لەم هەڵبژاردنەش وەك 31 ى ئاب شەرمەزاریان بۆمایەوە !!
Wednesday, 02/09/2009, 12:00
ڕاپەڕینى جەماوەرى خەڵكى كوردستان لە91 بووە هەلێك پارتى و یەكێتى دەسەڵات بگرنە دەست و جەماوەرێك لەدەورى خۆیان كۆ بكەنەوە كەپێشتر ئەم جەماوەرە نەئاشناى كارى حزبایەتى و دیموكراتى بوو نەئاشناى دەسەڵاتى بۆگەنى ئەوان بوو هەربۆیەش خیانەت و سیاسەتى چەوت و پاوانخوازى و ململانێیى توندى ناشەریفانەیان بووە هۆى تێكدانى شیرازەى كۆمەڵى كوردەوارى بەجۆرێك لەگەلێكى یەكگرتووى دژبەبەعس بووبە گەلێكى دوولەتى دژبەیەك و تاكارگەیشتە ئەوەى ئەم گەلەیان بەگژیەك دا كردەوە لەدزێوترین و خوێناوى ترین شەڕى ناوخۆ كەتیایدا هەزاران كەس تیاچوو و هەزاران ماڵ ئاوارە و دەربەدەر و سەدان فەرمانگە و شوێنى گشتى و تەنانەت دوكان و بازاڕ و سەیارەش بەتاڵان بران و بەسەدان كەسیش بێ سەروشوێن كرا ، بەوەشەوە نەوەستان دەستى هەموو دوژمنەكانیان گرت ئێران ، توركیا لەسەرووى هەمووشیانەوە هێنانى ڕژێمى بەعسى گۆڕبەگۆڕ كەبەخیانەتە گەورەكەى 31 ى ئاب ناسراوە و بووە بەپەڵەیەكى ڕەش بەنێوچاوانى پارتى و سەرۆكى هەرێمەوە و دەستى جوندى و جندرمە و پاسدارنەما ماچى نەكەن و نەى هێنن بەگژیەكتر و ئەم میللەتە ماڵوێرانەدا. ئەم شەڕە و سیاسەت و خیانەتەكانى پارتى و یەكێتى چ بەرلەشەڕ و چ لەدواى شەڕ ئەم كۆمەڵگایەیان بەرە و ئاقارى دوژمنایەتى و بێ بڕوایى و هەڵپەرستى و بەرژەوەندى پەرستى و بێ ئیڕادەیى برد ، هەموو بەها پیرۆزەكانی ئەم كۆمەڵگایەیان لەبیرى خەڵك و تاكى كوردى بردەوە تەنانەت خەڵك ئینتیماى بۆ خاك و ووڵاتیش نەما لەجیاتى ئەمە ئینتیما و دڵسۆزى بۆ حزب و كەسەكان جێگاى گرتەوە ، پلەى دڵسۆزى و پاكى و باشى تاكەكان لەسەر بنەماى دڵسۆزى ئەم كەسە بۆ پارت و سەركردە و بنەماڵەكان پێورا ، بەشێوەیەك پێوەرى دەست و دەم و داوێن پاكى و سەركەوتووى مرۆڤەكان هەمووى وەلانراوە تەنها و تەنها دڵسۆزیت بۆ كەسەكان و سەركردە خۆفرۆشەكان و دوایش بۆ حزبەكە بەسە بۆ ئەوەى هەڵپەرست بى و ببى بەخاوەنى هەموو شت لەپۆست و پایە و دەسەڵات و دەوڵەمەندى و تەنانەت دزى و بێ یاسایشدا ...
ئەوەتا دواى زیاتر لە18 ساڵ لەحوكمى ئەم دووبنەماڵەیە سەیر ئەكەى كۆمەڵگایان كردوە بەكۆمەڵگایەكى مشەخۆرى بەرخۆرى بێ ئیڕادە و لەهەمان كات جەماوەرێكیش هەیە تاسەر ئێسقان پەستە لێیان ، كەهەر چاوەڕێیى هەلێك بووە ئەم جەماوەرە بۆ ئەوەى بەڕووى ئەم دووحزبەدا بتەقێتەوە و بڵێن بەسە ئیتر ، هەر بۆیەش دیمان لەماوەیەكى كورتى سەرهەڵدانى بزووتنەوەى جەماوەرى لیستى گۆڕان بەسەدان هەزار كەس هەر لەخەڵكى بێ لایەن تاكو ئەندامانى ئەم دوو حزبە و حزبەكانى تریش وازیان هێناو ڕوویان لەم بزووتنەوەیە كرد دەیان كەس پۆست و پلە و پایە و ئیمتیازاتى حزبیان جێ هێشت و ڕوویان لەگۆڕان كرد بۆیەكەم جار و دواى 18ساڵ ئەم گەلە هاتە گۆ و ووتیان ئیتر بەسە گەندەڵى و ناعەدالەتى و بێ ویژدانى ؟ كەچى ئەوان لەجیاتى داواى لێ بوردن و بەخۆداچوونەوە دوایى ئەو هەموو خیانەت و قەتل و كوشتارە ، دواى هەژدە ساڵ لەدەسەڵات هاتن بەچەند گەڵایەك و سەیارە و تموحى پۆست و پلە و پایە ئەندام و دۆست و لایەنگرانى خۆیان وەكو كاڵایەك مامەڵە پێوە كرد و بەدەنگى تەزویر و بەسەرشۆڕى و هاوشێوەى خیانەتى 31 ى ئاب شەرمەزارانە هاتنەوە سەر كورسى پەرلەمان و سەرۆكایەتى هەرێم .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست