خەڵاتەكەی هونەرمەندی گەورە (زیاد ئەسعەد) جێگای خۆی بوو، شایستەی زۆر لەوە زیاترە
Thursday, 28/01/2010, 12:00
دیارە هونەرمەندێكی بە ئەزموون خاوەن دەنگێكی پڕ لە ئیحساسی كوردانەی جوانی وەك (زیاد ئەسعەد) شتێكی ئاسایی نیە، چونكە هونەر و هونەرمەند بوون، بە هەموو كەسێكی دەنگ بێژ یاخوود گۆرانیبێژ ناگوترێت.
ئەو هونەرمەندە دەنگ شیرینە هەردەم لە هەوڵدان بووە، بۆ ئەوەی گۆرانی جوان و كاری داهێنان بهێنێتە نێو كۆری گۆرانی كوردی، دیارە ئەو كارەش جگە لەگۆرانییەكانی خۆی، لەو گۆرانیانەش رەنگی داوەتەوە، كە بۆ چەند هونەرمەندێكی داناوە، ئەگەر چی بەداخەوە لەلایەن هەندێك كەسی نەیار چاو پێ هەڵنەهاتووی ئەو هونەرمەندە گەورەیە جار جارە لەم لاو ئەولا بۆڵە بۆڵیان لێوە دێت و دیانەوێ گۆمی هونەری ئەو هونەرمەندە بەتوانایە بە بەردی كوێرانەیان لێڵ بكەن.
من لێرەدا چەند پرسیارێك ئاڕاستەی ئەو هونەرمەندانە ئەكەم، كە لەدوای هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) هاتوون دەستیان كردووە بە كاری هونەری گۆرانی گوتن، كامیان توانیویانە ئەلبوم دوای ئەلبوم شاكاری گۆرانییەكانیان بە گوێچكەی بیسەر تێر بكەن، ئەوەتا لە تۆمارگا و بازاڕی سیدی فرۆشەكان دەبینین چەند كاسێت و سیدی بە كارتۆن بەسەر یەكەوە كەوتووە، ئەوەشیان نیشانەی ئەوەیە ئەو هونەرمەندانە لەگەڵ رێزم بۆ خۆیان و كارەكەیان، كە ئەو هونەرەی دەستیان داوەتێ تەنها بۆ كۆكردنەوەی ناوبانگ و ریكلام كردنە بۆ خودی خۆیان، ئەوەتا سەیری ئەلبومێكی گۆرانی ئەو هونەرمەندانە دەكەیت لە بری ئەوەی بایەخ بەناوەرۆكی گۆرانییەكان بدات، كەچی 24 لەقتەی داناوە لە رەسمی خۆی ریش بەردانەوە و خۆ سوور كردنەوە و تورە بوون لە وێنەكانیاندا بەدەر دەكەوێت، كەچی بەداخەوە ئەلبوم دوای ئەلبوم ئاستیان دەدبەزێت و هەموو ئاوەزەكانیش لەسەر یەك ریتم و شێوازە و ناچێتە قاڵبی ئاوازێك كە بۆ هەمیشە بمێنێتەوە، هەر بۆیە دەنگ و باسی ئەلبومەكانیان تەنها دوو هەفتە بڕ ناكات و پاشان بیر دەچنەوە..!!
لەم رۆژانە هەواڵی خەڵاتكردنی هونەرمەندی بەناوبانگی دوورە وڵات (زیاد ئەسعەد)ـم بیست، بروابكەن ئەوەندە خۆشحاڵبووم خەریك بوو دەست بكەم بەگریان، دیارە ئەو خەڵات و رێز لێنانە بۆ ئەو هونەرمەندە گەورەیە دەبوایە زۆر زووتر بیری لێ بكرێتەوە، چونكە بوونی هونەرمەندێكی وەكو (زیاد ئەسعەد) وایكرد قۆناغی گۆرانی كوردی بەرەو ئاستێكی تر بچێت، ئەوەتا چەندیین هونەرمەندی كورد بە گۆرانییەكانی ئەو هونەرمەندە توانیان سەرجێكی زۆری جەماوەر بەلای خۆیاندا رابكێشن و ئەو گۆرانیانەش ئێستاكە جەماوەریی ترین گۆرانی كوردیین كە ناكرێ ناو ئەهەموو هونەرمەندە بەڕێزە و ئەو پۆلە گۆرانییەش ریز بكەم لێرەدا.
بەهەر حاڵ خەڵاتكردنی هونەرمەندێكی وەك (زیاد ئەسعەد) دەبوایە زۆر زووتر بیری لێبكرابوایەوە، دەست خۆشی لەو بەڕێزانە دەكەم، كە بیرۆكەی ئەو كارەیان دروست كرد، بەڵام جوانترین دیاری كاكە زیادی گەورە هونەرمەندیش ئەوەیە ئەو بێدەنگیەی چەند ساڵەی بە ئەلبومێك تینوێتی جەماوەرەكەی بشكێنێت و بێتەوە لامان، چونكە نابێ (زیاد ئەسعەد)ـی گەورە هونەرمەند ئەوە لەیاد بكات كە ئەو بەتەنیا موڵكی خۆی نیە، بەڵكو موڵكی ئەو جەماوەرە فروان و گەورەشە كە لەناوەو دەرەوەی كوردستان خۆیان بەخاوەنی زیاد ئەسعەد دەزانن، هەروەها گەڕانەوەی بۆ كوردستان و سازدانی كۆنسێرت بۆ جەماوەرەكەی پێویستە بیكاتە هەوێنێك بۆ دەركەوتنەوەی دووبارەی، چونكە بوونی هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) رزگارمان دەكات لەو پۆلە دەنگ ناخۆش و گۆرانی و ئەلبومە سواوانەی كە بە هیچ شێوەیەك گوێگر تێر ناكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست