ئیستیحماری سیاسیی و حەماقەتەکانی کوردایەتیی
Thursday, 03/03/2016, 22:45
ئەم چەمکانە( کەراندن و حەماقەت) کە لەم وتارەدا، دووبارە دەبنەوە، جوێن و سووکایەتیی نیین، ئەوەندەی چەمکی فەلسەفیی، سیاسیی، کولتووریی، سۆسیۆلۆجی و ئەنپرۆپۆڵۆجین. لە ئەدەبی کوردییدا، ئەخلاقییات و ریاییەکی زۆر باس دەکرێ کە رەخنە دەبێ بە زمانێکی نیان بێت. لە جەوهەریشدا، ئەمە نەقصی تێگەیشتنە لە کریتیسیزمی سیاسیی و کریتیکی "کولتوور"ی کەراندن. "چۆمسکی"ی زمانناس ئەمساڵ مانگی یەک، خەڵاتی( Philosophy now) ی بردەوە. ئەم خەڵاتە تەرخانکرابوو بۆ ئەو شەڕانەی چۆمسکی دەرهەق بە حەماقەت و جەهالەت لە دونیادا دەیانکات. خەڵاتەکە زیاتر بۆ کتێبی (Manufacturing Consent: The Political Economy of the Mass Media) بوو کە ساڵی ١٩٨٨، چۆمسکی و ئێدوارد هێرمان نووسیویانە. ماسمێدیاکانی دونیا، رۆڵێکی گەورەیان لە تەخشانکردنی حەماقەتدا هەیە و بەدڵنیاییشەوە، ماسمێدیاکانی دەسەڵاتی کوردیی، رۆڵێکی گەورەیان لە تەخشانکردنی حەماقەت و کەراندنی جڤاکی کوردییدا هەیە، بەتایبەتییش لەسەر مەلەفی نەوت، ریفراندۆم و پرۆژەی سەربەخۆیی، ئەم ئیستیحمارییانە، زیاتر دەردەکەون.
ئیستیحمار، بەمانای حەرفیی" کەرکردن" دێت. چەمکی "ئیستیحمار" سۆسیۆلۆجیستی ئێرانیی، عەلیی شەریعەتیی، لە توێژینەوەکانیدا لەسەر سۆسیۆلۆجیای سیاسیی و دین، بەکاری هێناون. پوختەی کتێبەکەی( خوداگاهی و استحمار= النباهە والاستحمار= خودئاگایی و کەراندن)، لەسەر ئیستیعمار و ئیستیحمار لەوەدا کۆدەبێتەوە کە جیاوازیی لە نێوان ئیستیعمار و ئیستیحماردا نییە، تەنیا ئەوەیە کە ئیستیعمار لەدەرەوە دێت و ئیستیحماریش لەناوەوە دێت. هەندێ کەس، خودئاگاهییە فارسییەکە دەکەن بە بێداریی و کەراندنەکەش دەکەن بە کەرکردن، ئەو تەرجەمە حەرفییە، دروست نییە و بێدارییش، بۆ "خوداگاهی"ی فارسییەکە، هەر دروست نییە. ئەم وتارە، لەو دیدانەی عەلیی شەریعەتییەوە، باس لەوە دەکات کە ئیستیعمار و داگیرکاریی، جاران لە دەرەوەی کوردستانەوە بەسەر کوردستاندا دەسەپێنرا، بەڵام ئەوە ٢٥ ساڵە، کوردایەتیی لەناوەوە، حەماقەت و ئیستیحمار( کەراندان)، تەخشان و پەخشان دەکات و تا ئێستاش، وێڕای عەوام، لەناو نوخبەیەکی زۆری بەلعامەکان و عولەماکانی کوردایەتییدا( بەلعامی کوڕی عابورا، زانایەکی شارەزای بەنی ئیسرائیلە و لەسەردەستی موسا، پەروەردە بووە) برەوی هەیە.
سەردەمی کۆڵۆنیالیزم، بە شێوە کلاسیکییەکەی، راستەوخۆ بە لەشکری سەربازیی، یان لە رێگەی پرۆکسییەکان و جێنتڵمانە موخابەراتییەکانەوە، پەشێویی لە وڵاتاندا دروست دەکرد. سەرەنجامیش یان راستەوخۆ داگیریانی دەکرد، یاخود بە شەڕ و ئاژاوەی ناوخۆیی، وێرانی دەکردن و لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە، تەڕاییانی تێدا ناهێشت. سەردەمی داگیرکردنی عێراق، لەلایەن بریتانیاوە، پرۆسێسێکی ئیستیعمارییانەی پێڕۆ دەکرد. دواتر لە رێگەی مورتەزیقە سیاسییەکانی خۆیەوە، لە رێگەی بە ئیستیحمارکردنی خەڵکەوە، رژێمی پادشاییان جێکەوت کرد و بەشێک لە داهات و سامانی وڵاتی عێراقیان( بە کوردستانی عێراقیشەوە) بۆ خۆیان دەبرد. لە کۆتاییشدا، رژێمە کۆمارییەکان و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی، بەبیانووی ئەوەی نەوت و داهاتی سامانە سروشتییەکانی عێراق، بۆ ئینگلیز نەبێ و بۆ گەلانی عێراق بێت، لە رێگەی کەراندنی خەڵکەوە، بە بوقی ناسیۆنالیزم و عوروبە، بە فاشیزمی قەومچەویی، بە کوودەتای عەسکەریی، دەستی ئیستیعماریان لە بنەوە بڕییەوە و نەوتی عێراقیان، بە حیسابی خۆیان، بۆ خەڵک، خۆماڵیی کرد!. سەرەنجامیش، فاکت و داتاکانی مێژوو دەریانخست، ئیستیحماری ئیستیعمار، لە ئیستیحماری ناسیۆنالیستەکانی عێراق ( بە عەرەبیی بە کوردییەوە)، زۆر باشتر و زۆر بە ویژدانتر بوو.
گەلانی عێراق( بە کوردیشەوە) بەهۆی پرۆسێسی ئیستیحمارییەوە، کەم تا زۆر لەو شتانەی ناو نراوە شۆڕش دژ بە ئینگلیز و دژ بە رژێمی پادشایی، بەشدارییان کردووە. بەدڵنیاییەوە، ئەو یاخییبوونە عەشایەریی و خێڵەکییەی ناونراوە، شۆڕشی ئەیلول، بەهۆی ئیستیحماری( کەراندنی) رای گشتییەوە، بەتایبەتییش بەهۆی ئیستیحماری نوخبە ئەفەندیی، سیاسیی و رۆشنبیریی و کەسایەتییەکانەوە، تا ئێستاش وەکو شۆڕشی رزگارییخوازی گەلی کورد، دەکەرێنرێت. لە راپەڕینی ١٩٩١یشدا، دژی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و بەعپییەکان( بەعسییەکان)، دژی گاغوت و ملهوڕییەکانی صەدام، ئەم کەراندنە لەلایەن حیزبە میلیشیاییەکانی شاخەوە، باشتر تەوڤیف کرا. سەبارەت بە گەلی کورد، کۆڵۆنیالیزمی ( ناسیۆنالیزمی عەرەبیی-بەعپیی) لە کوردستاندا راماڵی و ئیستیحماری کوردایەتییان، بە دڵ و بە گیان قبوڵکرد و سەرەنجامەکەیشی ئەو هەموو ئیستیحمار و حەماقەتە سیاسیی، ئابووریی و کولتوورییەی لێ دەچنرێتەوە کە فیرعەون و قارونەکانی کوردایەتیی، چەتە دزە هەرە گەورەکانی مێژووی کوردایەتیی، صەدان میلیار دۆلاریان لە سامانی نیشتمانیی، بەناوی راپەڕین و خەبات و قوربانییەکانی گەلی کوردستانەوە، لەژێر ناوی فاشیزمی کولتووریی، حەماقەت و کەراندنی کوردایەتییدا، بۆ خۆیان، بنەماڵەکان و حیزبەکانیان دزییوە و لەدزییکردنیش بەردەوامن.
لە دیدە فەلسەفیی، جەهلخوازیی و حەماقەتبازییەکەی چەمکی "کەراندن" بگەڕێ کە مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە و زۆربەی فەیلەسوفەکانی دونیا قسەیان لەسەر کردووە. وەرە لە دیدە زانستییە تەجریبییەکە و زانستە مرۆییەکانەوە، سەیری ئاکامەکانیان بکە. ئاینشتاین لە روئیای ئەسترۆفیزیاییەوە بۆ جەهل و گەردوون، بۆ کەرایەتیی( الحموریە) و فەچا، پێیوایە، هەردووکیان بێسنوورن. ئەو دڵنیایە لە بێسنووریی جەهل، لەبێسنووریی کەرایەتیی و حەماقەت، بەڵام، لە بێسنووری گەردوون دڵنیا نەبوو. بە روئیای شەریعەتیی، کەراندن، ئاگایی مرۆڤ، چەکوشکاریی و ساختەکاریی تێدا دەکرێ. عەقڵ و ویژدانی دادەشۆردرێ، بیراز دەکرێ و تەنانەت لە مرۆڤبوونیش دەخرێ. لە روانگەی پەروەردە و سایکۆلۆژییەوە، پرۆسێسی ئیستیحماریی بە میکانیزمەکانی ئیستیعماری کۆن، بە بوونیدا گوزەر دەکات و لە پێداویستییەکانی کۆمەڵ دوور دەخرێتەوە و کەرایەتیی، سواری عەقڵ و هۆشی دەبێت. لە روئیای سۆسیۆلۆجیای دینییەوە، بەهۆی ئایدیۆلۆژیا و تەلقیحی کەراندنەوە، لە خودا و لە ئایینیش دوور دەخرێتەوە و دەبێتە وەحشێکی گائیفیی و زۆرجاریش تێرۆریست.
هەموومان، بڕێک لە حەماقەتمان تێدایە و بگرە حەماقەت بە رێژەیی لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە. کاتێ پرۆسێسی کەراندن بەهۆی خەستوخۆڵیی حەماقەتەوە، بەهەرکەسێکدا بڕوات، لە "دانا"یەکەوە بۆ ئەحمەقێکی زۆر جاهیل، دەگۆڕێت. هەر ئەوەندە باوەڕنامەیەکی ئەکادیمیی وەرگرت، ئیتر نەک هەر خۆی لێ دەگۆڕێت، بەڵکو پێیوایە دوا پلەی فیکریی، مەعریفیی و زانستیی وەرگرتووە. کەسێکی نوخبە و ئەکادیمیست، خۆی بە پرۆسێسی کەراندندا گوزەری کردبێ، وا رادەهێنرێت کە کەراندنی کۆمەڵگەش لە ئەستۆ بگرێ. بەتایبەتیی خەڵکی عەوام، بەهۆی سەرقاڵکردنیانەوە بە شتی لاوەکییەوە، بابەتە سەرەکییەکانی ژیان، لە خەیاڵی کۆمەڵگە و رای گشتیی دوور دەخرێتەوە و ئاکامەکانی کەراندن، جێکەوت دەبن.
هەموو ئەو ئەکادیمیست و ژۆرناڵیست و بەلعامانەی کوردایەتیی ( لە حیزبەکانی تر و لە سەربەخۆکان) داکۆکییان لە بارزانیی دەکرد و لەسەر بڕینی بودجە هێرشیان دەکردە سەر مالیکیی، عەبادیی و شیعەکانی عێراق، بە پرۆسێسی کەراندندا رۆیشتوون. هەموو ئەوانەی دڵیان بە دەوڵەتی کوردیی خۆش بوو( هەندێک تا ئێستاش ئەم خازوقی کەراندنەیان تێدایە و خۆیشیان بە نەیاری پارتیی دەزانن!!!)، بەم کەراندنەدا، رەت بوونە. سەرەنجامیش، هەموو ئەوانەی دڵیان بە پرۆژە نەوتییەکانی پارتیی خۆش، دڵیان بە خۆماڵییکردنی نەوت و بوون بە خاوەنی پارەی نەوت و دەوڵەتداریی خۆش بوو، هەموو ئەوانەی حەماقەتی " دەوڵەتی کوردیی بەڕێوەیە" لێیدابوون و فاشیزمی ئەردۆغانییان بە ئیلهامی دەوڵەتی کوردستان دەزانی، بەم پرۆسێسی کەراندنەدا رۆیشتوونە.
بۆچوونی صەڵاح جەودەر لەسەر کەراندن، لە دیدی شەریعەتییەوە، نزیکە لەم باسەوە. ئەو پێیوایە کە زیرەکیی زۆر، تا رادەی ئاگایی و هاوکات، حەماقەتی زۆر تا رادەی کەربوون( الحموریـە)، بنچینە سەرەکییەکانی شەریعەتییە بۆ جیاکردنەوەی سۆسیۆلۆجییانەی نێوان ئاگایی و کەراندن. چەتەکانی کوردایەتیی، هەمیشە بە دوو ئاراستەی کۆمەڵناسیی، کار لەسەر گەلی کورد دەکەن. ئاراستەیەک کە کۆمەڵگە بەرەو جەهالەت، بێئاگایی، سەرکزکردن، برسییکردن و خۆبەدەستەوەدان دەبات، ئاراستەی دووەمیش، ئەفسانەی ئەولەویاتە سیاسییەکان ( دەوڵەتی کوردیی_ ئەولەویەتە) بەسەر شتە باشەکانی ژیاندا، دەدرێت. سەرنجڕاکێشانی روئیایان بۆ شتە بچووک و لاوەکییەکان و لەبیرکردنی پرسە گشتیی و سەرەکییەکان، ئەولەیەتی کەراندن دەبێت. هەموو ئەمانەش لەئەنجامی پرۆسێسێکی ئیستیحمارییەوە، تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردیی، تووشی کەرایەتیی دەکەن و لەناو گەمەی کەراندن و حەماقەتەکانی کوردایەتییدا، دەیانگەوزێنن.
یەکێکی تر لە ئەولەویاتەکان و حەماقەتەکانی کوردایەتیی، بانگەشەی ئەوە دەکەن، گوایە شەڕ لەگەڵ تێرۆردا دەکەن. لەکاتێکدا، زۆربەی ئەوانەی شەڕی تێرۆر و تێرۆریزمی داعش دەکەن، ئەو گەنجانەن لەبەر بێ پارەیی، لەبەر بێ ژیانیی و لەبەر دڵصافیی، بەناچاریی، شەڕ بۆ کەرامەتی خەڵکی کوردستان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە سیاسییە میلیاردێرەکانی کوردایەتیی، رۆڵی مورتەزیقە بۆ باوکی رۆحیی داعش( تورکیا) دەبینن. ئەم بانگەشەی شەڕکردنە لەگەڵ تێرۆر، یەکێکە لە گەورەترین عەمەلیاتی ئیستیحماریی کە میرە کوردەکانی سەر بە خەلیفە ئەردۆغان، دەرهەق بە گەلی کوردستان دەیکەن.
کۆمەڵگەی کوردیی لە کوردستانی عێراق بە گشتیی و سێ شارەکەی هەرێم بە تایبەتیی و شاری هەولێر بەتایبەتتر، لەژێر مەنگەنەی دیسکۆرسێکی کەراندنی درێژخایەنی کوردایەتییدا، تووشی سەرگەردانییەکی سیاسیی گەورە بووە. ئێستا وەرە بگەڕێرەوە بۆ دواوە، زۆر بۆ دواوە، بۆ سەردەمی دوای شێخ مەحمود، ئەوکاتەی ( کوردییەت= کوردایەتیی= الکردیە) لەسەر وەزنی ( العربیە= عەرەبییەت)، بەهۆی ئیلهاموەرگرتن و لاساییکردنەوەی عوروبە و ناسیۆنالیزمی تورکییەوە، بە هۆی حەماقەتی فیکریی، سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەوە، بە زمانێکی سەقەت، رۆنرا و دواتر پێیگرت و بە کوردایەتیی، جێکەوت بوو.
پاشان لەسەردەمی، کۆمەڵەی"دارکەر=دارکار"، حیزبی هیوا، کۆمەڵەی ژێکاف ، حەماسەتی حیزبە دێمۆکراتییەکانی کورستانی ئێران و عێراق، فاشیزمەکەی کاژیک وسەرەنجامیش شۆڤینزمەکەی پاسۆک و تا گەیشتن بە چەتە فرە میلیاردێرەکان(multi billionaires)ی ئیستیحماری کوردایەتیی، گوتاری کەراندنی نەتەوەیی، گوتاری بەجەهلکردنی جڤاکی کوردییان، ناوبەناو لەئەستۆ گرتووە. بێئەوەی بچووکترین چارەسەری ستەمی میللیی و کێشەی سیاسیی کورد، بە مەئوایەک بگەیەنن. ئەوەی هەیە، بەرهەمی حەماقەتەکانی صەدام حوسێن و کەرایەتییەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی بوو، لە دوورونزیکەوە پێوەندیی بە ئیستیحماری کوردایەتییەوە نییە. ورد ببەوە، هەڵیان بسەنگێنە و پلە عولیاکانی کەراندنی جڤاکی کوردیی، لە سەرەنگی عەقڵانییەت و روئیای سیاسیی بدە، ئەوکات دەزانیت بۆچی، سیاسییەکانی کورد، فاشیلترین و گەندەڵترین، دزترین و ئەحمەقترین، سیاسییەکانی دونیان؟
رەفیق حیلمیی کە لەیەک کاتدا لەژێر کاریگەریی بیری نازیزمی ئاڵمانیی و لیبراڵیزمی بریتانییدا بوو، بەهۆی تەکنۆکراتییەکەیەوە، کرا بە سەرۆکی حیزبی هیوا. ئەم رەفیق حیلمییە، رێک وەکو مافیاکانی کوردایەتیی ئەم رۆژگارە، لە پێناو پۆست و پارەدا، تەنیا بۆ ئەوەی ببێ بە وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی عێراقدا، لە ژێرەوە لەگەڵ کاربەدەستانی بریتانیی و پادشایی( عێراق)، بەشەخصیی و بە دزییەوە، رێککەوت و پشتی لە حیزبەکەی خۆیشی کرد. ئەم پرۆژەی ئیستیحمارییە، لەو سەردەمەوە تا ئێستا، لەلایەن حیزبە سیاسییەکانی کوردایەتییەوە، بەشێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە. ئێستاش لە سەردەمی ئیستیحماری " دەوڵەتی کوردیی"دا، بە لووتکەی حەماقەتی خۆی گەیشتووە.
لە روانگە سۆسیۆلۆجییەکەی شەریعەتییەوە، مەرج نییە پرۆسێسی کەراندن، هەمیشە بۆ کاری ناشیرین و حەماقەتی سیاسیی، کولتووریی، دینیی و ئایدیۆلۆژیی هانت بدات. بە پێچەوانەوە، بەناوی دڵسۆزیی، پاکیی، جوانیی، شەهەماتی سیاسیی و وەفادارییەوە، زینت دەکات، رەشمەت لەسەر دەنێ و بەمێخزنجیریش توند توند دەتبەستێتەوە. نموونەیەکی بەرجەستەی دونیای سیاسەتی کوردیی بهێنینەوە! کەم نیین ئەو کادیرە سیاسییە باڵایانەی، ئەو نووسەرە زۆر بڵێیانەی میدیای کوردییان قۆرغ کردووە، کەم نیین ئەو عەلامە و توێژەر و ئەکادیمییانەی بە حیساب لە دیدی ئینتێلێکچواڵییەوە لە ناسیۆنالیزم و فاشیزم دەڕوانن، بەڵام هەرگیز جورئەتی فیکریی و سیاسیی ئەوەیان نییە تەجاوزی ئیستیحمارەکانی کوردایەتیی بکەن.
زۆرێک لەم نوخبە عەوامانە، هێشتا پێیانوایە، حیزبە چەتەکانی کوردایەتیی، لە هێڵە سەرەکیی و پرەنسیپە سەرەکییەکانی کوردایەتیی دوور کەوتوونەتەوە، بۆیە دۆخەکە بەم تاڵانیی و چەتەگەرایی و مورتەزیقەییە گەیشتووە! لە راستییدا، هەموو ئەوانەی وا بیردەکەنەوە، لە غەفڵەتێکی قووڵی ئیستیحمارییدان و هەرگیز ناتوانن لە غوبنی ناسیۆنالیزم و حیقدی فاشیزمی نەتەوەیی رزگاریان بێت، بۆیە کوردایەتیی، بەوشێوەیە ئەحمەقی کردوون و لە قۆناغێکی ئیستیحماریی درێژخایەندا، رایگرتوون.
ئیستیحماری کوردایەتیی و هەڵوەشاندنەوەی سایکس پیکۆ
چەندین ساڵە، قەوانی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنامەی سایکس پیکۆ لەلایەن ئیستیحماری کوردایەتییەوە لێ دەدرێ و بەردەوامیش ئەم داسە کولە دەمەزەرد دەکرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، هیچ ناوەندێکی بڕیاربەدەستی ئەمێریکیی و خاوەن ویقاری رۆژئاوایی، هیچ ئینستیتیوت و سەنتەری لێکۆڵینەوەیەکی جیهانیی، گرینگیی بەم باسە نادەن، جگە لەهەندێک نەخشەی سەر گووگل و ریتۆریکی ئەو رانتخۆرە رۆژئاواییانەی کە بە پارەی نەوتی کوردستان، میلیۆنان دۆلاریان دەستکەوتووە. ئەمانە، وەکو بەکرێگیراو، "لۆبی" ی بۆ حیزبی قائیدی کوردایەتیی دەکەن. بەدەر لەوانە، شتێکی عەقڵانیی و واقیعیی بوونی نییە. ئەم ئیستیحمارە هەر لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا گیری نەخواردووە، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ ناو ئەو ئەکادیمیستانەی ئیستیحماری کوردایەتیی و بەرژەوەندیی هاوبەش، وایانی لێکردووە لەهەندەرانەوە، هەلهەلە بۆ ئەم ریتۆریکە ئایدیۆلۆژیی و خورافاتە سیاسییانە بگێڕن. کە دەڵێم خورافاتی سیاسیی، بەو مەبەستە وا ناڵێم کە سنووری ئەم دەوڵەتانە هیچ قودسییەتێکیان هەبێ. نا، بەڵکو ئەم سنوورانە وەکو زۆربەی سنووری دەوڵەتانی جیهان دەستکردن و هێزە هەژمووندارەکان لە قۆناغێکی سیاسیی و عەسکەرییدا سەپاندوویانە.
هەڵوەشاندنەوەی سایکس پیکۆ، بەو سکەیڵە گەورەیەی کە دروست بوو، لە خەونیش ئەفسووناوییترە بیری لێ بکرێتەوە. دەکرێ سیستەمی وڵاتەکان بگۆڕدرێ، تەنانەت وڵاتانی وەکو سوریا و عێراق لە ئاییندەدا هەڵبوەشێنەوە، هەروەها ئەگەری زۆریش هەیە کە هەرێمی کوردستانیش بەهۆی کێشمەکێشە گائیفییەکانی ناوچەکەو راگرتنی باڵانسەوە، لەنووکەوە بۆ رەگ دووبەش ببێتەوە( ئێستا، وەکو دیفاکتۆ، دوو بەشە)، بەڵام بە دڵنیاییەوە سایکس پیکۆ بەو قەبارە زلە و بە رەهەندە نێودەوڵەتییەی صەد ساڵ لەمەوبەر و بە قازانجی گەلی کورد لە ئاستی گشتییدا، هەرگیز روونادات و شتێکی زۆر نالۆژیکیی و ناعەقڵانییشە بیر لە خورافاتێکی وا بکرێتەوە. هەموو ئەوانەی لە ناو حیزبەکانی ترەوە( جگە لە پارتیی)، هەموو ئەوانەی بە حیساب بێلایەن و سەربەخۆن، دوای ئەم خورافاتە ئایدیۆلۆژییە و ئەم غوبنە سیاسییە کەوتبێتن، بەدەر لەوەی تووشی ئیستیحماری کوردایەتیی بوونە، بەڵكو لەوەش زیاتر ئیستیحمارییەکەیان لەلایەن پارتیی و ئەجێندا شەخصییەکانی بارزانییەوە، بەباشیی تەوڤیف کراوە. ئەمانە، هەرکاتێکیش، وڕێنەکانیان، لەسەر سەنگی مەحەکی هاوکێشە نێودەوڵەتیی، ئیقیلیمیی و بێ ئیرادەیی خۆیان، رادەچڵەکێت، پرۆسێسی کەراندنی تر باس دەکەن، گوایە لۆزانی تر بەڕێوەیە و دەستی دەرەکیی، خەنجەر لە پرۆژەی ئیستیحماری کوردایەتیی و تەجروبە فاشیلەکەی دەدات.
ئیستیحماری سەربەخۆیی کوردستانی عێراق
گومانی تێدا نییە، زۆرینەی خەڵکی کوردستان، سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانیان، بەلاوە گرینگە، بەڵام زۆرینەی رەهاش، مانای ژیان، ئاییندەی منداڵەکانیان، کار و کاسبیی، ئازادیی و کەرامەتی مرۆییان بەلاوە گرینگترە وەکو لەو ئیستیحمارییەی بەناوی سەربەخۆییەوە دەکرێ. رابەرە رۆحییەکانی کوردایەتیی، سەردەمانێک، بەبێ کەرکوک و ئێستاش بە بێ سلێمانیی و کەرکوک، دەیانەوێ بە نەخشەڕێگا و سپۆنسەریی ئەردۆغان، دەوڵەتێکی مورتەزیقە دروست بکەن. لەتازەترین قەشمەرییاتی کوردایەتییشدا، گاڕانی کوردایەتیی، دەخەڵەتێنێ و پێیان دەڵێ تا ئەو کاتەی قەشمەرییاتی بەناو سەربەخۆیی رادەیەگەنم، بەهۆی ئەوە پرۆژە گەورانەی "ئیستیحمار"ی سیاسییەوە کە دامەزراون، بەخۆشیی و بە ترشیی هەر سەرۆکی ناقانونیی، نادەستوریی و ناشەرعیی هەرێم، دەبم.
کوردایەتیی، ٣١ی ئابی کرد و بە شانازیی نەتەوەیی تۆماری دەکات. ئێزیدییەکانی شەنگالی بە دەستوری ئەردۆغان بۆ داعش بەجێهێشت و باسی مەلحمەکانی خۆیان دەکەن. لەگەڵ فاشیزمی سوننیی و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و ناسیۆنالیزمە دینییەکەی ئەردۆغاندا، ساتوسەودای کردووە، هەرێمێک بۆ خۆی و عەشیرەتە میلیاردێرەکانی کوردستان، دابمەزرێنێ. یەکەمین کاریشی دژایەتیی پەکەکە و کانتۆنەکانی جاران و فیدراڵیی کوردستانی سوریا( باکووری سوریا) بێت، کەچیی هێشتا، بە فەچڵ و فەچیڵەش دەیانفرۆشێتەوە. صەدان مێگەلی کوردایەتییش، کڕیاری سەرەکیی ئەم ئیستیحمارییە سیاسیی و کولتوورییەن. خۆشبەختانە، بەهەر هۆکارێکی سیاسیی، جیۆگرافیی، فیکریی و ئایدیۆلۆژیی بێت، ئەم ئیستیحمارییەی کوردایەتیی بۆ کوردستانی تورکیا و کوردستانی سوریا نەپەڕیوەتەوە( جگە لە کۆمەڵێ مورتەزیقەی دەستی سێ و چواری کوردایەتیی کە ریسواترین وئەحمەقترین کوردی ئەو دوو پارچەیەن)
سەرەنجام، هەموو ئەم پرۆژانەی ئیستیحماری کوردایەتیی، بۆ ساتوسەودای زیاترە لەگەڵ حکومەتی عێراق و داوای بەشی زیاتر لە بودجە و نەوتفرۆشیی قاچاغ و دزیی گەورەتر دەکات. بەناوی پرۆژەی کەراندنی سەربەخۆییشەوە، بەشێکی زۆری حیزبەکان و شەقامی کوردیی، بێدەنگ کردووە. بگرە زۆربەیانی لە کون ناوە و تەخوینیان دەکات. لە کاتێکدا، هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسیی لە کوردستاندا، ئەوەندەی قارونەکانی کوردایەتیی و ئەوەندەی فاشیزمی کوردایەتیی، خیانەتیان لە کێشەی سیاسیی کورد نەکردووە. ئەم قارونانە، کلیلی ئەو سامانانەی دزییویانە، ئەوەندە قورسە، بۆیان هەڵناگیرێت و لای فیرعەون( ئەردۆغان) دایانناوە. ئەردۆغان، بۆیان هەڵدەگرێت و سامانی دزییەکانی کوردستانیان بۆ پاشەکەوت دەکات( قارون، دەوڵەمەندێکی گەورەی بەنو ئیسرائیل بوو، خۆیشی لای فیرعەون، وەزیری کاروباری جووەکان بوو، لەبەر زۆریی کلیلی بوخچەی سامانەکانی، کلیلەکانی لای فیرعەون دادەنا).
بەهەزاران بەڵگەو فاکتی تر، من دژایەتیی ئەو ئیستیحمارییەی دەوڵەتی کوردیی دەکەم و لەبەرامبەریشدا، ئیستیحماری کوردایەتیی، زۆرتر دەکوتمەوە. بەدڵنیاییەوە، رەواندنەوەی ئەم کەراندنەی کوردایەتیی، تەنیا و تەنیا بە نەوەی نوێ، بە گەنجانی خاوەن روئیا دەکرێ. هەرگیز بەو سیاسیی، نووسەر و نوخبانە ناکرێ کە لە میدیاکان و پرۆژەکانی ئیستیحماری کوردایەتییدا، بۆ پارەی نەوتی دزراوی کوردستان، بە رەسمیی و بە نهێنیی، تەوڤیف کراون.
تێبینی:ئەم نووسینەی کامیار سابیر لەو لینکەی خوارەوە وەرگیراوە، بۆ پاراستنی ئەم نووسینە لە ئەرشیفی کوردستانپۆست دامانا
http://lvinpress.com/N/drejaWtar.aspx?NusarID=358&Jmare=1385
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست