کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەمە سێبەرى دیموكراسى نیە.!

Sunday, 26/02/2012, 12:00




 

هەنگاونانى هەرێمى كوردستان لەگەڵ فەزاى دیموكراسى لەسەر زارى حزبە دەسەڵات دارەكانەوە ، لەدورەوە ڕەنگە گوێبیستى و بینەرى خەڵك و دانیشتوانەكەى ببیت، ئەگەر نەتوانى باوەڕ بەخۆت بهێنى لەو دوو ڕایەى دەبیسترێن لەزارى خەڵكى ناڕازى و لایەنى حكومڕانى پێدەچێت بكەویتە جۆرێك لەبەد گومانى، بەڵام ئەوكاتەى مەندوب و میدیاكارەكان داخڵى پڕۆسەى سیاسى و سیستمى ساحەى كوردستان دەبن، ئۆتۆماتیكى ڕاستیەكان دێنە پێشەوەو خۆیان نمایش دەكەن بەو جۆرەى كە هەیە، هەروەك ئینگلیز دەڵێت(ڕاستى پێویستى بەڕەنگ كردن نیە، بەڵكو ڕاستى ڕەنگى تایبەتى خۆى هەیە).
لەقۆناغى فەرمانڕەواى كردنى حكومەت و دەسەڵاتدا هەندێك خەڵكى سەرەوە كاروبارى وڵات بەڕێوە دەبەن، خۆ ئەگەر هاتوو ئەو نوخبەیەى سەرەوە هەر بڕیارێك دەربكەن و لەبەرژەوەندى كۆى پڕۆسەكەو هاونیشتمانیانى نەبێت، ئەوكات كارو كردەوەكانى دەكەونە بەردەم ڕەخنەو پرسیارەكانى كۆمەڵَگا، لەم كاتەشدا پرسیار و پێشنیار دێتە بەردەم دەسەڵات و دەبێت بەرپرسیارێتى ئەو دەنگە ناڕازیە هەڵبگرێت، بۆ مانەوە و درێژە دان بەو سەركردایەتى كردنەى خەڵكى دەبێت بەردەوام باڵانسى داواكاریەكان لەبەرزى و بەرژەوەندى كۆى دانیشتوانەكەدا بێت، بەبێ جیاكردنەوەى خەڵكەكانى بەهۆكارى ئەوەى هەمووان وەك مرۆڤ دەبێت تەماشا بكرێت، مافى هاوڵاتى بوون لەژێر ڕكێفى ئەو دەسەڵاتە پارێزراوبێت، لەلایەكى ترەوە ئەگەر دەوڵەت ئەو دەسەڵاتەى مۆنۆپۆلكرد،ئەوكاتە جۆرێك لەتوندوتیژى بەرپا دەبێت لەهەمبەر هاوڵاتیەكانیدا، ڕەنگە ئەوكاتە دۆخەكە هەڵگرتنى هەنگاوەكانى داهاتووى بەرەو ئاراستەى بەرژەوەندیەكانى ئەو فەرمانڕەوایەتیە نەبێت.
وەلێ ئەوەى لەكوردستان لەقۆناغى دواى ڕاپەڕین بەتایبەت پاش پڕۆسەى عێراق هەبووە لەحكومڕانى كردنى دەسەڵاتى كوردى، تاچەند بەرژەوەندەیەكانى خەڵك و مافیان لەژێر سێبەرى دەسەڵاتێكى كوردیدا هەبووەو پارێزراوە، كە بەدڵنیایەوە نەتوانراوە بەپێى خواستەكانى خەڵك و داواكاریەكان پڕۆسەى بەڕێوەبردن بەرەو ڕوویان هەنگاوى بردبێت، ئەمەش كارێكى نەبینراوى مێژوى نیە تاكو لەم قۆناغەدا باسى لێوە بكرێت، لەبەر ئەوەى حكومڕانى لەكوردستاندا وەك دەڵێن دەسەڵاتى كوردى مێژویەكى لەبیر نەكراو نزیكە، كۆى كارەكان ئێستا لەهزرى دانیشتوانەكەیدایەو بینیویشمانە ناڕەزاى زۆرى لێكەوتۆتەوە لەجۆرى مامەڵە سیاسى و حكومڕانیەكەیدا، بەحكومى ئەوەى لەڕابردو كراوە بڕیار نەبووە فەزایەكى بەمشێوەیە بۆ خەڵكى بێتە گۆڕێ، لەوانە ئێستا پرسیارو گازندەى ئەوە هەیە كە دەسەڵاتەكان لەنێوان دووحزب و نوخبەیەكى دیاریكراودا دەسوڕێتەوە، زۆركات دیموكراتى بۆتە دروشمێكى گەورە بەسەر ژیانى خەڵك و جەستەى نیشتمانەوە، لەسێ پارێزگادا دەبینى دوانیان لەلاى پارتى و ئەوى دیكە لەژێر هەیمەنەى یەكێتیدایە، لەڕووى فەرمانڕەواییەوەو ئەگەر نا گۆڕان ئێستا خۆى بەخاوەن نفوسى زیاتر دەزانێت لەم ناوچەیەدا، پرسیارەكە ئەوەیە لەكات و ساتى هەڵبژاردنەكاندا جۆرەها بەڵێن بەخەڵكى دەدرێت بۆ ڕازاندنەوەى شاروشاروچكەكان بەپڕۆژەكانى دەسەڵات، بەڵام لەدواى دا دەبینى هەموو دروشمەكان تەنها وەهمەو بەس، لێرەوە دەپرسین ئایا ئەو جۆرە مامەڵە كردنەى دەسەڵات دەتوانێت زەمانەتى مانەوەو چانسى زیاتر بداتە خۆى بۆ پارێزگارى كردنى كورسیەكەى؟بێگومان نەخێر لەبەر ئەوەى بینیمان دەسەڵاتى ناوچەكانى دەوروبەر بەدرێژاى حكومیان لەدەسەڵات و بڕیار گەلێك بۆ گەلەكەیان، بەڵام ئامانج لێى بەسەربردنى كات بێت و خەڵكى پێوە سەرقاڵ بكەیت نەچوویە سەر، چونكە بەهەموو ئەم كارانە دەتوانین بڵێن ئەمە هەڕەشە كردنە لەپێشكەوتن و بوون و ڕەخساندنى فەزاى دیموكراتى بەعەمەلى، لەلایەكى ترەوە هەڕەشەیە لەمەترسى و لەناوچونى كورسیەكانى حكومى كۆى گشتى ئەو وڵاتە.

ڕەنگە هەرێمى كوردستان هەنوكە دور نەبێت لەو بارودۆخە سیاسى و حكومڕانەى لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست گوزەر دەكات، لەبەرامبەر جۆرێك لەبێ خەم و ملنەدان بۆ داواكاریەكانى خەڵك و ئەوانەى لەڕابردو توانیویانە خزمەت بەم دەسەڵات و حكومەتە دابەشكراوەى كوردستان بكەن، بینیمان لەماوەى كەوتنى دیكتاتۆرەكانى ناوچەكەداو ئەوەى ڕوویاندا لەكوردستاندا، مایەى نیگەرانى بوو بۆ چ دەسەڵاتى كوردى و چ خەڵكى كوردستان و چاودێرانى دەرەوە، بەوەى دەسەڵات باسى لەوە دەكرد ئێمە لەكوردستاندا پێویستمان بەوە نیە حكومەت و دەسەڵات گۆڕانكارى بەسەردا بێت، وەك ئەو سەرۆك و خاوەن دەسەڵاتانەى وڵاتان تەماشا بكرێت، بەڵام خەڵكى ئامانجیان دابینكردنى پێداویست و مافە سەرەتاییەكانیەت، ئیتر هەركەس خاوەنى ئەو متمانەیە بێت لەدەسەڵاتدا، یەكێتى وپارتى بەدرێژاى ئەو چەند ساڵە كۆى تاقیكردنەوەكانیان ئەنجام داوە، بەڵام ئەوە ئەنجامەكەى بووەو دەبینى خەڵكى تەواو بێزاربووە لەوەى چۆن دەسەڵات و سەروەت و سامانى كۆى دانیشتوانەكەى، خراوەتە خزمەت چەند خێزان و سیاسیەكەوە، هەركاتێكیش داواى مافى خۆت بكەیت ئەوا بەهێزى سەربازى و نانبڕان و....هتد، وەڵام دەدرێیتەوە.
لەیادى ساڵێك تێپەڕبوون بەسەر خۆپیشاندانەكاندا تەنها لەڕێگەى تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە باس لەیادكردنەوەو خۆپیشادان دەكرا، بینیمان چۆن شاروشاروچكەكانیان سەوز پۆش كرد بەهێزو كوتەك بەدەست، ئایا لەبرى هەموو ئەو دور كەوتنەوەى نێوان خەڵك و دەسەڵات خۆى باشتر نیە بەرنامەك دابنێت، بۆ چارەسەركردنى ئەو بێسەرو بەریەى لەم وڵاتەدا هەیە، گلەى و گازندەكان كۆبكاتەوەو كارى لەسەر بكات، بۆ ئەوەى هەر كات ئەگەر خەڵكى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى هەبێت متمانەى ئەوەت هەبێت كە قەد بیر لەوە ناكرێتەوە دۆخى كوردستان بەرەو مەترسى ببرێت، وەك لەوەى ئێستا بەم هەموو هێزو ئامادەكاریەى كراوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەى، كەس و كارى یەكتر لەپێناو مانەوەى دەسەڵات و پاراستنى بەرژەوەندى و بارزگانى سیاسیەكاندا بهێڵیتەوە، لەبرى دەسكەوتەكانى خەڵك و دەوڵەت پێكەوە، نەك ئەو بێكارییەى ئێستا لەكوردستان لەئارادایەو جیاواز لە پیشەى پۆلیس و هەندێك جار فەرمانبەرییەوە، كە ئەمەش دەمانخاتە بەرمەترسیەك بەوەى كۆمەڵگا دەبات بەرەو عەقڵیەتێكى سەربازى لەجیاتى كۆمەڵگایەكى پێشكەوتوو زانستى، كەسیش حەز بە ڕووخانى فەرمانڕەوایەتى دەسەڵاتێكى كوردى ناكات، ئەگەر ئەو دەسەڵاتە ئامانجى بەدەست هێنانى ماف و پاراستنى كەرامەتى هاونیشتمانیەكانى بێت، نەك تەنها خۆ دەوڵەمەند كردن و بارزگانى كردن بەسەر مافەگشتیەكانەوە بەناوى دەسەڵاتەوە، بۆیە هەڵبژاردنى هەریەكێك لەو دوو ڕێگاو ئامانجە دەبێتە هۆى وەرگرتنى باجەكەى لەپڕۆسەى فەرمانڕەوایەتى لەو كۆمەڵگایەدا، لەبەر ئەوە كوردستان و هەرێمەكەمان كاركردنى حكومڕانى و بڕیارەكان لەژێر سێبەرى دەسەڵاتى كوردیدا، كە ناتوانرێت ئازادیەكان بۆ هەموان و وەك یەك دابەشكرێت، بۆیە كاركردن و بەردەوامى و شەرعیەتدان بەم جۆرە سیاسەت و فەرمانڕەوایەتیە، ئەمە شتێك نیە بەناوى حەسانەوەمان لەسێبەرێكدا پێى بگوترێت سێبەرى دیموكراسى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە