کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مام جه‌لال ونیلسۆن ماندێلا

Monday, 18/04/2011, 12:00


که‌م که‌س هه‌یه‌ له‌ جیهانی سیاسیدا ‌نیلسۆن ماندێلا له‌ جیهاندا، به‌تایبه‌تیی له‌ کیشوه‌ری ئه‌فریقادا نه‌ناسێت، ئه‌و پیاوه‌ ڕه‌شپێسته‌ ئازایه‌ی که‌وا نیوه‌ی ته‌مه‌نی خۆی له‌ زیندان دا دژ به‌ سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی (ئاپارتاید) به‌ سه‌ربرد و ده ر‌ئه‌نجام‌ توانی ئازادی و سه‌رفرازی له زیندانه‌وه‌ بۆ‌ ڕه‌شپێسته‌کان به‌ تایبه‌تی و گه‌له‌که‌ی به‌ گشتی تۆمار بکات.

نیلسۆن ماندێلا که‌وا ساڵی ١٩١٨ له‌ دایک بووه‌و به‌ یه‌که‌مین سه ر‌ۆکی ئه‌و وڵاته‌ داده‌نرێت که‌وا دیموکراتیانه‌ هه‌ڵبژێردرا،‌ که‌سایه‌تیه‌کی ناسراوو به‌ناوبانگه له‌ جیهاندا‌ و له‌ دڵی گه‌لانیشدا جیگای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، که‌سایه‌تیه‌کی ئاشتی خوازو خۆڕاگرو خۆشه‌ویسته و ساڵی ١٩٩٣ خه‌ڵاتی ئاشتی پێ به‌خشرا، کاتێک باس له‌ کیشوه‌ری ئه‌فریقاو که‌سایه‌تیه‌ ناودارو به‌ناوبانگه‌‌کانی ده‌کرێت‌ ناوی نیلسۆن ماندێلا له‌ لیستی سه‌ره‌وه‌دایه‌و ناوه‌که‌شی به‌رده‌وام وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌ک له‌ جیهاندا ده‌گه‌شێته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ نازناوی مادیبای لێ نرا،‌ نهێنی خۆشه‌ویستی و ناسراوی ئه‌م پیاوه‌ مه‌زنه له‌ دڵی گه‌لانی جیهان دا ته‌نها زیندان و خۆڕاگری و ڕابه‌رایه‌تیکردنی شۆرشی ڕه‌شپێسته‌کان و هێنانه‌دی ئازادی نیه‌ بۆ گه‌ل و نیشتیمانه‌که‌ی ، به‌ڵکو گه‌وره‌یی و ئازایی ئه‌م سه‌رکرده‌ مه‌زنه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وازهێنان له هه‌موو کورسی و پۆست پله‌و پا‌یه‌کی حکومی و ده‌وڵه‌تی پاش خولێک له‌ سه‌رۆکایه‌تی کردنی وڵات له‌ نێوان ساڵانی ١٩٩٤ -١٩٩٩ ،هه‌روه‌هاخۆهه‌ڵنه‌بژاردنه‌وه‌ی بۆ ‌پۆستی سه‌رۆکی وڵات بۆ جاری دووه‌م.

نیلسۆن ماندێلا جیا له‌ سه‌رکرده‌ جیهانیه‌کان پێش ڕوداوه‌کان که‌وت و درکی به‌وه‌ کرد که‌وا ته‌مه‌ن و ته‌ندروستی و سه‌رده‌م و دابڕان و مانه‌وه‌ی له‌ زینداندا بۆ ماوه‌ ی ٢٧ ساڵ ڕێگرن له‌ سه‌ر‌که‌وتن و هێنانه‌دی ئامانجه‌کانی له‌ سه‌رۆکایه‌تی کردنی وڵات و بوار‌ی نه‌دا جه‌ماوه‌ره‌که‌ی لێ ی بێزار بن، ماندێلا پێشبینی ئه‌وه شی کردبوو که‌وا به‌رده‌وامبوونی له‌ ده‌سه‌ڵات دا هیچ مانایه‌کی نیه‌و کاریگه‌ری خراپیشی ده‌بێت له‌ سه‌ر ڕابوردو و ناوو ناوبانگی له‌ نێو جه‌ماوه‌ردا و ڕۆژێک دێت وه‌ک سه‌رکرده بێ توانا‌کانی جیهان ‌ کارتی سور له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ وه‌رگرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ بێ دوودڵی و دڵه‌ڕاوکێ له‌ نێوان خۆشه‌ویستی خه‌ڵک و پله‌وپایه‌وده‌سه‌ڵاتدا ماندێلا خۆشه‌وستی جه‌ماوه‌ره‌که‌ی هه‌ڵبژارد و وازی له‌ هه‌موو پله‌وپایه ‌و ده‌سه‌ڵاتێک هێنا.

زۆرن ئه‌و سه‌رکردانه‌ش بۆ ماوه یه‌‌کی زۆر ڕابه‌رایه‌تی شۆڕشی گه‌له‌که‌یان کردوه‌ به‌ڵام پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕش و ئیراده‌ی گه‌له‌که‌یان هه‌رجارێک به‌ بیانویه‌ک تا دوا ساته‌کانی ژیانیان وازیان له‌ کورسی و پله‌و پایه‌و ده‌سه‌ڵات نه‌هێنا . مام جه‌لال یه‌کێکه‌ له‌و سه‌رکرده‌و که‌سایه‌تیه‌ ناسراوانه‌‌ ی که‌وا توانی بۆ ماوه‌یه‌کی دورو درێژ ڕابه‌رایه‌تی شۆڕشی گه‌لی کورد بکات له‌ باشوری کوردستان ، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی نیلسۆن ماندێلا وه‌ به‌ڕێز مام جه‌لال پۆستی سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و سه‌رۆکی وڵات و ته‌نانه‌ت جێگری سۆسیال دیموکراتی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵبژاردو کاریگه‌ری خراپی کرده‌ سه‌ر ناوو ناوبانگ و تواناو ڕابوروی به‌ڕێز یان ، چونکه‌ خۆهه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بۆ جاری دووه‌م بۆ سه‌رۆکایه‌تی عێراق و هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ی تر له‌ گه‌ڵ ته‌مه‌ن و ته‌ندروستی و سه‌رده‌م و خه‌بات و تێکۆشانی به‌ڕێز مام جه‌لالدا ناگونجێت و ‌ کارێکی وای کرد زه‌ره‌ر له‌ ناوو ناوبانگ و خودی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانیش بگه‌یه‌نێت ، دورکه‌وتنه‌وه‌ی مام جه‌لال له‌ ڕوداوه‌کانی ناوخۆی کوردستان و کارکردنی له‌ به‌غداو وه‌رگرتنی هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسم کرد‌و ته‌مه‌ن و ته‌ندروستی و ده‌یه‌ها هۆکاری تری ناوخۆی و ده‌ره‌کی ‌ کارێکی وای کرد یه‌کێتی ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ لاواز بێت و ببێته هێزی سێیه‌م له‌ کوردستان و‌ پاشکۆی سیاسه‌ته‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان و له‌ دایک بوون و دروست بوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.

تیۆره‌ سیاسیه‌کان و هاوکێشه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان ده‌ڵێن هۆکاری سه‌ره‌کی لاوازی و فه‌شه‌ل و دۆڕانی هه‌ر حیزبێکیش به‌رامبه‌ر حیزبه‌کانی ترو له‌ نێو جه‌ماوه‌ردا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رپرسی یه‌که‌م و سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌وا دروست بوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و دابه‌زینی کێرڤی یه‌کێتی له‌ نێو جه‌ماوه‌رداو به‌ پاشکۆکرنی سیاسه‌ته‌کانی یه‌کێتی بۆ پارتی و به‌هێزبوونی لایه‌نه‌کانی تر له‌ سه‌ر ئه‌ستۆی به‌رپرسی یه‌که‌می هه‌مان حیزبه‌ که‌‌ ئه‌ویش به‌ڕێز مام جه‌لاله‌ ،له‌ کۆتاییدا هیوادارم تا کار له‌ کار نه‌ترازاوه‌و خراپتریش ڕوو نه‌دات پێویسته‌‌ به‌ڕێز مام جه‌لال ڕۆڵی که‌سایه‌تیه‌کی مه‌عنه‌وی بۆ کورد بگێڕێت و وه‌ک نیلسۆن ماندێلا له‌ ماڵه‌وه‌ ئیسراحه‌ت بکات ، واز له‌ هه‌موو پله‌و پایه‌و ده‌سه‌ڵاتێک بهێنێت و ڕێگا به‌ که‌سانی تر بدات ئه‌م بۆشاییه‌ پڕ بکه‌نه‌وه‌.
حه‌مه‌ گۆپاڵه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە