ڕاستیەکان ئاشکراتر و بەڵگەدارترن بە سیناریۆکانی پارتی و لێژنەکەی بارزانی بشاردرێتەوە!

Tuesday, 08/05/2012, 12:00






لە هەواڵێکی رۆژنامەی هاوڵاتی ٢٠١٢-٥-٧ لەسەر ماڵپەرەکەی بڵاوبۆتەوە. عەبدولوەهاب عەلی وتەبێژو ئەندامی سەركردایەتی پارتی لەپارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکدا دەڵێ: "سەردەشت لە سەر نووسینەکانی نەکوژراوە".

لێدوانی وتەبێژەکەی پارتی ئەمرۆ دوای دوو ساڵ بەئاشکرا ئامانجی پێکهێنانی لیژنەکەی بارزانی ڕادەگەیەنێ. هەر لەیەکەم رۆژی پێکهێنانی لیژنەکەی بارزانی، خەڵکی وشیار و رۆژنامەنوسان گوتیان، ئەو لێژنەیە بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکان و تاوانبارانە. بەکردەوەش ئەو لێژنەیە لەسەرەتاوە زانیاری ناراست و درۆی لەسەر چۆنیەتی تیرۆری سەردەشت بڵاوکردەوە. دواتریش بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کوردستان هەڵسا بە داڕشتنی چێرۆکێکی هەڵبەستراو لە سەر تاوانەکە. درۆکان زۆر لەوە ئاشکراترن مناڵێکیش بخەڵەتێنن، ڕاستیەکانیش بەڵگەدارترن و بە سیناریۆکانی پارتی و لێژنەکەی بارزانی ناشاردرێنەوە!
سەرەتا پێویستە زانیاریەک بۆ وتەبێژی پارتی ڕاست بکەینەوە. ئەو لێژنەیەی دوو ساڵ پێشتر لە دۆسیەی فراندن و تیرۆری سەردەشت عوسمان پێکهێنرا لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی پێکهێنرا نەک پەرلەمان و وەزارەتی ناوەخۆ. هەرچەندە پێکهێنانی لێژنەکە بەو پێکهاتەی پێکهاتووە هەر کەس و دەزگایەک پێکیبهێنێت یەک شتە و هەمان ئامانجە.
خەڵک بۆچی گومانی لەپارتیە و پارتی تۆمەتبارە بە تیرۆری رۆژنامەوان سەردەشت عوسمان؟ بۆچی گومانەکانی ئێستا زیاتر و گەورەترن لە دوو ساڵ پێشتر؟ بۆچی ئەوەی سەرەتا گومانی هەبوو ئێستا بە یەقینەوە پارتی تۆمەتبار دەکات؟
ئەگەر سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەوان یەک ڕستەشی نەنوسیایە. بە هەڵسەنگاندنی هەڵوێستگیری و ڕەفتارەکانی پارتی و بەرپرسان و دامودەزگاکانی پارتی لە سەرەتای ڕووداوەکە تاکو ئەمرۆ نواندوویانە و کاریان لەسەر کردووە و کاری لەسەر دەکەن. تۆزقاڵێک لەو گومان و تۆمەتبارکردنە کەمناکاتەوە. لەکاتێکدا ئێوە بەرەوڕووی گومان و تۆمەتبار و پرسیاری خەڵک ڕاوەستاون. لێدوانەکانی ئەمرۆکەتان پرسیار و گومانی زیاتر ئەوروژێنی.
لەکاتێکدا دوو ساڵ پێشتر خەڵک خۆپیشاندانیان لە دژی تیرۆری سەردەشت کرد و داوای دادگایکردنی بکوژەکانیان کرد، بۆ پارتی بە بەیانی رەسمی مەکتەبی سیاسی هەڕەشەی لەخەڵک کرد و مەترسی ئەگەری شەڕی ناوەخۆی هێنایە پێش؟ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان لە دژی تیرۆر و کوشتنی رۆژنامەنوسان بۆچی مەترسی بۆ سەر پارتی هەیە؟ بۆ تەنها پارتی و دەزگاکانی پارتی ئینکاری ڕۆژنامەنووس بوونی سەردەشت دەکەن؟ بۆچی تەنها پارتی ئەڵی تیرۆری سەردەشت عوسمان لەسەر نوسین و کاری رۆژنامەوانی نییە؟ بۆچی ئەندامانی لێژنەی لێکۆڵینەوە هەمووی پارتی بوون؟ بۆچی تەنها پارتی پشتیوانی لە سیناریۆی لێژنەی لێکۆڵینەوەکە دەکەن؟ بۆچی دوو ساڵە ڕۆژنامەنوسان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کەسوکاری سەردەشت عوسمان و چەندان رێکخراوی جیهانی و زۆربەی خەڵکی کوردستان داوای پێکهێنانی لێژنەی بێلایەن دەکەن وەڵام نادەنەوە؟ بۆ قەبولی لێژنەی بێلایەن ناکەن؟ بۆچی تەواوی ڕۆژنامەنوسان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردستان، پشتیوانی و بەرگری لە دۆسیەی سەردەشت عوسمان دەکەن، تەنها رۆژنامەنوسانی پارتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پارتی دژی سەردەشت و دۆسیەکەی کار دەکەن؟ بۆچی مۆڵەتی دانانی پەیکەری سەردەشت عوسمان نەدرا و پارتی ڕێگری لە دانانی ئەو پەیکەرە لە شاری هەولێر کرد؟ بۆچی ئێوە ئەوەندە دژایەتی پەیامەکەی سەردەشت عوسمانی رۆژنامەوانن ئێستاکەش لەدوایین لێدوانتاندا ئەو دژایەتیە ڕادەگەیەنن؟ بۆچی...؟ بۆچی...؟ دەیان و سەدان بۆچی تر....؟
لێدوانی وتەبێژی پارتی و دووپاتی نارەحەتی خۆی بۆ وتارەکەی سەردەشت عوسمان ڕادەگەیەنێ و هەوڵ دەدات لە نرخی پەیامەکەی دابەزێنێ. ئەوەشیان هەوڵێکی ئاشکرا و بەڵگەیەکی ترە کە پارتی بە ئاشکرا لە دژی سەردەشت عوسمانی رۆژنامەوان بەردەوامە. لەکاتێکدا زۆربەی زۆری نوسەران و رۆژنامەوانانی کوردستان و جیهانی وەک شاکارێکی ئەدەبی و بوێری باسی لێ دەکەن و بۆ سەر زۆربەی زمانە جیهانییەکان وەرگێردراوە.
ئێمە لە ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆداکۆکی لە ئازادی، بەم وتەبێژەی پارتی و ئەوانی تر ڕادەگەیەنین، بۆ خۆتان باشترە بێدەنگ بن، لەوە زیاتر خۆتان ریسوا مەکەن... تا ئەو کاتەی بکوژانی راستەقینەی سەردەشت تەسلیمی لێژنەیەکی بێلایەن و دادگایەکی عادلانە نەکەن واز ناهێنین، دۆسیەی سەردەشت عوسمان هەموو هەموو ساتێک خاڵ و مێژوویەکی ڕەشن بە تەوێڵی پارتی و دەزگای تیرۆرستی پاراستنی پارتییەوە.
ئەمرۆ بەدوای دووساڵ لە کوشتنی سەردەشت عوسماندا. زۆربەی خەڵکی کوردستان لە یادی ئەو و دۆسیەکەی، وەک دۆسیەی ئازادی کوردستان بەرز و زیندوو ڕادەگرن. بەڵێن ئەدەن تاکو دادگایی بکوژەکانی دەستبەرداری دۆسیەی ئازادی نابن. ئیتر سەردەشت عوسمان سیمبولی ئازادی و رۆژنامەنووسی ئازاو بوێرە. زۆربەی خەڵکی کوردستان و رۆژنامەنوسانی کوردستان شانازی بە سەردەشت و نوسین و بەرهەمەکانی ئەکەن.
بژی سەردەشت عوسمان و پەیامەکەی
مەرگ و ڕیسوایی بۆ تیرۆرستان و سەرکوتکەرانی ئازادی
ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆداکۆکی لە ئازادی
٢٠١٢-٥-٧

[email protected]
http://www.serdasht-osman.org

پاشکۆ، دەقی هەواڵەکەی ماڵپەری هاوڵاتی:

http://www.hawlati.co/babetekan/17059




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە