دوایى نووسینەكانى كوردستانپۆست وەزیرى تەندروستى جارێكى تر هاتەوە بۆ پشدەرو بیتوێن
Sunday, 30/09/2012, 12:00
كەرتى تەندروستى یەكێكە لەو كەرتە وێرانانەى كەحزب وا دەستى لەبینەقاقاى ناوە باشبوونى بۆتە كارێكى ئەستەم ، هەر قەزاو ناحیەو سنورێك تۆ دەیگرى گەندەڵى و دەست تێوەردانى ئاشكراى حزب لەكەرتە تەندروستیەكەى ڕەنگى داوەتەوە ، سنورى پشدەرو بیتوێنیش وەك سنورێكى بەرفراوان و ناوچەیەكى دوورە دەستى سنورى كەرتە تەندروستیەكەى بێ بەش نەبووە لەو گەندەڵى و بێ سەرو بەری و دەست وەردانە حزبیە ، ئەوەى مایەیى دڵخۆشیە لەناوەندە تەندروستیەكانى ئەم سنورە ژمارەیەك كارمەند و خەڵكى بەپەرۆش و ڕۆژنامەنووسى چالاك هەیە كەبوونەتە ڕەقیب و چاودێر بەسەر ئەم كەرتەوە لەڕێگەى بڵاوكردنەوەى وێنەو بەڵگەو ڕێپۆرتاژو هەواڵ و نووسین لەكەناڵەكانى تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و سایتەكان و فەیسبووك لەبارەى گەندەڵیەكان و بەهەدەردانى بودجەى تەندروستى ئەم سنورە ، لەو نێوانەدا سایتى كوردستانپۆست زۆرترین شەڕەف و شانازى بەردەكەوێت كەوەك هاندەرو پشتیوانیەكى بەردەوامى خەڵكى سنورى پشدەرو بیتوێن و دكتۆرو كارمەندانى تەندروستى ڕۆڵى خۆى بینیوە لەبڵاوكردنەوەى ئەو وێنەو نووسین و بەڵگانەى كەباس لەكەموكوڕى و گەندەڵیەكانى ئەم كەرتە دەكەن ، هەر نووسینەكانى كوردستانپۆست بوو وایكرد ڕۆژى پێنج شەمەى ڕابردوو بەروارى 27 / 9 / 2012 دكتۆر ڕێكەوت حەمە ڕەشید وەزیرى تەندروستى جارێكى تر بێتەوە بۆ سنورى پشدەر و بیتوێن كەئەمە سێیەمین سەردانى مەیدانى لەناكاوى وەزیرى تەندروستیە بۆ ئەو سنورە لەسەرەتاى دەست بەكاربوونیەوە جارێكى تر جەنابیان دەیان كارى سەرپێچى و نایاسایى لە قەڵادزێ و ژاراوە و سەنتەرى گورچیلەى ڕانیە بەچاوى خۆى بینى ، ئیجرائاتەكانى وەزیرى تەندروستى هەموو ئەو نووسینانەى كوردستانپۆستى پشت ڕاست كردەوە كەلەماوەى ڕابردوو لەبارەى كەموكوڕى و گەندەڵیەكانى كەرتى تەندروستى پشدەرو بیتوێن نووسرابوون و بڵاوكرانەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست