ئەگەر حزب، حزب ئەگەر.....
Saturday, 11/02/2012, 12:00
ئەگەر بڕوانینە ئەداى كاركردن و مامەڵەكردن لەگەڵ مرۆڤەكان لەم قۆناغەدا، زۆر جار گوێبیست دەبین كە دەگوترێت هەموو شتێكمان بەگفتوگۆى سەر سفرەو خوانەكانیشەوە بۆتە سیاسەت، بەڵام ئەوەى پرسیارە لەلاى هەموان كام سیاسەت؟بەچ ئامانجێك سیاسەت لەكوردستاندا دەكرێت؟ئەوانەى هەڵگرى بیرى و فكرەى سیاسەت دادەڕێژن كام كەسایەتى تازەو ئەكادیمین یاخود ترادسیۆنین؟بۆیە هەموو كاروكردەوەو بڕیارەكان لەلایەن ئەو گروپ و نوخبانە ئەحزابى سیاسیەوە ئەنجام دەدرێت چ لە نێوخۆى حزب و چ ساحەى سیاسى كوردستان و مامەڵەكردن و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ وڵاتانى دەرەوەى هەرێمى كوردستان، بەناوى گشت چین وتوێژەكانەوەو گفتوگۆ كردن و هێز دروست كردن و بازاڕى ئابورى ئاڵوگۆڕ پێ دەكرێت بەخواستى ئەو نوخبانەى بوونەتە بیركردنەوە لەبرى كۆمەڵگاى كوردى.
ئەوەى بۆتە جێگەى سەرسوڕمان حزبى كوردى بەدرێژاى دواى ڕاپەڕین بەتایبەت دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەى هەرێمى كوردستان، وەك نەیانتوانیوە جۆرێك لە خۆشەویستى لەنێو تاكى كۆكەڵگادا دروست بكەن، لەلایەكى ترەوە هەنگاویان نەناوە بۆ ئەوەى ڕێگربن لەدروست بوونى ڕق و كینە لەنێو ئەو كۆمەڵگایە، كە دواجار ئەو چەكەرەو بەرهەمە توڕەى هەبوو كاركردنى ئەوان بووە لەهەمبەر ئەوەى كۆمەڵگا ژیانى خۆى ڕادەستى ئەو دوو حزبە كردوە، كەچى دەبینیت ماف و پاراستنیان نەدراوە بەتایبەت ئەوانەى ڕۆژانێك عارەق و خوێنیان تێكەڵ بووە، لەپێناو ڕۆژێك ئاڵاى كوردستان لەبەرزیدا ببینرێت و دەستور ئاسایشى و ئەمنى لەپێكهاتەى تاكەكانى خۆ و هاوزمانانى بێت، بەڵام بەداخەوە حكومڕانى كردن لەچاو ئەو وێنەو خەیاڵەى هەبوو ڕەنگە پەشیمانى لەداوە بێت و وەڵامى پرسیاری گەلێك تائێستا لەسەر ئازاى تاكەكەسى و بیروڕا هەروا مابێتەوە.
ئەوەى لەسیاسەتدا بەشێوە زانستیەكەى هەیە سیاسەت لەكورترین مانادا بریتیە لەبەدەست هێنانى بەرژەوەندى گشتى، بەڵام ئەوەى ئێستا حزبى كوردى بەڕێوەى دەبات لەژێر ناوى حزب وسیاسەت تاچەند بۆتە بەرژەوەندى گشتى؟ كەبەدڵنیایەوە بۆتە بەرژەوەندو ئامانججى حزبى و لەنێو حزبیشدا بۆتە بەرژەوەندى كەسانێكى كەم و دیار، ئەگەر بڕوانینە وڵاتانى دەوروبەر بەتایبەتى ئەوانەى لەساڵى ڕابردو كۆتاى بەدەسەڵاتیان هێنرا، بینیمان و بیستمان لەژێر سایەى ئەو حكومەت و حكومكردن و سیاسەتەدا، چۆن گەورەترین سامانى هاونیشتمانیانى خۆیان لەنێو بانكەكانى دەرە بلۆككردبوو، یان چۆن بەكاردەهێنران بۆ خزمەتكردنى نەوەكان و مامەڵەكردن پێیانەوە چ لە نێوخۆو چ لەدەرەوەى ئەو وڵاتانە، بۆیە ڕەنگە ئەوە خاڵى كۆتاى نەبێت كە ئاشكرابووەو داهاتوو و مێژوش پێدەچێت بەرهەمى دزیكردنیان بەناوى حزب و حكومەت و پادشایەتى خەڵكى شتى ترى مابێت، هەموو ئەمانەش بەڕاى من دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونى دادگاكان و ڕۆڵ و پێگەى بەهێز بۆ كەسایەتەكان كە لەچوارچێوەیەكى سەربەخۆ و بێلایەندا كاربكەن، بتوانن مافى هەمووان پارێزراوبێت بەوەى خەڵكى ئومێدى بەدەوستكراوەى كەسانێكە بەناوى سەرۆك و سەركردەو سیاسەتكردنیانەوە، لەتازەترین ڕوودایشدا باس لەوە دەكرێت سەرۆكى هندستان بەنیازە گەندەڵى بخاتە نێو دادگاكانى ئەو وڵاتەوە، لەكاتێكدا گرنگە لەهەر وڵاتێكدا چەند وەزارەت و دەزگایەكى هەستیار بەڵێ كەم كورتى هەر دەبێت، بەڵام نەك گەندەڵى تێدا بێت لەوانە وەزارەتى دادو پەروەردەو تەندروستى، كەپێم وایە ئەمانە زۆر پەیوەستن بەژیان و مان و نەمانى خەڵكەوە چ لەڕووى عەقڵ و پێشكەتن و مافى مرۆڤەوە، چ لەڕووى ژینگەو زیانى جەستەییەوە،بۆیە ئەوەى ئێستا لەكوردستان دەگوزەرێت بەناوى حزب وسیاسەتەوە دەتوانم بڵێم مامەڵە كردنە بە بەها ئینسانى و نەتەوەو نیشتمانیەكان، بەبێ ئەوەى بتوانى ببیتە خاوەنى زیان و هەڵوێستە لەسەركردن هەر لە بەزاندنى سنورەكان و دەستگیردن و لەناوبردنى هەموو ئەو هاوڵاتیانەى لەباشورو ناوچەكانى ترى كوردستان، لەنێویشیاندا بەپشكۆكردنى خانەوادەیەك لەمانگى ڕەمەزانى و پارو سى وشەش گەنج لەڕۆبۆسكى، بۆیە كاتێك حزب كار بەیاسا و سیاسەتكردنى بەرژەوەندى نادات دەبێت باجەكەشى وەربگرێت، هەروەك هیگڵ ئاماژە بەوە دەكات (ئەگەر یاسا نەبێت دەبێتە شەڕى هەمووان دژى هەمووان).
لەئێستادا دەنگۆو باسى ڕووداوەكانى(17)ى شوبات دەكردێت كە خوێنى لاو گەنجى كورد بەدەستى كادیران و بڕیارى حزبى كوردى ئەنجام دراوە، چەندین وێنەى دڵتەزێن هاتنەوە بەردەم خەڵكى كوردستان، بەتایبەت بۆ ئەو خانەوادانەى هەر چاوەڕوانى پشو هەناسەیەك دەكەن كە بەئارامى لەنێو جەستەیاندا بێت و بچێت، بەوەى دەسەڵاتى كوردى ببێتە باوكێك و چەترى دادوەرى هەڵبدات و ماف و قەرەبوى مەعنەوى ئەوان بكاتەوە، بەداواكاریەكانیان و كەهەركات باس لەو ڕووداوانە دەكرێت وێنەى نەوەكانیان لەقوتابخانەو سەیرانگاو شوێنەگشتیەكان نابینرێنەوە، بەڵكو لەنێو باروت و خوێنەو هەوارو گریانێكدا بەدى دەكەن لەنێو میدیاى نێوخۆى و جیهانیش، كە ئەمە ساتبەسات حەسرەتەكان زیاتر دەكەن و، بێ ئینتماى بۆ دەسەڵات و خاك وڵات كەمتر دەكاتەوە بۆ ئەوەى شانازى بكرێت بەهێزو حزب وسیاسەتێكەوە كە لەبەرژەوەندى ئەوان و كۆمەڵگادا نەجوڵێتەوە، ئەوان چاوەڕێى بینینى ئەو بكوژانەن لەدادگاكان حكومى خۆیان بدرێت، نەك بەوەى هەرباسى جێبەجێكردنى داواكاریەكان بكرێت تەنها بەقسە، وەك چینیەكان دەڵێن (یەك دیمەن لە هەزار وشە قسەكردن بەسوودترە).
ئەوەى ئێستا هەیە بەناوى حزب و سیاسەتكردنەوە لەكوردستاندا، بۆچونم وایە ئەگەر حزب ئەوەیە سیاسیەكان دەستیان دەوەتێ و فەرزى دەكەن ، یان كاركردن بۆ نیشتمان و نەتەوەو پاراستنى لەدوژمنانى دەرەكى،یاخود ترس لەهەر بیروبۆچونێك لەدەرەوەى ئەو ئایدۆلۆژیەى ئەوان،یان ترس لەهەر گردبونەوەیەك و خۆپیشاندانێك.....هتد، ئەمانە نەحزبیایەتى و نە سیاسەتێكى ڕاستگۆیانەى پێ دەگوترێت كە بتوانێت ماف و كەرامەتى هاوڵاتیەكانى بپارێزێت، چونكە دەبینى هەر بەرپرسێك سادە كە بەحساب وتەى خۆیان هەڵبژێردراوى خەڵكن و شۆڕشگێڕیان كردوە پێكەوە بۆ ئەمڕۆ،بەڵام دەبینى ئەو گشتە ئۆتۆمبیل و پاسەوانە خەیاڵیەى لەماڵ و كاركردن و خزمەتكردندایە بەو كەسانە،بۆیە دەڵێین هەموو ئەو كەسانەى توانیویانە هەڵقوڵاى دەنگ و بیروباوەڕو متمانەى خەڵكى بێت، زۆر ئاساییە بەتەنها بەنێو بازاڕو پاركەكاندا بەپیادە بێت و گوێش لەهەموان بگرێت، لێرەدا وتەیەكى لاوتزو هەیە كە دەڵێت (دەرگاى چاك پێویستى بە قوفڵ نییە)
لەم كاتەدا دەسەڵاتى كوردى خۆى پێش هەموان دەزانێت داواكارو پێویستیەكانى كۆمەڵگاو تاكەكانى چیە، گرنگ نیە بەوە خەڵكى لەخشتە ببرێت كەداواكاریان چیەو ئێمە بەدواچون دەكەین وهەندێك قسەى بریقەدارى تر كە جێگەى باوەڕى كەس نەبێت، هەنوكە كۆمەڵگا بەختەوەرى نەماوە بۆ دەسەڵاتى سیاسى و حكومڕانى لەژێر سایەى ئەواندا بەم جۆرە و بێگۆڕانكارى، دوبارەكردنەوەى هەندێك ڕستەكە لەئێستا هەموان لەبەرمانە،بەڵام بێ ئەوەى لەعەمەلدا ڕۆڵێكى جدى ببینرێت، ڕەنگە ئەمانەش تاكو كۆتاى وێستگەى چاوەڕوانى تاكى كۆمەڵگاى كوردى لێى بوەستن، ئەگەر نا لەو دیو بەڵێنە بێ كردارو كات بەسەر بردنەكەتان دۆخەكە لەبەرژەوەندتان نەبێت، ئەوكاتیش فریاى فریادڕەسێك نەكەون تا هاناى بۆ بەرن، ببنە حزب و سیاسیەك كەتەنها هەواو هەناسەتان لێوەر نەگیرێتەوە، لەبەر ئەوەى تەواوى بەختەوەرى كۆمەڵگاتان وەرگرتۆتەوە، دەستان بەسەر گشتى لایەكیدا گرتوە هەمووى لەپێناو مانەوەو بەكارهێناى خۆتان و خزمەتكردنى خانەوادەتان بەكارهێناوە، وەلێ حزب ئەگەر ئەمە بێت سەدان جار ڕۆژانە بەر ڕەخنە دەكەوێت، یان ئەگەر حزب ئامانجى مانەو خۆسەپاندن بێت بێ ئەوەى سودى گشتى هەبێت و كۆمەڵگایەكى مردو دروست بكات،ئەوا خودا بتان باتەوە سەر ئەو كات و ساتەى خاوەنى كەمترین لایەنى مادى بوون و بەختەوەریتان وون كردبوو، وەك سۆفۆكلیس دەڵێت(كاتێ مرۆڤ تەواوى بەختەوەرى وون دەكات ، ئەواچیتر ناژى ، بە جەستەیەكى مردوو بانگى بكە كە هەناسە دەدات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست