پارتی وەك كارتی ئەمریكا لەسەر مێزی گفتوگۆی ئێرانی
Wednesday, 06/05/2015, 12:33
یاری و تاكتیكەكان بەردەوامیان هەیە , ئێستە چڕبونەوەی یارییەكان و بەریەككەوتنی تاكتیكەكان زیاتر كەوتوەتە سەر سنوری دەسەڵاتی ئێرانەوە , خۆ ئەگەر ئەمریكا و ئێران لەسەر ئاستی گشتی و بنەمانی بەرژەوەندی , هاو ئاراستە بن و تا ئاستێك نزیك بونەوە هەبێت , تا ئەو ڕادەی زەمینەی ڕێككەوتنی نێوانیان نزیك بێت , ئەوا لە درێژەدا و لەسەر ئاستی خوارەوە , یاری و تاكتیكەكانیان بەردەوامی هەیە بەرامبەر یەكتر , هەر بەم پێوانەیە ئەگەر ئێران بوبێتە بەدیلی توركیا بۆ ئەمریكا و ناتۆ , یان بڵێن بوبێتە هاوپەیمانی ئەمریكا و ناتۆ , دۆسەیەكانی وەك ئەتۆمی و حیزب اللە و حوسییەكان و تۆرابۆرا و پاكستان و خلیجی فارسی , تا ئاستێك تێگەیشتنێك هەبێت , ئەوا ئێستە هەر دولایان لە ڕێگای ڕۆشتن بەرەو ڕوی یەك یارییەكانیان بەردەوامی دەبێت , ئەمریكا ئەو ڕاستیە دەزانێ كە پاشەڕۆژی هیچ وڵاتێك بە بێ ڕەزامەندی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا , هێمنی بە خۆیەوە نابینێ , خۆ ئەگەر ئێران لە عێراقدا بە تەواوەتی باڵادەست بێت , ئەوا ئەمریكا لە بەرژەوەندیەتی و گلۆپی سەوزی بۆ هەڵكردوە , بەڵام هەر دەیەوێت كارتی ژمارە دوو بەكار بهێنێ , ئەوەش دەزانین لە دوای فەشەلی توركیا , هەموو عێراق چوە ژێر كۆنتڕۆڵی ئێرانەوە , هەر بەم مانایە زۆنی زەرد دەكوژێتەوە و زۆنی سەوز شوێنی دەگرێتەوە , بۆیە كاتێك ئێران ڕازی دەبێت ( زۆنی زەردی تازە سەوز بوو) بە دەست پارتییەوە بێت , دەبێت داماڵرێت لە دەسەڵات , بۆ ئەمەش هەر لە ئێستەوە یارییەكان دەركەوتون , بۆ ئێران گرنگ نیە لە عێراقدا بە كوردستانیشەوە چی سستمێك حوكمڕانە , وە كێ حوكمڕانە , گرنگە لە چوارچێوەی ئەجێندا و ستراتیژی ئێراندا بێت , لەم نێوەندەدا كارتی ئێران و عەبادی زۆر بەهێزترە لە كارتی كورد و ئێران , یان كورد و عەبادی , وە كارتی ئێران و توركیا زۆر بەهێزترە و بەرژەوەندییان زۆر گەورە ترە لە هی كورد و توركیا , وە بە هەمان شێوەش كارتی ئەمریكا و هەر یەك لەم وڵاتانە زۆر گەورە ترە لە كارتەكانی لەگەڵ كورد , ئێستە ئێران دەیەوێت بەرەیەك دروست بكات لەسەر ئاستی هەموو قەڵەمڕەوەكانی خۆی و پارتیش لەوە گەشتوە كە بەو دەسەڵاتەوە ئێران قبوڵی ناكات , وە ئەمریكاش هەموو گۆڕنێكی پەیوەندی و هەموو ڕوداوێك (استسمار) لە بەرژەوەندی خۆی بەكار دەهێنێت , كاتێك هەرێمی كوردستان دەكەوێتە سنوری ئەم گۆڕانكارییانە و ئەم تاكتیكانەوە , ئەیەوێت هەموو كارتەكانی بەكار بهێنی و بەهێز بێت , بۆ ئەوەی چوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران زۆرترین كارتی پێ بێت و زۆرترین یاری بكات , زۆرترین كارت بە ئێران بفرۆشێ , بە هەمان ئاراستە و بە هەمان دیدەوە ئێران ئەو یارییانە دەكات .
• چونی مسعود بارزانی بۆ ئەمریكا جۆرە یارییەكە كە دو كارت و دوو سەرەیە , واتا پارتی ئەو ڕاستە باش دەزانێ كە نە ئەمریكا بە بێ ئێران و نە ئێران بە بێ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی , ناتوانن یەك فیشەك بۆ كورد بنێرن , بە پێچەوانەوە كارتی ئێران لەمەسەلەی هاوكاری پێشمەرگە و دەوڵەتی كوردی بەهێزترە لە ئەمریكا , ئەڵبەت ئەمریكا پارتی بەكار دەهێنێ وەك كارتی ژمارە دوو بەرامبەر ئێران , وە پارتیش ئەمریكا بەكار دەهێنێت , كە ئەگەر چوەوە باوەش ئێران وەك یەكێتی... بە دەسەڵاتەوە بچێتە ناو بازنەی دەسەڵات و قەڵەم ڕەوی ئێرانییەوە , واتا چونی مسعود بارزانی بۆ ئەمریكا جگە لەوەی یارییەكی تاكتیكی بێت , هیچی تر نابێت , ئەوەی پێ ی دەوترێت مەسەلەی پێشمەرگە و بەرەی دژی داعش ئەوە دەمێكە بڕاوەتەوە و كورد ڕاستەو خۆ بەشێكە لەو سیاسەتەی لە ناوچەكەدا پیادە دەكرێت و بەشێكە لەگەمەكە , ئەوەی مسعود بارزانی باسی دەكات جگە لە ماكیاج كردن هیچی تر ناكات .
• دیوی دووەمی ئەم یارییە و بەكارهێنانی ئەمریكا و دەوڵەتی كوردی , ئاراستەكەی بۆ ناوخۆیە , ئێمە دەزانین كە ئێستە جگە لەوەی ئێران بە بازنەیەك دەوری پارتی داوە ( عێراق + پەیەدە + پەكەكە + بەشار ئەسەد ) لەسەر ئاستی ناوخۆش دەیەوێت بەرەیەك لە ژێر ناوی خواستراودا , دژ بە پارتی بكاتەوە , پرسی داماڵینی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم و بە پلە بەندی بچوككردنەوەی پارتیە , بۆیە پارتی دەیەوێت ئەم سەفەرەی ئەمریكا وەك كارتی بەرگری لە دەسەڵاتەكانی بەكار بهێنێ .
• پارتی دوای ئەوەی بێ هیوا بوو لە هەوڵەكانی توركیا لە ڕێ ی داعشەوە , بگرە بە زۆر خزینرایە ناو بەرەی ئێرانە و دژی داعش , وە ئەمریكاش و ئێرانیش لە بەرژەوەندیاندا نیە داعش بە تەواوەتی لە ناو بچێت , بە پێچەوانەوە دەیانەوێت لە بازنەیەكدا بیهیڵنەوە و نەهیڵن نە گەورە بێت و نە بچوكیش ببێتەوە , واتا بە ئاستی بەرژەوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا ناتۆ , هەر كات ئەوان بەرژەوەندیان بچوكبووە , ئەوا داعش بچوك دەكەنەوە , هەر كات بەرژەوەندییەكان گەورەتر بون ئەوا داعش گەورەتر دەكەنەوە , هەر كات پێویستیان پێ ی نەما ئەوا كۆتای پێ دێنن , دواكەوتنی موسڵ بەشێكە لەو تاكتیك و یارییانە , ئەمەش بۆ پارتی بازنەی یارییەكانی بچوكتر دەكاتەوە .
• بەكورتی پارتی و ئەمریكا ئەو یارییە دەكەن و پارتی كارتە بە دەست ئەمریكاوە , لە كویا پێویستی پێ ی نەما و دەیفرۆشێ بە پشكێ زیاتر بە ئێران , یان لەسەر مێزی گفتوگۆی ئێران و ئەمریكا , ئەم كارتە فێڕی درایە سەر مێزەكەوە , ئێران ئەم كارتەی لە ئەمریكا كڕی , ئەوا پارتی دەبێت بچێتە ناو بازنەی ئێرانەوە , لەسەر ئاستی ناوخۆش دەبێت ڕازی بێت بە پسستمی پەرلەمانی , چونكە بەرەی ئێران بەهێزتر لە كارتەكانی دەستی پارتی , ئیتر دەوڵەتی سەربەخۆ ئەو تۆپەیە كە بەردەوام پارتی تیهەڵدەدات , بە بێ ئەوەی گۆڵ بكات , یان بە بێ ئەوەی لە ساحەدا بێت , بگرە وەك ئەوە وایە لەسەر شاخێك یاری دوگۆڵی بكەیت و شەق لە تۆپ هەڵدەی بۆ یاری .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست