لەکەدار کردنی بەھای نوسین
Friday, 01/03/2013, 12:00
" قەڵەم زمانی ھەبوایە رێگەی نەئەدا ھەموو کەس پێێ بنوسێت "
یەکێک لەگەورەترین دیاردەکانی کوردستان دروستبون و پەیدا بونی ئەو ھەموو قەڵەم بەدەستەیە کە ناویان لەخۆیان ناوە نوسەر و ڕۆژنامەنوس , کوردستان پڕبوە لە قەڵەمی شڕ , قەڵەمی ستۆک و مرۆڤی کاڵ فام و کارەکتەری کڵۆڵو داماو , داماو لە تێگەیشتن و کڵوڵ لەبیرکردنەوە و شڕ لەزمان و ستۆک لە نوسین .
ھۆکارەکانی گەیەنەر ئەمڕۆ زیاتر بونەتە فاکتێکی باڵا بۆ بینین و بیستنی ژیانی کەسانی تر بەتایبەتی ئەوانەی لەپێگەیەکی بەرپرسیارێتی دان یان بەھۆکاری پیشەکەیانەوە ناسراو بون , زۆرجار ژیانی ئەوان بونەتە کێشەی دوان و خۆ سەغڵەت کردنی خەڵکی تر ؟!
رێگەبەخۆدان و قسەکردنمان لەسەر ئەخلاقیاتی خەڵکی تر و چونە نێو کێشەکانی خەڵکی ترەوە ئەو خەوشەگەوەریە کە بۆھەمیشە کۆمەڵگایەی بەجێھێشتوە لە ڕەوتی گۆِرانکاریە فیکری و فەرھەنگی و کۆمەڵایەتیەکانەوە و ھۆکارەکانی گەیەنەر و ڕاگەیاندنی چەواشە و ڕاگەیاندنی نابەرپرس , ھۆکارگەلێکی گەورەبون بۆدروستبونی ئەو ھەموو شوناسەی کەپێشتر بەو جۆرە مرۆڤانەمان بەخشی لەسەرەوەی ئەم باسەدا ؟!
قەڵەم زمانی ھەبوایە رێگەی نەئەدا ھەموو کەس پێێ بنوسێت ؟ چونکە نوسین پرۆسەیەکی و بەردەوامە بۆدۆزێنە و پشکنینی ھەموو ئەو شتانەی کە خۆلقێنەری بونێکی بەرچاو کردارێکی بەرجەستەکراون , نوسین زمانێکی ترە لە ئاراستە کردن و ھۆکارێکی تری گفتۆگۆکردنە , زۆرجار لەئاستی نوخبە" دەستە بژێر " لەلاین قەڵەمێکی جدی " شلگێڕ" و زۆرجاریش قسەکردنە لەگەڵ کۆمەڵ و کۆمەڵگا لەلایەن تاکێکی ھۆشیارو کامڵەوە , کەواتە نوسین و گواستنەوەی شرۆڤەکردن و لەزارەوە بۆ نوسین ئەو گەریدەیە کە نوسین دروستی ئەکات , نەک ئەو فەوزایەبێـت کە ئێستا بەناوی نوسینەوە دەبینرێـت.
ڕایەڵەجیاوازەکان یان ھۆکارەکانی تری پێک گەیشن لەنێوان یەکتردا لەنێو دەستەو گروپی کۆمەڵگاوە یان لەنێو دامەزراەوەو تاکەکاندا ئەنجام گیری پشکین و دواندنێکی تەندروستی لۆکاڵە , کوشتنی ئەو جیاوازیانە و بچرانی ھێڵەکانی بەیەک گەیشتن , ئاکامی بیرتەسکی ئەو گروپ و کەسانەیە کە بەناوی نوسین و بەزمانێکی تر لەدەرەوەی ھەمو بەھایەکی دواندنەوە دەخرێنە ڕوو .
بەھۆی ناجێگیری خیتابی سیاسی و ڕۆشنبیری لەدونیای ئێمەدا , ئەمرۆ دەیان ڕۆشنبیری و سیاسی تەنھا بۆ خۆ نمایشکردن و پەیداکردنی ڕەواج لەناو ئەو فەزادا کە خۆلقێنەری فەوزایە و بەھۆی حەزی خۆسەپاندن و ئومێدی مانەویان لەسەر زوبانی خەڵکی گرنگی کاری خۆیان لەبیر ئەکەن و بە فڕێ دانی چەند " ووشە " یەک لە پێناو " چەپڵەیەک " زیاتر ئەبنە ھۆکار بۆلەقکردنی ئەوپایانەی کەدەمێکە خەباتی مەدەنیانەی کەسانی تر خوازیاربوە دونیایەک بخولقێنێت کەخاڵی بێت لە فەرامۆشکردن و گرنگی ھێزی " وتن " لە بەرامبەر ھێزی " کردار " ی دڵ ڕەقانەی کولتوری باو خۆشەپاندنی دەسەڵاتی خۆڵەمێشی .
گەورەترین کارەسات ئەوەیە کە ئەمڕۆ بەشێک لە ڕۆشنبیرەکان جنێو ئەدەن , زۆبەری سیاسیەکان ماندو نابن لە درۆکرن , بەرپرسەکان ھەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن , کۆمەڵگاش بە ھەموو چین و تۆێژەکانیەوە دابەشبون بەسەر ئەو جەمسەرانەدا و پاڵپشتیان ئەکەن , ئەوەش ھۆکارێی کاریگەرە کە ئەو ھەموو بێباکیەی ئەو دەستە بژێرانەی ناو کۆمەڵ ھیچ بەھایەکیان بۆ ڕەخنەی جدی نەھێشتو وەتەوە .
پێشڕەو حەمید
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست