ماڵئاویى لەئــــاو *
Sunday, 25/07/2010, 12:00
" ئەوەى تازە چاو بەژیان هەڵدەهێنێت لەجیگەى مەمكەمژەگوللە هاوەنێكى بدەن بەدەستەوە "....(سۆرانى مامە حەمە) لەدواى دوو ساڵ لە تیرۆركردنى سۆرانى مامە حەمە هێشتا جێگەى گومانە كە لە فەزایەكى وەهادا دەیان قەڵەمى ترنەكوژراوە ؟ هێشتا عەقڵیەتى كوشتن و بڕین و سوكایەتى پێكردن لەهەناوى حیزبەكوردیەكاندا خۆى مەڵاس داو هەرساتێك ختوكەى ئەو عەقڵێتە بدرێت گورزى خۆى دەوەشێنێت و ژیان پڕدەكات لەخوێن , حیزبە كوردیە باڵادەستەكانى كوردستان بەناوى پارستنى ئەمنى قەو مى و دەسكەوتەكانى ڕاپەڕینەوە, زیانێكى زۆریان بەبیرى كوردو گەنجانى كوردو ماناكانى حكومكردن كردو تۆوى دوبەرەكى و نایەكسانیان لە خاكێكدا چاند و وڵاتیان پڕكرد لە بونەوەرى مشەخۆر. (سەردەشت عوسمان) یش دوا قوربانى دەستى دوژمنانى ووشەى ئازاد بوو، بەڵام ڕەنگە نێچرى ئەم جارەیان تەنها كەسێك نەبێت و بەكۆمەڵ نیچیرەكانیان ڕاوبكەن بەتایبەتى ئەو كەسانەى تەنها قەڵەمیان چەكى دەستیانەوە بە ووشە وێنە ناشرینەكان ئاشكرادەكەن و ئەو هەنگاوانە بۆچەڵ دەكانەوە كە كۆمەڵێك خەڵكى مشەخۆر پێى دەوڵمەند دەبێت.
دووساڵى تەواو بەسەر شەهید كردنى سۆرانى مامە حەمەدا تێدەپەرێت و هیشتا بكوژەكانى ئاشكرا نەكراون هیچ هەنگاوێكى دڵخۆشكەرانە لە دۆسێى كەیدا نەڕۆشتووەتە پێش، ئەم ئاكامە ئەوەنیشان دەدات كە ئەولیژنەى بۆئاشكراكردنى بكوژەكانى سۆران دروستكراوە بیباكانە پاڵیان لێداوەتەو تەواوى ئەو بەڵێنانەیش كە بۆئاشكرا كردنى بكوژەكانى دران لەلایەن بەرپرسانەوە تەنها لە حیكایەتێك دەچێت .
كوشتنى ڕۆژنامەنوسێك لەسەر دەربڕینى دونیابینى تایبەتى خۆیى و هەڵدانەوەى نهێنى ناخى بەرپرسانى گەندەڵ و شەهوەتبازەكانى ناو كایەجیاجیاكانى دەسەڵات جگەلە زیندوكردنەوەى لیژنەى ئیغتیالات و خۆسەپاندن ونیشاندانى گەورەى كردارە دیكتاتۆریەتیەكانیان هیچ شتێكى تر نییە , لەدواى دووساڵ لە كوشتنى سۆرانى مامە حەمە دەپرسم , كام لیژنەى ئیغتیالاتى حیزبەكوردیەكان (سۆران) یان كوشت ؟ كام لەو بەرپرسانەى كەناوەكانیان لاى سۆرانە و لەگەڵ سۆزانیەكانى كەركودا دەستیان تێكەڵ كردبو (سۆران) یان بەوشێوە ترسنۆكانەیە گوللـە بارانكرد ؟ كوشتنى سۆران چیى مانایەكى دەبەخشێت بە ئەجنداى كارى بكوژەكانى ؟ ئایا لەبیركردنەوەى ئەواندا كوشتنى سۆران بێدەنگ كردنى تەواوى خاوەن قەڵەمە ئازادەكانە ؟ یان كوشتنى سۆران سەرەتاى هەرەس هێنانى ئەو پانتایە ئازادەیە كە سەركردایەتى كورد لەخەیاڵدانى خۆیدا وێناى كردوە و لەڕاگەیاندن و گوتارەكانیاندا بانگەشەى بۆدەكەن و لۆژیكیەن هیچ بونێكى نیە ؟ یان بكوژان و جەلادان لە ڕێگەى كوشتنى ( سۆران) ە وە پێمان دەڵێن (گەندەڵى و چەتگەرایى و شەهەوەت بازیى و خیانەتكردن) پرۆژەمانە و كەس ناتوانێت ڕێگرمان بێت و هەر هاوڕێ یەكى (سۆران) یش وەك سۆران (ووشە یەك) دورلەخواستى ئێمە بكاتەهەوێنى نوسینى (وتارێك) وەك سۆران لەجامەتاریكەكانى ئۆتۆمبیلەكانمانەوە (گوللە) بارانى دەكەین.
بیگومان (سۆران) وەك ڕۆژنامەنوسێك ئامانجى یەكەمى دوژمونانى ووشە ئازاد نەبو , بەڵكو ئامانجى بكوژەكانى سۆران, ترساندن و تۆقاندنى تەواوى ئەوڕۆژنامەنوسانەبو كە بۆ بەرنگاربونەوەى ناشرینییەكانى دەسەڵات و سروتە باوەكانى كۆمەڵگاو كارو پیلانى گەندەڵكاران , تەنها ووشە شك دەبەن بۆجەنگاندن دژ بەو سیاسەتەى كە دەخوازێت تەواوى تاك بەتاكى كۆمەڵگاى كوردى بكاتە بونەوەر گەلێكى شەرمن و تێكشكاو .
كوشتنى سۆران و سەردەشت جگە لەوەى هێزى زیاتر بە(قەڵەمەكانمان) دەبەخشێت , بەهەمان شێوەش تاقى كردنەوەیەكە و بەردەوام بون بۆ بڕینى قۆناغەكانى ئەو تاقیكردنەوەیە قوربانى زیاترى دەوێت و دڵنیاشم كە تا (گەندەڵكاران و شەهوەت بازان و مشەخۆران) ى ناو دەسەڵات لە (ووشە) بترسن , دەیان سۆران و سەردەشتى ى تر دەبنە قوربانى و سنگیان بێ ڕەحمانە دەكەوێتە بەر دەستڕێژى گوللەى ئەو بونەوەرە تێكشكاوە ترسنۆكانەوە.
ناونیشانى شیعرَكى (سۆران مامە حەمە) یە كە لەمەراسیمى یادكردنەوەى دووسالەى تیرۆركردنیدا لەپاركى نالیى لەشارى سلێمانى خوێندمەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست