چەماوەی داخراو
Wednesday, 30/10/2013, 12:00
لەم ھەرێمەی خۆماندا، کە ھەموان گیرۆدەی بێ متمانەیی و بەڵینی بێ بنەماو بێ جێین، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە، لە ھیچ کارێکی بەرژەوەندیی خوازانە، خۆمان لا نادەین، دۆسییەی یەکتر تاوتوێ دەکەین، کەسمان ئاکاری بەرانبەرمان پەسەند ناکەین، بەڵام کاتێک ڕووبەڕووی یەک دەبینەوە، پارە و داھات، لەدەوری خۆی کۆماندەکاتەوە، سازشی زۆر بۆ یەک دەکەین، ناتوانین وەک دیوی ناوەوەی ناخمان، خۆمان دەرخەین، نەگلەیی و گازاندەمان پێ دەوترێت، نە، گەر، بیشڵێین وەردەگیرێت، ھەمان ڕەفتار لەنێو حزب و لایەنەکانی ڕامیاری نێو دەسەڵات، یان وەک دەوترێت بەرەی گەل و ئۆپۆزسیۆن، چ ئیسلامیی یان عەلمانیی، لەدەستەی فەرمانڕەوایەتیی یان دام و دەزگای دەوڵەتیی، بووە و ھەیە و ھەر دەمێنێت، گەر وا بڕوات و ئەم ھەڵمەتی بەفیڕۆدان و گەندەڵیی و بێسەروبەرییەی داھات، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، سنوووردار و کۆتا نەکرێت، نەک ھەر خۆمان بەڵکو تەواوی پرۆسە و ئەزموون و حکومەتە ساواکەشمان، وردە وردە بە ئاراستەی ھەڵدێر دەڕوات، بۆیە چیتر ھەر دەنگ ھەڵبڕینمان بەس نیە، کە دەزانین ھەر ھەمووی ھەر بێ منەتە، ئەوانەمان کە خۆ بەڕەوا دەزانین، لەبەرژەوەندیی و دەستەمۆیی خۆ قوتارکەین، وەک میللەت و نیشتیمانمان پێویستیی پێیە، وا ڕەفتار کەین، ھەموو ئەو قسە و گوتارانەی بۆ چاکسازیی دەوترێن و دەبیسترێن و دەنووسرێن، گەر ھەموویان، نەکەین بە ئامانج و ڕێباز و بەرنامەی کار، ناتوانین گۆڕانکاریی بکەین، ھەر بەدەردی ڕابردوومان دەچین و تاماوین ھەر دەبێ بڵێین، کردار شەرتە، نەوەک گوفتار
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست