پێلاوەکانی میللەت و کەرامەتی بەرپرسان
Friday, 31/07/2015, 21:41
ماف نادرێت و ئەسێنرێت ئەمە تەواو دروستە، ئەوانەی مافەکان زەوەت دەکەن کێن و ئەوانەی مافەکانیان لێ زەوت دەكرێت کێن و سەربە کام چینی ناوکۆمەڵگان ئەگەر کۆمەڵگا تەصنیف کرابێت بۆچینە جیاوازەکان؟
کوردستانی ئێمە مەملەکەتێکە کە پڕە لەقەیران و نادادپەروەری، چواردەوری مەملەکەتەکەیشمان دوو ھێندەی قەبارەی قەیرانەکانی چاوی دووژمونانی لەسەرە و ئەوەندەی تر ھۆکارە بۆ گەورەبونی قەیران و دڵەڕاوکێکانی ناوخۆیی!
ئیتر قسەلەسەر ئەوە ناکەین کە لەماوەی ٢٣ ساڵدا پارتی و یەکێتی چۆن مەملەکەتیان بەڕێوەبردەوە و دەبوو چی بکەن و نەیان کرد، قسەش لەسەر ئەوەناکەین کە میللەت لەماوەی ئەو ٢٣ سالەدا بۆچی نەیتوانی بۆھەمیشە بەرپرسان و سیاسیەکان فێری ئەوەبکات کە بە باشی گوێڕایەڵبن و خۆیان بپارێزن لە نەعەرتەی میللەت!
قسەی ئێستامان لەسەر کەرامەتی بەرپرسان و پێڵاوەکانی میللەتە، دەپرسین ئەگەر ئەوانەی بەرپرسن و سەرۆکن و ئەم مەملەکەتە بەڕێوەدەبەن مرۆڤن یان بوونەوەرێکی ترن و ھیچ ھەستێکیان نیە و لەماناکانی ڕەوشت و کەرامەت و پیرۆزیی ئینسان نازانن، ئەگەر مرۆڤ بن خۆدەبێت لەکۆی ھەزاران جار تەریق کردنەوە و ڕوشاندنی کەرامەتیان تەنھا جارێک شەرمەزارببن و ھەستی تۆراویان بۆبگەڕێتەوە و لەوە زیاتر خۆیان و خەڵکەکەیان فریو نەدەن ، خۆئەگەر مرۆڤیش نین ئەوە دیارە لە ئەزەلەوە میللەتی ئێمە مەحکوم کراوە بە چەوساندنەوە و بەو شێوەش دەبینە یەکەمین مەمللەکەت کە کۆمەڵێک مەخلوقی جیاواز لەسەر زەوی حوکمیان بکات
مافەسەرتایەکان و مافە گشتیەکانی ئینسان مانای سەروەری مرۆڤ بون دەگەیەنێت بۆھەرمرۆڤێک کە لەوە تێبگات بەھای مرۆڤ بون چییە ھەر بۆیە مرۆڤەکان شەڕی بۆدەکەن و لەبەرامبەریدا ھەموو پیرۆزیەکانی ناو میژوو دەخەنە ژێر پێڵاوەکانییەوە، کاتێک گەنجانی کوردستان کەرامەتی سەرۆک و بەرپرسان دەخەنە ژێر پێڵاوەکانیانەوە، مانای وا نیە کە گەنجان لەدەرەوەی مۆراڵەوە ئاراستە دەکرێن و درک بە بەھاکانی مرۆڤ ناکەن و نابەرپرسانە دەجوڵێنەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەوان مافە زەوتکراوەکان ئاراستەیان دەکات و توڕەدەبن، ئەوان ھەست دەکەن کەوەک ئینسانێک ھیچ بەھایەکیان نەماوە و دەیانەوەێت ببنەوە بەخاوەنی بەھاکانی خۆیان وەک مرۆڤێک، ئەوان بەرپرسیارترین چینی ناو کۆمەڵگان و دەیشزانن چۆن و بەچی شێوەیەک بەرپرسانە مامەڵەبکەن لەگەڵ توڕەبوونەکانی خۆیاندان و کەمتەرخەمی و خەم ساردی بەرپرساندا.
دەرئەنجام ئەگەر بەرپرسان ناتوانن کێشەسەرەتایەکان چارەسەر بکەن و ناشتوانن لەماوەیەکی دیاری کراودا کۆی کێشەکانی ئێستای میللەت چارەسەر بکەن، ئەوا یان بەکۆمەڵ بکشێنەوەو لەوە زیاتر خۆیان نەکەنە مەخسەرە و بەردەوام نەبن لە پۆستەکانیان، یان ئەگەر ترسیان لە توڕەبونی خەڵک نییە و ھیچ قورساییەکی توڕەبونی خەڵک نابینن و بە ئەقڵی میللەت قاقا لێ ئەدەن ھەروەک دوو دەیەی ڕابردوو، ئەوا دەبێت لە کۆتایدا بپاڕێنەوە بۆ ئازادکردنی کەرامەتیان لە ژێر پێڵاوەکانی میللەدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست