لەباروت و فیشەكەوە بەرەو سكاڵا!!!
Friday, 14/10/2011, 12:00
ئەو هێرشە سكاڵایەى گرتووتانەبەر ماوەیەكە بۆنى باشترە، لەگرتنەبەرى بۆنى باروت و كوشتن و خوێن و فەلاقە، لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا لەپشتى بڕیارەكانى سەرۆكى هەرێم و بێئاگادارى نوسینگەكەى بەرهەم ساڵەح، پەلكێشكردن و دەستگیركردنى میدیاكاران بەردەوام بوو، لەم قۆناغەدا بەو عەقڵیەتەى هەندێك جار بەرپرسە باڵاكانى حزبى حاكم دەستیان داوەتە بەنابردن بۆ دادگاكان، هەڵبەتە دەیانەوێت سەروەرى بۆ یاسا و گەڕانەوەى مافیان لەم ڕێگەیەوە وەدەست بخەنەوە، ئەمەش دواى ئەو هەموو بۆنە ناخۆشەى لەباروت وگیزەى گوللەتانەوە ڕووتان كردبوویە خەڵكى هەرێم، بەڵام دەپرسین ئێوە بەو بابەتەى لەمیدیایەك لەسەرتان بڵاو دەكرێتەوە، بەشەرعى نازانن و هەست بەوە دەكەن ناڕاستە و تەشهیر ئامێزە بەقەولى خۆتان، بەڵام ئەگەر كەسێك نەك تەشهیر هێرش بكرێتە سەر خۆى و دەزگا میدیایەكەى، هەڵبەت مەبەستم میدیاى دەرەوەى یەكێتى و پارتیە، یان لەوانە ترسناكتر تێهەڵدان و شەهیدكردن هەبێت، دواى تۆماركردنى سكاڵاكان ئەى ئەوان حەق و مافى خۆیان لەكێ و لەكوێ وەربگرنەوە.
ماوەیەكە بەرپرسان و دوو حزبە گەورەكەى كوردستان دەستیان داوەتە تۆماركردنى هەندێك سكاڵا بەرامبەر رۆژنامەنوسان و هەندێك دەزگاى ئەهلى، لەكاتێكدا پێم وایە ناشرینترین سكاڵا ئەم جۆرە مامەڵانەیە بیگریتەبەر، بۆ سەندنەوەى مافى خۆت و حزبەكەت نابێژم، بەڵكو لەهەمبەر بێدەنگ بوون لەچەندین سكاڵاى خەفەكراوى ناودادگاكان، هەر لەداواى مستەشارو جاش و ئەو بەستە لیژنانەى پێكتان هێنابوون، لەزۆربەى ڕووداو پێشهاتەكان لە شەهیدكردنى رۆژنامەنوس و گەنجان و مێرد منداڵەكانى ئەم كوردستانە، سەر ئەنجام تائێستا دیار نیە بەو بڕیارانەى پێش چەژنى ڕەمەزان كە سەرۆكى هەرێم لەسەر حاڵەتە هەنوكەیەكانى ئەو دوایە دەریكردن، وەلێ دەبینى لەماوەیەكى كەمدا چۆن حزب سەوڵى لێداو بەدەیان سكاڵاى تۆماركرد، بۆیە دەبێت لەوە تێبگەین ئەم جۆرە مامەڵە ناتەندروستەى حزب و حكومەتەكەى بەردەستى داویانەتەبەر، دەكرێت بپرسین شكۆمەندى و موقەدەسەى مرۆڤەكان تەنها ئەوانەیە لەلاى حزبە؟ئەى حزب لەخوێن و گیانى هاوڵاتیان و میدیاكارانى ئەم كوردستانە گەورەترە پیرۆزترە؟ئەى ئێوە پەروەردەو گۆشكراوى دەستى خەڵكى هەژارى گوند نشین و شارەكان نەبوون لەو ساڵانەى كارى حزبایەتیدا؟ئەى بۆچى و بە چ ئامانجێك لەفۆرمێكى دوو ڕەنگدا كاردەكەن(خوێندنەوەتان، زەردەخەنە و ڕق و كینەتان، شاباش پێدان و پارە بڕینتان،).....هتد، تەنها لەڕەنگى سەوز و زەردا دەبیننەوە، ئێوە هەر كەسێك گۆرانیەك چیرۆكێك شانۆگەریەك لەگۆشەی رۆژنامە و میدیاكانى تردا پێشكەش دەكات، بەو چاوە تەماشاى دەكەن چۆن خۆتانى تێدا بەرجەستە دەكەن.
واتە پێوەرتان جوانكردنى ناشرینیەكانى حزب و ئەكتەرەكانیەتى لەم جۆرە ڕۆڵ و دەورانەدا، دەستى پارەو پوڵى ئەم وڵاتە و هەژارو نەدارو چەندین پەككەوتەى لەپێناو ئەو مكیاژە سەرف دەكەن، بەڵام گەر پێچەوانەكەى نمایشى بكرێت هەزارو یەك وشەى نابەجێ بەخۆتان و میدیاكانەوە دەكەنە تۆپەڵى دەستان و هەرچى شارو شاخ و سوچى و قوشبنێكى ئەم وڵاتە هەیە لێیان دەگرن، كە پێم وایە دەبێت بەو شێوە بێت و ڕاستیەكان و كەم و كورتیەكان پەخش بكرێت، ئەگەرنا تۆ بێیت ئەوەى دەیڵیت و بەخەڵكى دەفرۆشیت هیچ بنەماو ڕاستیەكى تێدا نەبێت لەهەناوى ئەو حزب و ڕێكخراوە بۆ گەنتر دەبێت، لەبەر ئەوەى هەرچەندێك هەوڵى شاردنەوە بدەن هێندەى تر ورگى حزب و حكومەت زلل و قەبەتر دەبێت و لەتەوقیت و كاتێكى نادیار دەتەقێتەوە.
بۆیە پێویستە حزب و حكومەت و هەركەسێكى ناو ئەم دەسەڵاتە لەو شەقام و ڕێڕەوە ڕاستە لانەدەن،كە ئەگەر دادگاو یاسا سەروەرى خۆیان هەیە بابۆ هەموان بێت، نەك بڵێیت ئەوەى خۆم بۆخۆم ئەوەى تۆش دەخۆم، بەنابردن بۆ دادگا كارێكى ئێجگار دیموكراتى ولۆژیكیە بۆ گەڕانەوەى مافى ئینسانەكان چ حزب و چ دەرەوەى حزب، نەك تەنها لەپێش خۆت بڕوانیت هەركەس بەردێكى تێگرتى قبوڵى نەكەیت، لەهەمان كاتدا ئاوڕێك بۆ دواى ئەوانى خۆت نەدەیتەوە كە بەرد بارانى خەڵكى بكەن و بێدەنگ بیت لێیان، ئەم سكاڵا تۆماركردنەى ماوەكانى پێشو دەسەڵات گرتویەتیەبەر، بەبێ ئاوڕدانەوە بۆ سكاڵاى خەڵكى كوردستان لەزۆرێك لەڕووداوەكان، ئەگەر یەكلایەنە بیت و ئامانجت ئەوە بێت دادگا بكەیتە شوێنێك بۆ ڕاكێشانى نەیارەكانى خۆت بەڕاى ئێوە، ئەوە ئەو كاتە بەبەردەوام بۆگەنى سكاڵایەكى بێماناتان دێتەبەر كەپوى هەموان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست