هەڵبژاردنی عێراق ئاسۆیەك بەر بەتاریكی؟
Saturday, 08/05/2021, 2:01
زۆرێك لەكەسایەتی سیاسی و لایەنە سیاسیەكانیش لەسەر ئەو باوەڕەدان كە هەڵبژاردنێ دا بێت دەتوانێت هەندێ لەهاوسەنگی هێزەكان بگۆڕدرێن، یان هەر هیچ نەبێت عێراق لەبارێكەوە بۆ بارێكی تر بگۆڕێت، بەڵام زۆرینەی خەڵكیش ئەو ئاسۆوە لەهەڵبژاردندا نابینن و دەڵێین تەنیا كەسەكان بگۆڕدرێن و تەنانەت ئەگەر لەخۆشی هەندێ لایەن و كەسایەتیش دا نەبێت، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش قەبووڵ نەكەن، چوونكە ئەو كەس و لایەنانە هەر یەكەیان بەسەدان هێزی چەكداریان لەدەوری خۆیان كۆكردووەتەوە و رەنگە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش ئایندەی عێراق بەر بەئاسۆیەكی تاریكتریش ببات.
شێعەكان دەیانەوێت زۆرینەی كۆرسیە پەرلەمانی ئەمجارە بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن و حكومەتێكی زۆرینەش پێكبهێنن، واتا لەناو پێكهاتەكاندا تەنیا لایەنێك وەكو مەرجەع بۆ خۆیان بەئەساس بگرن و ئێدی وەكو پێشووتر لەگەڵ هەموو كەس و لایەنێكدا دانەنیشن و سەریان بەرازی كردن و سەرقاڵكردنەوە خەریك نەكەن. ئەم بیرۆكەیەش دەكرێت ببێتە هۆكارێك بۆ ناوەندكەڕاییەكی توندوتووڵتر و دەسەڵاتی هەرێمەكان كەم بكرێتەوە و لەلایەكی تریش دەكرێت حكومەتێكی وەها بەرەو تووتالیتاریەت و عەسكەرتایەت زیاتر مل بنێت، جوونكە هەوڵدەدات هەموو كێشە و ئاریشەكان بەدەنكی زۆرینە و هێزی بەرلەمانتاری چارەسەر بكات. هەرچی شێعەكانە هەوڵدەدەن بە بەدەستخستنی زۆرینەی كۆرسیە بەرلەمانی هەندێ لەئاستی بەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان بەپەلە گۆڕانكاری بكەن، لەوانەش دەیانەوێت پەرلەمان و سەرۆكایەتی وەزیران لەدەستیان دا بێت و بەو شێوەیە هەوڵی وەدەرنانی ئەمریكا بدەن لەسەر خاكی عێراق، ئەم بیرۆكەیەش هەم شێعەكانی نزیك"لەئێران" و هەمیش سووننەكانی نزیك لە"توركیا"پێ رازین، بەڵام هەر دوو بەرەكەش هەوڵدەدەن زۆرینەی كۆرسیەكان بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن، لەناو كوردانیشدا بەهۆی پەرتەوازی ناوخۆیی و ململانێ دەسەڵاتداریەتی و پاراستنی پێگەی خۆیانەوە، تەنیا چاویان لەوەیە كە دەستیان بەكۆرسیە لەرزۆكەكەی خۆیانەوە بێت و ئەو حوكمە قەرەقووشیەی بەرێوەی دەبەن بپارێزن. واتا لەو خەوەدان كە ئەگەر بەغدا پشێووی زیاتر بێت و سەقامگیر نەبێت، ئەوا بۆ ئەوان ئێدی شامی شەریفە و بەكەیفی خۆیان دەتوانن بەبێ هیچ یاسا و رێسایەك لەهەرێمدا تەڕاتێن بكەن و چوونیان بۆ بلوێت، وای بۆ بچن، غافڵن لەوەی كە هەرێمی كوردستان بەو یاسا ـ رێسایەی لە 2005ەوە دەنگیان بۆ داوە لەناوكەوە بەبەغاوە بەستراوەتەوە، واتا ئەگەر بەغا سەقامگێری بەخۆیەوە نەبینێت لەفرە زەمەندا دەبێتە هۆی هەرەس هێنانی هەرێمی كوردستانیش، بەهەمانشێوەش هەر ناسەقامگیریەك لەهەرێمی كوردستانیش دەبێتە هۆی هەڵتەكانی پێگە و پایەكانی حكومەت و پەرلەمان لەبەغدادیش دا.
لایەنە سووننەكانیش هەرجەندە وەكو كوردیش لەئەنجامی هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكە پەرلەمانیەكەی عێراقیش نەڕوانن، بەڵام ئەوانیش ئاسۆوەیەكی روونی تێدا بەدەی ناكەن و هەر لەئێستاوە ترسیان لێ نیشتووە كە گوایا زۆرینەی لایەنەكان هێزی چەكداریان هەیە و دەبێت ئەو لایەنانەی كە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانیان بەدڵ نەبێت هێزەكانیان بخەنە جووڵەوە و ئەم رەوشە تاریكەی ئێستای عێراق بەرەو تاریكتری ببەن. ئەم تەصریحاتانە پێش هەڵبژاردن نیشانەی ئەوەیە كە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنیان قەبووڵ نییە.
لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا، هەریەكە لەئێران و توركیا هەوڵدەدەن ئەمریكا لەساحەی عێراق وەدەرنێن و ئەمریكا و كوردیش دەیانەوێت بەبێ ئەوەی مێش مێوانیان بێت، حكومەتێكی لەرزۆك جارێكی تر لەبەغدا بۆنیاد بنێنن و ئەو داشەی لەپێشتردا سۆاری بوونە، جارێكی تر ببەزێنن.
شیمانەكان چیمان پێ دەڵێن؛ ...
لەلایەك كازمی دەیەوێت كات قازانج بكات و بەكۆشتنی كات هەم هەندێ لایەن و كەسایەت بەدەوری خۆی دا كۆبكاتەوە و هەمیش بۆنیادی حكومەتی داهاتووش بەدەستی خۆی بێت.
شێعەكانیش ئەگەر ئەوەی دەیانەوێت لەم هەڵبژاردنەكاندا قازانج نەكەن، رێگە نەدەن حكومەتێك دروست ببێت كە لەبەرژەوەندی ئەواندا نەبێت.
كوردەكانیش دڵیان بەوە خۆشە ئەمریكا لەساحەكەیە و پێناچێت، دەستبەردای ئەوان بێت و رێگە لەوە دەگرێت كە كورد پشتگۆێ بخرێت، ئەمەش خەیاڵ پڵاوێكە كە كورد تێدا دەژیت.
جا لەبەر ئەم هۆكارانەش بێت، ئایندەی عێراق و ئاسۆوەكەی بەرەو تاریكتر دەچێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست