جەنەڕاڵى بێ ئەستێرە شێخ جەعفەر، وەڵامى ئۆپۆزسیۆن دەداتەوە
Saturday, 16/04/2011, 12:00
دوایى هاتنى وەزیرى پێشمەرگە بۆ پەرلەمان ، ڕادیۆیى نەوا دیمانەیەكى لەگەڵ جەنەڕاڵى بێ ئەستێرە شێخ جەعفەر وەزیرى پێشمەرگەى پارتى و یەكێتى ئەنجامدا ، جەنابیان وەڵامێكى حەماسى هەڕەشە ئامێزى ڕاگەیاندنەكانى ئۆپۆزسیۆنى دایەوە وەكو ئەوەى مادەى 140 تەواو بووبێت و كوردیش نزیك بووبێتەوە لەسەربەخۆیى و سێ وەزارەتەكەش یەكیان گرتبێتەوە تەنها ڕاگەیاندنى دەوڵەتى كوردى مابێت ، ئۆپۆزسیۆن لەمپەر بێت لەبەردەمیان .
وەزیرە بێ ئەستێرەكە هەڕەشەى زۆر كرد بەتایبەت لەلایەنە ئیسلامیەكان و داواى حوكمى سەیر سەیرى بۆ ئەكردن ، ووتم ئەگەر وابێت ئەوانەى لەشەڕى ناوخۆ دیلیشیان گوولە باران كردوە ، ئەوانەى كاتێك ژنى دوەمیان هێنا و پیاوەكەیان كوشت و دوو كۆرپە چاوگەشەكەیان سەرگەردانى شەقامەكانى ئەوروپا كرد ، ئەوانەى هەزاران گەنجى كوردیان لەشەڕى ناوخۆ بەكوشتدا ، ئەوانەى تەعداى نامووسیان لەخێزانى شەهید و پاسەوانەكانى خۆیان كرد ، ئەوانەى پەردەى پاكیزەى كچانیان لەنەخۆشخانەى شۆڕش بۆ بەرپرسەكان دووریەوە ، ئەوانەى هەموو داهات و سەروەت و سامانى كوردستانیان برد ، ئەوانەى میللەتێكیان چاڕەڕەش كرد ، ئەوانەى هەموو خەڵكیان لەیەك كرد بەدوژمن ، ئەوانەى وایان كرد دەیان هەزار گەنجى كورد لەداخى ئەوان ڕێگاى هات و نەهاتى هەندەران بگرێتەبەر و دەیانیشیان بوونە قوربانى دەریایى ئیجە ، ئەوانەى شیرازەى خێزانەكانى كوردیان تێكداو كچان و ژنیان ئەتك كرد و سەربڕى ، ئەوانەى فایلیان هەبوو و بوونە جاش و ئەمن و پیاوى بەعس و سەرى سەدان گەنجى كوردیان كرد بەدارا و ئەمڕۆش كاربەدەست و دەمڕاستى حزب و حكومەت و پەرلەمانن ، ئەبێ ئەمانە حوكمیان چى بێ و میللەت داواى چ حوكمێك بكات بۆیان ؟ .
بەڕاستى سەیرە تۆ هیچت نەكردبێت ، هیچ بەرهەم و سەركەوتنێكت نەبێ غەیرى پاشەكشەكردن نەبێ لەخاك و وڵات و نیشتیمان كەچى ئێستا تۆ ناڕازی بیت و ڕەخنە لەخەڵك و ئۆپۆزسیۆن و میدیایى ئازاد و ئەهلى و نووسەرە بوێرو ئازاكان و هەڕەشەو چاوسووركردنەوەیان لێ بكەى ، ئەوەتا لەمەندەلى و قەرەتەپە و سەعدیە و جەلاولاو حەمرین پاشەكشەیان كردوە سوپاى عێراقى لەبن خانەقین و كەركوكە كەچى جەنابى وەزیرى بێ بڕوانامە و بێ ئەستێرە ئەوەندەى نەمابوو بڵێ دیالە و سەلاحەدینیش ئەگەڕێنینەوە بۆسەر كوردستان ئەگەر ئۆپۆزسیۆن وازبێنێ ، بەدبەختى ئێمەى كورد لەودایە حاڵت ئەوپەڕى ترسناكى و سەركردەكانت ئەوپەڕى تەنازولى و بارودۆخەكە لەو پەڕى هەستیارى دابێت مشوورخۆریشت ئەو وەزیر و فەرماندە مەیدانیە بێ ئەستێرە نەخوێندەوارانە بێت ؟ هەشت ساڵە لەكەركوك و خانەقین و ناوچە دابڕاوەكان لق و مەڵبەند و دوو ئاسایش و دوو هێز شەڕى یەكتر و ململانێیى یەكتر ئەكەن ؟ بەكۆڵێك فایلەوە خەریكى ڕابواردن و گەندەڵى و دزى و تەنانەت شەوانەش ڕاكە ڕاكەیانە و لەكەركوك نامێنەوە و دێنەوە هەولێر و سلێمانى ؟ كەچى لەولاوە گەنجێكى ڕۆژنامەنووسى وەك سۆرانى مامەحەمە تیرۆر ئەكەن ، چونكە ئەو مەردانە ماهیەت و سەنگى دەرخستن لەكەركوك و بەخەڵكى ووت خەریكى چین لەكەركوك ؟ ئەوەندەى ئیشیان لەسەر مانەوەى عەرەب لەكەركوك و هێنانەوەیان دووبارە بۆ كەركوك كرد لەڕقى یەكتر ، عەرەبەكان خۆیان ئەوەندەیان نەكرد ، ئەڕێ بەڕاست جەنابى وەزیرى پێشمەرگە تۆ لەكوێ بوویت لێیان بێیتە دەنگ و ڕیسوایان بكەیت ؟ خێرە ئێستا ئەو ناوچانەت بیركەوتۆتەوە ؟ .
ئەوكاتەى خەریكى سەرفكردنى پارە بوون بۆ سەرۆك خێڵ و عەرەبە شۆڤێنیە هاوردەكان و میمیك زا توركمانەكان ئاوارە گەڕاوە كوردەكانى خۆشمان لەیاریگا و سەربازگە و تەلارە ڕوخاوەكان و لەناو ئازار و ناخۆشى و ناڕەحەتى ئەتلانەوە ئەڕێ بەڕاست تۆ لەكوێ بوویت جەنابى فەرماندە بێیتە مەیدانى ناخۆشیەكانى ئەو خەڵكەوە ؟ یان خەریكى ڕاستكردنەوەى كۆشكى سەدان دەفتەر دۆلارى و لە سەفەرى ئەوروپا و هانەهانت بوو لەمەلها و باڕەكانى عەرەبى و ئەوروپى ؟ ئەى ئێوە نەبوون دەیان هەزار گەنجتان لەپێناو مانەوەى خۆتان و داهاتى برایم خەلیل دابەكوشت ؟ كوا ڕێكەوتنامە چوار قوڵى و شەش قوڵیەكان ؟ زەوى و ئاو هەوایەیى كوردستانیشتان بەخشى بەبرا سەركردە عەرەبەكانى وەك مەشهەدانى و هاشمى و مالكى كوا بەرامبەر چى و لەپێناوى چى بوو ؟ ئەو كاتەى لەبەغدا خەریكى یەكخستنەوەى ناوماڵى عەرەبى و عێڕاقى بوون تۆ لەكوێ بوویت هەڕەشیان لێ بكەیت و بڵێیت ئەرێ خەریكى ڕێكخستنەوەى ناوماڵى خۆتان و ئیدارە گەندەڵەكانى خۆتان بن باشترنیە ؟ .
بۆ نامەیەكى هەڕەشە ئامێزتان هاوشێوەى ئەو نامە هەڕەشە ئامێزانەى لەڕۆژنامەنووسان و خەڵكى دڵسۆز و ڕۆشنبیران و چالاكوانانى بوارى مەدەنى دەكەن ئاڕاستەى جەنەڕاڵ بابەبكرى ئەستێرەدارى خەوتووى سەرۆكى ئەركانى سوپاى عێراقى عەرەبى نەدەكرد و پێتان ووتبایە ئەرێ كاكە خۆ ڕۆبۆت نى بۆ هەڵوێستێكتان نیە لەئاست ئەو هەموو گۆڕانكاریە خێرایانەى لەناوچەكەدا ڕووئەدەن و بەبەرچاوى تۆوە ئەكرێن ؟ كەتاڵەبانى عێراقچى لەسەفەرى ناموبارەكیدا بۆ كەركوك پۆستەكانى كەركوكى دابەشكرد و كردیە قوربانى ئەتاتورك و عەرەبە شۆڤێنیەكان ئەڕێ بەڕاست تۆ لەكوێ بووى؟ ئەویش پێشنیارى ئۆپۆزسیۆن بوو ؟ دوایى 5 ساڵ لەئازادى كەركوك سەرۆكى هەرێم هات بۆ كەركوك ئەڕێ بەڕاست تۆ لەكوێ بووی پێیى بڵێیى عەیب ناكەى جەنابى سەرۆكى هەرێمى پارتى دوایى 5 ساڵ تازە بەتازە دێیت بۆ كەركوك ؟ وەزیرى بەناو پێشمەگە بەچ زمانێك باسى هەزاران پێشمەرگەى كوردستان ئەكەى ؟ ئەو پێشمەرگەیەیى ئێوە یارى بەچارەنووسیانەوە ئەكەن و چەند سەد هەزارێكیان ئەدەنێ و ئەیانێرن بۆ موسڵ و خانەقین و بەغدا و لەپێناو مانەوەى خۆتان بەكوشتیان ئەدەن ، ئەزانى بەراوورد بەو موچەى ئەوان منداڵەكانتان مانگانە شەش ئەوەندە تەنیا ئەدەن بەپارەى ئارایشت و كارتى مۆبایل ؟ ئەو پێشمەرگانەى كوردستانت مەبەستە كە چەندین ساڵە بەغدا موچەیان ئەخوا و ئێوە بێ دەنگن ؟ ئێوە ئەوەندە ئینسانن بتوانن ڕێزى پێشمەرگە بگرن ، بەپارە و ئاو و خواردنى پێشمەرگە كوڕەكانیشتان بوون بەخاوەنى مۆنیكا و كۆشك و تەلار ، ئێوە لەسەر پێك هێنانى دوو فیرقە ڕێك نەكەوتن ، سمێڵیشتان خستە بانى هەزارەها پێشمەرگەى چى مام ساڵح ؟ ئەوە ئێوەن دوایى ئەو هەموو پاشەكشى و لاوازى و تەسلیم بوونە پەلامارى ڕۆژنامەنووسە چاو نەترسەكان و ئۆپۆزسیۆن ئەدەن ، ئێوەن كەركوك و 140 و هەموو ناوچە ئازادكراوەكان و كوردستان و میللەتێكتان فڕۆشتووە بەچەند كورسیەكى شكاوى هیچ لەبار دانەبووى بەغدا ؟ ئێوە بوون بێ هیچ ڕێكەوتنێكى نووسراو بەغداى عەرەبیتان كردەوە بەبەغدا و ئێستاش فڕێتان ئەدەنە دەرەوەى بازنەوە ، خاوەنى ئەو فكرە مەیدانیە جوانانەى ئێوە بین ئەمڕۆ بێ یاسبەى ئەمان خەنەوە پێش 19 3 2003 .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست