوردیش تەنها بەوتە نابێت بەڵكو پێویستى بەهەنگاونانى جدى هەیە گرنگترین ئەو هەنگاوانەش دروست كردنى ژێرخانى ئابورى و دروست كردنى هێزێكى نیشتیمانى بۆ پاراستى كوردستان سنورەكانى و گرنگیدان بە بەرهەمهێنانى ناوخۆیى و بوژانەوەى پیشەسازى و گشتوكاڵى .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست