سەركردەكانی پۆست ڕیڤەلوشن چۆن سەركەوتن بەدەست دێنن لەسەر ئاستی تاكەكەسیدا ؟
Wednesday, 01/06/2011, 12:00
جیهان بەدەست قەیرانی قوڵەوە دەناڵێ و وڵاتەكانی وەك ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەهەمووكات زیاتر پرسی ئەوەی كێ باشترین كەسە و باشترین پرۆگرامی سیاسی پێشكەش وڵاتەكەی دەكات هاتۆتە ئاراوە.ئێستا سەردەمی شۆڕش و یاخیبونەكانە لە دیكتاتۆرە ئێكسپایەربوەكان و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە بە كوردستانەكەی خۆمانەوە زۆر لەخەمی ئەوەدان كە چۆن چۆنی و كێ دەسەڵات بگرێتە دەست لەدوای سەردەمی پۆست ڕیڤەلوشن(دوای شۆڕش) و ئەو حیزب و لایەن و كەسایەتیە سیاسیانە كێن كە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتیان هەبێت لەپاش ڕاپەڕینەكان.
1- ئازایەتی و بوێری
لەم دونیا پڕلەململانێیەدا ئازایەتی و بوێری زۆر گرنگە بۆ سەركردە.ئازایەتی بریتی نیە لە كوشتن و سەركوتكردنی نەیارەكانت بەڵكو ئازایەتی ئەوەیە كە پابەند بی بەو بەڵێن و گفتانەی كە بە میلەتەكەت داوە لەوكاتانەی كە پێویستیت بە دەنگی ئەوان بووە.ئازایەتی واتە بەڵین بردنە سەر نەوەك چەواشەكاری.ئازایەتی مەرجی یەكەمی سەركردە و ڕابەرایەتی كردنی گەل و میللەتە.ئازایەتی ئەوەیە كە تۆ بەردەوام بی لەكاری باش و بەڕێوەبردنی باش سەرەرای ڕێگریەكان.ئازایەتی واتە موجازەفەكردن بە دژایەتی كردنی گەندەڵی و لەناوبردنی مشەخۆرەكان.ئەمە سەختترین كارێكە كە سەركردە پێ ی هەستێ و مێژوو بۆ خۆی تۆمار بكات.سەركردە نابێ بە چێژی دەسەڵات و ئیمتیازەكانی پارە و سامان دڵخۆشبێ كەئەمەش قورسترین شتە تەنها لەكەسی لەخۆبردوو و مەزندا بوونی هەیە.گەورەترین زەربەی كەمەرشكێن لەسەركردە بدرێت خەڵەتاندنێتی بە پول و پارە كەلە خۆشبەختی ژیانی تایبەتی خۆیدا سەرفی بكات چونكە ئەمە خێرا لەژیانی سیاسی و پەیوەندیە كۆمەڵایەتیكانیدا ڕەنگ دەداتەوە و شوێنكەوتوانی لێ دەتۆرێنێ.ئەبێ سەركردە هەموو ڕۆژێك كار لەسەر بەرەوپێشخستنی تایبەتمەندی توانای شەخسی خۆی بكات وڕاستگۆیی خۆی بسەلمێنێ.سەرۆك ئەبێ راستگۆیی پێ گرنگتر بێ وەك لەهەیمەنەی خۆی.سەركردە دەبێ هەمیشە بەئاگابێت نەوەك دەسەڵات خراپ بەكاربێنێ بۆ مەیل و ویستی خۆویستانەی خۆی.ئازایەتی پیادەكردنی سیاسەتی راست و دروستە بۆ میللەت و نەتەوەكەت ئەگەر لەدژی خۆشت بێت
2- تیمێكی باش پشتگیری بكات
سەركردە پێویستی بە تیمێكە كەبە دڵسۆزی كارەكانی بۆ بكات چونكە خۆی بەتەنیا ناتوانێ هەموو كارەكان بەڕێوەببات.سەركردەی باش كەسی باش لە خۆی كۆدەكاتەوە.چونكە ئەوە زیاتر كەسەكانی نزیك سەركردەیە نەوەك سەركردە خۆی كە مێژویەكی سەربەرز یان مێژویەكی نەفرەتلێكراو تۆمار دەكەن.
3- بیری باش , گوێگری باش,كرداری باش
سەركردە دەبێ هۆكارەكانی سەركەوتن یان شكستی ڕابردووی دیاری بگات و هەڵبسەگێنێ.سەركردە دەبێ گوێگرێكی باش بێ گوێ لەڕاوبۆچونی ئەندامە باشەكانی حیزبەكی بگرێ.سەركردەی باش قەت چەواشە ناكرێ لەلایەن كەسە نزیكەكانیەوە بەڵكو گوێ لە دڵ و ویژدانی خۆی دەگرێ بۆ بیركردنەوە بەشێوەیەكی دروست.ڕای جیاوازی پێ قبوڵدەكرێت تەنانەت ئەگەر زۆرجاریش پێشنیار و سەرنجەكانی حزبەكی لەدژی بیركردنەوەی خۆی بوو.توانای ڕاستی سەركردە بۆ ڕابەرایەتی كۆمەڵگا لە چارەسەری قەیرانەكانی وڵاتدا دەردەكەوێ نەك پشتگوێخستنی ودرێژكردنەوەی قەیرانەكان.
4- لێهاتویی و لێوەشاوەیی
سەركردە دەبێ وەك هونەرمەند شارەزای هونەرەكەی بێ كە خۆی لە بەڕێوەبردنی باشدا دەبینێتەوە.سەركردەی لێهاتوو لێوەشاوە ئەو كەسەیە كە هەموو ژیانی بەپرۆسەیەكی ڕاست و دروستدا بڕوات نەوەك بەرەو هەڵدێر ونەمان.سەركردە دەبێ سوود لەهەڵەكانی ڕابردوو وەربگرێ و دوبارەیان نەكاتەوە.
5- كاریزمایی بوون نەوەك لوتبەرزی و لەخۆبایی بوون
بوون بەكاریزما واتە سیحر كردن لە خەڵك وبردنەوەی هەست و سۆزی میللەت بۆ لای خۆت بە كەسایەتی جوان و بەویقار,كاریزمەیی بوون واتە لەدڵ و مێشك و بیركردنەوەی خەڵك تێبگەی.ئەو سەركردەیەی كە بیر لە خەمەكانی میلەتەكەی دەكاتەوە پێش ئەوەی بیر لە خەون و بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی بكاتەوە زۆر بە خێرا كاریزمایی خۆی ئەسەلمێنێت.ئەگەر تێبینی دەقە ئاسمانیەكانی وەك ئینجیل و تەورات و قورئانیش بكەی هەموو ئەو سەركردانەی میلەتەكەیان لە پێش خۆیان دا ئەنا بەنەمری و سەربەزی ناویان تۆمار كراوە.لوتبەرزی و لەخۆباییبوون گەورەترین ڕێگرە لەبەردەم بوون بەكاریزمایی و هەموو ئەو سەركردانەی لوتبەرزبوون چەرخی زەمانە و ڕۆژگار ڕسوای كردوون.كاریزمەیی بوون واتە وا لەخەڵك بكەی تامەزرۆی بیستنی وتەكانت بن,تینوی دیدارت بن,كەم دەركەوتن خۆخستنە بەرچاوی خەڵك و میدیا و تەنها لەو كاتانەدا نەبێ كە میللەتەكەت پێویستی پێت بێت. كاریزمایی بوون واتە توانای ئەوەت هەبێ خەڵك هان بدەی بۆ كاری جوان و موستەحیل و تۆش وەك ڕابەر مامەڵەی خەڵی بكەی نەوەك وەك سەرۆكیان.
6- باوەڕبەخۆبوون
لەم دونیا جەنجاڵە و پڕ كێشەیەدا سەركردە دەبێ باوەڕ و متمانەی بەخۆی بێت.ئەگەر پرسیارێك بكەین ئایا سەركردەكان بەڕاستی باوەڕیان بەخۆیانە؟ئایا ئەوەی پەیڕەوی دەكەن بەڕاستی ڕەنگدانەوەی بیركردنەوە و بیروبۆچونەكانیانە؟یان تەنها لەپێناو خۆشبەختی و دەسەڵاتە؟ئایا سەركردەكان خەڵكیان خۆشئەوێت وبەتەنگیانەوەن؟ئەگەر وایە كوا ژمارەی ئەو سەركردانەی كە بەتەنگ وڵات و خاك و میللەتەكەیانەوە هاتوون,جگە لەوانەی كە بەپەنجی دەست دەژمێرێن وەك غاندی و ماندێلا و لوسەر كینگ و لینكۆڵن .سەركردە باشەكان هەمیشە پرینسیپل و مۆراڵی خۆیان هەیە.سەركردەی ڕاست هەمیشە لێبوردە و بەخشندەیە و وەك هاوڵاتیەكی ئاسایی ماف و ئازادی بەخۆی دەدات و خۆی پێ باشتر نیە لەهیچ كەسێك و خۆی لەسەروی هیچ كەسەوە دانانێت.
7- داهێنان لە ئیدارەكردنی سیاسەتی وڵات
بەهۆی ئەوەی بارودۆخی سیاسی وڵاتان و كوردستانیش ڕۆژبەدوای ڕۆژ گۆڕانكاری خێرا بەخۆیەوە دەبینێت زۆر گرنگە كە ئەوانەی سەركردایەتی شۆڕش و ڕاپەرینەكان و دانوستانە سیاسیەكانی وڵات دەكەت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ڕِەوتی ڕوداوەكان وداواكاریەكانی شەقام و شانبەشانی پێشكەوتەكانی سەدەی بیست و یەك بڕۆن و دوانەكەون.دەبێ بەرنامە و نەخشەڕێگای مۆدێرن و لەهەمانكاتدا دیموكراتیانەی خۆیان هەبێت و ببنە مایەی ئومێدی خەڵك نەوەك ڕەشبین كردنیان بەرامبەر ئایندەی سیاسی وڵاتەكەمان. زۆر گرنگە كە سەركردە و پێشرەوە سیاسیەكان نوێگەری بكەن لە پێڕەوو پرۆگرامی حزبەكانیان و بتوانن بە كردار ئیدارەكردنی وڵات بگۆڕن لەشێوازە تۆتالیتاریەكەیەوە بۆ شێوازی چاوچەرخ و دیموكراسیانە
8- متمانەی خەڵك
. كاتی خۆی كۆڵن پاول وتویەتی :"سەركردایەتی تێكەڵەیەكە لە ستراتیژی و كەسایەتی,ئەگەر یەكەمت نەبوو باشترە وازیش لە ستراتیژیەكە بهێنیت." یەكێ لە تایبەتمەندیە گرنگەكانی سەركردە بەتەنگەوەهاتن و دڵسۆزیە بۆ كارەكەی. هەر بۆیە كەسایەتی +لێوەشاوەیی = متمانەبەدەستهێنان
بۆئەوەی رابەرایەتی و سەركردایەتی بكەی پێویستت بە شوێنكەوتوان هەیە,بۆئەوەی شوێنكەوتووت هەبێت پێویست دەكات جێ ی متمانەی خەڵك بیت.لەوانەیە هەندێ كەس وەك خێزان و خزم و بنەماڵە و عەشیرەت وناسیاوو و برادەران وەك هاوڕی متمانەت پێ بكەت بەڵام ئەستەمە میللەت متمانەت پێ بكات ئەگەر هاتوو سەركردەیەكی ساختە بوویت و ماسك یان قیناعت پۆشابێت.
9- وتاردان و پەیوەندیكردن
پەیامەكانی سەركردە دەبێ سادە و ڕوون بێت.راستەوخۆ و كورت و پوخت و ئامانج بپێكێت.دەبێ پەیامی سەركردە مەبەستی گەورە و گرنگی هەڵگرتبێ و تەنها دروشم نەبێـت.دەبێت سەركردە ڕووقایم و چاونەترس بێت بەئاماژەدان بۆ ڕاستیەكانی بارودۆخی وڵات و والەخەڵك بكات سەرچاوەكانی گرفت و قەیرانەكان بزانن و ڕێگەچارەی بۆ دابێت ودەبێ لەكاتی كۆتایی هێنانی پەیامەكانیدا هەموو كەسێك چاوەڕێ ی كردار بێت و ئاڕاستەیەكی ڕوون پیشانی خەلك بدات و وایان لێبكات هیوایان بە بەڵێنەكانی بێت و ئێستاو ئایندە مسۆگەر بكات و هانی خەڵك بدات بۆ كرداری بەجێ و ڕەوان.
10- گەڕانەوە بۆ ناوخەڵك
پێویست دەكات سەركردە هەموو كات و وزە و توانای خۆی بخاتە گەڕ بۆ خزمەتكردنی ناسنامە و پێناس و شكۆمەندی خەڵكەكەی ئەگینا ئەخرێتە زبڵدانی مێژووەوە.ئەوە ئەركی سەركردەیە كە بەدوای خەمەكانی خەڵك بكەوێت نەوەك ئەركی خەڵك بێ بۆ دواكەوتن و لایەنگیری كردنی بەرنامەی سیاسی سەركردەكان.ئەبێ سەركردە كوچە و شەقام و شارو لاێ و نەمێنێتەوە كە بەسەری نەكاتەوە پێویستیە هەنوكیەی و درێژخایەنەكانیان بۆ دابین بكات و تایبەتمەندی سەركردەی نەتەوەیی لەخۆبگرێت نەوەك تایبەتمەندی سەركردەی حزب و بنەماڵە و ناوچەگەرایی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست