ئیسلام و ناسیۆنالیزم لای ئێمەو ئەوان.... . محمد عیمارەی عەفلەقی بەنموونە
Saturday, 28/05/2011, 12:00
بە پێی لێكدانەوە مێژووییەكان، ئەكرێ بڵێین هیچ نەتەوەیەك هێندەی عەرەب سوودی لە ئیسلام نەبینیووە،چونكە كاتێك ئەوان لەو پەڕی دواكەوتوویی و نەزانی ئەژیان ،ئیسلام هات ئەوانی لە تاریكیی و نەزانی ڕزگار كرد(مەبەست ئەوە نییە ئیسلام خزمەتی گەلانی تری نەكردبێ یا جیاوازی بكات لە نێوانیان) بۆیە دوای نەمانی خیلافەتیش؛ تێكەڵكردنی ئیسلام وعروبیەت بووە جێی بایەخی عەرەب ، بە جۆرێك هەمیشە وای بەخەڵكی نیشان ئەدەن كە ئەوان نەوەی حەزرەتی پێغەمبەرن(د.خ) و، ئیسلام وعروبەش دوو ڕووی یەك دراون!لەمەش سەیرترئەوەیە، ئەوموسڵمانە ساویلكانەی لە وڵاتە جیاجیا كان هاتوونەتە ئێرە(میسر) بەتایبەت ڕوسیا، ئەندۆنیسیا، مالیزیا، هیند و تاجیكی و ئازەری ......هتد،باوەڕیان وایە كە عەرەب پیرۆزن، تاڕادەیەك ئەو بەرگەی كاتی خۆی عەرەب بۆ سەرجێیی ژن و مێرد (جزداشە)كردویانەتە بەر، لای ئە مانەجلی خوا پەرستی وئیمانە(ولباس التقوی خیر) بە مەش ناوەستن ،ئەچنە لای عەرەبەكان داوای دوعای بەخێریان لێ ئەكەن!!! دوای ئەوانیش.. ئەتوانین بڵێین تركەكان بە پلەی دووەم دێن ،چونكە دوای ئەوەی خەلیفە زۆردارە عوسمانییەكان توانیان لە ڕێی كچی جوان و سپیلكە (عەرەب هیوایەتیان سێ شتە: ژن،خواردن،خێڵایەتی وجل و بەرگ)خیلا فەت لە دەستی عەرەب دەربێنن ،توانیان هەرچی كەسێكی بێ ناسنامەیە لە ئەنادۆڵ كۆیان كەنەوە و شتێكی لێ دروستكەن بەناوی تركی تۆرانی، بۆیە ئەمڕۆش ئەبینین ئەردۆگان ئەیەوێ بەناوی ئیسلام هەیبەت بۆ شەڕەف وكەڕامەتی بابردووی عوسمانییە كان بگەڕێنێتەوە(هێندێك لە ئیسلامییەكانی خۆشمان زۆر بەسیاسەتەكەی سەرسامن وموجاهیدانی (پ ك ك)یا ن پێ گێرەشێوێنن كاتێك تركەكان ئە تۆپێنن)ئەردۆگان ئە گەر تۆزێ ئیمانی هەبێ جیاوازی لەنێوان كوردێك وتۆرانییەك وغەززەیییەك نا كات. دوای گەشەكردن و بەر فراوان بوونی بیری ناسیۆنالیزم وبەتایبەت لە سەدەی ڕابردوو،نوخبەی ڕۆشنبیری ئیسلامیی عەرەبی بەشێوەیەكی دیار دەستیان كردبە تێكەڵ كردنی پیرۆزییە كانی ئیسلام وعروبە،سەرەتاش بە دامەزراندنی ئیخوانەوە دەستیان پێكرد،(برای حسەن بەننا ئەڵێ ئامانج لە دامەزراندنی ئیخوان زیندووكردنەوەی ئوممەی عەرەبی بوو،نەك ئیسلام) لە مەشدا سەركەوتنی باشیان بە دەست هێناوە،ئەوەی جێی داخە سەرەڕای چەندین كاری نامرۆییان بەرامبەر بەكورد ،بەشێك لە موسڵمانانی كوردیان فریوداوە،بە مەش بەشێك لە ڕۆشنبیرانی كوردبە هۆی كارە نائەخلاقییەكانی ئەوان تووشی هەڵەیەك بوون، ئەویش ئەوەیە؛ نەهامەتییە كانی كورد هەمووی لەسەر ئیسلام حیساب ئەكەن. لێرەوە هەر چۆنێك بێ عەرەب توانیویانە بەرگێكی ئاینی بكەن بە بەر گوتاری نەتەوەییان، بە پێچەانەوە ئێمەی كورد وا حاڵی كراوین كە كوردایەتی و ئیسلام دژی یەكترن. كەم كەسی كورد هەیە(خوێندەوار و نەخوێندەوار، بەناو ئیسلامی وعەلمانی)ستەم و وێرانكاریی وبەدڕەوشتی عەرەبە بەعسییەكانی نەبیستبێ. من نامەوێ بچمە نێو دەریای تاوانەكانی بەعس چونكە لەتوانای من نییە لێرە مافی خۆی پێبدەم و هەمووشتێ باسكەم، بەڵام ئەوەی بەندە مەبەستیەتی هەڵدانەوەی پەردەیە لەسەر بەشێك لە بیری تەوژمی ئیسلامیی عروبی بەسەرۆكایەتی محەمەد عیمارە و، بەرگریكردنەكانی بەناوی ئیسلام لە تاوان بارێكی وەك میشێل عەفلەق و، بەراوردكردنییەتی لە گەل َهەڵوێستی خۆ بەئیسلامیزانەكانی لای خۆمان بەرامبەر بە سەركردەو نووسەرە نەتەوەییەكانمان. عەفلەق مەسیحییەكی ئەرسۆدۆكسی بووە، دامەزرێنەری شۆ ڤێنیترین وڕەگەز پەرستترین حزبی عەرەبی بووە، ئامانجی سەرەكی ئەم حزبەش عروبیەت و لەناوبردن وێران كردنی ماڵی بەرامبەر بەتایبەت كورد(موسڵمان ترین نەتەوە) بووە، ئەوەی لەدەستیان هاتبێ ئاویان لێ نەخوار دۆتەوە، مێژووش شاهێدی تاوانەكانیانە. لەپاداشتی ئەم كارە وەحشیانە بەرانبەر بە مرۆڤایەتی، عیمارەی عروبی- عەفلەقی (خۆ بەخەم خۆرزانی ئیسلام)دێت ماوەی یازدە مانگ بۆ نوسینی كتێبێك لە مەدح وسەنای بەعس وعەفلەق ، تەرخان ئەكا بەوەی خزمەتێكی زۆری عروبەیان كردووە، بێگومان عروبیەت لای ئەو بەشێكە لە خوا پەرستی(والعیاژ بالله) (زۆرێك لە ئیسلامییەكانی لای خۆشمان لەژێر كاریگەری عیمارە و هاوبیرانی تووشی پەتای عروبیەت بوونە) ئینجا دوای بەشان و باڵ هەڵگوتنێكی زۆری عەفلەقی باوك، دێت وەك شەهیدی ئیسلام ناوی دێنێ و زۆر سەرسەختانە باس لە گەورەیی ئەم زاتە ئەكا !!وەك بڵێی مێژووی ئیسلامەتیی موجاهیدی ئاوای بە خۆوە نەبینیبێ.
عەفلەقێك ڕۆژێك بە ئاشكرا نوێژی نەكردبێ، ڕۆژووی نەگرتبێ حەجی نەفەرمووبێ....هتد، تۆبڵێی ئەمەچ ئیسلامەتییەكە؟(مرۆ پێی ناخۆش نیە خەڵك موسڵمان بێ)لێرەدا عیمارە خۆی پێناگیرێ و پۆزش بۆ بێ ئیلتیزاماتی ئەو دێنێتەوە، گوایە لە بەر بەر ژەوەندی حزبی وسیاسی ودواجار عروبی، نەیویستووە ئیسلامبوونی خۆی ئاشكرا بكات، هەروەكوبڵێی تازە سەرەتای هاتنی ئیسلامە، تاحزبی بەعس دونیا وێران نەكا نابێ جەنابی عەفلەق ئیسلامبوونی خۆی ئاشكرا بكا!!. ئەمجۆرە موسڵمان بوونە لە ئیسلام دا سوودی نیە، بەڵام لای عیمارە ئاساییە، لە پێناو زیندوو مانەوەی عروبیەت كابرا خۆ ی بە مەسیحی و جولەكە(ڕێزم هەیە بۆشوێن كەوتووانی ئەم دوو شەریعەتە)و مونافیقیش نیشان بدات و باهیچ فەریزەیەكی ئیسلامیش بەجێ نەگەێنێ ،هەر شەهیدە!!!.
تۆبڵێی گەر (نە خوازەڵڵا) ئەم شۆڤێنییە كوردبایەو، هەندێ عەرەبی شۆڤێنیشی بكوشتایە ، عیمارە هەڵوێستی چی ئەبوو؟، بێگومان لەئیسلام دەرچوون بوو بەلایەوە، سەیركەن دۆستان، عەرەب چ كەسێكی هەیەو چۆن بەرگری لەكەسێك ئەكا (خوا)نەبێ كەس نازانێ لەسەر چ بیرو باوەرَێك مردووە، ئێمەی كوردیش چۆن لە سەر هەڵوێستێكی نەتەوەیی حوكمی كافر بوون بەسەر یەكتر ئەدەین!!. ئاخر هەڵوێستی ئیسلامییە كوردەكان لەكوێ و عیمارە لە كوێ؟ كوا زانا و ڕۆشنبیرە ئیسلامییە كان، ئەرێ بۆ ئێمەش ئاوا ئازا نەبین و بەرگی شەهید وموجاهید(بەمانائیسلامییەكەی) نەكەینە بەر پێشمەرگەو گەریلا كان، خۆ ئێمە هەردەم ستەملێكراوبووین، ساختەیی نییە گەر هەڵوێستێكی ئاوامان هەبێ، بۆ نەڵێین گەریلا موجاهیدن چونكە لە سەر شەڕەف ونامووس وخاكی خۆیان خەبات ئەكەن، بەڵام بە موسڵمانێكی ساختەی تۆرانیی وەك ئەردۆگان بڵێین پێشەوای ڕابوونی ئیسلامی؟؟!. بۆعەرەب وترك دونیا وێران كەن بڵێین(حاچریافندم امرك یاباشا) تاكەی حزبە ئیسلامییەكانی ئێمە وەك كلكی عەرەب و هاوسۆزی ترك ئە بن، تەنها لە بەرئەوەی ناوی (ئیسلامی)یان لە خۆ ناوە؟ كەسێكی وەك مامۆستا جەمال نەبەز كە هەموو ژیانی بۆ كوردایەتیی تەرخان كردووە،كە شایەنی ئەوەیە پەیكەرێكی زێڕینی بۆ بتاشرێ ، كەچی ئەبینین هەندێ بەناو مەلا و ئیسلامییەكان، كە تا مردنیش هێندەی بەرهەمێكی ئەو ناتوانن خزمەت بە كورد بكەن، كەچی بە بێ دین وعەلمانی و لە ڕێدەر چوو(حاشا لە ڕووی مامۆستا) ناوی ئەبەن. عیمارەی عەفلەقی لە كوێ و مەوالیی عەرەبە كانیش لە كوێ؟! سەركردەیەكی وەك سەرۆك (ئاپۆ) لەسەر كوردایەتیی و داوای ئازادیی بۆكورد، ماوەی یازدە ساڵە لە زیندان ژیان بەسەرئەبا و چەندین ساڵ خەباتی كرد _تائێستاش بەردەوامە_ تا كو توانی نەوەیەكی خۆڕاگری وەك گەریلا پەروەردە بكات ،كە تائەمڕۆش وێنەی شەڕەف و نمونەی جەنگاوەریین ،بەڵام كاتێك كوردێكی نەتەوەیی دەست خۆشی لەم شۆڕە موجاهیدانە ئەكا، وفەتوای جیهاد بوون بۆ خەباتییان ئەدا ،بەكافر و جوولەكە ناوی ئەبەن،(هاوبیرم، م. مەحمود زەرگەزەویی، بەنموونە) لە كۆتاییدا ئەڵێم، خۆزگە ئێمە ی كورد لە جەوهەر وناوەڕۆكی ئیسلام حاڵی بووباین و، بمان توانیبا خزمەتی گەل بە ئایین وئایین بەگەل بكەین،خۆزگە بۆ دوو سێ عیمارەی كوردی،خۆزگە بۆ وازهێنان لە مل كەچ كردن بۆ عەرەب و خۆشەویستی بۆ ترك ،بەبیانووی برای موسڵمانمانن (ولله العزە ولرسوله وللمۆمینین)
- قاهیره
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست