فەلەكناسە شۆڕشگێڕەكان - بەشی یەكەم
Friday, 10/06/2011, 12:00
لەماوەی چوار مانگی پێشوی 2011 دا چەندین روداوی مەزنی مێژوویانە ڕوویدا, تسونامی و بومەلەرزە و تەقینەوەناوەكیەكانی یابان وخەڵكی باكوری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەند بە ملیۆنان ڕاپەڕین لەدژی ڕژێمە چەوسێنەرەكان كە هەمویان لەماوەی سەدەی پێشوو هەتا دەیەی یەكەمی سەدەی بیست و یەك حوكمیان كردوە و بەشێوازی دۆمینە ئاسا سەرەتا سەرۆكی تونس و پاشان میسر و واخەریكە یەمەن وسوریا و بەحرەین و عێراق و ئێران و كوردستانیش دەگرێتەوە.
بەراستی هەموو ئەمانە ڕوداوی عەنتیكەی سیاسی بوون كە ڕێژەیەكی چاوەڕواننەكراوی وڵاتان و خەڵكی گرتەوە.بەدوای خۆیشیدا خۆپیشاندانە مەزنەكانی ئیسپانیا و یۆنان و وا چاوەڕواندەكرێت ئەوروپاش بگرێتەوە.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی كە بپرسین ئاخۆ پەیوەندی هەسارەكان و زانستی فەلەكناسی چیە لەگەڵ ئەم ڕووداوە نائاسیاییانەدا,لەڕاستیدا بەڕای فەلەكناسەكان هەموو ئەمانە زنجیرە ڕوداوێكی یەكبەدوای یەكن و كاردانەوەی گەورە بەدوای خۆیاندا دەهێنێت,پێش هەمویان ڕۆڵی هەسارەی پلۆتۆ لەسەر ژوپیتەر كارێكی وادەكات كە ڕژێمە سەركوتكەرە دیكتاتۆریەكان زیاتر خەڵكی خۆیان بكوژن و بیانكەن بەقوربانی مانەوەیان لەسەر حوكم,ئەم ڕژێمانە خەڵكی زیاتر هەراسان دەكەن و تا دەگاتە ئاستێك خەڵك تۆلەرانسی نامێنێ بۆیان و ڕوداوەكان گۆمی مەنگی وڵاتانی تازەپێشكەوتوو دەهەژێنێ.
ڕاستی ڕوداوەكان پەیوەندی بەهەسارەی پلۆتۆوە هەیە چونكە ئەم هەسارەیە داهێنەرە و هەموو شتێكی كۆن و سواو وێران دەكات,هەموو ئەوبونەوەرانەی نەخۆش و لاواز و بێ كاریگەرن جارێكی تر گیانیان وەبەردا دەكاتەوە و تەندروستی و هێزی بیركردنەوەیان چالاكتر دەكات,لەهەمان كاتدا پلۆتۆ هەسارەی خەڵكەبەشمەینەتەكەیە كە پێ ی دەوترێت هەسارەی ماسس و هی خەڵكە ئاساییەكانە كاتێ هەمویان یەكدەگرن و پێكەوە بۆ ئامانجێك تێدەكۆشن,بۆیە بەم شێوەیە ئێمە ئێستا كەوتوینەتە زەمەنێكی زۆر چارەنوسساز كە تیایدا چەندین سیناریۆی سەیر و نامۆ خۆیان نمایش دەكەن لەوانەش فەیسێكی تازەی سیاسەتكردن هاتۆتە گۆڕێ كە تیایدا حكومەتەكان پێكهاتەی سەرەكی خۆیان دەگۆڕن بەقوڵی و حكومەتەكان جارێكی تر بەفۆرمێكی تر لەدایك دەبنەوە و لەهەمان كاتدا خەڵكی ئاسایی, واتە ماسس, تا دێ كاریگەری ڕاستەوخۆ و داینامیكیان یان لەسەر حكومەتەكانیان دەبیـَت و بەتایبەتی ئەو حكومەتانەی كە دیموكراسی نین.
پلۆتۆ جیاواز لەهەسارەی یۆرانۆس پێكەوە لەگەڵ هەسارەی ژوپیتەر شۆڕشێكی مەزنی جیهانی كاریگەر و نوێ دێنێتە ئاراوە,بەپێ ی زانستی فەلەكناسی هەموو 2000 ساڵێك گۆڕانكاریكی گەردونی گەورە بەسەرزەویدا دێت و لە ساڵانی 1762 و چەند ساڵێك پێش شۆڕشە مەزنەكانی فەرەنسا و ئەمریكا لەساڵانی 1789 و 1776دا هەمان نزیك بونەوە ڕویدا لە هەسارەی پلۆتۆ و ژوپیتەر, بۆیە خوێندنەوەیەكی قوڵ بەڵام زانستیانە زۆرشتمان پێ دەڵێت لەسەر ڕەوتی ڕوداوەكانی ساڵی 2011 ی ساڵی تۆقاندنی دیكتاتۆرەكان, بەڕای فەلەكناسەكان هێشتا ئێمە لەسەرەتای دەركەوتنە مەزنەكانی ئەم ساڵەداین و ئەوەی ڕویداوە هێشتا پێشەكیە بۆ ئەو ڕوداوە مەزنانەی كە هێشتا لەپێشمانن.
زۆرێك لەبیریارانی بواری سیاسەت پێیان وایە ڕەوتی ئەم ڕوداوانە ئەوروپا و ئەمریكا و چینیش دەگرێتەوە لەساڵی 2012 دا, كە لەنمونەی ئیسپانیا و یۆناندا بەدیمانكرد, هەروەها كێشە و قەیرانە گەردونیەكان لەساڵی 2015 زیاتر ڕوولەئاڵۆزبوون دەكات ونەخشەی سیاسی ئەوروپا و ئاسیاش كاریگەری هەردووهەسارەی یۆرانۆس و پلۆتۆیان پێوەدەردەكەوێت, ئەمەش بۆ ئاخیرین جار لەسیەكانی سەدەی ڕابردودا ڕوویدا كاتێ لەئەمەریكا خەڵكی توشی "نائومێدبونی گەورە" و شكستی دونیای سەرمایەداری بونەوە و بەدوایدا جەنگی جیهانی دووەم ڕویدا.پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2023 شەپۆلی شۆڕشەكان هەموو گەردون بگرێتەوە و هەروەك چۆن پێش 250 ساڵ كاتێ هەسارەی پلۆتۆ شوێنی خۆی گۆڕی و بەدوایدا شۆڕشی فەرەنسا و ئەمریكا ڕویاندا.
.ئێمە ئێستا سەرەتاكانی ئەو شەپۆلە شۆڕش و گۆڕانكاریە دەبینین و هەروەك چۆن فەلەكناسان پێشبینی "نائومێدبونی گەورە"یان كرد چەند ساڵێك پێش ئێستا كە ئەوە بوو لەساڵی 2010 ئەو پێش بینیە هاتە دی و جیهان ناڵاندی بەدەست قەیرانی ئابوری جیهانیەوە و ملیۆنان خەڵكی لێ ی زەرەرمەندبوون و كاروكاسپیان لەدەست دا.
بۆیە لێرە بەدواوە تاساڵی 2025 زاناكانی ئەم بوارە تادێت گرنگی زیاتریان پێدەدرێت و ڕۆڵی بەرچاویان دەبێت لەپێشبینی كردنی ئایندەدا.بۆیە فەلەكناسەكان لەئێستا بەدواوە پێیان دەوترێت فەلەكناسە شۆڕشگێڕەكان.
تێبینی: ئەم نوسینە دووبەشە و چاوەڕوانی بەشی دووەم بن(لەبەشی دووەمدا دێینەسەر باسی یەكێك لەو فەلەكناسە شۆڕشگێرەیەی كە زۆربەی پێشبینیەكانی تا ئێستا ڕاست دەرچوون.)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست