مێدیای ده‌سه‌ڵات مێدیایه‌کی چه‌په‌ڵه
Sunday, 08/11/2009, 12:00
له هه‌فتا و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا ڕژێمه داپڵۆسێنه‌ره‌که‌ی سه‌دام حسێنی له‌ناوچوو جار و بار هه‌ڵده‌ستا به پیشاندانی ئه‌و که‌سانه‌ی، که وازیان له پێشمه‌رگایه‌تیی ده‌هێنا و له‌به‌ر هه‌ر هۆکارێک بێت " ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕیزی نیشتمانی" هه‌ندێک جاریش هه‌ڵده‌ستا به پیشاندانی ئه‌و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی، که له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌یانهانیه‌وه. ڕوویه‌کی غه‌مبار و تێکشکاو، که جگه له په‌شیمانیی و هه‌ستکردن به هه‌ڵه هیچ شتێکی تر له ده‌م و چاویاندا به‌دی نه‌ده‌کرا.
کات هات و کات ڕۆشت و زه‌مانه‌ش سه‌دامی خسته ناو زبڵخانه‌ی مێژوه‌وه، به‌ڵام
هه‌زار حه‌یف و مه‌خابن ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد چۆن به درێژایی چه‌نده‌ها ساڵه هه‌ندێک له وانه‌کانی سه‌دام و قوتابخانه‌که‌ی له ناو کوردستاندا دووباره ده‌که‌نه‌وه به دابه‌شکردنی کۆمه‌ڵگا بۆ حیزبیی و ناحیزبیی و هه‌روه‌ها به حیزبکردنی سه‌رتاپای دام‌و ده‌زگاکانی کوردستان، هێزێکی داپڵۆسێنه‌رانه‌ن به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌نگێک، که جێگه‌یان پێ له‌ق بکات، گه‌ر بتوانن ئه‌و ده‌نگه کپ بکه‌ن، به‌کارهێنانی هه‌موو شێواز و ڕێبازێک له پێناوی پارێزگاریکردنی کورسییه‌کانیان، گه‌رچی ئه‌و ڕێگا و ڕێبازه له هه‌موو بنه‌مایه‌که‌ی مۆراڵی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییش ده‌ربچێت.
یه‌کێک له‌و ڕێبازانه‌ی، که ده‌سه‌ڵات گرتویه‌تیه ده‌ست، بریتییه له هه‌واڵی ئه‌و که‌سانه‌ی که له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو یه‌کێتی یاخود سه‌دام وته‌نی "گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ڕیزی نیشتمانی"، هه‌تا گه‌شتۆته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که که‌سانێکی وه‌ک ئازاد جوندیانی و مه‌لا به‌ختیار، وته‌بێژی خێزانی تاڵه‌بانی، به هه‌موو بیر و بۆچوون و نزری خۆیه‌وه باس له‌وه ده‌کات، که له فڵان ده‌ڤه‌ر سی که‌س و له شوێنێکی تر چل که‌س و له شارێکدا دووسه‌د که‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ناو یه‌کێتی، به‌ڵام باس له‌وه ناکات، ئایا چه‌ند ده‌هه‌زاری و سه‌د هه‌زاری وازیان له یه‌کێتی و پارتی هێناوه و بۆچی یه‌کێتی له ناو بنکه‌ی هێزی خۆیدا، که شاری سلێنمانییه، تووشی ئه‌م نه‌هامه‌تییه بوو، که نه مه‌لا به‌ختیار و نه مه‌لا به‌ختیاره‌کانی تریش نازانن ئه‌و په‌ڕۆکۆنه‌ی به ده‌ستیانه‌وه ماوه، چۆن پینه‌ی بکه‌ن،خۆ بێگومان گه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵکه‌وت له ناوچه‌ی سلێمانی، گه‌ر له هه‌ولێر و دهۆکیش بۆی بڕه‌خسایه، ئه‌وا ڕووی پارتی دیموکرات له ئێستای یه‌کێتی سپی‌تر نه‌ده‌بوو، به‌ڵام تاکه شتێک که پارتی دیموکراتی له هه‌مان نه‌هامه‌تی ڕزگار کرد بریتییه له‌و سیستێمه تۆتالیتاره‌ی، که له‌ناوچه‌ی هه‌ولێر و دهۆکدا به‌کاری ده‌هێنێت و له هه‌مان کاتدا ئه‌و ڕێبازه‌ی که پارتی گرتییه به‌ر له‌پاش کاتژمێر سێی پاشنیوه‌ڕۆ له ڕۆژی هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا.
جا نازانم مه‌به‌ست و ئامانج چییه، کاتێک له یه‌کێک له که‌ناڵه‌کانی کوردستان که‌سانێک پیشان ده‌ده‌ن، که وازیان له گۆڕان هێناوه؟ ئه‌و په‌یامه چییه،که له میانی ئه‌و وێنانه‌دا ده‌یانه‌وێت به کۆمه‌ڵگای کوردی ڕابگه‌یه‌نن؟ ئایا ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون بکه‌نه‌وه. که هه‌ر که‌سێک له پارته‌که‌ی کاکه و مامه لا بدات ئه‌وا ڕێبازێکی هه‌ڵه ده‌گرێته به‌ر و کۆتاییه‌که‌شی هه‌ر په‌شیمانی و نه‌هامه‌تییه؟ یاخود ده‌یانه‌وێت ڕێبازی پارتی و یه‌کێتی بخه‌نه ناوقاڵبی په‌یامێکی پیرۆزه‌وه و که هه‌ر که‌سێک له په‌یامی ئه‌م دوو حیزبه لابدات، ئه‌وا خوا ده‌یگرێت و گه‌لیش نه‌فره‌تی لێ ده‌کات؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له‌م چه‌رخه‌دا نه‌یانتوانیوه ئه‌وه تێبگه‌ن، که کۆمه‌ڵگایه‌ک ڕا و بۆچوونی جیاوازی تێدا ده‌بێت و مه‌رج نییه ئێمه هه‌موومان له ژێر سێبه‌ری زه‌رددا یان سه‌وزدا نیشته‌جێ بین؟ ده‌سه‌ڵاتێک که باسی دیموکراتی بکات و له هه‌مان کاتدا به‌و شێوازه نامۆراڵیانه ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ که‌سانێکدا بکات، که له ڕێبازی حیزبه‌که لایان داوه و ڕێبازێکی نوێیان بۆ خۆیان هه‌ڵبژاردووه، ده‌بێت ته‌فسیری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بۆ زاراوه‌ی "دیموکراتی" چی بێت؟ جگه له‌وه‌ی، که ڕێبازی چه‌په‌ڵی تریشیان گرتۆته به‌ر به نانبڕینی چه‌نده‌ها که‌س و بێبه‌ش کردنی خۆیان و خێزان و منداڵه‌کانیان له مافیان بۆ کار و ژیانێکی سه‌ربه‌ست وئاسوده. هه‌روه‌ها بێده‌نگبوونی سه‌رتاپای ده‌سه‌ڵات هه‌ر له به‌ڕێز مه‌سعود بارزانییه‌وه تا پله‌کانی خواره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات نیشانه‌یه‌که بۆ ڕه‌زامندی لوتکه‌کانی ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌و پلانه نامرۆڤیانه‌ی ، که یه‌کێتی له ناو ناوچه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا جێبه‌جێی ده‌کات.
ڕاسته گه‌ر بڵێین، که مێدیای بێلایه‌ن له جیهاندا بوونی نییه و هه‌موو بنکه‌یه‌کی بینراو و بیستراو و نوسراو خاوه‌نی ڕێبازێکی ئایدیۆلۆجی خۆیه‌تی و یاخود له دوور یان له نزیک کار له‌گه‌ڵ لایه‌نێکی سیاسیی‌دا ده‌کات، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه، که مێدیا ببێت به ده‌روێشی ئه‌و لایه‌نه سیاسییه یاخود ئایدیۆلۆجیایه، هه‌روه‌ک له ناو مێدیای ده‌سه‌ڵات و دوو حیزبی ده‌سه‌ڵێتدا ده‌بینین. جا له ماوه‌ی هه‌ژده ساڵی مۆنۆپۆڵی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌رچی له توانایاندا بووه به‌کاریان هێناوه بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان و لم کردنه چاوی خه‌ڵکی و ڕیکڵامه کردن بۆ ئاستبه‌رزیی و پیرۆزیی و به‌توانایی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، که گێله‌پیاوانمان به پرۆفیسۆر پێ ده‌فرۆشنه‌وه. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له چوارچێوه‌ی ڕێبازێک دوور له هه‌موو بنه‌ماکانی مێدیا و بڵاوکردنه‌وه، که هه‌ندێک جاریش له سنووری مۆراڵه ئاساییه‌کان لاده‌ده‌ن، هه‌روه‌ک ئه‌و نموونه‌یه‌ی که له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م بۆ کرد. به‌ڵام نه‌بوونی مۆراڵی سیاسیی و به‌ڕێوه‌بردن له ناو ده‌سه‌ڵاتدارانی کورددا هۆکاری سه‌ره‌کین بۆ ئه‌وه‌ی، که ئه‌م وێنانه له ناو مێدیای ده‌سه‌ڵاتداراندا ببینین، که ته‌نها جگه له‌وه‌ی، که وێنه‌ی ده‌سه‌ڵات ناشرینتر ده‌کات، هیچ ئه‌نجامێکی تری نابێت، چونکه ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد ده‌بێت له‌وه بگه‌ن، گه‌رچی ئه‌وان کورسییه‌کانیان له ئاستی کۆمه‌ڵگا به‌رزتر بێت و ئێستا خۆیان وه‌ک خوایه‌ک بێته به‌رچاو، به‌ڵام کۆمه‌ڵگا گێل و گوجه‌ر نییه و هه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه که ئه‌وانی خسته ناو ئامێزی خۆیه‌وه و ئه‌وانه‌ی گه‌یانده ئه‌و ئاسته‌ی که ئێستا تێیدا ده‌ژین و هه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه که ساڵه‌های ساڵ دژ به ڕژێمه‌که‌ی سه‌دام ده‌جه‌نگا و منداڵانی کۆڵانه‌کان له خۆپێشاندانه‌کاندا و له کۆڵانه ته‌سکه‌کانی شاره‌کانه‌وه به‌ردیان ده‌گرته ته‌پله به‌سه‌ره سوور و سه‌وزه‌کانی ئه‌و ڕژێمه داپڵۆسێنه‌ره، ئێستاش هه‌مان منداڵ وه له هه‌مان کۆڵانه‌وه نه‌ک ته‌نها به‌ردبارانی ڕووی ڕه‌شتان ده‌که‌ن، به‌ڵکو نه‌فره‌تتان لێ ده‌که‌ن له سیاسه‌تتان، به‌ڕێوه‌بردنتان له مۆراڵتان له بێئابڕوییتان.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست