کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بڕیارەكەی سەرۆك یاساییە...... بەڵام..!

Tuesday, 16/06/2015, 8:17


هەرێمێك خاڵی لە هەموو پێداویستیەكانی جێبەجێكردنی یاسا بەرامبەر كارئەكتەری سیاسی، هەرێمێك خاڵی لە بنەماكانی هەڵبژاردن، هەرێمێك خاڵی لە بنەماكانی دیموكراتی، هەرێمێك خاڵی  لەو ژینگەیەی پێی دەوترێت متمانە بە دەنگدان، هەرێمێك پڕ پڕ لە ڕێكەوتنی سیاسیە زەبەلاحەكان، هەرێمێك پڕ پڕ لە سازانی سیاسی، هەرێمێك پڕ پڕ لە پەرواێزخستنی نوسراوە یاساییەكان، هەرێمێك پڕ لە دابەشكردنی كوردستان لە نێوان دوو بنەماڵەدا، هەرێمێك پڕ پڕ لە هەموو سەرپێچییەكان و خاڵی لە پەیوەست بون.
• بەڵێ‌ سەرۆك... ئەوە دەزانین كە یاسا جێبەجێدەكەیت، بەڵام دەشزانین كارتەكانی دەستت كامانەن، دەشزانین تاكتیك و سیناریۆكانت چین چۆنن، ئەوە دەزانین یەكێتی هەر دەبێت بێتەوە بەردەم دەرگای ئێوە و بێتەوە سەر سفرەی دابەشكارییەكان، لە بەرامبەر سەرۆكی عێراقدا بۆ یەكێتی، سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی، ئیتر پارتی و یەكێتی كێ‌ دادەنێن ئارەزوی خۆیانە، ئەوەش دەزانین لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا ملیۆنان دۆلار دابەشدەكەن و خەڵكی قور بەسەریش بە جۆرێك برسی كراوە، بە جۆرێك نانی خەڵكتان بەستوە بە مانەوەی خۆتانەوە، ناچارە دەنگتان پێ‌ بدات، ئەوەش دەزانین كاتێ‌ بڕیار دەردەكەن  لە 19/8 كۆتای وڵایەتەكەتە و داوای یاسایی دەكەی كە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەوە دەزانین كە هەر خۆتان بڕیاری دروستكردنی كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانتان دا، بەڵام هەر خۆتان، هەوڵی دواخستنیتان دا، تا هەر كاتێ‌ بڕیاری یاسایتان دەركرد، بڵێن ئەوە كۆمیسیۆن ناتوانێ‌ و دوای دەخەین، ئەوەش دەزانین دوای پاشەكشەی توركیا و باڵادەستبونی ئێران و هاوپەیمانەكانی، زۆنی زەرد دەكەوێتە بەر ڕەحمی سەوزبونەوەوە، ئێوە ناچارن پێی زیاتر لەسەر پۆستەكان دابگرن، ئەوەش دەزانین كە دەتانەوێ‌ مۆدێلی خلیجی وەلی عەهد و پشتاو پشت بنەماڵەیی بكەنە مۆدێل، ئەوە نییە هەرچی پاشگری بارزان و تاڵەبانی پێوە بێت، هەر سەری لە هێلكە دەرچوو دەبنە بەرپرسی باڵای بێ‌ ئەزمون، ئەوەش دەزانین هەر خۆتان نەتان ویست داتایەك بۆ سەرژمێری هەبێت.
• بەڕێز سەرۆكی هەرێم، كاتێ‌ لە بڕیارەكەتدا دەڵێیت (دەنگدانی ئازاد و دیموكرات ) دەبێت ئەوە بزانین، بێ‌ سەرژمێری، بێ‌ بونی دامودەزگایەكی هەڵبژاردنی تۆكمە، بێ‌ بونی ڕێكخراوەكانی چاودێری گشتی چالاك، بێ‌ بونی ئەمانە جگە لە دیموكراتیەكی خلیجیانەی كارتۆنی هیچی تر ناكات، بەم خواستەی ئێوە دیموكراتی و هەڵبژاردن هیچ مانایەكی نامێنێت، بێ‌ بونی نەكڕینی دەنگ، بێ‌ بونی ژینگەیەك كە هەست بە بونی كاریگەری دەنگەكانمان بكەین، بێ‌ بونی ئامادەیی دەستاودەستكردنی سیاسیەكان، ئازادیش هیچ مانایەكی نامێنێ‌، دەزانم بە من دەڵێ‌ تۆ ئازادی دەنگ دەدەی، بەڵام بێ‌ كاریگەری و كەسەكان هەر خۆتان بە پێ‌ ی ڕێككەوتنامەیەكی ستراتیژی ئێكسپایەر سەرۆك دادەنێن،  لە هەموو سیناریۆ و تاكتیكەكانتان تێدەگەین، ئەزانین دەنگی ئێمە وەك گروە لەسەر ئەسپی تۆپیو، لەسەر تەڵەی تەقیو، لەسەر چەتری كون كون، لەسەر كاتژمێری وەستاو.
• بەڵێ‌ سەرۆك ئەوەش دەزانین ئێستەش هەر بنەماكانی ڕێكەوتنەكانی بەرەی كوردستانی جێبەجێدەكەن، ئێستەش ئێوە بیئاگان كە ئێستا سەردەمێكی ترە و جارێكی تر گەڕانەوە بۆ دابەشكاری دەبێت كۆتایی پێ‌ بێت، حوكمی شاخ كۆتایی پێ‌ بێت، دەبێت ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن یاسا و تەنها ئێمە جێبەجێی دەكەین و ئێوە و بەرپرسەكانی دەور و بەرتان  ناگرێتەوە، دەبێت گشتی بێتەوە، دەبێت سیستەمی سەرۆكایەتی كۆتایی پێ‌ بێت.
• سەرۆك... ئەگەر تا ئێستا تۆمان بە سەرۆكی خۆمان زانیبێت و پابەند بو بێتین بە سەرۆكایەتی ولایەتەكەی بەڕێزتانەوە، ئەوا لە ئێستا لە ژێر هەر ناوكێدا بێت و لە پەنای هەر سستەمێكی حوكمڕانیدا بێت، ناتوانین بە سەرۆك قبوڵت بكەین، ئەو هەموو ساڵە سەرۆكمان بویت، ئەی كوا دەستاو دەستكردنی دەسەڵات، ئەی كوا دیموكراتیەت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە