کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هاوسه‌رى ئومێد: نامه‌وێت به‌رده‌م مزگه‌وتى گه‌وره‌ ببینم که‌ خوێنى ئومێدى خۆشه‌ویستمى تێداڕژا

Wednesday, 06/04/2011, 12:00


سازگار فه‌ریق عه‌بدوڵا، مامۆستایه‌ له‌ قوتابخانه‌ى سوسێى کۆن که‌ ده‌که‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ى شارى سلێمانی ‌و خێزانى (ئومێد جه‌لال)ه‌ که‌ له‌ رۆژى (25/2/2011) له‌ خۆپیشاندانه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى شارى سلێمانیدا شه‌هیدکرا، له‌م دیداره‌ تایبه‌ته‌ى (چه‌تر)دا به‌چاوێکى پڕ له‌ فرمێسک و ناخێکى ماندوه‌وه‌ باسى یاده‌وه‌رى و ژیانى خۆى و ئومێدى هاوسه‌رى و ئه‌نه‌سى کوڕه‌تاقانه‌که‌یان ده‌کات و ئاماژه‌ى به‌وه‌ ده‌کات له‌ئێستادا هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ى له‌ ده‌ورین ناتوانن وه‌ک رۆژانى رابردوى ئه‌وکاته‌ى باوکى له‌ ژیاندابوو زه‌رده‌خه‌نه‌ و هاواره‌ ناسکه‌کانى ئه‌نه‌سى کوڕیان گوێ لێبێت له‌ ناو ماڵه‌که‌یاندا.

چه‌تر: ئایا ئه‌و رۆژه‌ هاوسه‌رى ئێوه‌ به‌مه‌به‌ستى چى هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و دواتر شه‌هیدکرا؟
ــ رۆژى رووداوه‌که‌ هاوسه‌ره‌که‌م له‌ ماوه‌ڵه‌وه‌ بوو تاکو کاتژمێر (1:30) خوله‌ک، له‌ پاشان به‌ مه‌به‌ستى کڕینى شیر و چه‌ند پێویستیه‌کى تر بۆ (ئه‌نه‌س)ى کوڕمان هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌و کاته‌دا به‌ده‌ستى چه‌ند که‌سێکى چاوکوێر و شه‌مشه‌مه‌ کوێر ده‌ستڕێژیان به‌ناوخه‌ڵکدا کردبوو، ئومێدى هاوسه‌رم له‌وکاته‌دا به‌رکه‌وتبوو به‌داخه‌وه‌ ئاگادارى ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌بووم له‌ ماڵه‌وه‌، ئومێدى هاوسه‌رم ئه‌و رۆژه‌ى له‌ماڵه‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ خواحافیزى ته‌واوه‌تى و ماڵئاواى لێنه‌کردم و پێشى وتم زوو ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ و شت حازر بکه‌ بۆ ئێواره‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ده‌سته‌ ره‌شانه‌ نه‌یانهێشت هاوسه‌ره‌که‌م ئێواره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و شیرى (ئه‌نه‌س)ى کوڕه‌ شه‌ش مانگه‌که‌ى بهێنێته‌وه‌ و له‌ ئامێزى بگرێت، بۆیه‌ ئێستا ئه‌و کوڕه‌یان بێناز کردوم له‌ نازى باوکى.
چه‌تر: کارى ئومێد چى بوو؟
ــ ئومێد کاسب بوو، شۆفێرى گه‌ڵابه‌ بوو.
چه‌تر: مانه‌وه‌ى تۆ و ته‌نها کوڕێک له‌ ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یادگارییه‌کانى باوکیدا کاریگه‌رى چى له‌سه‌ر تۆ هه‌یه‌؟
ــ شه‌هیدکردنى ئومێد سه‌دمه‌یه‌کى زۆرگه‌وره‌بوو بۆم و هه‌ندێک جار باوه‌ڕناکه‌م مردبێت و له‌به‌ر ئه‌وه‌ قه‌د له‌یادى ناکه‌م، تاکو ئه‌و رۆژه‌ى ده‌چمه‌ ژێر گڵه‌وه‌، مه‌گه‌ر ته‌نها مردن ئه‌و رووداوه‌م له‌بیر به‌رێته‌وه‌، رۆژانه‌ش حه‌په‌ساوم و ناتوانم ده‌ستبه‌رم بۆ کوڕه‌که‌م، بڕوابکه‌ ئومێدم له‌ کوڕه‌که‌م خۆشتر ده‌ویست، جیاواز له‌ماڵه‌وه‌ هه‌رکاتێک ده‌چوینه‌ ماڵێک بۆ سه‌ردان و میوانى، ئومێد زۆر تامه‌زرۆى (ئه‌نه‌س)ى کوڕى بوو، زۆرکات ده‌یگوت حه‌زده‌که‌م سکم هه‌ڵبدڕن و (ئه‌نه‌س) بکه‌نه‌ ناوى و بیدورنه‌وه‌ هێنده‌ى خۆش ده‌ویست، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێستاش هه‌موو قسه‌ و وته‌کانى ئومێدى هاوسه‌رم له‌ مۆبایله‌که‌دایه‌، که‌ چۆن به‌ باڵاى ئه‌م کوڕه‌ماندا هه‌ڵaده‌دات و ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ى ئه‌و هه‌یبوو بۆ (ئه‌نه‌س) من ناتوانم وه‌ک ئه‌وبم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و شه‌هیدکراو ژیانى منیشى له‌گه‌ڵ خۆیدابرد، بۆیه‌ ئه‌و پێکه‌نین و خۆشی و قیژه‌یه‌ى منداڵه‌که‌مان هه‌یبوو له‌ماڵه‌وه‌، ئێستا هه‌سته‌که‌م نه‌یماوه‌، هه‌رچه‌ند که‌سانى ده‌وروبه‌رمان ده‌یدوێنن، ناگات به‌ یه‌ک زه‌رده‌خه‌نه‌ى که‌ ئومێد ده‌یبه‌خشى به‌ کوڕه‌که‌م.
چه‌تر: له‌ رۆژى (17)ى شوبات (رێژوان) شه‌هیدکراو دواتر (سورکێو)، ئایا کاک ئومێد هه‌ڵوێستى چۆن بوو له‌ بینینى ئه‌و رووداوانه‌دا و باسى چى بۆ کردى له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌؟
ــ ئه‌و شه‌وه‌ له‌ماڵه‌وه‌ بووین بڕوا بکه‌ زۆر نیگه‌ران بوو، هه‌ندێک جارى ده‌یگوت ئاخر ئه‌و منداڵه‌ چ گوناهێکى هه‌بوو، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ خوێندکارانى زانکۆى پیشاندا له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه‌ پاره‌یان بۆ شوشه‌کانى لقى (4) کۆده‌کرده‌وه‌، ئومێد وتى: زۆر کارێکى جوانه‌، به‌ڵام بزانه‌ ئه‌وان ده‌توانن (رێژوان) بۆ که‌س و کاره‌که‌ى بگه‌ڕێننه‌وه‌، له‌پاش رێژوان کاتێک (سورکێو) شه‌هیدکرا به‌ منى وت سازگار سه‌یرى باوکى (سورکێو)که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ جه‌رگیان سوتاند ئه‌و شه‌وه‌ ئومێد زۆرگریا، له‌م کاته‌دا سازگار گریا و درێژه‌ى به‌ وته‌کانیدا و وتى: به‌ڵام ئومێد نه‌یزانى ئه‌م داخ و که‌سه‌ره‌ رۆژێک ده‌که‌وێته‌ ناو ماڵه‌که‌ى خۆشیه‌وه‌، ده‌رگاى ماڵه‌که‌ى ئومێد داده‌خه‌ن و (ئه‌نه‌س)ى کوڕى بێ باوک ده‌که‌ن.
چه‌تر: ده‌کرێت بزانین ناونانى (ئه‌نه‌س)ى کوڕتان له‌سه‌ر بڕیارى کامتان بوو؟
ــ ئه‌وه‌ى له‌یادى ناکه‌م ماوه‌ى (9) مانگ ده‌ستگیرانى ئومێد بووم، له‌ به‌روارى (12/6/2009) ئاهه‌نگى گواستنه‌وه‌مان ئه‌نجامدا، له‌وکاته‌وه‌ تا رۆژى شه‌هیدکردنى ئه‌وه‌ى له‌ دڵم ده‌رناچێت ئه‌وه‌بوو هه‌ر داوایه‌کم هه‌بوایه‌ ره‌تى نه‌ده‌کرده‌وه‌، به‌ڵێ ناونانى ئه‌نه‌س له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندى ئه‌ویش بوو، پاش ئه‌وه‌ى هه‌ندێک ناوم دیارى کرد، به‌ڵام وتى زۆرم حه‌ز له‌و ناوه‌یه‌، بۆیه‌ ناوى ئه‌نه‌س له‌سه‌ر بڕیارى هه‌ردووکمان بوو.
چه‌تر: ئایا پێش چونه‌ده‌ره‌وه‌ى هیچ شتێکى نامۆى باسکرد بۆت که‌ جێگاى سه‌رسوڕمان بێت؟
ــ شه‌وێک پێش رووداوه‌که‌ کوڕه‌که‌مان نه‌خۆش بوو تادره‌نگانێک نه‌خه‌وتم، به‌یانى پێش من هه‌ستابوو له‌وکاته‌ى نانى نیوه‌ڕۆم حازر ده‌کرد، رۆیشته‌ لاى سه‌لاجه‌که‌ و ترشیاتى ده‌رهێنا و قه‌ت ئه‌و قسه‌یه‌م بیرناچێته‌وه‌، به‌پێکه‌نینه‌وه‌ پێى وتم سازگار ئه‌مانه‌تى تۆ و ئه‌نه‌س، منیش پێم ڕاگه‌یاند ئومێد بۆچى وه‌سێت ده‌که‌یت ئه‌ویش وتى بڵێم چى ئه‌مه‌ دنیایه‌، به‌ڵام ئومێد له‌ گۆڕه‌که‌یدا دڵنیا ده‌که‌مه‌وه‌ ئه‌مانه‌تیه‌که‌ى به‌و شێوه‌ى ڕۆژانه‌ داواى ده‌کرد چۆنى په‌روه‌رده‌ بکه‌م، له‌سه‌ر ئه‌و رێگه‌یه‌ په‌روه‌رده‌ى بکه‌م و ئه‌نه‌س ده‌که‌مه‌وه‌ به‌ ئومێد دووباره‌.
چه‌تر: ئایا هیچ به‌رنامه‌ و سه‌ردانێکتان هه‌بوو له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ت و ئێستا له‌لات مابێته‌وه‌ و ئه‌م کاره‌ساته‌ رێگربووبێت لێتان؟
ــ به‌ڵێ هاوسه‌رێکى خوشکه‌که‌م به‌ مه‌به‌ستى خوێندن سه‌ردانى میسرى کرد، ئه‌و شه‌وه‌ زۆر له‌گه‌ڵ ئومێد قسه‌یان کرد و دانیشتبوون، زاواکه‌مان به‌ڵێنى دا به‌ ئومێد و برایه‌کم که‌ داوه‌تنامه‌ى میسریان بۆ بکات، به‌نیازبوو له‌مانگى شه‌شدا بچێت بۆ میسر و زۆر خواستى ترى هه‌بوو، یاخوا چاویان کوێربێت نه‌یانهێشت به‌ ئاواته‌کانى خۆى بگات، ئێمه‌ش ژیانى ئاسایى خۆمان به‌رده‌وام بێت و بۆیه‌ هه‌میشه‌ دوعا ده‌که‌م له‌و که‌سانه‌، ده‌ڵێم یاخوا ده‌رگاى ماڵى ئه‌و که‌سانه‌ دابخه‌یت وا ده‌رگاى ماڵه‌که‌ى ئومێدیان داخست و به‌ناحه‌ق شه‌هیدیان کرد.
چه‌تر: هه‌ست ده‌که‌یت یادگارى له‌ ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌وه‌ به‌جێهێشت بێت به‌وه‌ى پێشتر له‌کاتى هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ت له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ت به‌ناو شار و چه‌ند شوێنێکى سلێمانیدا؟
ــ زۆرکات له‌لایه‌ک بیر ده‌که‌مه‌وه‌ ئه‌م شاره‌ به‌جێ بهێڵم، له‌لایه‌کى تریش ناتوانم گۆڕه‌که‌ى ئومێد به‌جێ بهێڵم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناشمه‌وێت به‌رده‌م مزگه‌وتى گه‌وره‌ ببینم که‌ خوێنى ئومێدى خۆشه‌ویستم له‌و شوێنه‌دا ڕژا، دوعاده‌که‌م که‌ خواى گه‌وره‌ به‌شه‌هید حسابى بکات، به‌ڵام خه‌فه‌تێکى گه‌وره‌ى بۆ به‌جێهێشتم.
چه‌تر: هه‌ڵوێست و داواکاریتان چى ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر که‌سانى تاوانبار و حکومه‌تدا؟
ــ داواکارم له‌ حکومه‌ت به‌زووترین کات نه‌هێڵێت خوێنى ئومێد و سه‌رجه‌م شه‌هیده‌کانى ئه‌م دواییه‌ هه‌روا بڕوات، یاسا سه‌روه‌ر بێت و بکوژان ئاشکرا بکرێت بۆ خه‌ڵک، دادگاییان بکه‌ن و هه‌موو لایه‌ک دڵنیا ده‌که‌مه‌وه‌ له‌ خوێنى هاوسه‌ره‌که‌م خۆش نابم به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە