کوردستانپۆست نووسینی ئەم دوو کەسە دەخاتە ئەرشیفەوە و دەیپارێزێت، یەکەم کەس هونەر تۆفیق، کە ئەو کاتە راوێژکاری پاریزگاری سلێمانی بوو، کامیار سابیریش لە چاودێرەکەی مەلا بەختیار نووسینەکانی بڵاودەکردەوە.
----------------------------------------
ئهم وتاره بۆ لێکۆڵینهوه له مێژووی رێبازی کوردایهتیی و سەرهەڵدانی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی کوردیی، وهکو فیکر، سیاسهت و کولتوور، تهرخانکراوه. مهبهست لهم ئارگیومێنتانە، نووسینەوەی مێژوو، ریکۆردکردن و ههڵدانهوهی مێژووی سیاسیی کورد نییه، بهڵکو خوێندنهوهی فیکر، کولتوور و ثیۆریی سیاسیی ناسیۆنالیزمی کوردییه، بەتایبەتییش، خوێندنەوە و کەوڵکردنی سەقەتترین ڤێرژنی کۆنەپەرستانەی ناو ناسیۆنالیزمی کوردییە( کوردایەتیی)، لە روانگەی ثیۆریی، فیکریی و مەعریفەی سیاسییەوە. لێکچوون و لاساییکردنەوەی فیکریی و سیاسیی، رێبازی کوردایەتیی بۆ فاشیزمی عوروبە( العروبة)، لەوێوە دەبێ هەڵبسەنگێندرێ کە لە دونیای “فیکر و کولتوور”ی عەرەبییدا، هەر نووسەر و سیاسییەکی عەرەب، کەمێک ویقاری فیکریی، ئەخلاقیی و سیاسیی هەبێت، چەمکی عوروبە کە لە هەموو رەهەندێکدا ئێکسپایەر بووە، بەکار ناهێنێت! مەگەر کەسانی ساقیطی وەک عیزەت دووریی و ناسیۆنالیستە جاهیلەکانی ناو ناسیۆنالیزمی عەرەبیی، بەعسیزم و پانعەرەبیزم Pan-Arabism نەبێت.
سەرەکییترین مۆتیڤی کولتووریی و فیکریی لەپشت نووسینی ئەم وتارەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئایدیۆلۆژیا رەخنەگرەکانی ناسیۆنالیزم، لە دونیای فیکر و سیاسەتی کوردییدا، خۆیان صەدەقەی فیکریی، کولتووریی و سیاسییان پێ دەشێت. کۆمۆنیزم و ئیسلامیزم( مەبەست، لە ئیسلامی سیاسییە)، دوو ئایدیۆلۆژیای کەڕوکوێرن و لە باری فیکرییەوە، مێشک و مەغزیان لە مێشک و مەغزی ناسیۆنالیزمی کوردیی، خاڵییترە و تەقەی سەریان دێت. ئەم دوو ئایدیۆلۆژیایە، لە تەوهین، تەحقیر، سووکایەتیی و جوێنی سیاسیی زیاتر، شتێکی تریان بۆ گوتن و نووسین، لەهەمبەر ناسیۆنالیزمدا، پێنەبووە. دیارە لێرەدا مەبەست لەو کۆمۆنیستە( بە شیوعییەکانیشەوە) کوردانە و لەو ئیسلامییە کوردانەن کە بڕیارە خەریکی دونیای فیکر، دیبەیت و ئارگیومێنت بن. بەدڵنیاییشەوە، کوردایەتیی وەکو ڤێرژنێکی ناو ناسیۆنالیزمی کوردیی، ئەم جەهلە فیکرییەی نەیارە ئایدیۆلۆژییەکانی قۆستووەتەوە و زیاتر خۆی پێوە راداوە.
پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە، کوردایەتیی چییە ؟ مانیفێست، رێباز، دۆکترین، فیکر و باوەڕە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییهکهی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئایا ناسیۆنالیزمی کوردیی بە رهچهڵهک بۆ سەر دۆگماکانی کوردایهتیی دەگەڕێتەوە ؟ ئایا کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی کوردیی، دوو هاوواتای سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی ،زمانیی، کولتووریی و فیکریی ئاوێتەن ؟ یان کوردبوون و کوردایەتیی، دوو رەهەندی جیاوازن، لەفیکر، میثۆدی سیاسیی و کولتووری سیاسییدا ؟
بۆچی له ئهدهبیات و عهقڵییهتی سیاسیی ناسیۆنالیزمی کوردییدا، ئەو کوردەی ئینتیمای بۆ کوردایەتیی نهبێت، بە کوردێکی خائین و نا رەسەن، وێنە( نەک وێنا) دەکرێت ؟ ئایا مۆتیڤ، پلان، ئهجێندا و بهرنامهی کوردایهتیی و ئامانجەکانی چیین؟ هۆکاری ئهوه چییه بهشێکی بهرچاو له رووناکبیری کورد، لە ئینتێلێکچواڵ و ئەکادیمیستی کورد، تهنانهت ئهوانهی وردن و خهریکی رەهەندی ثیۆریی، فیکریی و ئهکادیمییشن، یان سیاسهتمهداری بهسهلیقه و بهدیقهتن، زۆر بهئاسانیی، چهمکی کوردایهتیی، بهسهر زاریاندا دێت و بگره وهک پۆزهتیڤی سیاسیی و سیمبۆڵی “فیکر”ی نهتهوهیی کورد، سهیری دهکەن؟ بۆچی نووسەر، موفەکیر و سیاسیی بە دیقەتی عەرەب، پێیان شەرمە، چەمکی عوروبە بەکار بهێنن، لەکاتێکدا نووسەر، موفەکیر( کورد ئەمەیانی نییە) و سیاسیی کورد، وەکو جوینی بنێشت، هەمیشە لە دەمیاندایە و لە بەکارهێنانیدا، قەف قەف باڵای پێدەکەن؟
بۆ دۆزینەوەی وەڵامی دروست و تێگەیشتن لە چەمکی کوردایەتیی، دەبێت لەسەرەتاوە، پرۆسێسی خەباتی ڕزگارییخوازی کورد لە رێبازی کوردایەتیی جیابکرێتەوە. ئهم دوو میثۆد و چهمکه سیاسییه، وێڕای ئهوهی وەکو یەک حاڵەتی نەتەوەیی و دیاردەی سیاسیی گرێدراوی یەکتر، بۆ نێو مێژووی سیاسیی کورد، هاتوون، بەڵام دەبێ لێک بترازێنرێن و بەجیا هەڵبوەشێنرێنەوە. راستە، لە زمانی سیاسەت، مێژوو و رۆشنبیریی کوردییدا، خەباتی رزگارییخوازی کورد و کوردایەتیی، کێشهی سیاسیی کورد و کوردایهتیی، لە یەک کۆنتێکستدا، باسدەکرێن! لە کاتێکدا،ئەمە هەڵەیەکی مێژوویی، سیاسیی و فیکریی گەورەیە کە وەکو دووانەیەکی جمک ئاسا پێکەوە چەسپێنراون!
لە راستییدا، کوردبوون و کوردایەتیی، تهواو جیاواز و ناکۆکن. ئەڵبەته رۆشنبیری کورد و کایەی رۆشنبیریی کوردیی، بەشدارن لە دروستکردن و گشتاندنی چەمکی کوردایەتیی بەسەر کۆی پرۆسێسی سیاسیی، نەتەوەیی، نیشتمانیی و کولتووریی کوردبووندا. ناسیونالیزمی کوردیی و کوردبوونیان وەکو میثۆدی فیکریی و باوەڕی سیاسیی، لە رێبازی کوردایەتیی جودا نەکردووهتەوە، کوردایەتیی و کوردبوونیان ( بە مەبەستەوه بێت یان بههۆی جەهلی فیکریی، سیاسیی و کولتوورییەوە بێت ) بەیەکەوە گرێداوە .
لە ئەدەبیاتی سیاسیی و حیزبی کوردییدا، رۆژانە گوێمان لە دەستەواژەی کوردایەتیی و ڕێبازی کوردایەتیی دەبێت. لەهەندێک بەکارهێناندا، زۆر زیاتر لە دەستەواژە، وەکو چەمک، فیکری سیاسیی، پرینسیپی نەتەوەیی، ئایدیۆلۆژیایهکی پیرۆز و باڵا، باسدەکرێت. ههندێک لهو دهستهواژانهی گوزارشتی ڕۆژانەی پێدەکرێت، ئەمانەن: بیری کوردایەتیی، قوتابخانەی کوردایەتیی، هەناوی کوردایەتیی، لە پێناو کوردایەتیی، خەباتی کوردایەتیی و رێبازی کوردایەتیی… تاد. هاوکات بە دونیایەک جەهلی فیکریی و کولتوورییەوە، بە دونیایەک ناعەقڵانییەتی سیاسییەوە، ئەمانە دەرخواردی لاوانی کورد دەدرێن.
بەردەوامیش، لەلایەن ماکینەی راگەیاندنی ناسیۆنالیزمی کوردیی و ئینتێلێکچواڵە فیکر خاڵیی و زار پڕەکانی کوردایەتییەوە، ئەم چەمکە سەقەتە، دەمەزەرد دەکرێتەوە. ئهم دەستەواژەیە لە کۆنتێکستی سیاسییدا، بەتهقدیسکراویی وەکو چهمکێکی پیرۆز تێکەڵ بە فیکری سیاسیی کوردیی دەکرێت. کاتێ، گەنجێک، خوێندکارێک، یان توێژەرەوەیەک، بیەوێت لە مانا و مهغزا و بونیادی ئەو رێبازە ( کوردایەتیی) بگات و ئەدەبیاتە بەتاڵ و حەتاڵەکەی بخوێنێتەوە، نەک هەر شتێکی ئهوتۆی دەست ناکەوێت، تا ثیۆریی، بەرنامە، رەوت و مانیفێستی دیاریکراوی کوردایهتیی، روون بکاتەوە، بەڵکو زیاتر، جەهلی کوردایەتیی لە هەموو ئاستەکاندا( فیکریی، سیاسیی، کولتووریی و مەعریفیی) بۆ دەردەکەوێت!
کوردایەتیی، وەکو دروشم و ریتمێکی حهماسیی، وهکو فهنتازیای شیعریی، لە سیاسەتی کوردیی، ئەدەبیاتی کوردیی، دونیای رۆژنامەگەریی و حیزبی کوردییدا، زۆرترین جار بەکاردەهێنرێت، بێئهوەی بزانرێت سەرچاوە و باکگراوندی فیکریی، سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی ئهم فیکرە خاڵییە نهتهوهییه، چییە و لەکوێوە دەست پێدەکات و لە ئامانجدا دەیەوێت بەکوێ بگات؟ تەنانەت دروشمی کوردایەتیی، بەو هەموو وههم و ناڕۆشنییەوە کە هەیەتی، هێشتا فیکری ناسیۆنالیزمی کوردیی، پشتی پێدەبەستێت و کۆی سیاسەتی نەتەوەیی “کورد”ی لهههردوو کوردستانی عێراق و ئێراندا، لەسەر بنیاتنراوە! بێئەوەی بزانرێت ئەم رێبازە چۆن دروست بووە و ئەو بنەما فیکریی، سیاسیی و کولتوورییانە چیین کە وەکو مەکتەبێک، فیکری ناسیونالیزمی کوردیی( دروستتر، کوردایهتیی)، تێیدا پەروەردە بووه؟
تا بەشوێن سهرابی کوردایهتییدا بگەڕێییت، لە باری فیکریی و کولتوورییەوە، سەرگەردانتر دەبیت. ئایا ئەم فەوضا، دروشمبازیی و باوەڕە بهتاڵه له فیکر، ئەم هەرا بێ ئارگیومێنت و بێ مانیفێستە، چۆن دروست بووە، کێ تەبەنی کردووە و چۆن بووەتە دروشمی هەمیشەیی زۆرێک لە قەومییەکانی( نەتەوەیی، جێگەی قەومیی ناگرێتەوە) کورد؟ ئەو هۆکارانە چیین کە دروشمی کوردایەتییان بە ناسیونالیزمی کوردییەوە گرێداوە و بەجۆرێک ئاوێتەی یەکتر کراون، کوردایەتیی، مانای ناسیونالیزمی کوردیی بگهیهنێت و ناسیونالیزمی کوردییش بچێتەوە سەر بنج و بنهوانی کوردایەتی؟ خۆشبەختانە، ئەمە تەنیا بۆ کوردستانی عێراق و ئێران، دروستە. دوو بەشەکەی تری کوردستان، ئەوەندەی لەگەڵ کوردبووندا پێوەندییان هەیە، لەگەڵ کوردایەتییدا، نێوانیان نییە. کوردستانی ئێرانیش، لەسەروبەندی پەیدابوونی ناسیۆنالیزمەوە، بەردەوام، لەباری فیکری سیاسییەوە، پاشکۆی کوردستانی عێراق و ئەم جەهلە فیکرییە، بووە.
بۆ ئەوەی تووشی هەمان ئیشکالییەتی مێژوویی نەبینەوە کە ناسیونالیزمی کوردیی، تێیدا گیری خواردووە و ناتوانێت خۆی لە دەرتەنگ و بێفیکریی کوردایەتیی دەرباز بکات، لەدەستپێکەوە دەبێت ئارکیۆلۆژیانە – archaeology تەفکیکی Dissociation چەمکی کوردایەتیی بکرێت. هەموو ئەو توێژاڵە سیاسییانەی فیکری نەتەوەیی کورد، پەڕە بە پەڕە هەڵبدرێنەوە کە لە هەستی جەماعیی و عەقڵی سیاسیی و کولتووریی کورددا ئەم چەمکەیان داهێناوە. لەوێوە دەتوانرێ بەدەر لەجادووەکانی چەمک و ڤێرژنی کوردایەتیی، ئارگیومێنتی جیاواز، سەبارەت بە نەتەوەی کورد، ناسیۆنالیزمی کوردیی و سەرەنجامیش سەبارەت بە کوردبوون، دەستنیشان بکرێن.
یەکێک لە هەرە بەربەستە سەرەکییەکانی داخستنی دەرگای گەڕان، بە نێو چەمکی کوردایەتییدا، ئەو جادووەیە کە ئەم چەمکە، لە ئینسانی “کورد”ی دەکات و هەموو کایەکانی ناسیۆنالیزم، نیشتمانییبوون، دهمارگیریی- نهتهوهیی zealotry ، فەرهەنگ، شۆرش و مێژووی کورد تا گەیشتن بە رادیکاڵیزم و شۆڤینیزم، بهوبهپهڕی بهرچاوتهنگییهوه (jingoism – جینگۆییزم) بەخۆیەوە گرێ دهدات. جگە لە کۆی نەتەوە، هەست و نەستەکانی ئینسانیش لەپێناو خواستە پڕ لە جەهل و نادیارەکانی خۆیدا، رام دەکات. هەروەها هەموو بوونی کۆمەڵگە بە “قوربان”ی قودسییەت، شەرعییەت، بڵندیی و مانەوەی خۆی دەکات.
چاککردنەوەی ئەم هەموو هەڵە مێژوویی، فیکریی و سیاسییەی کە چەمکی کوردایەتیی بەرهەمهێناوە، کوردایەتییش دواتر زاوزێی جەهلی فیکریی پێکردووە، پێویستی بەوەیە کە پێداچوونەوە بە کۆی مێژووی دروستبوون و دەرکەوتنی ناسیونالیزمی کوردییدا بکرێت. رۆچوون بە کایە سیاسیی، رۆشنبیریی، فیکریی و مهعریفییهکانی بزوتنهوهی نەتەوەیی گهلی کورددا، زۆر سهرهداوی گرینگمان دهست دهخات. ئەوکات جیاوازی کوردبوون وەکو ئینتیما بۆ ناسنامەی تاک و نەتەوەی کورد، وەکو ئینتیما بۆ خاکێک کە ناوی کوردستانە، لە هەمبەر کوردایەتییدا وهک قالۆرێکی بهتاڵی ئایدیۆلۆژیی، وەکو دەستەخوشکی شەرعیی و فیکریی عوروبە، باشتر دهردهکهوێت.
سەرەتای ناسیۆنالیزمی کوردیی، وهکو فیکر
بیری نەتەوەیی کورد، یان ناسیۆنالیزمی کوردیی، تا ئێستا، بیرێکی ههرزهی سیاسیی – حیزبیی- ئایدیۆلۆژییه و نەیتوانیوە لەوە زیاتر گەشە بکات و پێبگات. هۆکاری ئهم راوهستاویی و کهڕووههڵهێنان و تۆزلێنیشتنه فیکریی و سیاسییه، هۆکاری ئەم موراهیقییە سیاسییە و ئەم کوڕوکاڵییە فیکرییە، بۆ بێدهرهتانیی ئینتێلێکچواڵ، مونهوهر و سیاسییهکانی ڕێبازی کوردایەتیی دهگهڕێتهوه. بە دیدی کوردایەتییەوە سهیری ناسیۆنالیزمی کوردیی و کێشهی گهلی کوردیان کردووه، بە روئیای فیکریی ناسیۆنالیزم، ئاشنایەتییان نەبووە.
مهغزی ناسیۆنالیزمی کوردایهتیی، نەیتوانیووە ئارگیومێنتێکی فیکریی لە مێژووی گهشهی زمانی کوردیی و کریستاڵبوونی ناسیۆنالیزمی کوردیی و داخوازییە سیاسییەکانی کورددا، بهێنێتە ناو تێکستی کوردییهوه! چەمکی کوردایەتیی و رێبازە سیاسییەکەی وەکو بەربەستێک لەبەردەم “فیکر”ی ناسیۆنالیزمی کوردییدا، نەیهێشتووە ئەم ناسیۆنالیزمە گەشەی فیکریی بکات و لە دروشم، فەخفەخەی هۆنراوە، قیڕەقیڕ، قیژاندن و بەخۆداکێشان، دەربازی بێت کە لەسەرەتاکانیدا شاعیرانی کورد، لە تێکستی شیعرییدا، خۆیان تێیدا هەڵشەپاندووە.
لە تۆماری مێژوونووسەکانی کورد و ئهدهبی کوردییدا ، سەرەتای بیری نەتەوەیی لەناو کورددا، به شێوهیهک که ثیۆرایز کرابێت بە سەرەتای نوسینی کوردییەوە ( شیعرنووسیی ) دهبهستنهوه. مهلۆتکهی ناسیۆنالیزمی کوردیی لەو شیعر و قهصیدانەوە پێچراوە کە له منداڵدانی تێکستە شیعرییەکانەوە لهدایکبوون و بێکهسیی و بێدهرهتانیی کوردیان لاواندووەتەوە. هەندێک پێیانوایە لە باباتاهیری هەمەدانییەوە بیری نەتەوەیی کورد دەست پێدەکات، بەڵام زۆرینەی مێژوونووسان و نووسهرانی رابردووی کورد، لەسەر ئەوە کۆکن کە لە شیعرە کوردییهکانی ئەحمەدی خانییەوە به پلهی یهکهم و حاجی قادری کۆییەوە، به پلهی دووهم، فیکری قەومیی( القومیة) کورد، فۆرمۆڵه بووه.
دهکرێ، بگوترێ که حاجی قادری کۆیی یهکهمین رائیدی ئێثنۆناسیۆنالیزمی کوردییه (Ethnonationalism – ناسیۆنالیزمی نەژادیی). بە میثۆدی فیکریی، ئەو, یەکەمین کەسێکە، ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی کوردیی لهشیعر ههڵکێشاوه و لە شیعردا ثیۆرایزی کردووە. له سهردهمی حاجی قادرهوه تا ههنووکه ئهم ناسیۆنالیزمه له ههڵبهز و دابهزدایه، تا ئهم ساتهش کهس له حاجی قادری کۆیی، باشتر ثیۆرایزی ناسیۆنالیزمی کوردیی نهکردووه و وهک فیکر مامهڵهی لهگهڵدا نهکردووه.
بە جیا لەو فۆرمە شیعرییانەی زۆر دەمێکە هەن، ناسیۆنالیزمی کوردیی، لە فۆرمی سیاسییدا لهسهردهمی کێشمهکێشهکانی نێوان عوثمانییهکان و صهفهوییهکاندا، چهکهرهی کردهوه، بهڵام ئهم چهکهرهکردنه زیاتر لهلایهن عوثمانییهکان یان صهفهوییهکانهوه، دژ به بهرژهوهندییەکانی یەکتر، ئاودێر دهکرا. بهواتایهکی تر، ناسیۆنالیزمی کوردیی، به شێوهی ئێثنیکیی، خێڵهکیی،دینیی، ناوچهیی و تهریقهتیی، لهلایهن دهسهڵاتدارانی ئێرانیی و خهلافهتی عوثمانییهوه تەوظیف دهکرا. ئهم ناسیۆنالیزمه، له کۆتایی تهمهنی عوثمانییهکان و سهرهتای دروستبوونی تورکیای مۆدێرندا، به میثۆدی ناسیۆنالیزمی سەردەمی مۆدێرنە، خۆی ثیۆرایز کردهوه و مێژووی ئهم سهت ساڵهی لهم نووسینهشدا باس دهکرێ، بۆ ئهم سهرهتایه دهگهڕێتهوه.
لەگەڵ دروستبوونی لاوانی تورک( Young Turks) یان گەنجە تورکەکان، فیکری ناسیۆنالیزمی کوردیی، جوڵەیەکی کرد. دواتر لە دروستبوونی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقییدا(1889) ، خوێندکارە کوردەکانی کۆلیژی پزیشکیی ئیستەنبوڵ لە دروستبوونیدا رۆڵیان هەبووە. ئیسحاق سکوتی و عەبدوڵا جەودەت لە دامەزراندنی ئیتیحاد و تەرەقییدا وەکو دوو کورد، لەو کۆمەڵەیەدا، دامەزرێنەری سەرەکیی بوون. لە پێکهاتەی کۆمەڵەکەدا”جەمعییەتەکەدا”، لە نێو تەواوی گەلانی سەڵطەنەتی عوثمانییدا، کورد بە رێژەی %10 ی ئەندامانی کۆمەڵەكە، بەشدارییان هەبوو. ئیتیحاد و تەرەقیی، بنکە و ئەندامی کوردیان لە زۆربەی شارە کوردییەکانی سەڵطەنەتدا هەبوو.
دروستبوونی ئیتحاد و تەرەقیی لەنێو خوێندکارەکانی کۆلیژی پزیشکییدا، پێوەندیی بەو چاکسازییانەوە هەبوو کە سوڵطان عەبدولحەمیدی دووەم لەپاش هەڵپەساردنی دەستور ( مەشروطییەت ) و پارلەمانەوە لە 1878 دا کردی. بیانوی سوڵطان بۆ هەڵپەساردنی دەستور و راگرتنی نوێنەرایەتیی، ئەوەبوو کە لەنێو گەلانی ئیمپراطۆریای عوثمانییدا ئاستی رۆشنبیرییان هێندە باڵا نییە کە بتوانن لە رێگەی دەستور و پارلەمانەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ باب عالیی، خۆیان بەڕێوەبەرن. لەبەرامبەردا کردنەوەی خوێندنگە حەمیدییەکان لە سەرتاسەری ئیمپراطۆریاکەیدا، هەروەها دامەزراندنی سێ کۆلیژی پسپۆری لە قانوون، سوپا و پزیشکییدا وەکو بڕیار راگەیاند.
یەکێک لە سەرەکییترین مەنهەجەکانی کۆلیژی پزیشکیی، خوێندنی فیکری نەتەوەیی و پەیامەکانی شۆرشی فڕانسیی و چۆنییەتی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئاڵمانیا و فڕانسدا، بوو. خوێندکارەکانی کۆلیژی پزیشکیی کە لەگەلانی تورک ، کورد ، عەرەب ، ئەرمەن ، ئەرنائوت ، شەرکەس .. تاد بوون، کەوتبوونە ژێر کاریگەریی مەنهەجەکەیانەوە و بیری قەومچییەتییان(القومجیة) لەوێوە چەکەرە دەکات. کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقیی، مۆزائیکی ئەو گەلانە بوو کە لەو کۆمەڵەیەدا بیری قەومچییەتی خۆیان تێیدا گەشە پێدەکرد. لەپاش هەڵوەشاندنەوەی ئیتحاد و تەرەقیی، هەر ئەو ئەندامە دامەزرێنەرانەی کۆمەڵەکە، بوون بە پێشەنگی ناسیونالیزمی کوردیی، عەرەبیی ، تورکیی و ئەرمەنیی، هاوزەمان، سەرەتاکانی ناسیونالیزمی سیاسییان لەنێو گەلانی خۆیاندا داڕشتووە .
هەرەسی ئیمپراطۆریای عوثمانیی :
لە پرۆسێسی هەرەسهێنانی ئیمپراطۆریای عوثمانییدا 1923-1906دامەزرێنەرانی بیری نەتەوەیی هەر یەکێک لەو ئێثنیک و گەلانەی، دامەزرێنەر یان ئەندامی کارای کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقیی بوون ( بۆ نموونه: ئەحمەد جەمال پاشا – تورک، ساطیع ئهلحوصریی”ساطع الحصري” – عەرەب و عەبدوڵا جەودەت – کورد) بە دامەزرێنەری ناسیونالیزمی ئێثنیکیی،سیاسیی و کولتووریی نەتەوە و ئێنثنیکەکەی خۆیان، ئەژمارد دەکرێن.
ئەم سێ نەتەوەیە، وەکو سێ گەلی سەرەکیی، دراوسێ و هاومەزهەبی( وەک زۆرینە) نێو سەڵطەنەت، لە دروستکردنی ناسیۆنالیزمە کولتووریی و سیاسیەکەیاندا( political and cultural nationalism) بەشی هەرە زۆری فیکر و مانیفێستی سیاسییان، لەسەر ئەو دژایەتییکردنە دامەزراندووە کە ئەم سێ ئێثنیکه، دوژمن و نەیاری هەمیشەیی یەکترن. فیکر، مهعریفه، کولتوور، سیاسهت و ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمیان، لە رێبازەکانی تۆرانییەت( دواتر فاشیزمی پانتورکیی)، شۆڤینیزمی عوروبە( عروبة) و ناسیۆنالیزمی ئیڵیتی کوردیی(لە کوردستانی عێراقدا، بە کوردییەت و دواتریش بە کوردایەتیی دەگۆڕێت)، لەسەر بنەمای بە دوژمن زانینی یەکتر، بنیات دەنێن.
تورک، عهرهب و کورد، لەگەڵ لێکهەڵوەشاندنەوەی سەڵطەنەتی عوثمانییدا، لەو لێکترازانە سیاسیی، مێژوویی و ئیدارییەوە پێویستیان بە خۆجیاکردنەوەیەک ههبوو لە ستراکتۆری کۆمەڵایەتیی، کولتوور، رووحیی و تێکەڵبوونی خوێنهوه، هەموو پێوهندییەکیان بەیەکترەوە بپچڕێنن. لەگەڵ دابەشکردنەوەی نەخشەی سیاسیی و جیۆگرافییدا، دەبووایه کاتهگۆرییه نەتەوەیی و فەرهەنگیی و مێژووییهکانیشیان دابەش بکەن. ئەنجامدانی پرۆسێسێکی ئاڵۆز و چارەنوسسازی لهو چهشنه، بەهۆکاری فره جیاواز، زەحمەتە بتوانرێت سانا و بێ گرفت لێک جوداببنەوە، بە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵێک فاکتەر هەبوون کە جیاوازییەکانیان بۆ ناکۆکیی هەمیشەیی بچەرخێنێت:
یەکەم :
تورکەکان، بێ لەبەرچاوگرتنی بەشی کورد و عەرەبەکان لەماوەی پێنج صەدەی دروستکردنی ئیمپراطۆریای عوثمانییدا، خۆیان بە میراتگری ئیمپراطۆریای عوثمانیی، ناساند. لە ئەزموونی حکومڕانیی ئیتحاد و تەرەقییدا، ئەندامە تورکەکان، باڵادەست بوون، ئەحمەد جەمال پاشا لە شام و میصر لەپێناو تورکاندنی عەرەبەکاندا ستەمێکی زۆری لێکردبوون. هاوکات بە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، بریتانییەکان لە ١٩٢٢ دا سەربەخۆیی مەملەکەتی میصریان پەسەندکرد، بۆئەوەی مەلیک فوئادی پادشای میصر بە پاڵپشتی ئەزهەر، رۆڵی خەلیفە لە جیهانی ئیسلامییدا، بگێڕێت. ئەمە بۆ ئەوەبوو کە بۆشایی مەرجەعییەتی خەلافەت لە جڤاکە ئیسلامییەکاندا دروست نەبێت.
لێرەوە، عەرەبەکان خۆیان بە میراتگری مەزهەب وترادیسیۆنی دەوڵەتی عوثمانیی هەڵوەشاوە دەزانی. کورد وەکو ئەرمەن و ئەلبان و عەرەبەکان داوای بەشی خۆی، تا رادەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکرد. ئەرمەن و ئەلبانییەکان بەپێی مەرجەکانی روسیا بەسەر سەڵطەنەتی عوثمانیی، لە کۆنگرەی بەرلین 1878 دا پشتگیریی پێشوەختیان لە روسیاوە بەدەستهێنابوو. لە بەرامبەریشدا، کوردەکان لە پەیمانی لۆزاندا پرسی بەدەوڵەت بوونیان لەدەستدا. کوردستان، لە دوو پارچەی نێوان (صەفەویی و عوثمانیی) ەوە بەسەر چوار پارچەی تورکیا، سوریا ، عێراق و ئێراندا، دابەشبوون. لەو سەرەتایەی هەستی نەتەوەیی کوردییدا، ئەم دابەشبوونە ، کاریگەریی زۆر نێگەتیڤ و توندی لەبیری نەتەوەیی کورددا دروست کرد. جگە لە نەفرەتی کوردیی لە سایکس-پیکۆ ، تورک و عەرەبەکان وەکو دوو نەتەوەی داگیرکار لە فیکری قەومیی کوردییدا جێگیربوون .
دووەم :
ئاگایی و هۆشیاریی نەتەوەیی، زۆر سەرەتایی بووە. ئەم ئاگاییە پرێمیتیڤە، لەژێر کاریگەریی بیری نەتەوەیی خۆرئاوا و دروشمەکانی شۆڕشی فڕانسیدا بوون. بەگشتیی، دروستبوونی دەوڵەته نەتەوەییهکانی nation-states ئهوروپا، بەتایبەتی کەمپەینی یەکخستنەوەی ئاڵمانیای بیسمارکیی Otto von Bismarck و هەژموونی ئیتالییە کاربوناریاییەکان( بە واتای پشکۆی گەشاوە دێت- Carbonaria)، وەکو دوو دەوڵەتی نەتەوەیی نوێ و مۆدێلێکی نمونەیی، بوون بە ئیلهمام بۆ کۆپیکردنەوەیان لەلایەن کورد، تورک و عەرەبەکانەوە. خوێندکارە هەرزەکار و حهماسییهکانی تورک، عەرەب و کورد کە سەڵطەنەتی عوثمانیی، بۆ خوێندن، بۆ پاریس، ناردبوویانی ، بیری نەتەوەیی و دەوڵەتی نەتەوەیی nation-state ، لای ئهمانهوه، کۆپی و پهیست دهکرا، سەرەنجامیش بۆ ناوچەکەیان هێنایەوە.
سێیەم :
جگە لە بهشێک له خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی خەلافەتی عوثمانییەکاندا مابووهوه، زۆربەی جیۆگرافیای جیهانی ئیسلامیی لەلایەن فڕانس، بریتانیا و روسهکانهوه داگیرکرابوون. ئەو سێ هێزە جیهانییە، هانی ورووژاندنی هەستی نەتەوەیی کورد ، تورک و عهرهبیان، لهو ناوچانهدا دهدا که خۆیان لە دەوڵەتی خهلافهت و سهڵطهنهتی عوثمانیی جیابکەنەوە. بهواتایهکی تر، ناسیۆنالیزمیان لهههمبهر ئایدیۆلۆژیای دینیی خهلافهتێکی نهخۆشدا، دەبزواند. دیاره ناسیۆنالیزمی تورکیی، دهیویست لهسهر لاشهی سهڵطهنهتی عوثمانیی، کۆشکی ناسیۆنالیزمی پانتورکیی هەڵچنێت. نهتهوه و گرووپهکانی تر، لهژێر رهشماڵی ناسیۆنالیزمی پانتورکیی و تاڕادهیهکیش پانتۆرانییدا، ئاوێزان بکات، یهقیان بکاتهوه و دایانبڕێت و و ئهسیمیلهیشنیان assimilation پێبکات.
چوارەم:
سیستەمی-پەروەردە( پێداگۆجی- pedagogy) و زانستخوازیی، هەمان سیستەمی پەروەردەی ئایینی ( حوجرەکانی مزگەوت) بووە، رێژەیهکی زۆرکهم لە خهڵک، خوێندهوارییان ههبووه. ناسیۆنالیزمی دینیی و کولتووری ئاینیی خۆبهکهمزان لهبهرامبهر شهریعهت و جهبهروتی دهسهڵاتی ئیلاهیی( خهلافهت) دا، بهتهواویی بهسهر ناسیۆنالیزمی سیاسیی و ناسیۆنالیزمی کولتوورییدا زاڵ بووه.
بەنێو ئەو تەنگژە فیکریی، مەعریفیی، کولتووریی و سیاسییانەدا، پرۆسێسی دروستکردن و بیناکردنی ناسیونالیزمی تورکیی، عهرهبیی و کوردیی دەستیان پێکردووە. لەنێو خۆیاندا، یەکەمین هەنگاوی هەرکام لە ناسیۆنالیزمی ئهو سێ نەتەوەیە، نوسینەوە، داڕشتنەوەی مێژوو، دروستکردنی شانازیی، سەروەرکردنی مێژووی وههمیی، فەنتازیا و ئهفسانهتاشین بووە. لە سەرەتای سهرههڵدانی ناسیۆنالیزمی ئهو سێ نهتهوهیەدا، دەبینین ئەو ئەرک و کارانەی، رێکخراو، کۆمەڵە و حیزبە سیاسییەکان پێی هەستاون، به گێڕانەوەی مێژوو، نووسینەوە و داڕشتنەوەی مێژووی نەتەوەیی، دەستیان پێکردووە و زۆرترین کاری مێژووییشیان، دیاریکردنی رەچەڵەکی نەتەوەیی خۆیان و سەلماندنی خۆجیاکردنەوەی نەژادیی و رەگەزیی بووە. کورد، ئارییبوون- تورک،تۆرانییبوون و عەرەب، سامییبوون یان ئیسماعیلییبوونی خۆی زیندووکردووەتەوە.
لەبەر ئەوەی تورکە تۆرانییەکان دەبنە میراتگری سەڵطەنەتی عوثمانیی، جگە لە خۆجیاکردنەوە مێژوویی و نهژادییهکهی لە کورد و عەرەب ، وەکو دوو نەتەوەی دژ بە عوثمانیی و میراتگرەکانی، کورد و عەرەب، دوور لە ئیرادەی سیاسیی، بە زەبری مێژوویەکی کاتیی، ناراستەخۆ دەبنە هاوپەیمانی یەکتریی و کاریگەریی بهرچاوی فیکر و مانیفێستی ناسیۆنالیزمی عەرەبییە( القومیة العربیة) و عوروبە بەسەر پەیدابوونی فیکری کوردایەتییەوە دەبێت.
لێرهوهیه که ناسیۆنالیزمی کوردیی به ڤێرژنی کوردایهتیی، لهباری زمانیی، فیکریی، کولتووریی، مێژوویی و سیاسییهوه، تهنانهت لهباری مۆڕاڵیی و بههای مرۆییشهوه، وەکو وەرگێرانی دەستەواژەی عەرەبییە و عوروبەی عهرهبیی(العربیة- ئهلعروبه- العروبة یان عروبهت) ، داهێنەرانی چهمکی “کوردایەتیی” لەسەرەتادا، کوردییەت( الکردیة- به چهمکه کلاسیکییهکه” کوردیهت”) لەسەر وەزنی العربیة- عەرەبییەت، بەکاردههێنن و بەتەواویی وەکو دەستەخوشکی فیکریی، سیاسیی و کولتووریی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی( القومیة العربیة و ڤێرژنی عوروبە)، لە کایەیەکی زۆر رەزیلی فیکریی و کولتوورییدا، فاشیزمی عوروبە، لە ڤێرژنی کورداییەتییدا( کوردییەت) مۆدیفاید دەکات.
پاشتر بۆ لابردنی مهغزا عەرەبییەکە و دوورکهوتنهوه له وهزن و قافیهی مێنتاڵیتیی شیعریی ئهو ناسیۆنالیزمه ئهفهندییه(الافندية)ی لهسهردهمی بزوتنهوه ئهفهندییهکانی تورکیای عوثمانیی و میصر و ناوچهکهدا گهشهی کردووه(زعماء وأفندية . د. سيار الجميل . عمان، 1999)، ناسیۆنالیزمی کوردیی، لە دوای سەردەمی شێخ مەحمودەوە و پێش پەیدابوونی کاژیک، چەمکێکی تر دادەهێنن. کوردییهت( کوردیەت، بە رێنووسی کۆن) لهژێر گهشهی زمانی کوردییدا دهگونجێنن و چهمکی سەقەتی کوردایەتیی( کوردایەتی، بە رێنووسی کۆن) وەکو چەمکێکی نوێ، له رووی سیاسیی، زمانهوانیی و فیکرییهوه، بهسهر تێکستی داماوی کوردییدا، دەسەپێنرێت. ئەوەی کە زۆر جێگەی ئەفسووس و داخی فیکرییە، تا ئێستاش، بەشێکی زۆر لە ئەکادیمیست و نووسەرانی کورد، بەتایبەت ئەوانەی بڕیارە پسپۆری ناسیۆنالیزم بەگشتیی و ناسیۆنالیزمی کوردیی، بەتایبەتیی بن، وەک زالوو ئەم فاشیزمە کولتوورییەی عوروبەیان، بە ڤێرژنی کوردایەتیی، لە مەڵاشوو چەقیوە و زۆر بێباکانە و نافیکرییانە، دەیمڵچێننەوە.
کوردایەتیی : سەرگەردانیی فیکریی، سیاسیی و جیۆگرافیی
کورتەیەکی ثیۆریی لەسەر ناسیۆنالیزم
لە ئەدەبیاتی سیاسیی، فیکریی و کولتووریی کورددا، زۆرجار بە نەزانیی یان بە ئاگایی، چەمکەکانی ناسیۆنالیزم و نیشتمانییەتیی(نیشتمانێتیی- پاتریۆتیزم) تێکەڵ دەکرێن. هەرچەندە مەغزای سیاسیی و فیکریی ئەو دوو چەمکە زۆر جیاوازن، بەڵام لەهەندێ رەهەنددا، تێکەڵیشیان هەیە. ناسیۆنالیزم و پاتریۆتیزم، لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە تا گەیشتن بە سەردەمی گڵۆباڵیزەیشن، ئاڵوگۆڕی ریشەییان بەسەردا هاتووە.
بۆ نموونە، لەسەردەمی پۆست هۆڵۆکست و سەرەتای توندبوونەوەی جەنگی ساردی نێوان سۆڤێت و ئەمێریکا، دەیان سکۆلار و کەسایەتیی بوارە جیاوازەکان، لەچەشنی هانا ئارێنت، ئاینشتاین، هێڵین کاڵدیکۆت(ئوسترالیا)، نووسەری بریتانیی، صامۆئێل جۆنسۆن، بە نەخۆشییەکی پیس، نەفرەت، دەرزیی بۆ کوشتنی مرۆڤایەتیی، دیوە شاراوەکەی تری ناسیۆنالیزم، فەزیڵەتی شەڕ بەناوی نیشتمانەوە، مەئوای ئەحمەقەکان… زۆرشتی تر، وەسفی پاتریۆتیزمیان کردووە.
دیارە ناسیۆنالیزم، زۆر خراپتر، لەلایەن زۆرینەی سکۆلار و ئینتێلێكچواڵ و موفەکیرەکانەوە بەر رەخنە دراوە. هاوکات، خوێندنەوەی سەرەطانی ناسیۆنالیزم، بەو چەمکە کلاسیکیی و توێژینەوە کۆنانەی سەردەمی مارکس، وێبەر و دۆرکهایمیش، بۆ سەردەمی ئێستا، کەموکوڕیی زۆری پێوە دیارە.
لە بەرامبەریشدا، ماک-کرۆنMaCrone ، لە کتێبێ “سۆسیۆلۆجیای ناسیۆنالیزم”دا پێیوایە، وێڕای ئەو راستییەی کە سۆسیۆلۆجیا ثیۆرییەکی نوێی لەسەر ناسیۆنالیزم دانەهێناوە، بەڵام بۆ خوێندنەوەی وردی مانیفێستی ناسیۆنالیزم، دەکرێ هەرەوەزیی هەریەکە لە سۆسیۆلۆجیا، ئەنثرۆپۆڵۆجیای کۆمەڵایەتیی، سیاسەت و مێژوو لە دیسکۆرسی لێکدانەوەکان لەسەر ناسیۆنالیزم بەگشتیی، بەتایبەتییش لە ناسیۆنالیزمی کلاسیکەوە بۆ نیۆناسیۆنالیزم، ئاوێزان بکرێت( McCrone 1980). چۆن ناسیۆنالیزم و پاتریۆتیزم ئاڵوگۆڕی ریشەییان بەسەردا هاتووە، فیکر و خوێندنەوەیشیان بەراورد بە سیی بۆ چل ساڵ لەمەوبەر، ئاڵوگۆڕی زۆر یەکلاکەرەوەیان بەسەردا هاتووە؟
بە ئەهریمەنکردنی پاتریۆتۆیزم، لەلایەن زۆرێک لە ئەکادیمیست و ئینتێلێكچواڵە جیهانییەکانەوە، مافی خۆیان بووە و ئارگیومێنتی وردیشیان بۆی هەبووە. ئەو رەخنەکردنەی پاتریۆتیزم بۆ ئەو دەرهاویشتە دەگەڕێتەوە کە فاشیزم و نازیزم، بەسەر مرۆڤایەتییاندا هێنا و ستالینیزمیش لە سیستەمی تۆتالیتاریانی totalitarian کۆمۆنیزمدا ئەوەندەی تر، مرۆڤایەتیی لە خوێندا گەوزاند. ماوەی سێ بۆ چوار دەیەیە، بەتەواویی چەمکی نیشتمانییەتیی(نیشتمانییبوون یان کەسی نیشتمانیی) ئاڵوگۆڕی ریشەیی بەسەر کۆنتێکست و تەوزیفکردنیدا هاتووە. لە گڵۆباڵیزەیشندا، بۆ کۆکردنەوەی یەک قەوارە لە قەڵافەتی نیشتماندا، وڵاتی فرە کولتوور، فرە نەژاد، فرە دین، فرە زمان، فرە رەنگپێستی مرۆڤەکان و فرە بەرژەوەندیی ئابووریی، دروست بوون.
بەواتایەکی تر، گەل و وڵاتی ناسیۆنالیستیی نا، بەڵكو گەل و وڵاتی نیشتمانییان، لەسەر چەمک و کۆنتێکستی هاووڵاتییبوون، پێکەوە ناوە. لە زۆر شوێنی جیهاندا، ناسیۆنالیزم، قێزەونتر دەبێ و پاتریۆتیزم، تۆلێرانس و پێکەوەگونجان جێگەی دەگرنەوە. ئەمە بۆ هەردوو ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و تورکییش راستیی تێدایە. بەهەمان میثۆدیش، ناسیۆنالیزمی کوردییش( بەتایبەتیی کوردایەتیی) لەو پەڕی ناشیرینیی و رەزاگرانیی خۆیدایە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کەم کەس دەوێرێت، دەست بۆ ناشیرینییەکانی ئەم دیۆە دێزە بەرێت.
بۆ ئێستای دۆخی سیاسیی کورد، بزوتنەوەی ناسیۆنالیستیی و ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم، بەدەردی کورد و کێشە سیاسییەکەی ناخوات. ناکرێت لەیەک کاتدا ناسیۆنالیست و پاتریۆتیست بیت. ئەم دوو فاقییە سیاسیی و فیکرییە، ئەم کۆنترادیکتە مۆراڵییە، لای زۆربەی سیاسیی و نووسەرانی کورد، برەوی هەیە. ئەگەر دیگۆلانەش بیر لەم دووانە بکرێتەوە، ئەوە ناسیۆنالیزم بەسانایی ئەوە دەگەیەنێت کە نەتەوەکەی خۆت خۆش دەوێ و رقێکی شاراوە یان “دیار”ت لە ئێثنیک، نەتەوە، گرووپ و جڤاکەکانی ترە. لەکاتێکدا نیشتمانییبوون،تاک تاکی خەڵکی وڵاتەکەت، نیشتمانەکەت یان قەوارەکەت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئایدێنتیتیی نەتەوەیی، ئێثنیکیی و دینییان، خۆش دەوێن.
بەرگریی کۆبانێ و ستراتیژی ئەو حیزبانەی رابەرایەتیی ئەو خۆڕاگرییە مەزنەیان لەهەمبەر داعشدا کرد، ناسیۆنالیزم نەبوو، بەڵکو پرۆژەی کوردبوون و روئیای نیشتمانیی و تۆلێرانسی پێکەوەژیان بوو. لە هەموو مێژووی کورددا، ناسیۆنالیزم، جگە لە فیاسکۆ، جگە لە هەرەس و جگە لە زوخاوی فیکریی و کولتووریی، شتێکی تری بۆ کورد بەرهەم نەهێناوە! کاتی ئەوە هاتووە، وەکو ئایدیۆلۆژیایەکی نەفرەتلێکراو، بە قەناعەتەوە، نووسەران و رۆشنبیرانی کورد، بۆگەنی فیکریی و ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیزم رابدەن و بیر لە ئاڵتەرناتیڤی نوێ بکەنەوە. بە باوەڕی ئەم نووسینە، ئەو ئاڵتەرناتیڤە، پاتریۆتیزمی لیبراڵ و مۆدێرنە.
دیارە کوردبوون( being Kurd)، بۆ خۆی دەردەداریی، لە بوارە جیاجیاکانی زمانیی، سیاسیی، فیکریی، مێژوویی و بایۆلۆژییدا هەیە. لایەنە بایۆلۆژیی، جیۆگرافیی و ئەنثرۆپۆڵۆجییەکەی، مرۆڤی کورد مەحکوم بە کوردبوون دەکات! هاوکات، عەرەببوون و فارسبوون و ئینگلیزبوونیش هەمان دەردەدارییان هەیە. بەواتایەکی تر، کوردبوون، زیاتر چەمکێکی داهێنراوی ئەو عەقڵییەتەیە کە ناسیۆنالیزم وەکو پەتایەکی ئایدیۆلۆژیی سەیر دەکات، بەڵام خۆی لە کێشە زمانیی، ئێثنیکیی و بایۆلۆژییەکانی کوردبوون دەدزێتەوە.
هەر بەڕاستیی، ئایا مەسخەرەیەکی سیاسیی و فیکریی دەرناچێ، لە ئەدەبیاتی کوردییدا، عەرەببوون، فارسبوون، صرببوون و کرواتبوون بنووسرێ؟ لەڕووی زانستییەوە، مرۆڤ بە کورد، عەرەب، فارس، تورک، ئینگلیز، ژاپۆنیی، ئیسپانیی و فڕانسیی دروست نەبووە. مرۆڤ، لەئەنجامی پەرەسەندنێکی مێژوویی دوور و درێژی دەیان میلیۆن ساڵییەوە دروست بووە. بەهۆی قەدەری جیۆگرافیا، کەشوهەوا، کولتوور، سروشتی گەشە و رەوی مرۆڤە سەرەتاییەکانەوە، ئێمەی مرۆڤی نوێ، ناسنامەی جودا، زمانی جودا و تەنانەت دینی جوداشمان، هەڵگرتووە.
بەم هەموو هەلاهەلاییە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەشەوە، بەم دواکەوتنەی کورد لە لەشساغترین قۆناغەکانی چێکردنی دەوڵەتی نەتەوەییداNation-State کە هیچی بۆ بەدەست نەهات، هێشتا دەتوانێ دەردی کوردبوونەکەی خۆی، زمانەکەی خۆی و تەنانەت ئەو خاک و ئاوەی، بەشەرعییەتی ئاسمانیی و زەمینیی بە موڵکی خۆی دەزانێت، قەوارەیەکی تێدا دروست بکات، بەمەرجێک کە کورد و ئەو نەتەوە و ئێثنیک و دینە جیاوازانەی لەسەر هەر بەشێکی ئەم کوردستانە دەژیەن، خۆیان بە خاوەن ماڵ و بە هاوکار بزانن. هەموو ئەوانە، کاتێک عەقڵانییەتی تێدایە، ئەگەر تووشی تاعوونی( طاعون) فیکریی ناسیۆنالیزم نەبین، بەتایبەتییش ئایدیۆلۆژیای ” کوردایەتیی”، بە عەقڵماندا بڵاو نەبێتەوە.
ریتۆریکێکی ئایدیۆلۆژیی لەناو کورددا هەیە، گوایە ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بندەست و چەوساوە، Nationalism of the oppressed یان ناسیۆنالیزمی مەدەنیی، لایەنە پۆزەتیڤەکەی ناسیۆنالیزمە، لەهەمبەر دیوە نێگەتیڤەکەی ناسیۆنالیزمی چەوسێنەراندا، یان داگیرکاراندا Nationalism of the oppressors . ئەم ریتۆریکە ئایدیۆلۆژییانە لە سەردەمی لۆکسێمبورگەوە Rosa Luxemburg لەناو ئەدەبیاتی کۆمۆنیست و چەپەکاندا دەگوترێ و دەنووسرێتەوە. کوردایەتییش، بەتایبەتیی لەسەردەمی کاژیکەوە، مۆبەڵایزی سیاسیی ئەم ریتۆریکە دەکات.
لێنین زۆر هەوڵیدا، ئەم گرێ کوێرە فیکرییەی بۆ ساغ نەکرایەوە. لێنین، ستالین وتڕۆتکسییش، بە ریتۆریکی ئەوەی کە ئەمە ئایدیۆلۆژیای سەرمایەدارییە، دەیانویست بە ئەدەبیاتی کلاسیکیی-مارکسیی، بە ئایدیۆلۆژیای ئینتەرناسیۆنالیزم، بەرپەرچی بدەنەوە! ئەم تێڕوانینە ئایدیۆلۆژییەی لەناو ناسیۆنالیزمی کوردایەتییدا هەیە سەبارەت بەنەتەوەی سەردەست و بندەست، بنکڕی ئەو ئارگیومێنتە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییانەن کە نزیکەی حەفتا بۆ صەد ساڵ لەمەوبەر، لەلایەن چەپەکانەوە،بەوپەڕی کۆڵەواریی و بێئاگایی لە فیکری ناسیۆنالیزم، کراون.
گەشەی ناسیۆنالیزم لەدوای عوثمانییەکانەوە
لە کاتی بەلوەرەپێکردنیCrystallization ناسیۆنالیزم لە سەروبەندی هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراطۆریای عوثمانییدا، ناسیۆنالیزمی سیاسیی نەتەوەکانی تورک، عەرەب، کورد و ئەرمەن، لەگەڵ جیاکردنەوەی تایبەتمەندیی نەژادیی خۆیاندا، پێویستیان بە جیاکردنەوەی تێڕوانینی جیۆگرافیای سیاسیی و رەهەندی مێژوویی خۆیشیان ههبوو. گەڕانەوە بە مێژوودا تا دوورترین مەودای رابردووی رەچەڵەک و نەژادی خۆیان، جێوگرافیایەکی تایبەت بەفەنتازیای خۆیشیان وێنهکردبوو بۆ جێکردنەوەی ئەو یەکێتییە ناسیۆنالیزمە سیاسییە وەهمییەی دەیانویست بینای بکەن. لەو قۆناغە هەستیارەی مێژووی سیاسیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لەلایەک سیستەمی خەلافەت لە لێکترازاندایە و لەلایەکی دیکەوە کۆڵۆنیالیزمی بریتانیی، فڕانسیی و روسیی بە پێی نیاز و ئامانجەکانی خۆیان، پێشنیاری جیاواز و تایبەتی خۆیان، بۆ جێوگرافیا و ستراکتۆری سیاسیی ناوچەکە هەیە، پێکوڕەی ناسیۆنالیزمە جیاوازەکان، لەگەشەکردن و لەشەڕە قۆچدا بوون.
لەهەردوو رەهەندی مێژوویی و جیۆگرافییەوە، ناسیۆنالیزمی تورکیی، عهرهبیی و کوردیی، دووچاری بەریەککەوتنی فرەجەمسەر بوونەتەوە. ململانێکانیان جگە لە بەریەککەوتنیان لهگهڵ ئاییندا کە گەلان و میللهتانی عوثمانیی، تێکڕا ئوممەت– نەتەوەیەکی ئایینیی ئیسلامیی بوون، بەهەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، ئەو ئوممەت – نەتەوە ئیسلامییەشی پێوەهەڵوەشاوەتەوە کە قبوڵکردنی لە نێوەندە ئایینییەکانی گەلانی عوثمانییدا بەبێ رووبەڕووبوونەوە و بەیەکداشاخانی نێوان مهلا دینییهکان و مونهوهره نهتهوهییهکان، بهدی نههاتووه.
دەوڵەتی عوثمانیی، هەموو پێکهاتەکانی وەک میللهتی جیاواز لەنێوخۆیدا قبوڵکردووە، بەڵام وەکو نەتەوە و ئێثنیک، هەریەکێک لەو گەلانەی لە ئوممەت – نەتەوەی ئیسلامدا کۆکردبووەوە و لەبری ئایدێنتیتیی( ناسنامە) نەتەوەیی، پێناسی ئایینیی- ئوممەتی عوثمانیی لە سەڵطەنەتدا بە باڵایاندا بڕیبوو. ئەو قبوڵکردنەی دەوڵەتی عوثمانیی بۆ قەوارەی ئێثنیکە جیاوازەکان (وەکو گەل و ئەقوام، نەک نەتەوە) دەگەڕێتەوە بۆ دیدی ئایینی ئیسلام کە خواوەند، گهل و هۆزی جیاوازی دروست کردووە بۆ ئەوەی یەکدی بناسن ( انا جعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا)، بەڵام لە عیبادەتدا هەمووان، یەک نەتەوە – ئوممەتی یەکتاپەرستی سەر ئایینی ئیسلامن و خهلیفهش، له نهژادی پانتۆراییه تورکهکان دهبێت.
لە دۆخە سیۆسیۆ/سیاسییەکەشداsocio-political ، جیابوونەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی لە تورکیی و کوردیی لە هەردووکیان، وێڕای گەڕانەوەیەکی خێرا بۆ کرۆکی نەژادیی و زمانیی، هاوکات، لە خەیاڵدانی نەتەوەیی خۆیاندا هەر یەک لە ناسیۆنالیزمی کوردیی، عوروبە و پانتۆرانیی ، فەنتازیای مێژوویی و جێۆگرافیای تایبەت بەخۆیان فۆرمۆڵە دەکرد. هەموو ئەمانە بۆ ئەوەبوون کە بتوانن تەواوی بینای موناجات و تەجەلا نەتەوەییەکانیانی تێدا رۆبنێن.
جیۆگرافیا و مێژووی کور، لە کوردایەتییدا
دروشمی عاطیفییانەی کوردایەتیی لە ئاست جیۆگرافیادا( یان کوردستان یان نەمان )، زەمینێکە درێژکراوەی رووبەری مێژوویی و جیۆگرافیای ماد و میزۆپۆتامیایە. لەنێوان هەر چوار دەریای خەزەر، رەش، ناوەڕاست و کەنداوی پارسدایە. ئەم نەخشە جیۆگرافیی و مێژووییەی کوردایەتیی که لە زیهنی خۆیدا بەردەوام نۆژهنی دەکاتەوە، وەک کوردستانی گەورە و چوار پارچەی کوردستانی یەکگرتوو، بێ پسانهوه، رۆمانسییانە لە خەیاڵی خۆیدا لەچاپی دەداتەوە.
له کاتێکدا، بە درێژایی مێژووی کۆن و نوێ، دهسهڵاتێک، قهوارهیهک و جیۆگرافیایهکی سیاسیی نەبووە بەو سنووره جیۆگرافیا سیاسییه وههمییهی رێبازی کوردایهتیی، پێوهی سهرقاڵ بووه . نە مێژوو و نە جیۆگرافیایەکی وەها لە واقیعیدا بوونیان نەبووە، تا جارێکی دیکە نەتەوەی کورد، بەو شەقار شەقارە سیاسیی، جیۆگرافیی و کولتوورییەوە، بەپێی رێباز و مانیفێستی کوردایەتیی ئەنجامی بداتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ئەو ئیمپراطۆریا وەهمییە و سەرەنجامیش عاطیفەی بەسۆز و کەفوکوڵی گەرمی خۆی تێدا فێنک بکاتەوە.
بەستنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیی بەو رابردووە وههمییە نەسەلمێنراو و پەککەوتانەوه، قەتیسکردنی بیری نەتەوەیی لەو فۆرمە بەرتەسکە بێ فیکرەدا، هۆکاری سەرەکی پێنەگەیشتن و باڵانەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردییە لە رەهەندە فیکریی و کولتوورییەکاندا. ئەم ناسیۆنالیزمە ئەوەندەی لەناو شیعر و بەیاننامەی حەماسییدا، پاڵی لێداوەتەوە، ئەوەندەی وڕێنەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی دۆکترینەکەی بە رابردوویەکی نەبووەوە، بە سەروەرییەکی ئەفسانەیی و بە جیۆگرافیایەکی وەهمییەوە، دەبەستێتەوە، “یەک لەسەر دە”ش، لەهەوڵی ئەوەدا نەبووە ناسیۆنالیزمی کوردیی و دۆخی کولتووریی، فەرهەنگیی و بایۆلۆژیی کوردبوون( بایۆلۆژیا، وەک قەدەری کوردبوون) و ئەنثرۆپۆڵۆجیای( کوردبوون، مێژووی کورد، کولولتوور و زمانی کوردیی، سەرەنجامیش ئینسانی کورد) بخاتە پرۆژەی داهاتووەوە و مرۆڤی “کورد” و ئومێدی سیاسیی، لەنێوان ئەفسانەکانی رابردوو و خواستەکانی داهاتوودا، بەبەردەوامیی، توشی حەپەسان، دەم داچەقان، واقوڕمانی فیکریی و سیاسیی و کولتووریی کردووە!
جێۆگرافیا و مێژووی عەرەب لە عوروبەدا
دروشمی جیۆگرافیی عوروبە و عەرەبییەت( العربیة) و فهنتازیا مێژووییەکەی ( ئومە عەرەبییە واحیدە- امة عربیة واحدة ) یە، لە کەنداوی پارس ( فارس) و عێراقەوە تا خۆرهەڵاتی ئۆقیانوسی ئەتڵانتیک لە مەغریبی عەرەبیی، دەگرێتەوە. عەرەبە قەومچییەکان لەهیچ سەردەم و مێژوویەکدا، جیۆگرافیا و نیشتمانێکی یەکگرتووی لەو شێوەیەیان نەبووه کە لەدروشمی عوروبەدا، بانگەوازی دووبارە دروستکردنەوەیان دەکرد. نەتەوەی عەرەب کە بناغهی ئیمتیدادی ئوممەتی ئیسلامییە و بەتایبەتییش، خەلافەتی ئەمەوییە عەرەب نەژادەکان، تەنانەت لەسەردەمی بەهێزترین خهلافهتیشدا ( عەباسییەکان ) نەخشەیەکی ئەوەندە فراوانی نەتەوەییان نەبووە. نەتەوەیەکی ئایینیی پارچە-پارچە بوون لەنێوان خەلافەتی ئەمەویی، عەباسیی، فاطیمیی و ئەندەلوسییەکاندا، خەریکی غەزەواتی دینیی و غەزوبەزی رابواردن، بوون.
دەیان ساڵەی بانگەوازی رێبازی عوروبە جگە لە پەرتکردن و لەتکردنی جیهانی عەرەبیی، جگە لە داڕزاندنی تاک تاکی جیهانی عەرەب و بەبادابردنی خەونی گەنجانەی چەندین نەوەی عەرەب، نەیتوانیوە کەمترین ئامانج لە دروشمەکەیان (ذات رسالة خالدة ) بهدیبهێنێت! لهڕاستییدا، بهشێکی زۆری ئهو خاک و جیۆگرافیا سیاسییانهی کە رێبازی عوروبه به “نیشتمانی عهرهب”ی دهزانێت، هەژموونی باڵادەستیی عهرهب بههۆی داگیرکارییهوه لهڕێی دیینی ئیسلامهوه، داگیری کردووە. جیۆگرافیا و قهواره سیاسییهکانی میزۆپۆتامیا، شام و باکووری ئەفریقا و زۆر شوێنی تریان بهر هێرش داوه و زمانی عهرهبیی، کولتووری عهرهبیی و دیینی ئیسلامیان به تۆبزیی سهپاندووه. پرۆژەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و عوروبە، فاشیلترین پرۆژە بوو کە ویستی ئەمجادی خەلافەت، بە ڤێرژنی ناسیۆنالیزم، لەدوای داڕزینی خەلافەتی عوثمانییەوە، دەمەزەرد بکاتەوە.
جیۆگرافیا و مێژووی پانتورکیزم لە تۆرانییەتدا
تۆرانیزم لە رێگەی تەتەر و تورک-نەژادەکانی نێو ئیمپراطۆریای روسیا و ئۆراسیاوە سەرهەڵدەدات. دواتر، تورکەکانی نێو ئیتیحاد و تەرەقیی و یەنی تورکیا وەک مانیفێستی پانتۆرانیزم، تیژی دەکەنەوە. دروشمی جیۆگرافیای تۆرانییەت لە گردۆڵکەکانی ئاسیای ناوەڕاست (مەغۆلستان) ەوە دەستپێدەکات تا رۆژهەڵاتی باڵکان، دەگرێتەوە. لەدیدی تۆرانییەتەوە ئەمە زەمینی مێژووی تورک نەژادەکانە. هەر شوێنێک لە رێگەی هەڵمەتەکانی پێش و پاش جەنگیزخان، چەتەیی و راوڕووتی هۆزە مەنغۆلییەکانی( مەنگۆلییەکان) پێگەیشتبێت، ئەو شوێنانە، بە نیشتمانی تۆرانییەکان، ئەژمارد دەکەن. لە کۆنگرەی سالۆنیکی ئیتحاد و تەرەقیی، لە 1911 دا، ئەندامە تۆرانییەکان، نێوان هێڵی درێژی 26 – 46 ی گۆی زەوییان بە جیۆگرافیای پانتۆرانیزم دەستنیشان کرد. هەموو گەلانی دیکەی “نا-تورک”ی نێوان ئەو هێڵەیان بە داگیرکار و دژە تورک ناساندووە.
تاوانی پاکتاوی نەژادیی، جێنۆسایدی ئەرمەن و قەتڵوعامی ناوبەناوی ئێزیدیییەکان( بەهۆی نۆکەرایەتیی بەشێک لە کوردەکانەوە)، بە هۆی نەخۆشییە لووتبەرزییەکانی پانتۆرانیزمەوە، پاساوی بۆ داگیرکاریی و دیدە جیۆگرافیی و مێژووییەکەی دەهێنایەوە. سەرهەڵدانی زانست و لێکۆڵینەوە مێژوویی، کولتووریی، کۆمەڵایەتیی و مرۆییەکانی وەکو ئەنثرۆپۆڵۆجیا، ئێثنۆگرافیا و سۆسیۆلۆجیا لە ئەوروپادا، هاندەرێکی ناڕاستەوخۆبوون بۆ بەڵگەهێنانەوەی لایەنگرانی رێبازی پانتۆرانیی و دروستکردنی پاڵپشتی مێژوویی، کولتووریی و کۆمەڵایەتیی بۆ ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکەیان.
لەکۆتایی صەدەی نۆزدەیەمدا لێکۆڵەرەوە ئەوروپییەکان لەکاتی گەڕان بەدوای ریشە و “نەژاد”ی نەتەوەکانی ئەوروپادا، بەڵگەیەکی زێرینیان بە تۆرانیزم بەخشی. بەڵگەکە ئەوەبوو کە گەلانی چواردەوری دەریای رەش لە نەژادی ئەو هۆنیانەن لەصەدەی سێیەمەوە لە باکووری چینەوە تا هەنگاریا، درێژبوونەتەوە. ئەمەش بۆ تۆرانییەکان ئەو جیۆگرافیا وەهمییە دەگرێتەوە کە رێبازی تۆرانیی وەکو سیمبۆڵی ئیمپراطۆریاری گەورەی تورک- نەژاد، نیشانە کردبوو.
وهک دیدی مێژوویی و زمانناسیی، وهک تێڕوانینی ئهنثرۆپۆڵۆجی و کولتووریی بۆ نهتهوه تۆرانییهکان و زمانه تۆرانییهکان، لێرهدا دهبێ ئهوه بگوترێ، خهڵکانی تۆرانیی له ئۆراسیادا دهژیان. له ژاپۆن-کۆریا و مهنغۆلیاوه، بهناوهڕاستی ئاسیادا، تا ناوهڕاستی ئهوروپا( فینییهکان Finnic و صربهکان) تا به تورکیای ئێستا دهگات، دهگرێتهوه. لێرهدا که پانتۆرانیزم بهکار دههێنرێت، مهبهست له کاره زمانناسییهکانی زمانناسی فینلهندیی ماتیاس کاسترێن Matthias Castrén نییه که یهکهمین جار ئهو ئهم چهمکهی داهێناوه، بهڵکو پانتۆرانیزم، ئایدیۆلۆژیا سیاسییهکهیه که چهمکه زمانییهکانی ئهوی تەوظیفکردووه.
دروشمی من تورکم، سەربڵندم، فیز لێدەدات بەسەر هەموو نهژاد و نەتەوەکانی دیکەی جیهاندا کە تورکایەتیی بە باڵاترین گەلی دونیا، وێنه دەکات. هەروەک هەردوو رێبازی کوردایەتیی و عوروبەیش ، نەتوانیویانه هاوشێوەی ئەو یەکێتییە وههمییه نەتەوەییەی تۆرانییەکان،( نەتەوەی گەورەی کورد و نەتەوەی مەزنی عەرەب) بهدیبهێنن، نە لەمێژوویشدا گەلانی بە ڕەچەڵەک تۆرانیی، یەكێتییەکی جیۆگرافیی، کولتووریی، زمانیی و نهتهوهیی هەبووه کە رێبازی تۆرانییەت و پانتۆرانیزم وەک دروشم و فهنتازیای سیاسیی، هەوڵی دووبارە دروستکردنەوەی بۆ بدەن. ئەم دەردە ئایدیۆلۆژییە و ئەم تاعوونە فیکرییەی عروبەو پانتۆرانیزم، دەرد و تاعوونی کوردایەتییشە و هەمان خەونی سیاسیی بە کوردستانی گەورەوە! لە فۆرمی جیاجیادا دەبینێت.
تۆرانیزم و پانتورکیی، ویستیان، لاسایی ناسیۆنالیزمی ئەوروپیی بکەنەوە. عوروبە، ویستی لە ناسیۆنالیزمی تورکیی و ئەوروپییەوە، ئایدیۆلۆژیایەکی تر کۆپی بکاتەوە. کوردایەتییش، لاسایی کوێرانەی هەردووکیانی کردەوە. دوای نزیکەی یەک صەدەی تەواو بەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراطۆریای عوثمانییدا، وێرانەی سیاسیی، کولتووریی و فیکرییش ئەوەیە، لەو ماوە دوور و درێژەدا، جگە لە سەرگەردانیی فیکریی، سیاسیی و کولتووریی، ئێثنۆناسیۆنالیزمی کوردایەتیی، نەیتوانیوە، فڕوجاوێکی فیکریی، بۆ سەر سفرەی ناسیۆنالیزم بەگشتیی و سفرەی ناسیۆنالیزمی کوردیی بەتایبەتیی، ئامادە بکات!
بێ فیکریی و بێ تێکستیی کوردایەتیی
– پرینسیپەکانی ویڵسن و WWI :
جەنگی جیهانیی یەکەم، وێڕای ئەوەی کە جەنگی هەژموونی ئابووریی و سیاسیی نێوان زلهێزەکان بوو، هاوکات جەنگی دروستبوونی نەتەوەکانی جیهانی نوێی پاش شۆرشی فڕانسەش بوو. لەثیۆرییە ستراتیژییەکانی کلاوسڤیتسەوە Clausewitz، جەنگ، شێوازێکی شەرەفمەندانەی چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی نێوان گەلانی ئەوروپا و نەتەوە تازە پێکهاتووەکانی، بووە. تا جەنگی جیهانیی دووەمیش، لە رەهەندە ئەخلاقییەکانی مرۆڤایەتییدا، جەنگ جۆرێک بوو لە شکۆمەندیی نەتەوەکان کە لە ئێستادا پێچەوانەکەی ( ئاشتیی )، رەهەندێکی ئەخلاقیی مرۆڤایەتییە.
لەچوارساڵی ئەو جەنگەدا، نەتەوەکانی ئەوروپا و جیهان، “فیکر”ی نەتەوەییان لە قۆناغی ثیۆرییەوە بۆ دروستکردنی فۆرمی جیۆگرافیی و فۆرمۆڵەبوونی نەتەوە بە پراکتیک، گۆڕی. “وودرۆ ویڵسن Woodrow Wilson” ی سەرۆکی ئەمێریکا 1913- 1921 لە کۆتایی جەنگدا، پرۆژەی ئاشتیی جیهانیی، لەچواردە خاڵدا، پێشکەش بە کۆنگرەی پاریس کرد کە بە پرینسیپی ئاشتیی ویڵسن ناسرا. لە خاڵەکانی نۆیەم تا چواردەیەمی ئەو پرینسیپەدا، لەسەر بنەمای مێژوویی و نەژادیی گەلانی نێو ئیمپراطۆریای عوثمانیی و بەشێک لە ناوچەکانی باڵکان، هانی مافی چارەی خۆنووسی گەلانی جیهان دەدات.
پرینسیپەکانی ویڵسن، لە جیهاندا، وەرچەرخانی گەورەی فۆرمۆڵەبوونی نەتەوەیی بوو. لە خاڵی دوازدەدا، داوادەکرێت، هەموو نەتەوە ناتورکەکانی تورکیا، مافی چارەی خۆ- نووسیانself-determination ( نەک چارەنووس کە بە مانای قەدەر- Fate دێت) هەبێت. لێرەوە، ناسیۆنالیزم و نەژادپەرستیی، برەوی زیاتری پەیداکرد. لە ئیتاڵیا، فیکری فاشیزم، وەکو بزوتنەوەیەک بۆ زیندووکردنەوەی زەویی و شکۆمەندییەکانی رۆما، بڵاوبووەوە. لە ئاڵمانیاش نازییەکان لە نەژادی ئارییەوە، دەیانویست، رەوایی، بە ئاڵمانییکردنی زۆرترین سەرزەمینی ئەوروپا، بدەن .
دوو خاڵی گرینگ لە پرینسیپەکەی ویڵسندا:-
یەکەمیان: مافی چارەی خۆنووسە کە لە خاڵی پێنجەم، شەشەم، نۆیەم و دەیەمدا جەختی لێکراوەتەوە کە دەبێت گەلانی جیهان، سەربەخۆ و ئازادبن.
دووەمیان : سەلماندنی “ئایدێنتیتی”ی نەتەوەییە لە رێگەی بەڵگەی مێژوویی، زمانیی و کولتووریەوە. بۆ ئەوەی گەلێک مافی چارەی خۆنووسی هەبێت، دەبێت، فۆرمی “نەتەوە”ی هەبێت. ئەگەر نەتەوەش بێت، دەبێت بەڵگە مێژوویی، زمانیی، ئێثنیکیی و کولتوورییەکانی، بکرێنە پێوەر، بۆ نەتەوەبوون، تا کۆمەڵەی گەلان، پەسەندی بکات.
لەو دوو خاڵەوە، هەموو نەتەوە بەشداربووەکانی کۆنگرەی پاریس، کەوتنە ئامادەکردنی ئەو بەڵگە مێژووییانەی، بەهۆیەوە دەتوانن، مافی چارەی خۆنووسیان بسەلمێنن و دەوڵەتی خۆیانی، پێ دابمەزرێنن. هەروەها سنووری جیۆگرافیی دەوڵەتەکانیانی پێ دەستنیشان بکەن. کۆنگرەکە، لە شوباتی 1919 تا سەرەتای 1920 درێژەی کێشا. نوێنەری کورد، شەریف پاشای خەندان (ئەندامی پێشووی ئیتیحاد و تەرەقیی و دامەزرێنەری کۆمەڵەی تەعالیی و تەرەقیی کوردیی- تعالی کرد و ترقی جمعیتی ) لە راپۆرتەکەیدا، بەڵگە مێژوویی و جیۆگرافییەکانی نەتەوەی کورد، لە بەردەم کۆنگرە، هەڵدەڕێژێت. لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بەڵگەکان، مافی کورد دەخەنە بەندەکانی 62,63,64 ی پەیمانی سیڤەرەوە.
پاشتر، لەژێر هەژموونی کەمالیزمدا، لە کۆنفرانسی لۆزان 1923، دان بە بەڵگە مێژوویی و جیۆگرافییەکانی گەلی کورددا نانێن و مافی چارەی خۆنووسی کورد، لە قەوارەیەکی سەربەخۆدا، پشتگوێ دەخەن. لێرەوە بە کردەوە، رائیدەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیی، تووشی سەرگەردانی فیکریی و سیاسیی دەبن و تا ئەم ساتەش، ناسیۆنالیزمی کوردیی، جگە لە کۆمەڵێ هەوڵی زۆر بچووک و سەرپێییانە، وەکو فیکر و ثیۆریی، وەکو سیاسەت و عەقڵانییەت، مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە، بەڵکو وەکو موناجات، پاڕانەوە، لاڵانەوە، قوڕپێوان، شیعرنووسین و رقبوونەوە لە نەژادی تورک، عەرەب و فارس، مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.
کورد، پێش ئەوەی رەخنە بگرێت، لە هێزە کۆڵۆنیالیستەکان و ئەو دەوڵەتانە بگرێ کە پارچەکانیان بەسەردا دابەشکراوە، پێویستە رەخنە لە رائیدەکانی ناسیۆنالیزم و لە سەرجەم ئەو ناسیۆنالیزمە بەتاڵ، رەجاڵ و رووتە بگرێ بە درێژایی مێژوو، لە ئەوجی خۆیدا، بێ تێکست و بێ فیکر بووە و تەنیا فاشیزمی”کاژیک” و فاشیزمی کوردایەتیی، بەرهەم هێناوە. لەم ئاقارەیشەوە، هەر کەسێک بیەوێ توێژینەوە لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردیی بکات و پشت بە زمانی کوردیی ببەستێ، دەرگیری بێ تێکستیی و بێ فیکریی ناسیۆنالیزمی کوردیی دەبێتەوە، هاوکات، رووبەڕووی دەیان خەرمان لە شیعر، جوێندان بە نەژاد و نەتەوەکانی تر، کەفوکوڵی حەماسیی و نەژادیی دەبێتەوە کە بەشێکیان تەڕەشوعی فاشیزمەکەیان، تا ئێستاش وشک نەبووەتەوە.
لە ئیتیحاد و تەرەقییەوە بۆ حیزبی هیوا :
رۆشنبیرە کوردەکانی نێو ئیتیحاد و تەرەقیی، یان ئەوانەی دەرەوەی ئهو رێکخراوه، گرفتێکی گەورەیان هەبووە لە چۆنییهتی گرێدانەوەی مێژوو بە مانیفێستی نەتەوەیی کوردەوە؟ گرفتەکانی ئەوسای ناسیۆنالیزمی کوردیی و تەنانەت ئێستایش، زیاتر گرفتی فیکریی،مەعریفیی و کولتوورییە، پێش ئەوەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی بن. هەر لەسەرەتاوە دەرکیان بەوە کردبوو کە کوردبوون وەکو نەتەوە ، تەنیا بە زمان و نیشتمان نایەتە دی، دەبێت پشتگیریی بەڵگەی مێژووییان هەبێت، بەڵام بەهۆی هەژاریی فیکریی، نەبوونی تێکست و دۆکیومێنتی مێژوویی و سەرەنجامیش بەهۆی داماویی ثیۆرییەوە، ئەمەیان بۆ ساغ نەکرایەوە.
ژمارەکانی گۆڤاری “رۆژی کورد- روز کرد ” ١٩١٣ ی کۆمەڵەی هێڤیی، بە ئاشکرا باسیان لە گرفتەکانی نەبوونی بەڵگەی مێژوویی کردووە کە عەبدوڵا جەودەت لە ژمارە “١”ی گۆڤارەکەدا دەڵێت” ئێمە لە سەردەمێکدا دەژیەین، نەتەوەکان دروست دەبن، مێژووی سەربەخۆی هەر گەلێک، نەتەوەکەی دروست دەکات. بەتەنیا شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسیی بەس نییە بۆ ئەوەی ئێمە بڵێین مێژوویەکی قووڵ و پتەومان هەیە”( في مجلة روز كرد 1913 : مقدمة، جمال خزنەدار – بغداد سنة 1981).
لە گەڵ دروستبوونی کۆمەڵە و حیزبی سیاسیی کوردییدا، لە سەرەتای صەدەی بیستەم و کۆتایی سەڵطەنەتی عوثمانیی و دوای دابەشکردنەوەی کوردستان، کوردەکانیش کەوتنە نووسینەوەی مێژووی خۆیان، ئەمین زەکی بەگ، تۆفیق وەهبیی، عەلائەدین سەجادیی ، کۆمەڵە کوردییەکان و بڵاوکراوە کوردییەکان، زۆرترین بایەخی سەرەکییان بە دروستکردنی ئەو مێژووە دەدا. ئەم نووسەر و مێژوونووسانە، بایۆگرافیای مێژووی کوردیان، هەڵتەکاندووە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە، لێکدانەوەی فیکریی و ثیۆریی لەسەر ئەو مێژووە، زۆر بە کەمییش نەکراوە و بچووکترین کاونتەر( پێچەوانە) ئارگیومێنتی جیاواز، لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردیی نەکراوە.
دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم، ناسیۆنالیزم لە ئەوروپا و جیهاندا، کڵپەی کرد. فاشیزم لە ئەوروپا، لە چەمک و کۆنتێکست و مەغزی نوێدا، ناسیۆنالیزمی ثیۆرایز کردەوە. فاشیزم، ناسیۆنالیزمی لە سێ فاکتی ئایینی و ئایدیۆلۆژیی و نەژادییدا فۆرمۆڵە کردەوە. لە ئایینەوە، سۆفیزمی نەتەوەییان داهێنابوو کە خاچی مەسیحییەت، سیمبۆڵیان بوو. هاوکات بیری نەتەوەییان بە باوەڕە ئایینیەکانەوە بەستەوە. لە کڵاوڕۆژنەی ئایدیۆلۆژیاشەوە، سۆشیالیزمی نەتەوەییان پەیڕەو( پێڕۆ) دەکرد. سەرەنجامیش، لە نەژادەوە، خۆیان وەکو رەچەڵەکی خاوێن، باڵادەستیی ئاریایی و رۆمیی، لە گەلانی تر جیا دەکردوە.
بەو پێوەرانە، فاشیزم، لە هەر فۆرم، مۆدێل و شوێنێکدا دروست بووبێت، مەگەر بە مۆراڵ و پراکتیکیدا بناسرێتەوە، چونکە فەلسەفەیەکی دیاریکراو و فیکرێکی جێگیری نییە. لەیەک کاتدا ئایینزا و مارکسیی، راست و چەپ، ئیسلامیی و مەسیحیی، نەتەوەیی و نیشتمانیی، رادیکاڵ و مۆدێرنە… دەتوانێ بە هەموو شێوەیەک خۆی فۆرمۆڵە بکات. کاریگەریی فاشیزم بەسەر بیری نەتەوەیی و نەژادیی لە رۆژهەڵاتدا جگە لە لاساییکردنەوەکەی، هاوزەمان، لە هەمبەر کۆڵۆنیالیزمی بریتانیی و فڕانسییدا، بەرچەکرداری نێگەتیڤانە بوو. ئێثنۆناسیۆنالیزمی کوردییش، هەر لەسەرەتاوە بە بەرچەکرداریی و لاساییکردنەوە، لە زمان، فیکر و پراکتیکدا، بەچاولێکەریی لە عوروبە و فاشیزمی عەرەبیی، کەشکۆڵی خۆی بەشاندا داوە.
حیزبی هیوا لە کوردستاندا، لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا1938 دروست بووە. لەو کاتانەدا هەموو جیهان، بەسەر سێ ئۆردووی کۆمۆنیستیی{ یەکییەتی( یەکێتیی) سۆڤێت}، لەلایەک، هاوکات بەرەی فاشیزم، نازییەکانی ئیتاڵیا و ئاڵمانیا، لەلایەکی ترەوە، لەگەڵ بەرەی لیبڕالەکانی بریتانیا و فڕانس، دابەش بووبوون. ئەم سێ جەمسەرە ناکۆکەی جەنگی جیهانیی دووەمیان بەرپاکرد، هەریەکەیان بەدیدی خۆی، ثیۆرایزی ناسیۆنالیزمی کردووە و کاریگەرییان لەسەر نەتەوە جیاوازەکانی جیهاندا، داناوە. حیزبی هیوا یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی کاریگەریی ئەو سێ ڕەوتەی لەسەر بووە. دامەزرێنەرانی حیزبی هیوا، پێکهاتەیەک لە کۆمۆنیستەکان ، ناسیۆنالیستەکان و سۆفیزمی کوردیی، بوون.
ئەندامە رۆشنبیرەکانی( بە پێوەری ئەوکات) هیوا، ئەو باڵە سیاسیەی نێو ئەو حیزبەبوون کە لایەنگری کۆمەنیستەکان و دەوڵەتی سۆڤێت بوون. ناسیۆنالیستەکانی نێو هیوا، ئەفسەر و کاربەدەستە گەڕاوەکانی عوثمانییەکان بوون کە درێژکراوەی ئیتیحادو تەرەقیی بوون و لە پاشاندا بەشداریی دروستکردنی کۆمەڵە کوردییەکانی تورکیا و کوردستانی سوریا (هێڤیی ،تەعالیی و تەرەقیی ، خۆییبوون،.. تاد ) یان کردبوو . گرووپی سێیەمی حیزبی هیوا، رەوتی سۆفیزمی کوردیی و تەکییەکان، سەرپەرشتی دەکردن و پێکهاتەی پیاوانی ئایینیی و سەرۆک خێڵەکان بوون. لە پاش هەڵوەشاندنەوەی حیزبی هیوا، ئەم باڵەیان زاڵبووەوە بەسەر بزوتنەوەی نەتەوەیی و سیاسیی کورددا لە کوردستانی باشوور( کردستان الجنوبية) و کوردستانی ئێراندا، سواری ئەسپی ناسیۆنالیزمی کوردیی( کوردایەتیی) بوونەوە. لەوکاتەوە، تا گەیشتن بە ناسیۆنالیزمی نەوت و ئابوورییە چەتەگەرییەکەی کوردایەتیی( سەربەخۆیی ئابووریی=سەر بە ئەردۆغان)، سواری سەری کێشەی سیاسیی کورد، بوونە و بەردەوامیشن.
سۆفیزمی قەومیی :
لە هەر یەکێک لەو پان نەتەوەییە – خێڵ و حیزبییانەدا، بزوتنەوەکان لە سۆفیزم و ناسیۆنالیزم، تێکەڵبوون. ئەگەر سەرنج لە کۆی بزوتنەوەی کوردایەتیی لە پارچەکانی کوردستان بە گشتیی و کوردستانی باشوور، بەتایبەتیی بدرێ، ئەوە دەبینرێ کە شێخە سۆفییەکانی کورد، عوبەیدوڵای نەهریی، شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحمود، شێخانی بارزان، قاضیی(قازیی) محەمەد…تاد، ئەمانە، هەر مەلا و مامۆستای ئایینیی و خوداناسی مزگەوت نەبوون، بەڵکو خاوەنی تەریقەتی سۆفیزم بوون.
بەم پێودانگانە، تێکەڵییەکی سیاسیی، دینیی و کولتووریی لە نێوان سۆفیزم و ناسیۆنالیزمی کوردییدا هەبووە. ناسیۆنالیزمی کوردیی یهکێک له قۆناغه ههره گرینگهکانی ژیانی، لهسهرهتای دهستپێکردنیهوه، به تهریقهتی سۆفیزم دهستپێکردووه. ههردوو تهریقهتی قادریی و نهقشبهندیی، نەک هەرجێ پهنجهی سیاسییان بهناسیۆنالیزمی کوردییهوه دیاره، بەڵکو لەسەردەمێکی دیاریکراودا، مامانی ناسیۆنالیزمی کوردییش بوونە.
ئەم وابەستە سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی و دینییە، ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە نازییەکان و فاشییەکانیش، سوودێکی زۆریان لە عیرفان و سۆفیزمی مەسیحیی بینیووە و لە رێگەی زیندووکردنەوەی کەسایەتیی و پاڵەوانە ئەفسانەییەکانی رۆمانیی و جەرمانییەوە، هانی هەستی نەتەوەیی و مەزهەبیی، رۆمانیی و جەرمانییان داوە. دروستکردنەوەی رایخی سێیەمی نازییەکان، بەناوی رایخی هەزار ساڵەوە، دەوڵەتی ئاڵمانیای نازییان بەرێوەدەبرد و وەکو درێژکراوەی ئیمپراطۆریای رۆمانیی پیرۆز، لە نێوان صەدەی سیازدە بۆ شازدە کە رابەرایەتی جێرمانیا و کڵێسای کاثۆلیکیی کردووە، داینەمۆی فیکریی و مۆراڵیی ناسیۆنالیزمی ئاڵمانیی بوو.
خاڵی وەرچەرخان :
دەکرێت حیزبی هیوا، بە خاڵی وەرچەرخان لە نەوەی ئیتیحاد و تەرەقییەوە بۆ نەوەی بنیاتنەری رێبازی کوردایەتی دابنرێن. ئەگەرچیی بەجیا لە حیزبی هیوا ، کۆمەڵەی برایەتیی، هەر لەو سەردەمەدا، لەلایەن شێخ لەطیفی حەفید و میرزا حەمەمینی مەنگوڕی و هاوڕێکانیانەوە دادەمەزرێت، بۆ یەکەمینجار لە ئەدەبیاتی سیاسیی و حیزبیی کورددا، لەزمانی ئەوانەوە دەستەواژەی( رێبازی کوردییەت) لە کرمانجیی ناوەڕاستدا، بە کردەوە، بەکار دەهێنرێت. راستە لە گۆڤاری “رۆژی کورد”، لە سەرەتای جەنگی جیهانیی یەکەمدا، چەمکی “کردلک” بەکار هێنراوە، بەڵام کوردلەک( کوردلک=کوردلیک) ئەوەندەی بە لای واتای کوردبوون و ئایدێنتیتی کوردبووندا دەشکێتەوە، ئەوەندە بەلای ئایدیۆلۆژیا و مانیفێستی فیکریی و زمانیی کوردایەتیی( کوردییەت) دا ناڕوات.
حیزبی هیوا، لە نەوەی ئیتیحاد و تەرەقییەوە بۆ نەوەی کوردییەت، وەکو خاڵی وەرچەرخان، بۆ سروشت و پێکهاتەکەی حیزبی هیوا دەگەڕێتەوە کە لە هەڵوەشانەوەیدا” چەپ” و “راست” لە سیاسەتی کوردییدا، تەواو توێژاڵ دەگرێت و قۆناغی حیزبی نەتەوەیی و رێبازی کوردایەتی دەستپێدەکات . میراتە فیکریی و دیسیپلینە حیزبیەکەی خۆی دەخاتە بەر ژیانەوەی کوردستان ( ژ . ک- ژێکاف) لە مەهاباد، وەکو باڵێکی ناڕاستەوخۆی حیزبی هیوا( باڵێکی ئۆرگانیی، نا) ، لە کوردستانی ئێراندا، لە ژێکافەوە، حیزبی دیمۆکراتیی کوردستان، دواتر داش ئێران، لەدایک دەبێت و لە هەناوی “حدک”یشەوە، پارتی دیموکراتیی کوردستانی عێراق 1947 ، لەسەر دەستی باڵە خوێندەوار و سۆفیزمە- نەتەوەییەکەی حیزبی هیوا، لەدایک دەبێت.
دیسیپلینی رێکخراوەیی ئەندامەکانی هیوا، لە نووسراوەکانیاندا بەتایبەتیی لە سڵاوکردنی نێوانیادا، هاوشێوەی ( های هیتلەر Hi Hitler ) دەگوترا : بژی کورد و کوردستان – بژی سەرۆکی موقەدەسی مەزن، داینەمۆی فیکرییان بوو. ئەمە لە دیدی زمانیی، مێژوویی و فیکرییەوە، لاساییکردنەوەی کولتووری فاشیزمی ئەوروپا بوو. ئەم دیسیپلینە، لە هەردوو حیزبە دیموکراتەکەی کوردستانی ئێران و کوردستانی جنوبییدا، بۆ سەرۆکی حیزب دووبارە دەکرێتەوە و سەرۆکی حیزب، صیفەتی موقەدەسی مەزنی پێدەبخشرێتەوە. ئەو قودسییەتەی قاضیی محەمەد لە ئاستێکی دیاریکراو و مەلا موصطەفای بارزانیی لە ناو پارتییەکاندا هەیەتی، بەشێکی بۆ ئەو کولتوورە دەگەڕێتەوە.
کوردایەتیی، لە دەستەواژەوە دەبێت بە رێبازێک خۆی دەکاتە سەنتەری نەتەوەیەک و هەموو کایەکانی زمان، کولتوور، مێژوو، سیاسەت و ئابووریی لە کوردستانی باشووردا لە فەلەکی ئەودا بسوڕێنەوە. شیعری ئەی ڕەقیب بە سروودی نەتەوەیی رێبازە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەکەی، جێکەوت دەکات ( نووسەری شیعری ئەی رەقیب : یونس رەئوف – دڵدار، لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی دارکەر و دواتر حیزبی هیوا بووە ).
ئەوەی بە شۆڕشی ئەیلول ناسراوە، ئەوەی بە کولتووری فیکریی کاژیک ناسراوە کە دۆکترینی “کوردایەتییەکی پاک و خاوێن” ! ی دەبەخشییەوە، وردە وردە، پاش ئەوەی کاژیکەکان هەموویان چوونەوە خزمەت رابەری موقەدەس” موصطەفا بارزانیی”، ئیتر پارتیی، بوو بەهەڵگری دۆکترینی کوردایەتیی. یەکێتیی( بەوانەی کە گۆڕانیشن) و حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە هەشتاکاندا، کەمتر خۆیان لە قەڵافەتی ئەم فیکر و دۆکترینە” کوردایەتیی” دەدا. هاوکات، لەوەتەی بازاڕی ویلایەت سازیی و دەوڵەت چێکردن و خۆماڵییکردنی نەوت بۆ ئەردۆغان، برەوی پەیدا کردووە، ئەوانیش وەکو عەوام لە فەلەکی کوردایەتییەکەی پارتییدا دەسوڕێنەوە. پارتیی وەکو فیکر” کوردایەتیی” و وەکو پراکتیک، مەلەفی نەوت، دیپلۆماسیی و ئیدارە و ئیرادەی سیاسیی “کورد”ی لەم بەشەی کوردستاندا بەتەواویی بەدەستەوە گرتووە.
بەرەنجام:
ناسیۆنالیزمی کوردیی، لە کۆتایی تەمەنی عوثمانییەکاندا، وەکو فیکر و سیاسەت، لەدەقی ئایدیۆلۆژییدا وردە وردە فۆرمۆڵەی خۆی کرد. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چاپەمەنییە کوردییەکان لە میصر و شامەوە، ناسیۆنالیزمی کوردییش دەیویست شوێنپێی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی هەڵبگرێ و خۆی لە هەژموونی عوثمانیزم و پانتورکیی، دوور بخاتەوە و فۆرمی سیاسیی و فیکریی خۆی دیزاین بکات. ناسیۆنالیزمی کوردیی لە مەلۆتکەییەوە تا گەیشتنی بە قۆناغی خەرەفاویی( کوردایەتیی_ Kurdishness )، جگە لە پەرچەکردار، بەرامبەر بە ناسیۆنالیزمی ( تورکیی و عەرەبیی) و پانئێرانیی، ئارگیومێنتی نەبووە و کاسەی سەری لە فیکر خاڵیی بووە. لە بەرامبەریشدا، جوێن، سووکایەتیی، کڕوزانەوە، خۆخواردنەوە،جەهلی کولتووریی و سیاسیی، پاڕانەوە و زۆرجاریش راسیزم و فاشیزمی، بە کارنامەی خۆی جێگیر کردووە.
لەو سەرگەدارنییە فیکرییەدا، فیکری “کوردییەت”، زیاتر لە فیکر و زمانی جورجی زەیدان، یەکێک لە رائیدەکانی دروستبوونی فیکری قەومیی عەرەبیی ( جرجي زیدان- 1861-1914) ەوە فۆرمۆڵە بووە. واتە زیدان و رائیدە قەومییە عەرەبییەکانی تر، عەرەبییە،قەومییەی عەرەبیی و عرووبەیان، لەهەمبەر جەبەروتی عوثمانییەکان و ناسیۆنالیزمی پانتورکیی و هەژموونی پانتۆرانییدا، گەشاندەوە. کوردیش، لاسایی، قەومییەی عەرەبیی و بزوتنەوەی عەرەبییەی کردەوە. بە زمانی ناسیۆنالیزمی رەشۆکیی ئەوکات، العربیة بە عەرەبییەت، خوێندراوەتەوە، لەسەر هەمان ریتم( ریزمRhythm- ) ، ئایدیۆلۆژیای زمانیی Language Ideology ، روئیای سیاسیی و فیکریی، ستراکتۆری فیکریی و ئایدیۆلۆژیی (کوردییەت-کوردایەتیی) یان رۆ ناوە.
، کۆی ئەم نووسینە، زیاتر جەخت لە لایەنە ئەنثرۆپۆڵۆجی، سۆسیۆزمانەوانیی sociolinguistics ، رەهەندە کولتووریی و فیکرییەکانی چەمکی کوردایەتیی دەکاتەوە کە چۆن بە مەغزی فاشیزمی عوروبەویی، قەومییەی عەرەبیی و پانعەرەبیزم، بیری کردووەتەوە و لاسایی ئەوانیان کردووەتەوە؟ رائیدەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیی، چۆن ویستوویانە شانبەشانی فیکری قەومیی عەرەبیی، فیکری قەومیی کوردیی دابڕێژن، بێئەوەی میثۆدە سیاسیی و مۆراڵیی و فیکرییەکانیشیان جیاواز بێت؟
کوردییەت، بە لاساییکردنەوە و مێنتاڵیتیی شاعیرییەوە، سەیری حوڕییەت و قەومییەت و ئیستیقلالییەت( بەهەمان ریتمی عەرەبییەت، تۆرانییەت و میلییەت) ی کردووە. کوردییەت و کوردایەتیی، زمانی کوردیی و عەقڵی کوردیی بەلای ئایدیۆلۆژیایەکدا جەڕاندووە، لە هەموو مێژووی خۆیدا کە نزیکەی٨٠ بۆ ٩٠ ساڵە، پاشخانی مێژوویی، سیاسیی و کولتووریی هەیە، چوار لاپەڕەی، بە ستاندەردی جیهانیی، بە ستاندەردی فیکریی و مەعریفیی، لەسەر ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم بە گشتیی و ناسیۆنالیزمی کوردیی، بەتایبەتیی نەنووسیوە.
هاوکات، ئەگەر لە رەهەندی سۆسیۆزمانەوانیی، ئەنثرۆپۆڵۆجیای زمانیی، رەهەندی فیکریی و کولتووریی، قەومییەی عەرەبییە و پانعەرەبیزمەوە سەیری داهێنانی کوردییەت( کوردایەتیی) بکرێ، ئەوە بە دیدی زمانەوانیی، ئەگەر لاسایی “زمان”ی بکەیتەوە، لاسایی “فیکر”ی دەکەیتەوە. بەدڵنیاییەوە، لاسایی مۆراڵ و ئێثیکیشی ethic دەکەیتەوە. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەو چەمکە فەلسەفییەی ڤیتگنشتاین بدرێ کە پێیوایە” طموح( بەرزخوازیی)، مەرگی فیکرە”. ناسیۆنالیزمی کوردیی، لە هەموو تەمەنیدا، لەگەڵ فیکردا، کەین و بەینی نەبووە، بەڵام بە بێ فیکر و مەعریفەش، ویستوویەتی بە سەقەتیی، زۆر بە پۆز و بەرزخوازییەوە، سیاسەت، بکات.
ئەم سەرگەردانییەی رائیدەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیی کە دوای بەرزخوازیی کوردیی کەوتوونە، بەڵام بە داینەمۆی فیکریی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و خۆ تەکاندن لە ناسیۆنالیزمی مڕۆمۆچی تورکیی، بەهەگبەی بەتاڵی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە، ئەم بەرزخوازییەیان بە گێڕوگەواریی بۆ زمانی کوردیی (کوردییەت) گواستووەتەوە. بە دڵنیاییشەوە، ئارگیومێنت لەسەر بۆچوونەکەی ڤیتگنشتاین، لەوێوە دەست پێدەکات کە هەر لەسەرەتاوە فیکریی ناسیۆنالیزمی کوردیی، بە مردوویی لەدایک بووە. بەدرێژایی مێژووی مانیفێستی کوردایەتیی، بە فاشیزمی کاژیکیشەوە، چوار نوکتە و قسەی نەستەقی بە ناوی “فیکر”ەوە، بەرهەم نەهێناوە. لە بەرامبەریشدا، دەیان هەزار بەیاننامە، نامیلکەی شیعریی و قەسیدەی پڕ لە بوغز، حیقد، خۆخواردنەوە، کڕوزانەوە، لۆمەکردنی نەتەوە و گەلانی دراوسێی کورد، بڕبڕەی پشتی فیکری بەتاڵی ناسیۆنالیزم و دۆکترینی کوردایەتیی بووە و تا ئەم ساتەش، ئەم مەهزەلە کولتووریی و فیکرییە، درێژەی هەیە.
جێگەی ناسۆرییە، گەلی کورد بە چل میلیۆنەوە، تا ئێستا دوو ئینتێلێکچواڵ، دوو نووسەر، دوو ئەکادیمیست و دوو سیاسیی پراگماتیزمی تێدا پەیدا نەبووە کە رەخنەی فاشیزمی کوردایەتیی بکەن و ئارگیومێنتی پێچەوانە( کاونتەر ئارگیومێنت)، بکەن. زۆربەی رەهایان، پێیاندا هەڵداوە، یان بێدەنگییان هەڵبژاردووە. هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە دونیای سۆزداریی و غەزەل لەگەڵ ناسیۆنالیزمدا، ئەگەر خۆشەویستیی ئەفڵاتۆنانەیشیان نەکردبێ، بە بێدەنگیی، خۆیان داوەتە دەستی قەدەر و رەبەنیی فیکرییەوە و جورئەتیان نەکردووە ئەم پیرۆزییە پڕ لە وەهم و خورافاتە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە بەر رەخنە بدەن. بە پێچەوانەوە، هەندێک نووسەر ئەگەر رەخنەی کوردایەتیشیان کردبێ، هەمیشە ویستوویانە جوانی بکەن و ئارایشتی بۆ بکەن، دەعەجانیی، دزێویی و فاشیزمەکەی بشارنەوە.
ئەگەر ئاماژەیەکیش بەو حیزبانە بکرێت کە لەسەرەتادا، کوردایەتییان بەکارهێناوە و دواتر، وازیان لێ هێناوە، ئەوە گومانی تێدا نییە، پەکەکە وەکو گەورەترین حیزب لە هەموو مێژووی کورددا، بە کردەوە دەستبەرداری فیکر، میثۆد و عەقڵییەتی کوردایەتیی بووە. لێرەدا حیزبە ئیسلامیی و دینییەکان، یان کۆمۆنیست و شیوعییەکان مەبەست نیین، چونکە ئەوان خۆیان کۆیلەی ئایدیۆلۆژیان و شتێکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمدا، جیاواز نییە.
هاوکات، پەکەک، بەتایبەتیی فیکری گەشەکردووی سەرکردەکەی ( ئۆجەلان)،دەستبەرداری ئاڵای قەومیی و ئێثنیکیی” ئاڵای کورد” و” سروودی ئەی رەقیب”، بووە. تەنانەت دەستبەرداری چەمکی بەرزخوازیی و وەهمی” کوردستانی گەورە” ش بووە. لە کاتێکدا، فاشیزمەکەی کاژیک، دەیەوێ ئاڵای کورد، کە لەسەردەمی بەدرخانییەکانەوە، دیزاین کراوە، بە ئاڵای کوردستان( وەکو ئاڵای هەر چوار بەشی کوردستان) بە تۆبزیی، بە بێعەقڵیی و بێفیکریی دۆکترینی بەتاڵی کوردایەتیی، ساغ بکاتەوە.
ئەوەی پەکەکە، توانیویەتی تەجاوزی کوردایەتیی و ئاڵای ئێثنیکیی و دروشمی ناسیۆنالیستانە ببێ، بەشێکی بۆ باكگراوندە چەپەکەی دەگەڕێتەوە، بەشێکیشی بۆ زیندانییکردنی رابەڕەکەیان دەگەڕێتەوە. بە واتایەکی تر، ئۆجەلان لە زینداندا، لەباری فیکریی و عەقڵانییەتی سیاسییەوە، زۆر گەشەی کردووە. لێرەدا گرفتی سەرەکیی بۆ پەکەکە، دێتە پێشەوە، ئەم بۆچوون و کامڵبوونە سیاسیی و فیکرییانە، ناتوانن بۆ ریزەکانی خوارەوەیان یان بۆ لایەنگرانیان شۆڕ بکەنەوە. بەتایبەتیی، ئەوانەی خۆیان بە پەکەکەدا هەڵواسیوە لە هەردوو کورستانی ئێران و عێراق، ناتوانن دەستبەرداری خڵتە و پۆغەڵەواتەکانی کوردایەتیی ببن و ناتوانن خۆیانی لێبتەکێنن.
بەشێکی ئەم دەستکورتییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پەکەکە تەنیا بە چەند کەسێکەوە لە سەرکردایەتییەکەیدا بیر دەکاتەوە( بەتایبەتیی ئۆجەلان)، کادیرەکانی خوارەوەیان، بەتایبەتیی لە کوردستانی باشوور، کوردستانی ئێران و لە ناو ناسیۆنالیزمی تاراوگەدا، هێشتا هەر خەریکی مڵچاندنی کوردایەتیی و ئاڵای ئێثنیکیی کوردن و هێشتا کاژیکانە لەسەردەمی رەونەقی “ئەی رەقیب”دا دەژیەن.
لە کوردستانی باشووردا، وەکو تاک، تاڵەبانیی بەکردەوە لە ساڵانی دوایی تەمەنی سیاسییدا، لە فیکر و میثۆدی کوردایەتیی، دوور کەوتبووەوە، عەقڵانییەت، واقیعیی و پراگماتیزم، بەسەر فیکر و پراکتیکیدا زاڵ بوو، بەڵام وەکو چەمک و بۆ حەماسی مۆب، هێشتا بەکاری دەهێنا. ئەمە بۆ هەندێ سەرکردەی سیاسیی تری ناو یەکێتی و ئەوانەی ئێستا گۆڕانن، هەمان شت، دروستە، بەڵام ئەوەی کە زۆر ناسۆریی فیکریی و سیاسیی هەڵدەگرێ، ئەمانە هەموویان بە ئاخیری تەمەنیان و بەو هەموو تەجروبە سیاسییەوە، دوای هەڵای کوردایەتیی ( دەوڵەتی نەتەوەیی- دەوڵەتی کوردیی) کەوتوونەتەوە و جورئەت ناکەن، بە دێڕێکیش رەخنە لەو موغامەراتە کوردایەتییە بگرن کە رۆڵی سوارەی ئەردۆغانیی (سوارەی حەمیدییە) بۆ تورکیا دەگێڕێت و فەرهودی سامانی نیشتمانیی کوردستان دەکەن.
کورد، پێویستی بە جورئەتی کولتووریی و سیاسیی هەیە کە ئاوڕ لە رابردووی فاشیزمی کاژیک و فاشیزمی کوردایەتیی بداتەوە و رەخنەی لێ بگرێت. ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن ئینتێلێکچواڵ و سیاسییە عەقڵانییەکانی کورد، جورئەتی ئازاد موصطەفای پاسۆکی هەشتاکانیشیان نییە، کاتێ لە ‘ کورتە باسێکی بەرەی کوردستانیی’ دا بە دەق دەڵێ” “کاژیک لەسەرەتاوە، بە بیری بۆگەنی ( ئاریاچییەتیی و زەردەشتییزم) و دژایەتیی ئەنتی کۆمۆنیزم … و ئەنتی عەرەب و ئەنتی هەموو دونیایی، بێ سەر و بێ پا، شێواندبووی…”( موصطەفا، ١٩٨٨: لا ٨) نەبوونی جورئەت بۆ رەخنەکردنی فاشیزمی کوردایەتیی و نێگەتیڤیزمی کوردایەتیی، بارێکی قورسە بەسەر تێڕوانینی عەقڵانیی کوردەوە لەسەر ناسیۆنالیزم بە گشتیی و ڤێرژنی کوردایەتیی، بەتایبەتیی.
لە کۆتاییدا، ئاماژە بە دوو دەستکەوتی زۆر ناشیرینی کوردایەتیی بکرێ. یەکەمیان بە مانیفێستکردنی کولتووری عەشایەریی و زیندووکردنەوەی خێڵ، رەئیس عەشیرەت، شێخ و ئاغاوات، هەرێمی کوردستانی کردووە بە شێخنشین و بارمتەی هەندێ سیاسیی باکگراوند عەشایەر. دووەمیشیان، تێرۆری ژنان، بە کولتووری عەشایەریی و ئەخلاقیی، ئەوەندەی سیستەمی سیاسیی و “کولتوور”ی فاشیزمی کوردایەتیی، رۆڵیان لە ژن کوشتندا هەبووە، بەعس بەهەموو دڕندایەتییەکانیەوە، ئەوەندەی مرۆڤ، لە کورد نەکوشتووە.
بە داتا و ئامار، لە سەردەمی بەعسدا، ئەگەر کەمپەینی ئەنفالەکان و کیمیاویی بەکارهێنانی لێدەربکرێ، نە قەسابخانە و گرتووخانەکان، نە شەڕی جەیش و جاش دژ بە خەڵکی کوردستان، ئەوەندەی عەقڵییەت و فیکری کوردایەتیی، ئینسانی کوردی نە کوشتووە و نەهاڕیوە. رێژەی ژنانی تێرۆرکراو لە ٢٤ ساڵی رابردوودا، لەژێر کولتوور، فیکر و ئیدارەی کوردایەتییدا، رووی بەعسیزم و فاشیزمی عوروبە و تەنانەت ئیسلامی سیاسییشی، سپیی کردووەتەوە. کوردایەتیی لە فاشیزمە فیکریی و کولتوورییەکەیدا، دەقاودەق لاسایی دەستەخوشکەکەی خۆی” عوروبە”ی کردووەتەوە. لە کاتێکدا، عوروبە، بازاڕییترین نووسەر و سیاسیی عەرەب، لەڕوویان نایات باسی بکەن، مەگەر کەسانی ساقیطی وەکو عیزەت دووریی و صەڵاح ئەلموختار و تاد، ئەویش، ئەگەر لەڕوویان بێت چەمکی فاشیزمی عوروبە و ئەلعەرەبییە، وەکو جاران،بەکار بهێنن.
ئەم باسە، بەهەموو کەموکوڕییەکانیەوە، کۆتایی هات.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ دا نووسراوە.
سەرنج: بەدەر لەو سەرچاوانەی لەناو نووسینەکەدا، لەبەشە جیاوازەکاندا ئاماژەیان پێدراوە، سوودیش لەم سەرچاوانە وەرگیراوە.
1. الحركة القومية الكردية – نشأتها وتطورها… تأليف: وديع جويدة … الطبعة الأولى ٢٠٠٣ دار الفارابي – بیروت
2. الجمعيات والمنظمات والأحزاب الكردية في نصف قرن ـ بغداد 1989- الدكتور عبد الستار طاهر شريف
3. بحث عن حزب ” هيوا ” الدكتور مكرم الطالباني مركز خاك للنشر والاعلام في السليمانية عام 2002
4. حزب البعث مأساة المولد مأساة النهاية – مطاع الصفدي- دار الاداب – بیروت -١٩٦٤
5. أتيلا الهوني، ملك البرابرة وسقوط روما . تاليف جون مان . ترجمة عمرو الملاح . دار الكتب الوطنية . أبوظبي 2014
6. سردشتي، یا، ٢٠١٤، جمعیة زردشت و موقف الحکومة الایرانية ١٩٢٨-١٩٢٩، جامعة السلیمانیة، السلیمانیة.
7. موصطەفا، ئا،١٩٨٨،کورتە باسێکی بەرەی کوردستانیی، دەسگای چاپەمەنیی فەرهاد، سوێد. لەم لینکەدا پێی دەگەیت:-
https://plus.google.com/109776095265726466541/posts/29A3PTzwZG3
سەرچاوە ئینگلیزییەکان
1. Thornton, T, 1998, Wittgenstein on Language and Thought: The philosophy of Content, EDINBURGH UNIVERSITY PRESS, Edinburgh.
2. WERNER Müller, J, 2007. Constitutional Patriotism, Princeton University Press, USA.
3. McCrone, D. 1998.The Sociology of Nationalism: Tomorrow’s Ancestors. London: Routledge
4. HAAS, ERNST. (1986) What Is Nationalism and Why Should We Study It? International Organization.40:707-746.
5. Gunter, Michael (2007) ‘The Modern Origins of Kurdish Nationalism’, in Ahmed, Mohammed M. A.; Gunter, Michael (eds.) The Evolution of Kurdish Nationalism, Costa Mesa, CA, Mazda Publishers, pp. 2-17.