کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ته‌قه‌ڵ و که‌له‌پچه‌ و دیموکراسی

Wednesday, 14/09/2011, 12:00






باکم چیه‌ ئه‌گه‌ر تاجێکم له‌سه‌رنیه‌، خۆ پێنوسێکى پاک و پیرۆزم به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌هیچ ده‌سه‌ڵاتێک ناترسێت. (ڤۆلتێر)

کێ بوو په‌لاماردراو کلکه‌ ده‌مانچه‌ کرایه‌ پیرۆزبایى جه‌ژنى، کێ بوو که‌له‌پچه‌ کراو رووبه‌ڕوى سوکایه‌تى و ئازارکرایه‌وه‌، (جاسوسێک، دزێک، تیرۆرستێک، ته‌قه‌که‌رێک...هتد) هیچ کامیان، به‌ڵکو دوو رۆژنامه‌نوس بوون، ئه‌مانه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌و شاهیدیه‌ى ده‌سه‌ڵات وه‌ک ده‌ستپێشخه‌ریه‌ک ده‌یخه‌نه‌ به‌رده‌ست وڵاتان که‌ بوونى دیموکراتى و باسکردنى درۆیه‌کى به‌رده‌وامه‌.

ئێوه‌ ده‌توانن ته‌قه‌ڵ‌ له‌ شلیفى پاره‌ و سامانى ئه‌م میلله‌ت و وڵاته‌ بده‌ن و که‌س نه‌تانبینێ بۆ ماوه‌یه‌ک، به‌ڵام ناتوانن رۆژنامه‌نوسان بریندار بکه‌ن و ته‌قه‌ڵی جه‌سته‌یان بشارێته‌وه‌، ئێوه‌ ده‌توانن که‌له‌پچه‌ بکه‌نه‌ ده‌ستى دز و جه‌رده‌ و چه‌ته‌کانى ئه‌م وڵاته‌، به‌ڵام ناتوانن له‌جێى کاتژمێرى ده‌ستیان که‌له‌پچه‌ى نادیموکراتى بکه‌نه‌ ده‌ستى رۆژنامه‌نوسێک و ئاساییش بێت، ئێوه‌ ده‌تانتوانى له‌پێش جه‌ژنى ره‌مه‌زاندا له‌جیاتى ناردنى که‌سێک بۆ لێدان و سوکایه‌تى کردن به‌ رۆژنامه‌نوس (ئاسۆس هه‌ردى)، ده‌کرا نامه‌یه‌کتان به‌وکه‌سه‌دا بناردایه‌ و پیرۆزبایتان بناردایه‌ و ده‌ستپێشخه‌ریتان بکردایه‌، به‌ڵام له‌مه‌شیان سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون و هه‌موومان بینیمان، چاوه‌ڕێ ده‌کرا سه‌ردانى ده‌زگاکانى میدیا ئه‌هلیه‌کان بکه‌ن و له‌بارى ئه‌منیان بپرسن و به‌خه‌میانه‌وه‌بن، تاکو سبه‌ى له‌ رووداوێکدا گه‌واهى ئه‌وه‌ بده‌ن بۆتان که‌ ده‌تانه‌وێت دیموکراتى بچه‌سپێت، به‌ڵام به‌و هێز و چه‌کداره‌ زه‌به‌لاحه‌وه‌ ئه‌وه‌ى کرا به‌ ئۆفیسى گۆڤارێک که‌ له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیى و ده‌ره‌وه‌ ئیعتیبارى تایبه‌تى هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ی سوکایه‌تیتان به‌که‌سێک کرد له‌کاتێکدا سێ مافى هه‌یه‌ به‌سه‌ر ئێوه‌ و وڵاته‌که‌وه‌، ئه‌ویش (هاوڵاتى بوون، مامۆستاى زانکۆ، رۆژنامه‌نوس) ئه‌ویش میره‌ى سه‌رنوسه‌ر بوو.

گرفتى بیرکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام ئه‌وه‌یه‌ سود له‌ ئه‌زمونى ده‌سه‌ڵاتى پێش خۆى و ئێستاى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ وه‌رناگرێت، خه‌ڵکى شۆڕشى کرد و هاوکارى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ى کرد تاپاراستنى که‌رامه‌ت و زمانى ئینسانه‌کانى پارێزراو بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌نوکه‌ ده‌سه‌ڵات کار بۆ پاراستنى خۆى و کورسى و پاره‌ى بلۆک کراو و مانه‌وه‌ى ده‌کات، جیاواز له‌مانه‌ش ئه‌و مامه‌ڵه‌ ناته‌ندروسته‌ى به‌رهه‌مهێناوه‌ که‌ ده‌بینى، به‌درێژایى ئه‌م ساڵانه‌ى دوایى له‌سه‌ر ته‌ختى شانۆى سیاسى و گۆڕه‌پانى کوردستان ئه‌وه‌ بووه‌ پێشکه‌شى هاونیشتمانیانى کردوه‌، که‌ سه‌ره‌تاییترین ماف ده‌ربڕینى بیروڕاى تاکه‌کانیه‌تى نه‌یتوانیوه‌ هه‌زمى بکات.

بۆیه‌ ده‌بوو ئه‌و که‌س و گروپه‌ مافیایه‌ى هه‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ى بگه‌نه‌ شوێنى ئامانجه‌کانیان، رێگه‌ نه‌درێت ئه‌وانه‌ کۆڵه‌که‌یان دابگرن و ده‌ست به‌ ئاوڕشێنى ئاره‌زوى به‌رپرس و حزبه‌کانیان بکه‌ن، له‌ئێستادا پێویسته‌ میدیاکارانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى یه‌کێتى و پارتى له‌ کار و به‌رنامه‌که‌یاندا بڕیارى داخستنى ده‌روازه‌کان بدرێت و ئه‌مان پێیدا تێپه‌ڕێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌توانین بڵێین ئێستا به‌شێک له‌که‌سانى نه‌خوێنده‌وار حاکم و حوکمى وڵات ده‌که‌ن.

له‌م قۆناغه‌دا چاوه‌ڕێ ده‌کرا حکومه‌ته‌ دابه‌شکراوه‌که‌ى یه‌کێتى و پارتى، بڕیارێکیان ده‌ربکردایه‌ و پرۆژه‌ى ئه‌وه‌یان هه‌بوایه‌ هه‌ر که‌سێک به‌تایبه‌تى رۆژنامه‌نوسێک بتوانێت، مه‌له‌فێکى گه‌نده‌ڵى له‌هه‌ر وه‌زاره‌ت و داموده‌زگایه‌ک بخاته‌ سه‌ر په‌ڕه‌ى گۆڤار و رۆژنامه‌که‌ى، ئه‌وا خه‌ڵاتمان ناوێت، به‌ڵکو به‌گرنگیه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ڵێنى رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ئه‌و که‌س و لایه‌نه‌ى بدایه‌ که‌ خاوه‌نى ئه‌و مه‌له‌فه‌یه‌ و رێزتان له‌ رۆژنامه‌وانه‌که‌ بگرتایه‌، وه‌لێ ئێوه‌ ئه‌مانه‌ له‌ فه‌رهه‌نگ و پرۆژه‌ سیاسیه‌کانتان جێى نابێته‌وه‌ و هه‌ر خۆتان ئاگادارى هه‌موو ئه‌و کرده‌وه‌ ناشرین و نایاسایى و نادیموکراتیه‌ن که‌ له‌م هه‌رێمى سێ پارێزگایه‌دا ده‌گوزه‌رێت.

ناڵێم پێویسته‌، به‌ڵکو هه‌موان وه‌ک ئه‌مر هاوار ده‌که‌ین و ده‌بێت ده‌سه‌ڵات خۆى له‌ راستیه‌کان نه‌شارێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خۆشاردنه‌وه‌ کات و ته‌وقیته‌که‌ى که‌مه‌ چاره‌سه‌رکردنى ئاریشه‌کانى له‌هه‌ر کوێ بن یه‌خه‌تان ده‌گرێت و له‌ ده‌رگاتان ده‌دات، وه‌ک رووداوه‌که‌ى ئاسۆس چۆن ده‌رگاى کرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ى ده‌یانویست له‌ خه‌ڵکى بده‌ن و دواتر له‌ پشت ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و له‌ ژووره‌ تاریکه‌کاندا خۆیان حه‌شار بده‌ن، به‌ڵام زوو تیشکى کازیوه‌ى به‌یانییه‌کى راستیه‌کان هاته‌ سه‌رتان و خه‌به‌رى کرده‌نه‌وه‌ له‌و کاره‌ نه‌شیاوه‌تان.
بۆیه‌ ده‌ڵێین له‌ وڵاتێکدا خۆت به‌ خاوه‌ن به‌رهه‌مهێنانى دیموکراتى بزانى، (32) ته‌قه‌ڵ‌ له‌سه‌رى رۆژنامه‌نوسێک بده‌یت و ئه‌وى دیکه‌ به‌ که‌له‌پچه‌کراوى راپێچى بنکه‌ى میرى بکه‌یت، ئه‌مانه‌ و دیموکراتیه‌که‌تان یه‌کده‌گرنه‌وه‌؟

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە