كێن ئەوانەى ئێمە هەڵیان دەبژێرین
Wednesday, 24/02/2010, 12:00
كێن ئەوانەى بەدەنگى ئیمە دەرۆنەوە پەرلەمانى عێراق و كۆتاى بەو جەنگانە دەهێنن كەپێشتر پەرلەمانتارەكانمان دروستیان كردو نەیان توانى تێداسەركەوتاوانە بینە دەروەو هێشتا ماددەى 140 و پرسیى پێشمەرگەو هەناردەكردنى نەوت بە هەڵبەستراوى ماونەتە وە؟ كێن ئەوانەى كەدەبێت ئێمە متمانەیان پێ بكەین , لەكاتێكدا كاندیداى هەموو قەوارەكان متمانەیان بەخۆیان هەیە ؟ ئایا ئەوان كەدەرۆنە پەرلەمان وەك ئەوانى پێش خۆیان ستراتیژى حیزب و قەوارەكانیان دەكەنە خەمى یەكەمیان , یان وەك خۆیان دەڵێن ڕزگارمان دەكەن لە براى بچوكى عارەبە شوڤیینەكان و خەونى گەڕانەوەى بەعس لەگۆڕدەنێن ؟
ئێمە كام كاندیدو كام قەوارەى سیاسى هەڵببژێرین ؟
لیستى هاوپەیمانى كوردستان, كە بۆ پارستنى مافەكانى ژنان فرە ژنیان كردەبڕیار , كەبەناوى پارستن و فراوانكردنى مەوداكانى ئازادییەوە میدیاى ئەهلى یان كردە جاسو و بەناوى دادپەروەرییەوە قەڵمى ئازادو سوربەخۆیان تیرۆركرد ؟یان لیستى گۆڕان كە هێشتا زمانیان خاڵى نەبووتەوە لە ووشە بریقەدارەكانى ئەدەبیاتى حیزبى كوردى تەقلیدى و سەرقاڵى بەخشینەوەى موژدەى وەهمیە ؟ كام لیست سەربخەین , لیستى كۆمەڵى ئیسلامى كە لەواتەى بونیەوە تائەمڕۆ نەیتوانیوە تەكانیك بە خۆى بدات و خۆى لەقەیرانى دۆگمابون ڕزگاربكات و هەرلەئیستاوە ئاگادارمان دەكاتەوە, كە ئەگەر دەنگیان پێنەدەین ئەوالە ڕۆژى مەحشەردا یەكەمین لیپرسینەوەمان لەسەر ئەوان دەبیت و ئەگەر بەهەشتش بین ئەوا خودا سەرەتا تۆڵەى نەبەخشینى دەنگەكامان بە كۆمەڵى ئیسلامى لێدەكاتەوە ؟!
بۆدەبێت یەكگرتوى ئیسلامى لیستى خوازراومان بێت و دەنگى پێبدەین ؟ تەنها لەبەر ئەوەى میان ڕەوانەكاردەكەن و لەسەرەتاى خۆئیعلان كردنیانەوەتائیستا دەستیان نەداوەتە چەك و بەدیدێكى ئیسلامیانەى هاوچەرخ لەگەڵ ڕەوتەكانى گۆڕان و پێشكەوتنى دونیادا خۆیان گونجاندوە ؟ كامەیە ئەوشەڕەپڕمانایانەى ئەو حیزبەئیسلامییە بەرامبەر بەدەسەڵاتى كوردى بۆ گۆڕینى سیستەمە سیاسى وتەقلیدیەچەق بەستوەكەى ؟ یەكگرتوى ئیسلامى كەتائیستاش تواناى ئەوەى نییە خۆى نوێ بكاتەو لەقەیرانى تەقدیسكرنى كائینە باڵادەستەكانیدا خۆى ڕزگاربكات , چۆن دەتوانێ لەئەمڕۆى دونیاى تەواو جیاواز جیاواز لە سەردەمى خەلافەتى ڕاشدین , دیدى خۆى پێچەوانەبكاتەوە لەنێو ئەو هەموو بۆچونە جیاوازەى پانتاى سیاسى و ڕۆشنبیرو كۆمەڵایەتى كوردستان وعێراقدا , مانیایەك بەبونى خۆى بدات و بەبێ ئاماژە و سەرپشككردنى لەلایەن ووڵاتى كەنداوى عەرەبى و ئیسلامییەوە بەرگێكى كوردانە لەبەر بكات و ئەوەندەى فرمێسك بۆ مردنى نوسەرێكى تۆرانى ئیسلامى دەڕێژێت , شەقێك لەو هەموو پارە كۆكراوەى خەلیج بدات و ئەگەرچى چەكدار نییە چەكێك هەڵبگرێت و بەرگرى لە منداڵێكى ڕەحیم ئاواى شارى كەركوك بكات .
تەسلیم بونى سوشالیست و زەحمەتكێشان و خۆونكردنیان لەنێو ئەو دوو حیزبە باڵادەستەى كوردستاندا سەرەتایەكى لەسەرخۆیە بۆئیعلان كردنى مەرگى خۆیان كەپێشتر لەفێڵكى سیاسیانەدا لەسەر حسابى ئیسلامییەكان توانیان یەك تا دوو كورسیى بۆخۆیان مسۆگەربكەن و كۆبونەوەیان لە ناولیستى هاوپەیمانى كوردستاندا تەواوى گوتارى سیاسى ئەو دوو حیزبە دەخاتە ژێرپرسیارەوە , كە پێشتر لەبەرامبەر دژایەتى كردنى گوتارى سیاسى و ئابورى و فەرهەنگى پارتى و یەكێتى دا هەرچیان لەدەست هات دریغیان نەكرد و ئیستاش بانێكەو دوو هەوا .
حیزبى شیوعى كوردستان , بۆداواى متمانە لە خەڵكى كوردستان دەكات , لەكاتێكدا بەتەواوى هەموو هێزێكیەوە نەیتوانى ژمارەى كورسیەكانى بكات بەدووان ؟ ئایا بانگەشەى پاشكۆبونى خۆى دەكات وەك حیزێكى عەریقى كوردستانى و عێراقى , یان ئەوە فێلێكى سیاسیى و ئابورى ئەو حیزبەیەو دەیەوێت میدیاكانى پارتى و یەكێتى بەكار بهێنێت بۆڕیكلام كردن و خۆیشى ڕزگاربكات لەو داواكاریانەى ترى شیوعییە گۆڕان خوازەكان كە داواى مانەوەى لێدەكرد لەنێو بەرەى چەپەكاندا ؟ یان لەنێو ئەو حیزبەدا چینێكى باڵادەستى ناشیوعیى لەدایك بووە و دەیەوێت وەك بەرپرسەكانى ترى پارتى و یەكێتى ببێتە سەرمایەدارێكى دڕوبرسى و بەماسكێكى ترەوە بەرگرى لەشیوعییەت بونى خۆى بكات و بوارنەدا بەو نەوە شیوعیەى تر كە دەیەوێت ئەقڵى كۆنەپارێزى ئەو حیزبە نوێ بكاتەوە ؟
ئێمە زۆربەكەمى لە سیاسەتكردنى ئەو حیزب و قەوارانەدا (بەها) سیاسى بەدیى ناكەین و دەبێت ئەو بەها ئەخلاقیانەچیبن كەكاندیداى حیزب و قەوارسیاسیە كوردیەكان شانازیان پێوەدەكەن؟ لەكاتێكدا زۆربەى پاڵێوراوەكان پەروەردەى دەستى ئەو حیزبانەن كە سیاسەتكردنیان لەكردەیەكى بەرجەستەكراو بۆخۆشنودى كۆمەڵگا , كردووەتە دەسپێكى كاركردنیان بۆ دەستەمۆكۆدن و قۆرغكردنى سەروەت و سامانى میللەت و دوبارەكردنەوەى چەندین هەڵەى سیاسى و میژویى و دروستكردنى چەندین باندى لەیاسا هەڵهاتوو بەخشینى پلەى بەرپرسیارێتى بە خەڵكانى گەندەڵكار و قوڵكردنەوەى جیاوازییە چینایەتییەكان و ... تد.
ئاخۆ لەنێو ئەو هەموو پرسیارانەدا, ئێمە چۆن جیاوازى بكەین لە (بەها و ڕاستیى و گوتار) ى ئەو حیزب و قەوارانەى كەدابەشبون لەنێوان (بەهایەكى درۆزن و ڕاستییە دەمامكدارەكان وسیاسەتە چەواشەكاریەكانیان) ؟
ئێستا حیزبى كوردى و قەوارە سیاسیەكانى كوردستان وعیراق پڕە لەشەیتان و شەیتانانە وانەكانیان پێدەوترێتەوەو شەیتانانە گوتاروكان ئاراستەدەكەن و شەیتانانە سیاسەتى دوقاقیەت بەڕێوەدەبەن و شەیتانانە بیرلەئایندە دەكەنەوە و شەیتانانە كورسیەكانى بەرپرسیاریەتیان بەكار دەهێنن و شەیتانانە وێنەى فریشتەیەك بە شەیتانەگەورەكانى ناو حیزب دەبەخشن .
ئێمەش بڕیارمانداوە كە بڕۆین دەنگ بدەین و بەشداربین لەسەرخستنى ئەو هەنگاوانەى كە بۆ دیموكراتیزەكردنى كۆمەلگاى عێراقى و كوردستانى دەدرێن , بەڵام لەنێو ئەو هەموو كاندیدانەدا , كێ هەڵببژێرین وچۆن بتوانین فریشتەیەك بدۆزینەوەو متمانەى خۆمانى پێ ببەخشین ؟!.
تێبینى " ئەم وتارە لە گۆڤارى (برێس) ژمارە (10) بڵاوكراوەتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست