کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لیستی کوردستانی و بیردۆزی ئامانجه‌کان

Saturday, 13/02/2010, 12:00



لیستی کوردستانی له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی نوێی ناو عێراقدا چه‌ند ئامانج و پلانێکی خستۆته‌ به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر، که‌ تیایدا ده‌یه‌وێت ئه‌و کارانه‌ نیشان بدات، که‌ لیستی کوردستانی هه‌وڵی بۆ ده‌دات، ئه‌گه‌ر هاتو بتوانێت له‌ ناو ده‌سه‌ڵات و حکومه‌تی داهاتووی عێراقدا شوێن پێی خۆی بکاته‌وه‌.
سه‌یر له‌وه‌دایه‌، که‌ هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی که‌ خستویانه‌ته‌ ڕوو، هه‌مان خاڵن، که‌ خه‌ڵک به‌ درێژایی نۆزده‌ ساڵه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا تینوویه‌تی و به‌ڵام حکومه‌تی هه‌رێم تینوێتیه‌که‌ی نه‌شکاندووه‌، هه‌رچه‌نده‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات بووه‌، نۆزده‌ ساڵه‌ ئه‌م گه‌له‌ داوای جێبه‌جێ کردنی ئه‌م خاڵانه‌ ده‌کات و ده‌سه‌ڵات، که‌ له‌ لیستی کوردستانی پێک هاتووه‌، نایبیستێت. جا نازانم که‌ ئه‌مان نه‌توانن کۆنترۆڵی ناوچه‌یه‌کی عێراق و داواکاری خه‌ڵکانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بکه‌ن، ئایا سبه‌ینێ چۆن ده‌توانن ئه‌م خاڵانه‌ بۆ سه‌رتاپای عێراق بخه‌نه‌ سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع. یاخود ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌، که‌ ڕووبه‌ری گه‌نده‌ڵی ئیداریان له‌ سه‌ر شێوازی هه‌رێمی کوردستان ئه‌مجاره‌ سه‌رتاپای عێراق بگرێته‌وه‌؟
ئه‌وه‌ی له‌ لیستی کوردستانی و ده‌سه‌ڵاتی کوردی و حوکمی نۆزده‌ ساڵه‌ی به‌ڕێوه‌بردنیان بینیمان بریتی بوو له‌ گه‌نده‌ڵییه‌کی بێشومار، پاره‌خواردنێک، که‌ له‌ هه‌موو سنووره‌کان ده‌رچوون، جوانکاریکردنی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و چه‌واشه‌کرنی خه‌ڵکی، مێدیایه‌کی کوێر، که‌ به‌ بێ هیچ بنه‌مایه‌ک پشتگیری له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌کات، پیرۆزکردنی هه‌موو هه‌نگاوێکی ده‌سه‌ڵات و پێکهاته‌کانی، ئه‌گه‌رچی به‌ زیانی کورد شکابێته‌وه‌، هه‌روه‌ک ده‌نگدان بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییه‌ی عێراق، درستکردنی دیوارێکی زۆر به‌رز له‌ نێوان کۆمه‌ڵگا له‌ لایه‌ک وه‌ ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کان و لێپرسراوان له‌ لایه‌کی تر. جا هه‌مان که‌سایه‌تی زیاتر له‌ نۆزده‌ ساڵه‌ ناویان له‌ گوێچکه‌ماندا ده‌زرنگێته‌وه‌ و دووباره‌ ده‌کرێته‌وه‌ و هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک چه‌ند جارێک له‌ که‌ناڵه‌کاندا ده‌یانبینین، هه‌ر هه‌مان که‌سایه‌تین ئێستاش سه‌رپه‌رشتی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت و لیسته‌ی کوردستانی ده‌که‌ن. جا ئایا گه‌ر ئه‌وان به‌ نۆزده‌ ساڵ نه‌یانتوانیبێت ڕێچکه‌ی ویستی کۆمه‌ڵگایه‌ک بهێننه‌ دی له‌ ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵێتی خۆیاندا، ئایا له‌ ناوچه‌کانی تری عێراقدا چۆن ده‌توانن، ئه‌گه‌رچی هێز و بوونی خۆشیان هه‌بێت له‌ ناو حکومه‌تی داهاتوی عێراقدا. ئه‌زمونی چوار ساڵی ڕابوردوو به‌ڵگه‌یه‌کی باشه‌، که‌ لیستی کوردستانی له‌ پێناوی ده‌سه‌ڵاتدا کارده‌کات، نه‌ک به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات بۆ خزمه‌تی کورد و عێراق.
ئه‌وه‌ی، که‌ لیستی کوردستانی ڕیکڵامه‌ی بۆ ده‌کات له‌ چوارچێوه‌ی بیردۆزێکی سه‌ر کاغه‌ز تێناپه‌ڕێت و چۆن به‌ درێژایی ده‌سه‌ڵاتیان کاریان ته‌نها بۆ خۆیان کردووه‌، هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی به‌دیهێنانی ئه‌و خاڵانه‌یه‌ عه‌ره‌ب ووته‌نی (تعال باچر حتی أگولک تعال باچر) ئه‌وا هه‌روه‌ک ئه‌م جاره‌، پاش چوار ساڵی تریش هه‌مان خاڵ و ئامانج کۆپی ده‌کرێته‌وه‌ و ده‌خرێته‌وه‌ به‌رده‌می کۆمه‌ڵگا و خه‌ڵکیش ده‌بێت به‌ خه‌یاڵی شیرینی به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ چاوی لێک بنێت.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە