بۆچی توركیا ڕۆژهەڵاتی ناوەند دەهەژێنێ؟
Thursday, 18/08/2011, 12:00
ناوبانگی توركیا نەبەهۆی مێژوی ئیمپراتۆەكەیەوەیەتی,نەبەهۆی مێژوی هێزەسەربازیەكەیەوە كە حوكمی خۆی كرد تا دامەزراندنی حوكمی عەلمانی و دیموكراسی تا هاتنی پارتی عەدالەت و گەشەپێدان(ئاكەپە),نەبەهۆی سەركوتكردنی كوردەوە بووە,نەبەهۆی هەوڵەكانی نوێكردنەوەی عوسمانیزم و گەرانەوە بۆ ڕەگی وڵاتەكە,بەڵكو ناوبانگ و هێزی توركیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە توركیا دووەم بەهێزترین هێزی سەربازیە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا, بەمانایەكی تر توركیا بریتیە لە هێزی سەربازی ئەوروپا و ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین,بۆیە زۆرجار توركیا بە پیاوە پۆلیسەكە ناسراوە كە داكۆكی و پارێزەری بەرژەوەندیەكانی ڕۆژئاوایە بەڵام بێ ئەوەی لەیەكێتی ئەوروپا وەك ئەندام وەرگیرابێت ئەمەش بەهۆی مێژوی كۆن و هاوچەرخی ئیسلامی ئەو وڵاتە.وە زۆر ئاشكرایە كە ئەمەریكا زۆر فشاری خستوەتە سەر یەكێتی ئەوروپا بۆ بەرژەوەندی و وەرگرتنی توركیا وەك ئەندام بەڵام هەردوو وڵاتی ئەلمانیا و فەرەنسا لەسەرسەخترین نەیارەكانی ئەنقەرە بوون.ئیستا توركیا كە بە (پیاوە پۆلیسەكەی ڕۆژهەڵات) ناودەبرێت لەلایەن خەڵكی هەرێمەكەوە پەسەند نیە بەتایبەت كاتێك كە باڵی سەربازی كۆنترۆڵی چارەنوسی سیاسیانەی توركیای كردوە و ڕێگەی دژایەتیكردنی عەرەبی هەڵبژاردوە بەتایبەتی لەمەسەلەی فەلەستیندا.باڵە سەربازیەكانی توركیا هەربەمەشەوە نەوەستاوە بەڵكو هاوپەیمانیەتێكی ستراتیژیانەی لەگەڵ دەوڵەتی (هێبریو) جولەكە ئیمزاكردوە بۆ ڕوبەرووبونەوە و سەركوتكردنی هەر هەوڵێكی عەرەب بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینەكان. ئەم مێژوە تازەیەش تازە ناسرێتەوە بەتایبەت لەلایەن سەركردەی حیزبی ئاكاپە رەجەب تەیب ئەردۆغان.بەتایبەتی هەڵوێستی ئەردۆغان سەبارەت بە شەڕی غەززە تەنها هەوڵێك بوو بۆ دیاریكردن و دەرخستنی ڕۆَڵ و پێگەی خۆی لەهەرێمەكەدا بۆیە ئەو كابرایە هەمیشە هەلوێستی جیاوازی لەوەی ئەوروپی و ئەمریكیەكان وەردەگرێت.ئەردۆغان هەمیشە وائەكات گوایە بەبێ بونی ئەو بەرژەوەندی ڕۆژئاوا لەمەترسیدایە و ئەم كارەشی تەنها بۆ ئەوەیە كە لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتگیری لەسیاسەتی خۆی بكەن بەتایبەت كاتێ دۆخی سیاسی ناوخۆی وڵاتەكەی ئەكەوێتە گرژی و ئاڵۆزیەوە.بۆیە لەم روانگەیەوە هەر لەیەكەم ڕۆژی روداوەكانی وڵاتی سوریاوە رەجەب تەیب ئەردۆغان وای نیشاندا كە گرژی و ئاڵۆزیەكانی سوریا بەشێكی پەیوەستە بە كێشە ناوخۆیەكانی توركیاوە و بەم بۆنەیەشەوە مومارەسەی سیاسەتی خۆی كرد لە سوریا و كۆنفرانسێكی بۆ بەرەی ئۆپۆزیسۆنی سوریا ڕێكخست لە وڵاتەكەی خۆیدا و دروشمەكانی خۆی بەئاشكرا ڕاگەیاند كەوا توركیا بێدەنگ نابێت لەئاست ڕوداوەكانی سوریا و ئەردۆغان ڕۆڵی هەبوو لەوەی كە ڕای گشتی وڵاتانی عەرەبی و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی جوڵاند لە دژی كوشتارگەلی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا,بۆ ئەمەش ئەردۆغان سودی زۆری وەرگرت لە ئاوارەكانی جسرالشغور لەنێوان سنوری توركیا سوریادا.ئاشكرایە كە هەموو ئەم هەوڵانەی ئەردۆغان بە هاوكاری ئەمریكا و ئەوروپا بوو لەو باوەڕەدابوون كە تازە ڕژێمی ئەسەد بەرەونەمان و لەناوچوون دەچێت,بۆیە هەرزوو دەست و برد لە هەوڵی كاركرندا بوون بۆ ئەوەی ڕژێمێكی نوێ كە جێگەی ئەسەد بگرێتەوە بهێننە پێشەوە و ئامادەی بكەن بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات لەبنەماڵەی ئەسەد.بۆ ئەمەش ئەردۆغان خۆی كردوە بە مۆدێلێكی دەسەڵاتی دیموكراسی ئیسلامی و خوازیارە كە ئەو ڕژێمە نوێ یەی دێتە سەر حوكم لەدوای ئەسەد وەك مۆدێلەكەی خۆی لە توركیادا بێت و لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە پەسەند بكرێت.بۆیە لەپاش روداوەكانی سوریاوە ئەردۆغان لەلایەن ڕۆژئاواو ئەمریكاوە بەشێوەیەكی سیستەماتیكی بەكاربرا بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە بە ئەسەد,پەیامێك كەبەئەسەد دەڵێ :"یا ڕیفۆرم بكە دەستبەجێ ,یان بڕۆ."بەڵام ئەردۆغان دڵنیایە كە هەردوو ئۆپشن مەحاڵە,واتە نە ڕیفۆرم دەكرێ,نە ئیستیقالە.بۆیە توندوتیژی تا بێت زیاد ئەبێت و تازە بەشی ئەوەی تیا نەماوە لەسوریا خەڵك بەڕیفۆرم ڕازی بێت چونكە خەڵكی سوریا ئێستا لە قۆناغی ڕاپەڕیندایە و خوێنێكی زۆر ڕژاوە و كارەكە لەوە ترازاوەە كە خۆپشاندانی مەدەنیانە بێت بەڵكو ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێ پێكدادان و شەڕی نێوان سوپا و گروپە چەكدارەكانە لەلایەك و هاوڵاتیان لەلایەكی تر.چونكە ئەو بەڵێن و ڕیفۆرمانەی كە ئەسەد بەوڵاتەكەی داوە وە ئەو یاسایانەی ئەسەد دەری دەكات نەلەلایەن ئۆپۆزیسۆنەوە نەلەلایەن ڕۆژئاواوە قبوڵ دەكرێت و بە وتەی ئالان ژوپێ ی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەسەد بڕیار و هەڵوێستەكانی ئەسەد تەنها مایەی وروژاندن و ترشاندنی زیاتری دۆخەكەیە لە سوریا.ئێستا ڕۆژئاوا و ئەمریكا و توركیا گەشتونەتە ئەو قەناعەتەی كە ڕیفۆرم كردن مایەی گاڵتەجاریە بەخەڵكی سوریا و هەموو ئەو وڵاتانەی كە شەپۆلی بەهاری عەرەبیان پێگەشتوە. هەموو كەس ئەوە دەزانێت كە ئەو 15 ڕۆژەی ئەردۆغان وەك مۆڵەت دای بە بەشار ئەسەد بۆ بڕیاڕدان تەنها تەعبیر لە هەڵوێستی وڵاتەكەی ناكات بەتەنیا بەڵكو ئەوە پەیامێكی گرنگی ئەوروپا و ئەمریكا و ئەو وڵاتە عەرەبیانەیە كە ئەزانن مەسەلەی سوریا بوو بە قەیرانێكی ئیقلیمی ترسناك كە بەدڵنیاییەوە لە چەند ڕۆژی ئایندەدا دوورنیە ناتۆ و زلهێزەكان لێ ی بێدەنگ نابن.ئەمەش بە هۆی ئەوەی چیتر ئەمریكا نایەوێت ئەو هەڵەیەی كە لە عێراق كردی لە سوریا دوبارەی بكاتەوە بۆیە ئەمریكا دەیەوێت ناتۆ و وڵاتەكانی تر تێوە بگلێنێت لە مەسەلەی تەدەخول كردن لەو وڵاتانەی مایەی هەڕەشەن بۆ دیموكراسی و ئازادی وڵاتەكان و ئەمریكا ستراتیژیەتێكی نوێ ی بەكار هێنا بۆ نمونە لە وڵاتی لیبیا بەتەنها ڕوبەڕووی قەیرانەكە نەبۆتەوە و چەندین وڵاتی تری بەشداری پێكردوە لە پرۆسەی ڕوخانی ڕژێمەكەی قەزافی.بۆیە ئێستا زۆر ڕوونە كە توركیا دەیەوێت رابەرایەتی گۆڕان بكات لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناویندا.چونكە ئێستا توركیا لەوپەری بەهێزیدایە و پێ ی وایە توركیا هیچی كەمتر نیە لە فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریكا كە ڕۆڵی ئێجگار گرنگ دەبینن لە هاوكێشە نێودەوڵەتیەكاندا.هەربۆیە لەلایەین جیهانی ئیسلامی لەلایەك و لەلایەن ڕۆژئاواوە توركیا باشترین مۆدێلە و بەرژەوەندی ئەو دوو لایەنە وا ئەخوازێت توركیا ئەو ڕۆڵە گرنگە ببینێت.هەروەها توركیا ئێستا پەیوەندیەكی باشی هەیە لە گەڵ ئیسرایل و توركیا باشترین پێگەی هەیە بۆ لێدانی بەرژەوەندیەكانی ئێران لە ناوچەكەدا.بۆیە لەم شانۆگەریەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەكاندا توركیا ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێت و هاتنە سەرشانۆی توركیا بۆ نمایشی هێز و پێگەی خۆی لە دەرگای سوریاوە دەستی پێكرد.توركیا ئێستا تموحی گەورەی هەیە لەم هاوكێشانەدا و بەرژەوەندی خۆی دەپارێزێت و هەوڵدەدات هەیمەنەی خۆی بسەپێنێت لەناوچەكەدا بەحوكمی ئەوەی كە یەكێكە لەبەهێزترین ئەندامەكانی ناتۆ و هەوڵدەدات ڕۆڵی بەهێزی هەبێت لە گۆڕینی ئەو ڕژێمانەی كە دژایەتی دیموكراسیەتی ئیسلامیزمی توركیا دەكەن و لە ئەنجامدا داواكاریەكانی خەڵكی سوریا نەلەلایەن توركیا نە ئەوروپا و نە ئەمەریكا نایەنە دی چونكە شۆڕشەكانی ئەم وڵاتانە لەلایەن زلهێزەكانەوە لەباردەبیرێت بۆ مەرام و بەرژەوەندی سیاسیانەی خۆیان.هەر ئەمرۆش بوو كەوا توركیا چەندین گوند و دێكانی كوردستانی باشوری تۆپپاران كرد و فرۆكە جەنگیەكان بەخەستی خاكی هەرێمی كوردستان بۆردومان دەكەن. گوندەكانی بەردە و قەندیل و زاب و خنێرە و بۆكلیسكان و زارگەڵیی و قەڵاتووكان ی بەخەستی بۆردومان كرد كە هەموو ئەم شوێنانە هاوسنوری توركیایە.دەكرێت بڵێین ئامانجەكانی توركیا لەم هێرشانە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگێكی گەورەترە كە خۆی لە لەناوبردنی پەكەكە و دواتریش فشارخستنە سەر حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی هەڵوێستی توند بگرنە بەر بەرامبەر برا كوردەكانی باكوور و شەڕی كورد بە كورد بكەن لە زەمەنیكی نزیكدا و لێدانی بەرژەوەندیەكانی ئێران بێت لە زەمەنیكی دوورتردا لەدوای ئەوەی كە مەسەلەی سوریا یەكلابكرێتەوە ئەوجا نۆرەی ڕووبەڕووبونەوەمەزنەكە دێت ئەویش وڵاتی ئێرانە و دوورنیە مێژوو خۆی دوبارەبكاتەوە و جەنگی ساسانیەكان و عوسمانیەكان ببینینەوە بەڵام ئەوەی جێگەی داخ و نیگەرانیە ئاشكرایە كە هەموو ئەم جەنگانە لە ساحەی كورددا دەكرێت و مەیدانو المەعرەكە كوردستان بێت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست