بەشداریینەکردن لە هەڵبژاردندا، لە ریفراندۆمەکە کارەساتبارترە!
Monday, 16/04/2018, 15:28
ئەوانەی دەڵێن هەڵبژاردن هیچ نییە و باشترە بایکۆت بکرێ، لە مێنتاڵیتیی ئەوانەی دوای هەڵای ریفراندۆم کەوتبوون، مەترسییدارترە. خۆشبەختانە بایکۆتی هەڵبژاردن چەند گەورەیش بێت کاریگەریی نابێت و وەکو ریفراندۆمە ناعەقڵانییەکە، کاریگەریی نابێت، بەڵام ئەگەر بایکۆتی سەرتاسەریی وەکو بێعەقڵیی چەند ساڵ لەمەوبەری عەرەبە سوننەکان بکرێ، ئەوە لە ریفراندۆم، مەترسییدار تر دەبێت.
ئەوانەی داوای بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن، لە توڕەهاتی ئایدیۆلۆژیی و باوبژی خورافیی زیاتر، شتێکی تریان پێ نییە و وەکو کاتەگۆرییش ئەمانەن:_
– ئەو ئایدیۆلۆژیا و حیزبانەن کە جورئەتی ئەوە ناکەن بەشداریی بکەن و بەهەموو قیادە و قاعیدەیان، چەند صەد دەنگێک ناهێنن. ئەمانە زۆرتریینیان تاراوگەنشینن، لە تەڕ دەخۆن و لە وشک دەخەون، یان غیرەی ئایدیۆلۆژیی گرتوونی، یاخود غیرەی نەژادیی و رقبوونەوە لە عێراق، لە مێنتاڵیتیاندایە.
– ئەوانەی خۆیان یان هاوسەرەکانیان، رۆژێ لە رۆژان خۆیان کاندید کردووە یان ویستویانە و دەرنەچوونە یان بەربژێر نەکراون، وەکو عوقدەی ئۆدیبی هەڵبژاردن، پێوەی دەتلێنەوە.
لە کۆتاییشدا، جەخت لەوە دەکەمەوە، ئەگەر هەر کەسێک بۆ کوردەنامووسیی و نەعرەتەی نەژادیی و طائیفیی دەنگ بە کاندیدەکانی کوردایەتیی لیستەکانی دەرەوەی پارتیی و یەکێتیی دەدات، ئەوە زۆر باشترە بە دەستی یەک و دوو بیدات بە پارتیی و یەكێتیی، نەک بە دەستی سێ و چوار بیدات بە کاندیدە نەژادیی و طائیفییەکانی تر لە لیستەکانی تر. ئەم هەڵبژاردنە بۆ عێراقە، بۆ ئەوەیە کە تۆی هاووڵاتیی عێراقیی وەکو کورد بەشداریی بکەیت، نەک کاندیدەکان بچن چەقەچەقی کوردایەتیی و خۆڕنیینەوەی نەژادیی و خۆخۆاردنەوەی طائیفیی و فەتەڕۆ بۆ ریفراندۆم و جەهەننەمی سەربەخۆیی ئابووریی بکەن، یان بچن جوێنی ئایدیۆلۆژیی و طائیفیی بە عەرەب و بە عێراق و بە شیعە و بە کێ و کێ بدەن و جووتەی کوردایەتیی بوەشێنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست