کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رکرده‌کانی ئێمه

Tuesday, 10/05/2011, 12:00







شاخ ئه‌و شوێنه‌ به‌رزو جوان و دڵڕفێنه‌یه‌‌ که‌وا به‌ داروبه‌رد و لاپاڵ و سروشت و ئه‌شکه‌وته‌کانی پێشمه‌رگه‌ی له‌ ئامێز گرت ، له‌ ماڵه‌که‌ی خۆشیدا کوردو پێشمه‌رگه‌ی له‌ کوشتن و بڕین و فه‌وتان ڕزگار کرد، به‌ به‌رهه‌مه‌ سروشتیه‌که ی توانی به‌شێک له‌ خۆراک و پێداویستیه‌کان بۆ جوتیاران و پێشمه‌رگه دابین بکات، شاخ لای ئێمه‌ لانکه‌و ڕه‌مزی تێکۆشان و سه‌ربه‌رزی و سه‌رکه‌وتن بووه به‌ سه‌ر دوژمناندا‌‌،شوێنێکیش بووه‌ ‌ بۆ یاخی بوون و به‌رگری ‌ له‌ خاک و نیشتیمان، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌موومان پێکه‌وه‌ قه‌رزاری شاخین.

تیۆره‌ زانستی و فه لسه‌فی و جیۆلۆجیه‌کانیش ئه‌وه‌یان سه‌لماند که‌وا سه ر‌جه‌م بونه‌وه‌ران به‌ مرۆڤیشه‌وه‌ ‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سروشت و جوانی و ئه‌و ناتوره‌ن (سروشت)‌ که تیایدا ده‌ژین، سه‌رکر‌ده‌کانی ئێمه‌ ڕۆڵه‌و په‌رورده‌ی شاخ و خێڵ و بنه‌ماڵه‌ن و مه‌ودای بیرکردنه‌وه شیان له‌ ڕاوکردن ، ئاژه‌ڵ به‌خێوکردن ، خۆشاردنه‌وه‌، په‌لاماردان،
ئاگرکردنه‌وه‌،چێشت لێنان، نه‌خشه‌ی سه‌ربازی ،‌ سه‌نگه‌رگرتن و لێدانی دوژمن ،کوتله‌و کوتله‌بازی، پاشقول لێدان و له‌ناوبردنی یه‌کتر ، چا لێنان ، ‌ ئاژه‌ڵ سه ر‌بڕین ،‌براکوژی،باڵاده‌ستی بنه‌ماڵه‌، باسی ئه‌م و ئه‌و..........هتد تێپه‌ڕی نه‌کرد، ئێستاش به‌ هه‌مان مه‌نتیقی شاخ‌ حوکم و شار به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

سه‌رکر‌ده‌کانی ئێمه‌ له‌ شاخ ژیان و له‌وێشه‌وه‌ به‌ عه‌قڵیه‌تی شاخ و جل و به‌رگێکی کۆنی دڕاوو چڵکن و چه‌ند مه‌خزه‌نێکه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شار، که‌‌ هاتنه‌وه‌ بۆ شار وه‌ک په‌نابه‌رانی ئه‌وروپا به‌ هه‌موو شتێکی شار نامۆ بوون، به‌ جوانی و قه‌رباڵغی شار، ‌ سیسته‌م و په‌روه‌رده‌، کاره‌باو ڕوناکی، ‌ پیاسه‌ی ئێواران، ‌ هونه‌رو نوسین، ئازادی و‌کۆڕوکۆبونه‌وه‌ ،‌‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان، ئارامی ، کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ،‌ سیاسه‌ت و حوکمی تازه‌ی شار ، ‌ فه‌یس بوک و نه‌وه‌و سه‌رده‌می نوێ، زانکۆو قوتابخانه‌کان،‌ دیموکراسی ، سیسته‌می په‌رله‌مانی، پێداویستیه‌‌کانی ژیان،به‌‌ گۆڕان ،به‌‌‌ هه‌موو شتێکی شار نامۆ بوون .

سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌ که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ناو شار به‌ ڕوناکی سه‌ریان دێشا و کاره‌بایان له‌ ئێمه‌ش کوژانده‌وه ‌، به‌ سیسته‌می نوستن پشتیان دێشا و له ته‌نیشت سیسته‌مه‌که‌وه‌‌ نوستن، به‌ قه‌ڵه‌م په‌نجه‌یان دێشا و هه‌رچی قه‌ڵه‌می جوانی شاره‌ شکاندیان، به قیرتاوی‌ شه‌قامه‌کان قاچیان دێشاو هه‌مویان کرده‌‌وه‌ به‌ خۆڵ و کوردستانیان خۆڵ باران کرد.
سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌ سه‌ریان له‌ جه‌نجاڵی و پێداویستیه‌کانی شار نه‌بوه‌وه‌و شاریان کرده‌وه‌ به‌ شاخ، به‌ گۆڕان و داوا ڕه‌واکانی جه‌ماوه‌ر توشی شۆک بوون و به‌ فیشه‌ک وه‌ڵامی جه‌ماوه‌ریان دایه‌وه‌و مار‌شی ده‌ست پێکردنه‌وه‌ی شه‌ڕیان به‌ کوردستان دا بڵاوکرده‌وه‌ .

سه‌رکرده‌کانی ئێمه فرۆید ئاسا‌ سادی سیاسین و چێژ له‌ ئه‌مرکردن ، زیندان ، کوشتن و بڕین ،‌ ئازارو ئه‌شکه‌نجه ،‌ ڕه‌ش کردنه‌وه‌ و خه‌ساندنی کۆمه‌ڵگا ده‌بینن، چێژ له‌ شکاندنی حه‌ره‌می مزگه‌وت و زانکۆو لێدان و نان بڕاوکردنی مامۆستاکان ده‌بینن، سه‌نگه‌ر له‌ سه‌ر زانکۆو قوتابخانه‌و هه‌موو کوچه‌و کۆڵانێکی شار داده‌نێن ، نه‌شئه‌ی شه‌ڕ ده‌یانگرێت و شه‌ڕ ی براکوژی و شه‌ڕی ئۆپۆزیسیۆن و شه‌ڕ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و شه‌ڕ له‌ سه‌ر که‌پکی حه‌مه‌د ئاغا و شه‌ڕی هه‌موو کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ن .

سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌ شاخ و گونده‌کانیان نه‌کرد به‌ شار، به‌ڵکو‌ شاریان کرده‌وه‌ به‌ شاخ و هه‌رچی هیواو گوڵ و جوانیه‌‌کانی ناو شار هه‌یه‌ هه‌موویان هه‌ڵوه‌راند.

شار بۆنی گوڵی لێ هات ، ئه‌مڕۆ بۆنی خوێنی لێ دێت، چه‌ندین ساڵه‌ داوای ئازادی ده‌کات، ئه‌مڕۆ ئازادی لێ زه‌وت ده‌کرێت، ئێوارانی پڕ بوو‌ له‌ پیاسه ی کوڕان و کچان، ئه‌مڕۆ پیاسه‌و مه‌شقی سه‌ربازی تێدا ده‌کرێت، قوتابیه‌کانی پۆل پۆل به‌ره‌و قوتابخانه‌کان ده‌ڕۆشتن ئه‌مڕۆ بایکۆتی ده‌که‌ن، شار پڕ بوو له‌ جوڵه‌و سیمینارو شانۆ به‌ڵام ئه‌مڕۆ شانۆی ڕاسته‌قینه ی تێدا پێشکه‌ش ده‌کرێت ،هه‌موومان چاوه‌ڕێ ی ئه‌وه‌ بووین ژیان و بزه‌و ئاوه‌دانی و جوانیه‌کان بۆ شار بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڵام سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌ هه‌موویان تۆراند.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە