بۆ جامانە سورەكانى سەرى رەش.....!
Friday, 07/01/2011, 12:00
بەدرێژایى مێژووى مرۆڤایەتى ئایینە ئاسمانییەكان رایانگەیاندووە كە یەزدانى خاوەن دەسەڵات شوێنێكى زۆر خۆشى دروستكردووەو ناوى ناوە(بەهەشت)كە مرۆڤە چاكەكارەكانى دەخاتە ناوییەوە ،ئینجا ئەو بەهەشتە بەتایبەت لەقورئان وەسفى زۆرى كراوە بەجۆرێك مرۆڤ شەیداى بینینیەتى و لەپێناو بەدەستهێنانى كۆشش دەكات!
هەندێ لە سەركردەكان یان باشترە بلێم هەندێ لە جەللادەكانیش لەماوەى دەسەڵاتى خۆیاندا هەوڵیان داوە شوێنى لەو جۆرە لەسەر زەوى بئافرێنن(بخولقێنن)، رەنگە (سەرى رەش)باشترین نموونەى زیندوى ئەم سەردەمە بێت كە خێڵى بارزانى واتە سەردەشت كوژەكان تێیدا نیشتەجێن!
سەرى رەش ناوچەیەكى بەرزەو نزیكەى 30 كم لەشارى هەولێرەوە دوورە،بەڵام بەداخەوە نازانرێ بەرزاییەكەى چەندە،چونكە جگە لە بنەماڵەى بارزانى هیچ كەسیتر ناتوانێ نزیكى بكەوێتەوە دەنا ژیانى دەكەوێتە مەترسییەوە.
درۆ ناكەم،چونكە تا ئێستا نە راستەوخۆ نە بەوێنە،تەنانەت لەخەویشدا سەرى رەشم نەبینیوە بەڵام هەندێ دەڵێن ئەم ناوچەیە پارچەیەكە لە بەهەشت،بۆ پشتڕاستكردنەوەى قسەكەشیان كۆشكەكانى ناوى بەنموونە دێننەوە كە باوەڕناكرێ دەستكردى مرۆڤ بن،جگە لەمە دەڵێن هەر ئەم كۆشكانە پڕن لەكچى جوان و حۆرى چاوگەشى بنەماڵەى بارزانى.
ئەگەر مرۆڤ چاكەكار بێت لەم دونیا ،ئەوا خوا لەو دونیا بەخۆڕایى حۆرییەكانى پێ دەبەخشێ،بەڵام پرسیار ئەوەیە مسعود بارزانى ئەو حۆرییانە چۆن دەبەخشێت؟؟كامە چانسى وەرگرتنى حۆرییە بارزانییەكانى زیاترە ئایا كەسێك كوردپەروەرو خەباتگێڕ بێت یان كەسێك هەموو تەمەنى جاش و موستەشار بووبێت و وەكو مسعود لەسەرەتاى ژیانى دەستى كردبێتە خیانەت كردن لە گەل و میللەتەكەى تا كۆتا ژیانى وازى لێ نەهێنێ؟
لەوانەیە زۆرێك لەخەڵك بەتایبەتى گەنجانى چارەڕەشى ئەم مەملەكەتە ئاواتیان بێت كە بۆ تەنها جارێكیش بێت بەهەشتەكەى تاغووتى گەورە(مسعود بارزانى)ببینن،بەڵام چۆن و بەچ رێگەیەك....؟؟
هەندێجار بیردەكەمەوە دەڵێم حەقى خۆیانە لەم دونیاو لەو دونیا لەخۆشى و نازو نیعمەتدا بژین، چونكە خەباتیان كردووەو كوردپەروەر بوونە تەنانەت خاوەنى چەندان شەهیدن،بەبڕواى من (مەلا مستەفا)یەكێكە لەو شەهیدانە بەڵام زۆر سەیرم پێ هات كاتێك هاوڕێكەم پێــى وتم"ئەزیزم فریو مەخۆ بەو قسانە ئەوانە مێژوویان لەبەرژەوەندى خۆیان نووسیوەتەوە،مەلا مستەفاى شەیتانى ئەم میللەتە نە(نەمر)ەو نە(شەهید)یش چونكە كاتێك میللەت بەهۆى هەڵەكانى ئەو مەلایە دەچەوسێنرایەوە مستەفا بارزانى چونكە فێرى راكردن بوو وە بەحوكمى ئەوەى پێشتر چەندجار هەڵاتبوو وە بۆ ڕزگارى گیانى خۆى چووبووە سۆڤیەت و میللەتى لەژێر نەشتەرى چەقۆكانى بەعس بەجێهێشتبوو دواى نسكۆكەى 74 و ئاشبەتاڵ ئیتر روویكردە ئەمریكا، لەكاتێكدا میللەتى داماو كە نانى رەق نەبوو بیخوات ئەو واتە مستەفا بارزانى خەریكى نەستەلە خواردن بوو قەدەرى خوا وابوو پارچە نەستەلەیەك لەگەرووى وەستاو لەئەنجامدا گیانى سپارد"
وە لەدواى خۆى نەوەیەكى ئێجگار دڕندەى بەجێ هێشت،بەڵام تاوەكو ئێستا بەدواى وەڵامى ئەم پرسیارە وێڵم كە ئایا مسعود بارزانى كوردپەروەرە یان جاش پەروەر؟یان ئەگەر میللەت هەمووى راپەڕینى كردووە بۆ دەبێ نوخبەیەكى كەم لەسێبەرى ئەم دەسكەوتانە بحەسێنەوە؟باشە ئێمەى سۆرانى خەباتمان بۆ كورد كردووە یانیش جاسوسیمان بەسەر كوردەوە كردووە؟یاخود ئەگەر جاسوسیمان كردووەو جاش بووینە،بەگوتەى كاكە(زەردەشت)خۆ مسعود بارزانى جاش و موستەشارى زۆر خۆشدەوێن ئەى بۆ ئێمەى پەراوێز خستووە؟
(مسعود)ئەوە نزیكەى 20 ساڵە دەسەڵاتدارى ئەم دەڤەرە دەكات كەچى تەنها توانیویەتى ناوچەیەكى زۆر بەرزتر لەزەوى و نزیك لەئاسمان بۆ بنەماڵەكەى دابین بكات وەك ئەوەى مسعود پەیامبەر بێت و ڕێنمایى لەخوداى خۆى وەربگرێ بۆیە چۆتە نزیك ئاسمان.
خێوى بنەماڵەى بارزانى(مسعود)زۆرجار بانگەشەى ئەوە دەكات كە بۆ پرسە چارەنووسسازەكانى میللەتى كورد هیچ كەس بەقەد ئەوان پەرۆش نییە،ئەگەر وایە بۆچى هەركە میللەت راپەڕینى كردوو حزبەكەى مەلا ئەرخەیان بوون(دڵنیابوون) كە تەواو دەستییان بەسەر دەسكەوتەكانى راپەڕیندا گرتووە ئیدى (مسعود)و بنەماڵەكەى چوونە سەر لوتكە چیایەكى بەرز؟ ئایا بۆ ئەوە بوو تا لەبەرزاییەوە بتوانن هەژارترین ماڵى گەڕەكەكانى هەولێر ببینن و دەستى كۆمەكى بۆ درێژ بكەن یاخود نەفسى بەرزى بارزانى رێگەى نەدان لەناو نزماییەكانى هەولێر یان شارێكى ترى كوردستان دابنیشن؟
لەكۆتاییدا دەڵێم ئەى بارزانى،ئەى سەرۆكى نوخبەیەكى ئەم مەملەكەتە،حەزناكەم گەندەڵ بم بەڵام پڕ بەدڵ حەزدەكەم لەسەرى رەش نیشتەجێ بم و كۆشكێك و حۆریەكم پێ ببەخشى،گرنگ نییە ئەو حۆرییەى پێشكەشم دەكەى كچى خۆت بێت یان كچانى خێڵەكەت،چۆنى تۆ پێت خۆشە با وابێ.
بۆ نیشتەجێبوون لە سەرى رەش دەبێ بزانى كە من یەك ئامانجم هەیە ئەویش ئەوەیە دەمەوێ لە كوڕە نازدارەكەى مسرور نزیك بم تا بزانم لەداهاتوو دەبێتە چ سەركردەیەكى كاریزماو چۆن كەركوك دەگەڕێنێتەوە سەر هەرێمى كوردستان كە باپیرە گەورەو باپیرو باوكیشى دەیانجار سازشیان لەسەر كردووە.
تكایە ئەگەر رازى بوویت پەیوەندیم پێوە بكە،ئەگەرچى حەزناكەم دەنگە ناخۆشەكەت ببیستم و ڕەنگە ناشرینەكەت ببینم،بەڵام لەپێناو بەدەستهێنانى حۆرییەكانى تۆ و ئاشنابوون بە كاریزماو ئەفسانەیەكى تر ئەم تەنازولەش دەكەم،باشە جەنابى سەرۆك.....؟!
[email protected] https://www.kurdistanpost.nu/biz/image_com/masu%20kastel..jpg تێبینى/زۆرجار من جەخت لەسەر بەكوردى نووسینى وشەكان دەكەمەوە بەڵام كە ناوى(مسعود)و كوڕەكانى بە عەرەبى دەنووسم بۆ ئەوەیە نامەوێ پیتى زۆر لە ناوى ئەم جەللادانە بەفیڕۆ بدرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست