زەنگێک لەدەستەی پێشەنگەوە بۆئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم
Thursday, 01/03/2012, 12:00
وێنەیەک بۆ:
- سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
- سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران
- سەرۆکایەتی پاڕلەمانی کوردستان
- حزب ولایەنە سیاسییەکان
-سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن
هاونیشتیمانیانی خۆشەویست...
خەڵکی دەڤەری بیتوێن و راپەڕین..
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان وەک لای هەمووان ئاشکرایە لەبەرەبەیانی ٥/٣/١٩٩١ لەشارۆچکەی چوارقوڕنەو رانیەو حاجیاواو سەروچاوەو گوندەکانی سەربەقەزای رانیە شاربەشارو گوند بەگوند لەدژی زوڵم و زۆری بەعس ڕاپەڕین و ئەمەش بوە چەخماخەیەکی مەزن بۆ تەواوی باشووری کوردستان وسەرجەم شارەکانی گرتەوە وێڕای ڕێزمان بۆ هەموو شەهیدان و پێشمەرگە بەجەرگەکانی ئەوکات کەبەیەکەوە لەگەڵ خەڵکە ئازادیخوازەکەی دەڤەری بیتوێن لەدژی زوڵم ڕاپەڕین.
ئەوە بۆ ماوەی (٢٠ساڵە) گەلەکەمان لەتەواوی کوردستان یادی ئەم دەستکەوتە مەزنە دەکاتەوەو بوەتە جێگای شانازی بۆ دەڤەری بیتوێن و بەوهۆیەوەشەوە ساڵانە لە(٥/٣) دا یادی دەکرێتەوە، کەچی لەئێستادا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەبیانووی ئەوەی لەبەرژەوەندی فەرمانبەرانە دەیەوێت ئەم یادە بخاتە(٤/٣) ئەمەش وەک ئاشکرایە دەڤەری پشدەر چەند ساڵێکەداوا دەکەن و لەڕێگای پارتێکی سیاسییەوە کاری بۆدەکەن کەئەو مەدالیایە لەبیتوێن وەربگیرێتەوەو بدرێت بەپشدەر ،ڕانیەو پشدەر دەستە خوشکن بەڵام بەسیاسی کردن وبەحزبی کردنی ئەم دەستکەوتە نەتەوەییەی دەڤەرەکەمان و تەواوی کوردستان جێی هەڵوەستە لەسەر کردنە چونکە ئێمە بەهەموو ڕەنگەکانەوە چەندین ساڵە ئەم یادە دەکەینەوە.
لێرەوە وەک بەشێک لەهاوڵاتیانی دەڤەری بیتوێن داوا لەئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم دەکەین زۆر بەپەلە بەبڕیارەکەیدا بچێتەوە ئەگەرنا هەڵوێستی توندمان دەبێت و لەو ڕێگەیەشەوە داوا لەهاوڵاتیانی سنووری بیتوێن دەکەین لەبەرامبەر دەستێوەردانێکی لەم جۆرە بێ دەنگ نەبن خاوەندار لەم دەستکەوتە دەرکەون وهەڵوێستی جوامێرانەیان بنوێنن وەک چۆن هەمیشە دەڤەرەکەمان پێشەنگ بووە.
دەستەی پێشەنگ
دەڤەری بیتوێن
١/٣/٢٠١٢
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست