کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کش ده‌سه‌ڵات......

Friday, 27/05/2011, 12:00


ژان ژاک ڕۆسۆ ده‌ڵێت نابه‌رامبه‌ری زۆر له‌کۆمه‌ڵگادا ڕێگره ‌له ‌به‌رده‌م به‌رژه‌وه‌ندی و ئیراده‌ی گشتی دا.

ئه‌وه‌ی له‌ کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕوویدا گه‌مه‌یه‌کی سیاسی نه‌بوو‌ له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ردا، له‌ نێوان حکومه‌تێکی مه‌ده‌نی و گه‌له‌‌که‌یدا، له‌ نێوان کارخانه‌و کرێکاره‌کانیدا، ئه‌وه‌ی که‌ ڕۆژانه‌ ڕووده‌دات بورکانێک له‌ توڕه‌یی و ناڕه‌زایی چه‌ندین ساڵه‌ی جه‌ماوه‌ره‌ به‌ ڕووی مه‌لیک و سه‌رۆک و ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌کاندا، ئه‌و سه‌رۆک و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که بونه‌ته‌ فیرعه‌ونی گه‌له‌که‌یان و ‌ بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر و درێژخایه‌ن به‌ ناوی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل و نیشتیمانه‌وه‌ ‌ خۆیان و نه‌وه‌کانیان له‌ ژێر په‌رده‌ی دیموکراسی ساخته‌ ‌ حوکمی جه‌ماوه‌ر ده‌که‌ن و که‌س‌ له خۆیان و حیزب و‌ ئه‌ندامانی خۆیان به‌ شیاوترو دڵسۆزترو نیشتیمان په‌روه‌رتر نازانن له‌ ده‌سه‌ڵات.

ئه‌وه‌ی له‌ کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕووی دا شانۆیه‌کی سیاسی نه‌بوو، کۆتایی شانۆکه‌ش به‌ زه‌بری هێز کۆتایی پێ بێت ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی که‌ ڕوویدا کۆمه‌ڵه‌ کشێکی به‌رده‌وام بوو له‌ ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ری ناڕازیه‌وه‌، به‌رامبه‌ر ئه‌م کشانه‌ش ده‌سه‌ڵات هه‌رچی هێزو توانای هه‌بوو‌ له فێڵ ، سه‌ره‌تاتکێ ی سیاسی ، دانوستان، هێزی سه‌ربازی، میدیا،دادگای حیزب، هه‌مووی به‌ کار هێنا بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی توڕه‌یی و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌رو مانه‌وه‌ی خۆیان .

یه‌که‌م کش‌ له‌ تونسه‌وه‌ ده‌ستی پێ کردو بووه‌ هۆی هه‌ڵهاتن و مات بوونی بن عه‌لی له‌ ده‌سه‌ڵات، دووه‌م کشی جه‌ماوه‌ری زۆر خێرا گه‌شته‌ میسرو ته‌خت و تاراجی حوسنی موباره‌ک و داروده‌سته‌که‌ی تێک داو ئه‌ویش له‌ جێگادا مات بوو، له‌ لیبیاش به‌ هۆی دڕنده‌یی ڕژێم و به‌رده‌وامی کشی جه‌ماوه‌رو کشی ئۆپۆزیسیۆن و کشی ئه‌مریکاو ئه‌وروپاو گه‌لانی جیهانه‌وه‌،‌ قه‌زافی و داروده‌سته‌که‌ی خه‌ریکه‌ مات ئه‌بن ،به‌ڵام وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا قه‌زافی له‌ پێناو مانه‌وه‌ی خۆی دوا کارتی سه‌ربازی به‌کارهێناو ته‌ڕو وشکی پێکه‌وه‌ سوتاندو وڵاتی وێران کرد، له‌ سوریاو یه‌مه‌ن و هه‌ندێک ‌ وڵاتانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش کش مه‌لیک و کش ده‌سه‌ڵات و کش سه‌رۆک تا ئێستا به‌رده‌وامه‌و‌ پێشبینی مات بوونی چه‌ند سه‌رۆک و ڕژێمێکی تر ده‌کرێت.

ئه‌وه‌ی له‌ کوردستان ڕووی دا هاوشێوه‌ی وڵاتانی وه‌ک تونس و میسرو لیبیاو سوریا نه‌بوو، واتا کش نه‌بوو له‌ پێناو مات بوونی سه‌رۆک تاڵه‌بانی و سه‌رۆک بارزانی و یه‌کێتی و پارتی ، به‌ڵکو کشێکی ئاسایی بوو له‌ ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می سیاسی برابه‌ش، له‌ خراپه‌کاری و گه‌نده‌ڵی ، له‌ باڵاده‌ستی حیزب و نه‌بوونی یاسا، له‌ به‌فێرۆدان و به‌ تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی کوردستان ، له‌ دژی بێکاری و ناعه‌داله‌تی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری ، کش بوو له په‌راوێزخستنی گه‌نجان و ‌ بێ ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان، کش بوو له‌ هه‌زارو یه‌ک عه‌یبی تری حیزب و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می سیاسی ، کش بوو له‌ پێناو چاکسازی و چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی ، له‌ پێناو پێکهێنانی حکومه‌تێکی ته‌کۆنۆکراتی جه‌ماوه‌ری بنکه‌ فراوان‌، بۆ گێ‌ڕانه‌وه‌ی ئیراده‌و ده‌سه‌ڵات بۆ جه‌ماوه‌ر، بۆ جێبه‌جێکردنی داوای خه‌ڵک له‌ پرۆژه‌ بیست و دووخاڵیه‌که‌ی ئۆپۆزیسیۆن و ده‌یه‌ها پرۆژه‌ی تر، کش بوو بۆ به‌رقه‌رارکردنی سیسته‌م و مۆدێلێکی سیاسی مۆدێرن بۆ هه‌مووان ،نه‌ک پینه‌و په‌ڕۆی سیاسی‌. کش بوو بۆ سه‌رکه‌وتنی کوردستان.

کش سه‌رۆک ، کش ده‌سه‌ڵات، کش یه‌کێتی و پارتی به‌رده‌وام ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ش ده‌سه‌ڵات نیه‌تی پاک نه‌بێت و بیه‌وێت جه‌ماوه‌ر فریو بدات ، واتا پینه‌و په‌ڕۆ له‌ سیسته‌می سیاسیدا بکات ، داوا ڕه‌واکانی جه‌ماوه‌ر جێبه‌جێ نه‌کات، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ هه‌مان کشی ئاسایی پێشوو نابێت ، به‌ڵکو کشی ئه‌مجاره‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ پێناو مات بوونی حیزب و سه‌رۆک و سیسته‌می سیاسیدا ده‌بێت‌، ئه‌مه‌ش عه‌رزو ئه‌مه‌ش گه‌ز.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە