پرۆژەى چاكسازیت باش سەرۆكى هەرێم

Saturday, 13/08/2011, 12:00


لە درێژەى گەشتى هەواڵەكانى كەناڵى نالیا، كاتژمێر 8 ى شەوى رێكەوتى 4.8.2011 دا، باس لە پارچە زەوى ژمارە 144/1 مەڵكەندى/دەباشان كرا گوایە كۆمپانیاى نۆكان فرۆشتوویەتى بە كۆمپانیاى بەڕێز بە مەبەستى دروستكردنى پرۆژەیەكى نیشتەجێبوون. لە كاتێكدا لە سەرەتاى دەستپێكردنى خۆپیشاندانەكاندا ئەم پارچە زەوییە لە چوارچێوەى ئەو موڵكانەدابوو كە یەكێتى نانیشتمانى كوردستان رایگەیاندبوو كە دەیگێڕێتەوە بۆ حكومەت چونكە ئەم موڵكە لە ساڵى 2006 دا، دوور لە رێنماییە یاساییەكان، لەسەر كەناڵى كوردسات و یەكێتى نیشتمانى كوردستان تاپۆكرابوو. شایانى باسە نزیكەى 2 هەفتە لەمەوبەر هەر لە راپۆرتە هەواڵێكى NRT دا باس لە چەند پارچە زەوییەك كرا كە لە ساڵى 2004 دا، بە بڕیارى دكتۆر بەرهەم، بە 20 دكتۆرى شارى سلێمانى فرۆشراوە. ئێستا لە لایەن دادوەرى گشتییەوە داوایان لەسەر تۆماركراوەو كێشەكەیان لە دادگایە. ئەم دوو رووداوە ئاماژەییەكى زۆر روونە كە ئەو بابەتانەى لە كەناڵە راگەیاندنەكانى یەكێتى و پارتییەوە لەسەر پرۆسەى چاكسازى باسدەكرێن لە درۆیەكى شاخدار زیاتر هیچى تر نییەو تەنها بۆ چاوبەستكردنى خەڵكە ئەگینە چۆن دادوەرى گشتى ئاگاى لەو موڵكانەى دوكانە بەڵام ئاگاى لەوەى دەباشان نییە، لە كاتێكدا بەپێى زانییارییە سەرەتاییەكان موڵكەكەى دوكان نزیكەى 12 دۆنمە بەڵام ئەوەى دەباشان 750 دۆنمە. ئەمەش ئاماژەیەكى مەترسیدارە لەسەر بێ لایەن نەبوونى داواكارى گشتی. هەروەها شەوى 5.8.2011 ئەدهەم بارزانى لە كەناڵى NRT ەوە رایگەیاند كە مەرج نییە سەرۆكى هەرێم ئاگاى لە هەموو ئەو كارە نایاساییانە بێت كە لە هەرێمدا ئەنجامدەدرێت بۆیە لێرەدا، لەگەڵ باوەڕى تەواوم كە سەرۆك خۆشى نایاساییە، دەڵێم فەرموو سەرۆكى هەرێم ئەوە كارى نایاسایى.
جێگاى ئاماژەدانە لە سەرەتاى یەكگرتنەوەى هەردوو ئیدارەى سلێمانى و هەولێردا لەو باوەڕدابووم كە ئەم یەكگرتنەوەیە وەك یەكگرتنەوەى دوو باندى مافیایە، بۆ دابەشكردنى ئەو دەستكەوتانەى كە بە دەستى دێنن نەوەك بۆ ڕێكخستنەوەى ماڵى كوردى. باشترین بەڵگەش ئەو مەدالیا ڕێزلێنانەبوو كە لە سەرەتاى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەكاندا لە سەرچاوەو پایتەختى مافیا بە مەسعود بارزانى بەخشرا.
لە دوا ئاماژەى مەترسیدارى ئەم دەسەڵاتە بێ وێنەیەدا ئەو هێرشە چەكدارییەبوو كە شەوى 11.8.2011 كرایە سەر چەند خانوویەك، گوایە زیادەڕە، لە گوندى مەلا داود و لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتى گوندەكەش برینداربوون. لە كاتێكدا ئەم هێزە دەبوایە بەرامبەر كۆمپانیاكان و بەرپرسە بالاكانى حیزب بجوڵێنرایە كە هەزارەها دۆنم زەوى بەنرخى ئەم هەرێمەیان داگیركردووە. ئەم هێرشە ئەو هێرشە ناڕەوایانەمان بیردەهێنێتەوە كە رۆژانى 18-19-4-2011 كرانە سەر خۆپیشاندەرانى سەراكانى ئازادى و مامۆستایان و خوێندكارانى زانكۆى سلێمانى. لە كاتێكدا ئەو هێزانە پێویستبوو تەقەكەران و بكوژانى خۆپیشاندانەكانى هەرێمى كوردستانى دەستگیربكردایە بەلام لەجیاتى ئەوە زۆر دڕندانە هێرشییانكردە سەر خۆپیشاندەرانى مەدەنى.
پێویستە هاوڵاتییان چیتر لەسەر ئەم نادادییە بێ وێنانە بێدەنگ نەبن و هەموو رێگەیەك بگرنەبەر بۆ گەڕاندنەوەى هەموو ئەو موڵكانەى كە ئەم دوو باندە مافیایە داگیرییانكردووە. ئەوەتا دەبینین سەرۆكى میسر و هەردوو كوڕەكەى لەسەر بەهەدەردانى سامانى گشتى سەرشۆڕ لە قەفەسى تاوانباریدا دادگایی دەكرێن بەڵام ئەمانەى ئێمە بەتەمان هەر لەسەر هەمان سیاسەتى چەپەڵى خۆیان بەردەوام بن و ئەوەى كە ماویشە داگیریبكەن.
لە كۆتاییشدا دەپرسم ئایا تەسلیمكردنى پایتەختى رۆشنبیرى، لە سەردەمى سەرۆك وەزیرانى دكتۆر تەكنۆقرات و كردار شەرتەدا، بە چەند بەرپرسێكى سەربازى نەخوێندەوارو تەواوبوونى ئەو وادەیەى كە مەسعود بارزانى دیاریكردبوو بۆ چاكسازى بێ ئەوەى هیچ گۆرانكارییەكى كردارى ئەنجامدرابێت هیچ هیوایەك دەهێڵێتەوە بۆ گفتگۆكردن؟ بۆیە دانیشتن لەگەڵ ئەم دوو حیزبە تەنها كات بەفیڕۆدانەو وەك ئەوە وایە حكومەتێك لەگەڵ مافیا دانیشتن بكات.
دەرئەنجام لەگەڵ نزیكبوونەوەى كۆتایى مانگى رەمەزان و دەستپێكردنەوەى دەوامى زانكۆكان سەرهەڵدانەوەى خۆپیشاندان تەنها رێگەیە بۆ كۆتاییهێنان بەم نادادی و دەسەڵاتە.

داستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە