لە مامۆستایەكەوە بۆ كاریزمایەك

Friday, 28/01/2011, 12:00




سڵاو كاك نەوشیروان .........

ئەو رۆژەى بزووتنەوەكەت لەدایكبوو من قوتابى زانكۆ بووم،وەك چۆن هزرو بــیرمان خالى بوو لەناوى بارزانى ئاواش گیرفانمان بەتاڵ بوو لە پارەو پوول.بەتاڵ وەكو ئاشبەتاڵەكەى باوكى رۆحیمان (مستەفا بارزانى)!!! ، لەبیرمە بەو گیرفانە بەتاڵەوە لەسەر مێزى كافیتریا دادەنیشتین و باسى هەڵبژاردنمان دەكرد ، چاكم لەبیرە هەریەكەو رێژە كورسییەكى بۆ دانابووى كە بتوانى لە هەڵبژاردنەكاندا بەدەستى بهێنى بەڵام چاكترم لەبیرە كە زۆرترین ریژە لە (5) كورسى تێپەڕى نەدەكرد كەچى دواتر بینیمان كە چ دەنگێكت بەدەست هێنا وە من خۆم چەند جارێك لە كۆبوونەوەكانى حزبى پارتى دانیشتووم و هەڤاڵانى كۆبوونەوە راستەوخۆ ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە زۆر لەوە دەترسن رۆژێك بێت و (نەوشیروان مستەفا)كتابێك بڵاوبكاتەوەو راستییەكان بۆ خوێنەرى هۆشیار بدركێنێ.

كاتێك كە بزووتنەوەى گۆڕان هاتە دامەزراندن تەنیا هى تۆ بوو، هەروەها تۆش هى خۆت بوویت ، بەڵام ئێستا تۆ هى هەموومانى و گۆڕانیش هى توێژێكى چەوساوەى ئەم گەلەیە بەتایبەتى گەنجان.

دەمەوێ لە شتێك ئاگادارت بكەمەوە كە خەریكە بزووتنەوەكەمان رێچكەى حزبە گەندەڵەكانى پێش خۆى دەگرێت ، بۆیە زۆر تكات لێ دەكەم با كوڕەكانى تۆ وەكو كوڕى بارزانییەكانیان لـــێ نەیەت و بزووتنەوەى گۆڕانیش نەبێتە موڵكى بنەماڵە !!

پێویستە بزانى كە دانیشتوانى ئەم مەملەكەتە نەفرەتلێكراوە بەتایبەتى گەنجان یادگارى ئەوەندە خۆشییان لەگەڵ دەسەڵاتى بنەماڵەكان نییە تاوەكو ناچاربن جارێكیتر دەنگ بە بنەماڵەكان بدەنەوە دەبێت كارى تۆ ئەوەبێت بنەماڵە لە دەسەڵات نەهێڵى نەوەكو بنەماڵەیەكى نوێ دروست بكەیت.

ئێمە چەند ساڵێكە چاوەڕوانى كاریزمایەك دەكەین بۆ ئەوەى ئەو میللەتە داماوە ئیتر رزگارى بێت و چیتر دەست لە حیزبە برسییەكان پان نەكاتەوە ، ئومێد دەكەم تۆ ئەو كاریزمایە بیت ، چونكە مستەفاى مردوو ئەوكەسە نەبوو كە میللەت دەیویست ، هەروەها دواى ئەو جەلال و مسعودیش ئەو كاریزمایە نین و میللەت ئیتر ئومێدى پێیان نەماوە چونكە هەزاران جار لەپێناوى كورسى و پارە سازشیان لەسەر مافەكانى كورد كردووە ، بۆیە دەمەوێ پێت بڵێم كە ژمارەیەكى زۆر ئومێدیان بەتۆیە بەتایبەتى گەنجان و لاوانى خێرلەخۆ نەدیوى ئەم مەملەكەتە كەواتە ئومێد بڕاومان نەكەیت چونكە ئیتر تاقەتمان نەماوەو دواى تۆ چاوەڕوانى كەسى تر ناكەین تا خۆشبەختیمان بۆ رام بكات و گەرووى یەكێكمان پڕ پارە بكات و دەیانى دیكەمان سەرگەردان بكات.

لەوكاتەوەى ئێوە بەشدارى پرۆسەى هەڵبژاردنەكان دەكەن دەنگى من تەنیا بۆ ئێوە بووە جا تكام وایە كارێك مەكە لایەنێكى تر هەڵبژێرم یاخود دەنگەكەم بەهەرجۆرێك بووە بسووتێنم.

من و زۆرێك لەدانیشتوانى ئەم مەملەكەتە ئەوەمان لەلا گرنگ نییە كە ئەوكەسەى حكومڕانیمان دەكات باوەڕى بەكام فەلسەفە یان ئایین هەیە هیچ گرنگیش نییە بەلامەوە وەكو مسعود بانگەشەى ئەوە بكەیت كە كەس لەتۆ موسوڵمانتر نییە دواتریش تانكەرى نەوت ئاواى ئەو دیو بكەیت ئەوەى بەلاى من و زۆرێك لەدانیشتووانى ئەم ناوچەیە گرنگە ئەوەیە ڕێز لە پیرۆزییەكانى ئەم كۆمەڵگایە بگریت و دەسەڵاتێكى دادوەرانە بهێنیتە كایەوەو یاسا سەروەر بكەیت واتە نەیەڵى(سەردەشت)ەكان لەخۆڕایى خوێنیان بڕوات و هەموو رۆژێكیش بكوژەكانمان نیشان بدەیت !

هیوادارم لەدرێژەى ئەو بەسەركردنەوانەت بۆ هەڵسوڕاوانى گۆڕان سەردانى هەولێریش بكەیت و ئیتر بێدەنگى خۆت بشكێنى چونكە وەك چۆن هونەرمەند لەبێدەنگیدا هێدى هێدى جەماوەرى خۆى لەدەست دەدات سەركردەى سیاسیش بەهەمان شێوەیە،وە تا ئێستا بێدەنگى لەبەرژەوەندى هیچ سەركردەیەك دانەبووە تا لە بەرژەوەندى تۆدا بێت ، تۆ ببینە(مسعود)ێكى تاسەر ئێسقان عەشایەر زوو زوو دەردەكەوێت و قسە دەكات كەچى تۆ لە شاشەكان ونیت !!!!

ئەمەى بۆم نووسیویت مشتێ لەو خەروارەیە كە لە دڵى ئێمەدایە بەڵام نەمویست زۆر لەكاتت بگرم، چونكە زۆر دڵنیام تۆ وەكو سەرۆكى ئەم هەرێمە نیت كە ئیش و كارت تەنیا ئەوەبێ پێشوازى لە وەفدەكان بكەیت و لەكاتى جەژن و بۆنەكانیشدا پیرۆزبایى ئاڕاستەى جەماوەرى بەشەرەف بكەیت!!!

 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە