شەڕى مەڵبەندى هەڵەبجەى یەكێتى و لقی 12ى پارتى دەستى پێكرد

Thursday, 01/04/2010, 12:00


هەرچەندە زیاتر لە7ساڵە هەریەكە لەلقی 12ى پارتى و مەڵبەندى 26ى یەكێتى لەهەڵەبجە بەشێوەى نهێنى و ژێر بەژێر هەوڵی ڕیسواكردنى یەكترى دەدەن بەڵام چەند ڕۆژێكە شەڕى نێوان ئەو دوو دەزگا مشەخۆرەى یەكێتى و پارتى گەیشتوەتە قۆناغێكى دیكە، لقی 12ى پارتى هەرلەسەرەتاى گەڕانەوەیان بۆ بۆ هەڵەبجە دواى ئەوەى بۆیان دەركەوت كەتەواوى دەزگا حكومییەكانى ناوچەكە لەژێر كۆنترۆڵی یەكێتیدان و هەوڵیاندا لەڕێگەى بەرتیلی ژێر بەژێرەوە بەشێك لەبەرپرسی دەزگا حكومییەكان بەلاى خۆیاندا ڕابكێشن لەوانەیش شارەوانى و تەندروستى و كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیاباران، ئەوەبوو سەركەوتوانە ئەم قۆناغەیان بڕی گەلێك دەستكەوتیان بۆ خۆیان و ئەندامە ملكەچەكانیان بەدەستهێنا، دواجاریش لەهڵبژاردنى ئەنجومەنى كۆمەڵەى قوربانیانى كییماباراندا توانیان كاندیدێكی خۆیان بكەن بەسەرۆكى كۆمەڵەى قوربانیان بەناوى لقمان عبدالقادر، ئەمەیش سەرەتایەكى خراپی لەپەیوەندییەكانى نێوان لق و مەڵبەند دروست كرد، هەروەها ماوەى 5ساڵە یەكێتى و مەڵبەندەكەیان لەڕێگەى جۆربەجۆرەوە هەوڵی تۆمەتباركردنى لقمان عبدالقادرى ەرۆكى كۆمەڵە دەدەن بۆ ئەوەى لەو رێگەیەوە تۆڵە لەپارتى بكەنەوەو كەسێكى سەربە مەڵبەندە بێسەروبەرەكەیان بكەن بە سەرۆكى كۆمەڵەكە، ڕۆژى 1/4مەڵبەندى هەلەبجەى یەكێتى بەشێك لەئەندامانى كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیابارانى كۆكردەوە بۆ ئەوەى خۆپیشاندان لەدژى لقمان عبدالقادر بكەن و داواى دەركردنى بكەن، ئەوەبوو خۆپیشاندانەكەیان بۆ بەردەم قائیمقامییەت كردو یاداشتێكی ناڕەزاییان لەدژى لوقمان بڵاوكردەوە، مەڵبەندى هەڵەبجەى یەكێتى لەم كارەیاندا توانیان ئەو گەندەڵییە داراییە بكەنە هۆكار كەلقمان عبدالقادر لەماوەى ڕابردوودا كردوویەتى، چونكە لەماوەى ڕابردوودا دەستەى چاودێرى دارایی، لوقمانى سەرۆكى كۆمەڵەى قوربانیانى تۆمەتباركردووە بەئیختیلاسكردنى زیاتر لە 253ملیۆن دینار. ئەمڕۆ 1/4یەكەم هەڵمەتى یەكێتى بۆ سەر پارتى لەڕێگەى ئەو خۆپیشاندانەوە دەستی پێكرد، خۆپیشاندەران یاداشتێكى ناڕەزاییان لەدژى سەرۆكى كۆمەڵەى قوربانیان پێشكەشی گۆران ئەدهەمى قائیمقامى شارەكەیان كردو داوایان كرد چارەنووسی دەیان ملیۆن دینارى دزراوى كۆمەڵەكەیان ڕوون بكرێتەوە، هەر لەیاداشتەكەدا كەكۆپییەكى بۆ كوردستان پۆست نیردراوە، باس لەوەكراوە كە مسعودى سەرۆكى هەرێم بڕێك پارەى داوەتە سەرۆكى كۆمەڵەكەیان بەڵام سەرۆكى كۆمەڵە پارەكەى بۆ خۆى بردووە و كەسوكارى شەهیدانى لێبەبەشكراوە، بەپێی زانیارییەكانى كوردستان پۆست ئەمڕۆ 1/4 بەرپرسانى لقی 12ى پارتى دیموكراتى كوردستان لەكۆبونەوەیەكدا باسیان لەوەكردووە كەلەچەند ڕۆژى داهاتوودا بەرنامەڕێژى بكەن بۆ ئەنجامدانى خۆپیشانانێكى گەورەى جەماوەرى لەدژى سەرۆكى شارەوانى هەڵەبجە كەلەلایەن دەستەى چاودێرى داراییەوە بەتۆمەتى هەرزانفرۆشكردنى زیاتر لە 1500پارچە زەوى تۆمەتباركراوە، ئەم هەوڵانەى نێ,ان هەردوو لق و مەڵبەند ڕەنگە پەرچەكردارى دژبەیەكى زیاترى بەدوادا بێت تائەگاتە ئاستى هەڵماڵینى ڕووى ڕاستەقینەى یەكترى و دەرخستنى كەین و بەینەكانى نێوان هەردوولا، چاوەڕوان دەكەین ڕۆژانى داهاتوو ململانێكە توندتر ببێتەوە و دامودەزگاكانى دیكەى حكومەت بگرێتەوە.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە