کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(پێشمەرگە) پیاوێك لە ئومێدیدا

Thursday, 25/08/2011, 12:00



 

 لە شۆڕش و بەرخۆدانى كورد هەمیشە سەنگەرێك هەبووە و پیاوێك تێیدا توانیویەتى ببێتە قەڵغانى بەرگریكردن، بە سیحر و داستانە نەبەردەكانى لەبەرامبەر دوژمنان، هەڵبەت بیرمان نەچێت ژنانیش بەشێك بوون لە بەشدارى ئەو خەباتەى كورد، یاخود هەندێك جار ناوهێنانى ئەم مرۆڤە لە ریزى سوپاى داگیركەرانى ساڵانى پێشودا، جۆرێك لە ترس و ئازارى دەرونى دروست دەكرد و وەك شڵەژانێك لەلاى هێزى سەربازى دەمایەوە.
 بۆیە هەمیشە پێشمەرگە خاوەن ئیرادە و هەڵوێستى نەتەوەیى جدى بوو لەپێناو ئامانجى گشتیدا، خاوەن كەرامەتى مرۆڤانەى خۆى بووە لە ئاستى هەر بۆچون و رایەكى نەخوازراوى كۆمەڵگەكەیدا، هەر لەو نێوەندەدا چەندین چالاكى هەمەجۆریان ئەنجامداوە جیاواز لە شاخ شاریان كردوەتەوە رێگایەك، بۆ دۆزینەوەى نەفەسێكى كورتیش بێت بۆ خۆیان و مێژووى نەتەوەكەیان، لەپاڵ هەموو ئەمانە دیوى دیكەش هەیە لەخیانەت و جاشایەتى لەم ریزەدا.
 بەڵام حورمەت و هێز و كەرامەت و داستان و خەباتیان هەتا ئەو موچەى وەریدەگرن، لە دەستى كەسانێكى كەمدایە كە پیشەیان پێشمەرگەیە، بە ئارەز و خواستى ئەوان ئەگەر وتیان شەڕ هەیە دەبێت خۆیان پڕچەك بكەن و بكەونە گیانى ئەو كەسانەى ئامانجى حزب و بەرپرسانێتى، هەر لە جوڵەپێكردنیان بەرامبەر خۆپیشاندانەكانى ئەم دواییەى باشورى كوردستان و ئەو رەوشەى هەموان لەبەرچاومانە، لەمكاتەشدا بردنیان بۆ ناوچەكانى سەعدیە و جەلەولا بە وتەى خۆیان بۆ پاراستنى گیانى كوردەكانى ئەو ناوچانەیە بەتایبەت، لەكاتێكدا لە دواى رژێمەوە باس لەوە دەكرێت نزیكەى (800) كورد كوژراوە و خانەوادەیەكى زۆر لەو دەڤەرانە دور خراونەتەوە، پێویستە ئەوە بڵێین بۆچى لەم كاتەدا ئەو هێزانە رەوانەى ئەو ناوچانە دەكرێن؟ ئەگەر بۆ رووبەڕووبونەوەى تیرۆر و سەقامگیرى ئاسایش و پاراستنى برا كوردەكانە بۆچى لەدواى رووخانى رژێمى سەدامەوە ئەو هێزانە جێگیر نەكراون؟ ئەگەر هێزى لیواى چوارى عێراقى لێبووە خۆ پێتان وابووە ئەوان هاوكارى گروپە تیرۆرستیەكان دەكەن لەو ناوچانە، خەڵكى سەربەوان لەریزەكانى سوپادا بەشدارن، لەلایەكى ترەوە بردنى هێز و جوڵە پێكردنیان بە شێوازێكى زۆر نهێنی و تایبەتمەندە، بەڵام بینیمان لە كەناڵە حزبیەكانى دەسەڵاتەوە چۆن نمایش دەكراو جۆرێك لە شانازى كردنى پێوە بوو كە كورد دەتوانێت رۆلێ هەبێت، دیسانەوە دەپرسین بۆچى ئەو هێزانە لەكاتى خۆپیشاندانەكان بەشێوەى شاراوە جوڵەیان پێدەكران لەگەڵ ئەو چەكە قورسانەى ئامادەیان كردبوو، لەبەرامبەر خۆپیشاندەرانى شار و شارۆچكەكانى پارێزگاى سلێمانى كە پاشماوەكانى نها ماوەتەوە.
 ئەوەى جێگەى شانازى بوو بۆ میللەتى كورد پێشمەرگە مرۆڤێك بوو لە ماندونەبوون و خۆنەویستى و زیندان و دەستگیر كردنى خانەوادەكە هەموو ئەوانە چۆك و كۆڵى پێ دانەیا، بەڵام بەداخەوە ئێستا كابرایەك لەم بەرو یەكێكى تر لەو بەر هەركات توڕەبوون بە واژویەك ئەو هەموو هێزە دەخەنە كار، بینیمان لەو ماوەى پێشودا چۆن باوكیان رووبەڕوى كوڕ و براو كەسوكارى یەكتر دەكردەوە، لەپێناو ئەوەى داواى چاكسازى و گۆڕینى ئەو دەموچاوانەیان دەكرد كە بەویستى خۆیان رشتنى خوێنى نەوەكانى ئەم وڵاتە حەڵاڵ دەكەن، بۆ مانەوەى ناو ئۆتۆمبێلە جام رەشەكان و سەفەرى دەرەوە و...هتد،  لەسایەى پۆستە حزبیەكەیان و دزینى سامانى خەڵكى بەناوى خەباتەوە، لەئێستاش ئەو هێزە قوربەسەرەى بەمانگانەیەكى كەم دەكرێتە ئامراز و وەسیلەیەك بۆ پاراستن و هێنانەدى ئامانجى حزب و نوخبەكانى، لەپاڵ هەموو ئەمانەدا و لە ریزەكانى پێشمەرگەدا دەبینى كەسانێكى خاوەن بیروڕاو نیەت پاك و ئیرادەیەكى نەتەوەیى هەیە، وەك هێزێكى ئامادە لەمەیدانەكەدایە بە ئەركێكى نیشتمان پەروەرى دەزانێت هەر شۆڕشێكى پیشەیانە ئەنجام بدات، بەڵام ئەوە ئێوەن شۆڕشتان بەویستى حكومەت و دەوڵەتێكى داگیركارە، ئەگەرنا سنورەكان، پێویستیان بە پاراست نیە؟ یان بە نوسراوێكى شەرمنانەى ئیدانەكردن، بەڵكو ئەم دۆخە پێویستى بە هەوڵستى جدى و داخستنى سنورەكان نیە؟ بە هەڕەشەى داخستنى باڵوێزخانەكانى ئەو وڵاتانە نیە لە هەرێمى كوردستاندا؟ لەكاتێكدا ئەو هەموو راوڕاوێنەى هێزەكانى ئێران و توركیا دەیكەن لەناو خاكى هەرێم بەپیادە و هێزى سەربازى زەمینى و ئاسمانى، لەبەر ئەوە خۆمان لەو راستیە نەشارینەوە هەیبەتى پێشمەرگە ئێستا لە گیرفان و دەستى سیاسیەكاندا، نەك لە خودى ئەو مرۆڤانەى پێیان دەوترێت پێشمەرگە، بۆیە لەسەر و هەموو ئەو ماندوبونەى چەندین ساڵیان ئێستاش لە میدیاكانەوە داواى هاوكارى دەكەن، بەهۆى كەم ئەندام بوونیانەوە، ئەو شێرەى پێیان دەوت (هەڤاڵى پێشمەرگە) ژیانى رۆژانەیان لە حاڵەتێكى نالەبار و قورسدا بەرێ دەكەن، ئەوان بەردەوام دەستیان لە تفەنگەكانیان بەرامبەر دوژمنانى كورد بەرنادەن، بەڵام هەندێك سیاسیش بەردەوام دەستیان لە بوتڵى مەشروبات و ....هتد بەرنابێت، بۆیە دەبێت جیاوازى بەكەین لەنێوان ئەو دەستانەدا و دەست و ئیرادە و تواناى نەتەوەیى دیارى بكەین، بەدڵنیایەوە كوڕانى شۆڕش و میللەتى كورد هەر لە چاوەڕوانى دابینكردنى ژیانێكى باش بۆ خەڵك و خانەوادەكەیان دەیانەوێت هەوڵدەدەن، بەڵام میزاجى و كۆیلە بوونى هەندێك لەو بەرپرسانە وایكردوە (سڵاوى گەرمى دڵى پر ئومێد)یان لە بیرچۆتەوە.
 لێ پابەندبوونى هێزى پێشمەرگەى كوردستان پێموایە بەئەركێكى نەتەوەیى و نیشتمانى و لێ ناڕوانرێت و خەباتى بۆ ناكرێت، بەڵكو تەنها چەند درهەمێكى كەم و بێكارى وڵات وایكردوە پەیوەست بن بەمانەوە لەناو كارێكدا پێى دەوترێت (پێشمەرگە)، لەكاتێكدا لەناخى هەر یەكێكیاندا پڕیەتى لە نائومێدى بەكار و تێكۆشان و هەوڵەكان، واتە مرۆڤێكیان بەرهەمهێناوە خاڵى لەناخێكى گەرم و هەڵقوڵاوى نیشتمانیانە، لەبەر ئەوەى وەك  دەڵێن "ئەگەر ئاوێك لەسەرەوە لێڵ بێت لەخوارەوە چاوەڕوانى روناكى لێناكرێت".
 [email protected]      
 
      
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە