قوتابی سەردەشت ...
Tuesday, 08/06/2010, 12:00
تیرۆركردنی رۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان) خورپەیەكی مەزنی بەدڵی هەمووماندا هێنا، خورپەیەك هێندە كاریگەر بوو شەقامی كوردی بەجۆرێك هەژاند كە دەتوانین بڵێین تاوەكو ئێستا لەمێَژووی دەسەڵاتی كوردیدا هیچ هەژانێكی وەها رووی نەداوە. لەبەرامبەردا وەك هەمیشە دەسەڵات لەڕێی كەناڵەكانی خۆیەوە ئەوەندەی پێی كراوە هەوڵ دەدات لەقەبارەی ئەم رووداوە كەم بكاتەوە و توڕەیی و نیگەرانیەكانی شەقامی كوردی و رۆژنامەنووسان و سەرجەم چالاكییە ناوخۆی و دەرەكیەكان لەبانگەشەی سیاسی لیستی گۆڕاندا بچوك بكاتەوە.
قوتابی سەردەشت، ئەو ناوەیە كە بەڕێز سەرۆكی هەرێم لەبەیاننامەكەیدا بۆ ناوهێنانی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانی هێناوە، دەستەواژەی (قوتابی سەردەشت) گوزارشتێكی روونە بۆ ئەوەی بەڕێزیان كەیسەكەی وەك تیرۆركردنی رۆژنامەنووسێك قبووڵ نیە و بەو قەبارەیە نایبینێت كەشەقامی كوردی نیگەران كردووە، لەبەشێكی تری بەیاننامەكەدا باس لەوە دەكات جەنابی سەرۆك دەڵێت خۆم بە بەرپرسیار دەزانم لەدابین كردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێم و پاراستنی سامان و گیانیان، هەروەها دەوترێت جەنابی سەرۆك لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێناوە. ئاخر ئەگەر جەنابی سەرۆك لیژنەكەی بۆ تیرۆركردنی قوتابی سەردەشت پێكهێنابێت ئەوا پێدەچێت دەرەنجامی كارەكانی ئەو لیژنەیە بێ ئەنجام بێت، چونكە دەبێت لیژنەكە بچێت دۆسیەی هەموو ئەو قوتابخانانە بگەڕێت كە جوانەمەرگ تیایدا خوێندویەتی، پاشان ئەوەی بەردەستیان دەكەوێت تەنها نمرەی ساڵەكانی خوێندنیەتی لەگەڵ ناوی قوتابخانەكان، دواتر دەكرێت بۆ رای گشتی ئاشكرا بكەن!.
دەمەوێت بەسادەیی بڵێم بەڕێز سەرۆكی هەرێم ئەوەی تیرۆركراوە رۆژنامەنووسە و پاشان قوتابییە، وەك باس دەكرێت ئەو لەسەر نووسینەكانی هەڕەشەی لێكراوە و دواتر تیرۆركراوە نەك لەسەر ئەوەی لەوانەی بیركاریدا نمرەی كەمی هێناوە. لەسەر ئەم بنەمایەش دەبێت لیژنەكەی بەرێزتان لەو نووسین و كارە رۆژنامەوانیانە بكۆڵێتەوە كە جوانەمەرگ كردوویەتی، رەنگە لەوەشەوە سەرەداوێكتان دەست بكەوێت و بزانن لەنووسینەكانیدا رەخنەی لەنوجەیفی گرتووە؟ یاخود لەمالیكی؟ یان لەعەلاوی؟ یان ئایا ئەو لەسەر نووسین تیرۆر كراوە یان لەسەر ئەوەی كەقوتابییە؟ ئەوكات دەتوانین بڵێین ئەو لیژنەیە دەگاتە ئەنجامێك، بەڵام ئەگەر ئەو لیژنەیە تەنیا كار لەسەر قوتابیبوونی بكات ئەوا ناگاتە ئەنجام، چونكە لەسەر قوتابیبوون كەس تیرۆر ناكرێ..؟.
دیسان دەمەوێت بەسادەیی بڵێم جەنابی سەرۆك ئەو ناڕەزایەی شەقامی كوردی كارتی سیاسی نییە، وەك لەبەیاننامەكەی بەرێزتاندا ئاماژەی پێكراوە. و هیچ پیلانێكی دارێژراو نیە وەك لەراگەیاندنەكانی بەڕێزتانەوە ئاماژەی پێدەكرێت. ئەوە ناڕەزایی خەڵكێكی بریندارە كەتیرۆركردنی سەردەشت عوسمان خوێی كردووەتە برینەكەیانەوە. ئەوە ترسی هەموو خەڵكی چەوساوەی كوردستانە لەگەڕانەوەی نەهامەتییەكانی شەڕی ناوخۆ، رەنگە هیچ تاكێك نەبێت لەم كومەڵگایەدا چەقۆیەكی ئەو نەهامەتیەی بەر نەكەوتبێت. من تكا دەكەم سەرۆكی هەرێم گەر جەنابتان خۆتان بە بەرپرسیاری گیانی خەڵك دەزانن كەیسەكە وەك تیرۆركردنی رۆژنامەنووسێك قبووڵ بكەن و زوو تاوانبارانی سزا بدەن بەرای گشتی بڵێن رێگە نادەین پانتایی ئازادی كەم بكرێتەوە نەك بڵێین بێدەنگ نابین لەتۆمەتباركردنمان. تكا دەكەم نیگەران مەبن لەوەی دەسەڵات تۆمەتبار دەكرێت بەتیرۆركردنەكە، چونكە خەڵكی بەش مەینەتی كوردستان ئەو دەسەڵاتە بە بەرپرس دەزانن كەحوكمیان دەكات نەك خەڵكێكی دەرەوەی دەسەڵات تاكو سكاڵای خۆیانی بۆ بەرن و داوای مافی خۆیانی لێبكەن، ئەوە ئەركی دەسەڵاتیشە سەر و ماڵی خەڵك بپارێزێت.
http://www.chatrpress.com
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست