کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو تونێلەى چاوەڕوانى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتە!

Monday, 06/02/2012, 12:00




"ئەم ئۆپۆزسیۆنە دەستى لەپشتە و تێكدەرە، هەرێمى كوردستان لە بەردەم مەترسى دەرەكیدایە...هتد." دەسەڵات بەمجۆرە هەندێك هێرش و توندوتیژتر مامەڵەى كردوە، لەلایەكى ترەوە ئۆپۆزسیۆنیش خاوەنى هەندێك هەڵەى سیاسین، بەوەى تەنها خۆیان خاوەنى بڕیار بوون، گرنگییەكى ئەوتۆیان بە شەقام و خەڵكى كوردستان نەداوە، بە تایبەتى لە كاتى خۆپیشاندانەكانى پێشو كە دەبوو سەركردەكانیشیان بێنە ناو خۆپیشاندەرانەوە.
لە كابینەى شەشەم كە شۆفێرەكەى بەرهەم ساڵەح بوو دواى زیاتر لە دوو مانگ خۆپیشاندان، كە شەهید و بریندارى لێكەوتەوە و لە پاڵ ئەو هەموو سوكایەتیەى بە خەڵكى رۆشنبیر و رۆژنامەنوسان وخوێندكارى زانكۆ كراوە، پاشان چەندین دانیشتن و گفتوگۆ ئەنجام درا بە ئامانجى ئەوەى بتوانن بگەنە لێوارى ئومێد و كامەرانیە بۆ خەڵكى كوردستان و قەرەبوكردنەوەى مەعنەوى كەس و كارى شەهیدەكانى (17)ى شوبات.
بۆیە هەموو ئەو هەوڵانە سەرى نەگرتووە تا هەنوكە و پرۆژەكەى ئۆپۆزسۆن كە خۆى لە شەش پاكێجدا دەبینێتەوە، هەروەك هەندێك لەپڕۆژەكانى پەرلەمانى كوردستان لە رەفەكانى دەسەڵات ئەو پاكێجانە دانراون.
بەڵام ئەوەى ئێستا بوەتە مایەى پرس و رۆژەڤى گەرمى ناو چین و توێژەكانى هەرێمى كوردستان، نزیكبوونەوەى ئەو رۆژەیە كە مێرمنداڵاكان لە ئێوارەیەكى سارد و هەڵ لەرزیودا بە گوللەى ئەو كەسانەى بە ناوى شۆڕشگێڕەوە ئێستا سامانى وڵاتەكەمان دەدزن، خوێنى گەرمى مرۆڤێك كە پڕبوون لە جوان و خولیا و كوردبوون، رژند و تەنها جەستەیەكى سارد، درایەوە دەست كەسوكار و پاشان نیشتمان، ئەوەى مایەى دڵتەنگی و بێزارى ئەم دەڵاسەتە خۆسەپێنەیە، ئەوە یەك ساڵى رەبەقە تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو رووداوەدا، بەڵام بكوژەكانى هەروەك دینار و دۆلارى ئەم وڵاتە چۆن شاردۆتەوە ئاوهاش ئەو بكوژانەى داڵدەداوە.
ئێستا قسە لەسەر ئەوەیە ئایا كابینەى نێچیرڤان بارزانى دەتوانێت چى بكات بۆ ئەو خەڵكە و پاكێجەكانى ئۆپۆزسیۆن؟ یان ئەوانەى تۆمەتبارن بە كوشتن و برینداركردنى خۆپیشاندەرانى (17)ى شوبات، كە هەندێكى زۆریان لە حزبەكەى ئەون، چى پێدەكرێت لەو چوارچێوەیەدا؟ یان دەپرسین دەتوانێت تەجاوزى هەڵوێستەكانى بەرهەم ساڵح بكات؟ چ بۆ خەڵكى كوردستان و دەنگى ناڕازى شەقامى كوردى و لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن؟ هەموو ئەمانە و چەندین تاقیكردنەوى تر ئامادە كراوە بۆ سەرۆكایەتى كردنى نێچیرڤان بارزانى لەم كابینەیەدا. لەلایەكى ترەوە خەڵكى كوردستان لە چاوەڕوانى ئۆپۆزسیۆندایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بارودۆخەى هەبوو لە رابردوو كە بە درێژكراوەى ئێستا بوونیەتى هەیە، لە هەدەردانى ئەو هەموو پارە بەشە بودجەیەى دابینكراوە بۆ پڕۆژەى وەهمى و بێبەشكردنى گەنجا و خەڵكى چینە جیاوازە هەژارەكان و...هتد. كاركردن بەم جۆرە سیاسەتەى ئۆپۆزسیۆن بەردەوام دەبێت یان هەنگاوى باشترى دەبێت و چارەسەرى شیاوتر دەكاتە بەدیلێك، بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە ئابورى و كۆمەڵایەتیەى هەبووە و بەردەوامیشە.
بۆیە دەكرێت لەم قۆناغەدا ئۆپۆزسیۆن پێویستە میكانیزمى جیاوازتر دەستنیشان بكات، وەك لەوەى پێشوتر هەبوو بەوەى چارەسەرییەكان لەوەدا نیە دواى چەند جار گفتوگۆ و كۆبونەوە بوترێت ئێمە بایكۆتى دانیشتنەكان دەكەین، تا دەسەڵات پڕۆژەكانمان جێبەجێ دەكات و داواكارى خەڵكى خۆپیشاندەر و شەقام چارەسەر دەكات، گرنگە خۆمان لەو مێژووە ئەزمونیە نەدزینەوە كە دەسەڵاتى كوردى چەندین بەڵێنیانداوە بۆ باشتركردنى دۆخى خەڵك.
ئەوەى ئێستا گرنگە بۆ هەر دوو لایەنى ئۆپۆزسۆن و دەسەڵاتى یەكێتى و پارتى كە بتوانن رێكەوتن و دانیشتنێكى جدى بكرێت، ئەنجامى كۆتاى بۆ خەڵكى كوردستان بدەنە دەستەوە و خاڵى یەكلایى كەرەوەبێت، بە تونێل و سنورێكدا پێكەوە هەردوو لایان تێپەڕ ببن و لەوسەرى ئەو تونێلەوە خەڵكى چاوەڕێى وەڵامە، ئەگەر نا قسەكردن و گفتوگۆكردن بەو شێوەى ئێستا لە دەرەوەى تونێلەكە نابێتە وەڵامێك بۆ خەڵكى كوردستان بە گشتى و دواتر رەنگە ئەوانیش بە شوێن بەدیلى دەسەڵات و هەڵوێستى ئۆپۆرزسیۆنیش بگەڕێن، بۆیە دەڵێین خەڵكى هەرێمى كوردستان ئومێدى چاوەڕوانى ئێوەیە چى دەكەن؟؟!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە