کوردایەتیی، بەزمانی شەعبیی، چیی دەگەیەنێت؟
Tuesday, 15/05/2018, 13:01
کوردستانپۆست ئەم نووسینەی کامیار سابیر لە ئەرشیفی خۆی دەپارێزێت، کە بە زمانی جنێوئامێز و دژە کورد وتارەکانی دەنووسێت و هێرش دەکەتانە سەر بیری رزگاریخوازانەی کورد و کوردایەتییە ساختەکەی پارتی و یەکێتی بە کوردەوە دەبەستێتەوە، کە ئەوان بازرگانی پیوە دەکەن.
-------------------------
١- تۆی کوڕە هەژار و کچە فەقیر، لەسایەی خەباتکردن بۆ کوردایەتییدا! زۆربەی هەرە زۆرتان، توانای ژنهێنان و شووکردنتان نییە، بەڵام کوڕ و کچەکانی ئەوان، دەچن بۆ کەنارە فێنک و سەرنجڕاکێشەکانی دونیا، یەختی( Yacht) تایبەت دەگرن و لەناو عەرشی ئاودا، رادەبوێرن. یەختەکان نەک هەر بە کرێ دەگرن، بەڵکو لۆردە گەورەکانیان، بۆ چەند رۆژێک( زۆر زۆر بۆ چەند هەفتەیەک) بە تازەیی دەیکڕن و دواتر بۆ ئەوەی کاتیان بەفیڕۆ نەچێت، رێک بەنیوە قیمەت دەیفرۆشنەوە و دەچن لە قومارخانە راقییەکان، هۆتێلە فرە ئەستێرەکان و شوێنە سیاحییەکاندا، ئەو پارانەی باوک و بنەماڵەکانیان لە کەسابەتی تاقەتپڕوکێن و کوردکوژی کوردایەتییدا بۆی پەیدا کردوونە، تەخشان و پەخشان دەکەن. تۆیش بیخولێنەرەوە، بڵێ سایکس پیکۆ تەواو، جەماعەت، دەوڵەت رادەگەیەنن، سەربەخۆیی ئابووریی بەدەستدەهێنین، ئاڵای هەرێم لە کەرکوک دەشەکێتەوە و سەرۆکی کوردایەتیی، لەبری هەموو جیهان شەڕی داعش دەکات.
٢- تۆ، باپیرت و باوکیشت، نەنک و دایکیشت، یان کرێچیی بوونە، یان بەهەزار شەڕەشەق و کوللەمەرگیی ژیان، خانوویەکتان هەیە و ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە گەورەکەتان تێیدا دەژیەن و کەم کەستان، ژووری تایبەت بەخەوی خۆی هەیە. ئەوان، ٣٦٠ شوققەی مۆدێرن، بە مواصەفاتی ئاڵمانیی و ئەوروپیی دەکڕن، دەیان میلیارد دۆلار لە وڵاتە فاشیلەکانی دونیاوە، بە قاچاغ دەنێرنە، وڵاتانی رۆژئاواو سەرمایەگوزاریی پێوە دەکەن، خاوەنی صەدان کۆمپانیای گەورە و بچووکن، سەهمی دەیان میلیار دۆلارییان هەیە، چونکە متمانەیان بە بازاڕی کوردستان و سەرمایەگوزاریی لۆکاڵیی نییە، تا پارەکانیان تێیدا بەگەڕ بخەن، کوڕەکانیان وەزیر و پارلەمانتار و کادیری باڵای حیزبن، تەواوی خەزێنەی کوردایەتیی لەژێر دەستی خۆیاندایە و ئێوەش، چارەکە مەعاشەکەشتان بە چەند مانگێ بەهەزار تکا و رجا، لەبەر خۆفی کوردایەتیی و قودسییەتی کوردایەتیی، ئەگەر بدەنێ…کەچیی هێشتا، زۆرتان دەڵێن ئەوەی پارتیی ویەکێتیی دەیکەن، کوردایەتیی موزەیەفە، چونکە پێتانوایە، کوردایەتیی راستەقینە جودایە( تا خاوەنی ئەم عەقڵە بیین، ئەوان هەر سوارە و ئێمەش هەر پیادەین)
٣- کۆمەڵێ مافیای داشۆراو لە هەمو بەها و ئەخلاقێکی ئینسانیی، لە هەموو پرەنسیپێکی سیاسیی و دیپلۆماسیی، کۆمەڵێ حوتی کوردایەتیی چەقۆکێشی حەفتا و هەشتاکان، منداڵباز و هەتیوبازی قەڕنی رابردوو، پیاوکوژ و ژنکوژی ئەوسا و ئێستا، مورتەزیقەی ئیقلیمیی و نێوەدەوڵەتیی ئەوسا و ئێستا، بەناوی صەنعەتی دەوڵەتی کوردستانەوە، بەناوی خورافییاتی نەژادیی و حەماقەتی طائیفییەوە، هەمان رۆڵی هەمزاغای مەنگوڕیی( ساڵانی هەزار و هەشت صەدەکان) دەبینن کە نۆکەرایەتیی، فەرهود، شەڕ و تاڵانیی بۆ عوثمانییە سونییەکان، دژی شیعە صەفەوییە مورتەد! و رافیضەکان! دەکرد، گوایە کوردستانی عوثمانیی، سەقامگیر و خۆشگوزەرانییە، پێویستە کوردەکان بەس لە قاجاڕیییەکانی ئێران هەڵگەڕێنەوە و خەبات بکەن.
ئێستاش بەهەمان عەقڵییەتی هەمزاغاوە، وردە وردە، بارت دەکەن و شەڕی حەشدی شەعبییت بە ویستی تورکیا، قەطەر و سعودییە پێدەکەن، بێئەوەی لە دوورونزیکەوە، حەشدی شەعبیی شیعە، گرفت بن بۆ سەر ئەمن و ئاساییشی خەڵکی کوردستان. تۆ لەژێر باراشی ناسیۆنالیزمی نەژادیی و طائیفییدا( کوردایەتییدا)، دەنقێنیت، دزەکانی کوردایەتیی ساڵانە دەیان میلیارد دۆلار لەخەزێنەی نیشتمانەکەت( کوردستان) دەدزن، منداڵەکانی خۆیشیان،هەموو مانگێ، فەحصی خوێن و تەواوی ئەندامەکانی لەشیان، لە کلینیکە جیهانییەکاندا، دەکەن و ئاییندەی تەندروستیی خۆیان لەبەرچاو دەگرن. مانگانە چەندین میلیۆن دۆلار لە جوانکاریی و تەجمیلی لووت و قەپۆسیان دەدەن، تۆیش هەر بیخولێنەوە و گوێ قوڵاغی زەڕەزەڕو کەرەکەری ریفڕاندۆم بەو بڵێ دەوڵەتی قوزەڵقورتی کوردیی بەڕێوەیە…
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست