" خـــــــۆی کــــوشت , یــــــان کــــوشتیان ؟! " " دۆسێکەی دامەخەن دەیان تاوانباری تێدایە "
Monday, 16/04/2012, 12:00
گیان لەدەست دانی قائیمقامی مەرکەزی سلیمانی " زانا حەمە ساڵح " لەم کاتەدا ئەگەر " خۆی " خۆی خنکاندبێت ئەوا دەبێت " رەدول ئیعتیبار " ی بۆبگەرێتەوە ؟ چونکە لەدۆسێەکدا تۆمەتبارکرابوو کە توانای دان بەخۆدا گراتنی نەبووەو , ویژدانی ئازاری داو بەو چەشنە کۆتای بەژیانی خۆی ھێنا,
بەڵام ئەگەر ئەو خنکێنرابێت یان بە پلانێکی تۆکمە لەناوبرابێت تابۆئەوەی خەڵکی تر نەبن بەتۆڕەوە کە تەنھا بێ دەسەڵاتەکانی پێوەدەبێت , ئەوا دەبێت داواکاری گشتی رێگەنەدا ئەو دۆسێ یە دابخیرێت و دەبێت بەردەوامی پێبدرێت ؟ چونکە دیارە کەسانی تر لەئاستی باڵاتردا تێوەگلاون و مولکی گشتیان داگیرکردوە و نایاسایانە دەوڵەمەند بون کە زۆرکەس باسدەکرێن و لەئاستێکی پلە باڵای حیزبی و حکومیدان .
ئەم دۆسێ یە یان ئەم ڕوداوە لە ئێستا لەماوەی بیست ساڵی ڕابردودا دەگمەنەترین ڕوداوی لەم چەشنەن کە مێژووی نزیکی ئێمە بەخۆیەوە بینبێتی ؟ چونکە زۆرکەس ھەن بە ئاشکرا سەروەت و سامان و موڵکی گشتیان بۆخۆیان بردوەو ویژدانیشیان بۆساتێک نوزەی لێوەنەھاتوە و کەسیش نیە ببێتە داواکاری گشتی و راپێچی بەردەم دادگایان بکات , ھەربۆیە ئەم ڕوداوە دەبێت بکرێتە سەرەتایەک بۆ جوڵاندنی ویژدان و ئازایەتی داواکارە گشتیە کان و ئیتر کاتی ئەوە ھاتوە واز لەترس و خۆخواردنەوە بھێنن و تەواوی ئەو دۆسیانە بجولێنن یان کار بۆکردنەوە و دروستکردنی سەدان دۆسێی ھاوشێوەی خوالیخۆشبوو " زانا حەمە ساڵح " بکەن و ئەو ھەمو " مافیاو بەرپرس و وەزیر و سەرۆک عەشیرەت و خاوەن دیوەخانان" ە ببەنە بەردەم دادگا کە تائێستاش موڵکی گشتی داگیردەکەن و سامانی ئەم خەڵکە ھەژارەی ووڵات دەخرێتە خزمەتیانەوە.
حکومەتەکەی نیچیر بارزانی و یەکەم قەیران:
ئەمە سەرەتای ھەنگاوێکی شلگێرانە بۆ حکومەتەکەی نیچیرەڤا بارزانی وبابزانین لەم دۆسێ یەدا چۆن کاردەکات و تاچەند دادپەروەرانە یاسا سەروەردەکات , بابزانین سەرۆکی نوێی حکومەتی ھەرێم دەتوانێت لەیەکەم قەیران حەکیمانە قوتاربێت و بیسەلمێنێت کەحکومەتی ھەرێم لە زاخۆوە بۆ خانەقین یەک حکومەتە یان ئەو تەنھا دەسەلاتداری دوو پارێزگای کوردستانە و توانای دەربازبونی نیە لەقەیرانێکی وەھا کەھاوشێوەی ١٧ شوبات و روداوەکانی دوای ئەوباروارەیە کە پیشتر بونە قەیران بۆ کابینەکەی دکتۆر بەرھەمساڵح ؟!
بابزانین جیگیری سەرۆکی حکومەت دەتوانێت ھەڕەشەکانی بباتە سەر کاتێک وتی ئەگەر کێشەم بۆدروستبکرێت لەلایەن حیزبەکەمەوە دەست لەکاردەکێشمەوە ؟ یان مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی رازی دەکات و کۆی ھەمو گومانەکان دەسرێتەوە ؟!
لەدڵەوە دەخوازم مەسەلەی تەمو مژاوی قائیمقام و دۆسێ کەی داد پەروەرانە چارەسەربکرێن و دڵنەوای بدەنەوە بەخەڵک و کەس و کاری قائیمقامیش ؟ تابۆئەوەی خەڵک دڵنیابێت لە زینداندا ھیچ کەسێک ناکوژرێت و ناخنکێنرێت ئەگەر چی گەورەترین تاوانباریش بێت .
بەرلەکۆتای :
قائیمقام بۆھەمیشە ڕۆشت و ون بوو بەڵام ئەو خۆکوشتنەی یان ئەو کوشتنەی مێژوو بەزیندوی دەیھێڵێتەوە ؟ چونکە ئەگەر جورئەت و دڵسۆزی ھێندەی توزقاڵێک لەدڵ و دەرونی یاسا ناسان و داواکاری گشتی دا ھەبێت بەکرداری و کارکردن لەسەری, گەندەڵی بۆھەمیشە بن بردەکرێت و دەبینە خاوەن وڵاتێک کە یاسا ئیتر ناچێتە ژێر پێی گروپە مافیا کان و کەسانی باڵادەست و بەرپرسی گەندەڵکاری حیزبە دەسەڵاتدارەکان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست