ئایا .. مەسعود بارزانى دەبێتەوە سەرۆکى هەرێم ..؟
Sunday, 08/03/2015, 12:00
تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان ، بڕیارێکى یەکلاکەرەوە نەدراوە ، کە ئایا سیستمى کوردستان سەرۆکایەتى بێت یان پەرلەمانى ، خۆ ئەگەر هەرێم و کۆى حیزبە سیاسیەکان ناچار بن بە مۆدێلى خلیجى ، ئەوا نەک هەر ئەم دوو سیستمە نابێت ، بەڵکو پشتاو پشت و وەلى عەهد و پاشایەتى دەبێت ، بە دیوێکى تردا ئەگەر بمانەوێ هەرێم نمونەیەکى جیاوازتر لە ناوچەکە پێشکەش بکات ، وە ئەو بازنە ببڕێت ، کە لە زۆرێک لە وڵاتانى ناوچەدا هەن ، ئەوا دەبێت زۆرترین گفتوگۆمان لەسەر جۆرى سیستمى حکومڕانى بێت ، خۆ ئەگەر سەرۆکایەتیش بێت (کە تا ئێستا وابوە ، زیاتر بە تەوافق و پۆست بەش کردن بوە) ئەوا تا ئێستا دەستورى هەرێم ڕەشنوسە و نەخراوەتە دەنگدانەوە ، ئەگەر پەرلەمانیش بێت ئەوا تا ئێستا بڕیارێکى بوێرانەى پەرلەمانمان نەدى لەسەر ئەم پرسە ، بەهەردوو دیوەکەدا ئەگەر بەدەر لە خوێندنەوەى کەسایەتى..... ئەوا هەر کەسێک لە دوو خول زیاتر سەرۆکى هەرێم بێت بە پێ ى ئەو ڕەشنوسى دەستورە ، ناتوانێت خۆى کاندید بکاتەوە ، ئەمە ئەگەر کاک مسعودیش نەبوایە هەر کەسێک بێت ، ئەوا دەرچونە لە دەستور ، خۆ ئەگەر بیانەوێ بیانویەکى دەستورى دابتاشن و بڵین ، دەستور تا ئێستا نەخراوەتە دەنگدانەوە ، هەر کات خرایە دەنگدانەوە ئەو کات دەبێتە پڕۆژەى دەستور شەرعیەتى گشتى وەردەگرێت و دەبێت پابەند بین پێوەى ، لەو کاتەوە ئەژمار دەکرێت بۆ ئەو کەسەى کە خۆى کاندید دەکات و بەڕێز مسعود بارزانى ئەوەى پێشوى بۆ ئەژمارد ناکرێت و بۆى دەبێت تا دوخولى تر خۆى کاندید بکات ، کە دەبێت بۆ ئەمە پەرلەمان زیاتر ئەم پرسە بوروژێنێ ، خۆ ئەگەر سەرۆکى هەرێم زیاتر بە تەوافقى سیاسى بو بێت و ئەم پرسەیە بە بیناوى بارى نائاسیى و شەڕى داعش دوا بخرێت ، ئەوا لەگەڵ نزیکبونەوەى ماوەى سەرۆکایەتى ولایەتەکى کاک مسعود بارزانى بەرەو کۆتایى دەچێت و دەکەوینە بەردەم پرسیارەکانى شەقامەوە ، ئەو کات دەبێت وەڵامى یاسایى و دەستوریمان پێ بێت ، بە تایبەت ئێستە هەرێمى کوردستان لە بۆشاییەکى دەستوریدا دەخولێتەوە ، خۆ ئەگەر وا بڕیار بێت دەستورێکى تێکەڵاو بێت ، ئەوا دەبێت ئەو پڕۆژەیە بگرێتەوە پەرلەمان وردەکارى بکرێت لە نێوان جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکاندا ، لە 22/8/2006 و تا ئێستا ئەم پرسى دەستورە ، لە پشتى کەوالیسەوە بە یارى جیاجیا بە هەڵواسراوى ماوەتەوە ، ئێستە کێشەکە لەوەدا نیە.... دەستورێکى شەرعیمان نیە ، کێشەکە لەوەدایە چى بکەین بۆ ئەوەى مەسعود بارزانى ببێتەوە بە سەرۆکى هەرێم ، سەرەڕاى ئەوەى هیچ چاودێریەک نیە لەسەر ئەم سەرۆکایەتیە و کارەکانى .
ئێمە لێرەدا هیچ مەبەستێکمان لە کەسایەتى کاک مەسعود نیە ، هێندەى دەمانەوێ قسە لەسەر سەرۆک و پرسى دەستور بکەین ، چى بکەین بۆ ئەوەى دەستورێکى تەندروستمان هەبێت تا دەسەڵاتێکى تەندروست بەرهەم بهێنین ، خۆ ئەگەر بمانەوێ هەر بە پێ ى ئەم دەستورە ، ئەگەر ڕەشنوس بێت یان پڕۆژە.... بڕیار بدەین و پابەند بین پێوەى ، ئەوا لە دواى دوو خولى وڵایەتەکەى کاک مەسعود بارزانییەوە ، کاک مەسعود بۆى نابێت خۆى کاندید بکاتەوە ، خۆ ئەگەر بە تەوافقى سیاسى کارى لەسەر کرا بێت ، لە نێوان یەکیتى و پارتیدا بە (کارت بە کارت) ، سەرۆکایەتى عێراق کە پشکى کوردە ، بۆ یەکێتى و سەرۆکایەتى هەرێم بۆ پارتى ، ئەوا لە ئێستەوە لە دواى دەنگدانەوە بە بەڕێز د.فواد معسوم ، ئەوە بەدى دەکرێت جارێکى تر هەر بە سازانى سیاسى بیانویەک دادەتاشن بۆ ئەوەى جارێکى تر کاک مەسعود بارزانى ببێتەوە بە سەرۆکى هەرێم ، ئەوکاتیش ئەگەر دەستوریش بێتەوە پەرلەمان ، ئەوا هەر بە تەوافقى پشتى کەوالیسەکان بە زۆرینەى دەنگ کار لەسەر ئەوە دەکرێت کە کاک مەسعود ببێتەوە بە سەرۆکى هەرێم و تێئەپەڕێنرێت ، بە دیوێکى تردا سیاسەت مامەڵە کردنە لەگەڵ واقع و بەرژەوەندى و لەبەر ئەم بارو دۆخە ئابورى سیاسى و سەربازیە کە هاتوەتە ئاراوە ، بۆ ئەوەى ناو ماڵى کوردى تێک نەچێت با کاک مەسعود خولێکى تر سەرۆک بێت ، ئەو کات پرۆسەى جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و دانانێکى دەستورێکى گشتگیر ، هێندەى تر دوا دەکەوێت ، خۆ ئەگەر کاک مەسعود خۆى پێ ى وابێت و بەلایەوە ئاسایى بێت کە خۆى کاندید نەکاتەوە ، بەڵام پارتى هەر دەبێت سەرۆکایەتى هەرێم پشکى خۆى بێت ئەوا پارتى دەتوانێت ئەم یاریە بکات ، کەسێک کە خۆیان پەسەندى بکەن هەڵبژێرن بۆ سەرۆکایەتى هەرێم ، لەبەر ئەوەى پارتى زۆرینەى دەنگى هەیە ، پێویستى بە پشکى تەوافقى نیە ، ئەو کات بە شەرعى و دەنگ ، سەرۆکایەتى هەرێم بۆ پارتى دەبێت .
ئەگەر هەمو ئەمانەش لەبەرخاترى سازانى سیاسى نەخوێنینەوە ، لەبەردەم کۆتاى هاتنى ماوەى سەرۆکایەتى هەرێمدا ، دەکرێت بزانین لەم ماوەیەدا سەرۆکى هەرێم چى کردوە ، ئەگەر وا بڕیار بۆبێت کە سیستم سەرۆکایەتى بێت ، ئەوا سەرۆک دەسەڵاتەکانى زۆر فراوانە و سەیرى ئەم لینکەى دەستورى هەرێم بکە (
http://www.presidency.krd/docs/draftConst-Kurdish.pdf )
پرسیارەکە لێرەدایە.... ئەگەر بە چاوى چاودێریەوە سەیرى کارەکانى سەرۆکى هەرێم بکەین ،بەدەر لە کارە چاکەکانى کە ئەرکى خۆیەتى ، ئەوا دەکرێت چەند پرسیارەى لێ بکەین ..؟
1. لە ماوەى دەسەڵاتى ولایەتەکەى سەرۆک بارزانیدا تا ئێستا وەزارەتى پێشمەرگە دابەشکراوە بەسەر دوو حیزبى پارتى و یەکێتیدا و نەیتوانیوە ڕێکیان بخات و بیکاتە وەزارەتێکى نیشتمانى .
2. گەندەڵى و نادیارى سەرچاوەکانى داهات زیاتر لێڵ تر و نا ڕونتر دەبێت .
3. یەکێتى درێژکراوەى ئێران و پارتى درێژکراوەى تورکیا ، نەتوانراوە ئەم پاشکۆیەتیە کۆتاى پێ بهێنرێت .
4. هیچ کارێک نەکراوە بۆ ستراتیژى سەربەخۆى هەرێم و کۆتاى بهێنرێت بە پاشکویەتى ستراتیژى وڵاتانى ناوچە .
5. جێگرەکەى لە کاتى سەفەرەکانیدا هیچ دەسەڵاتێکى نەبوە .
6. کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد تا بێت ئاڵۆزتر دەبێتەوە .
7. کێشەى خاک لەگەڵ ناوندا ماوەتەوە و بگرە چەمکى خاک هەر ون بوە ، چەمکى نەوت و موچە جێ ى گرتوەتەوە .
8. جیاکارى لەبەرەکانى شەڕى داعش و مانەوەى هێڵى ئەو دیو دیگەڵە و ئەم دیو دێگەڵە .
9. لاوازى یاساکان و دادوەرى لە لێپرسینەوە لە کەسانى بەرپرس .
10. ئازادى ڕۆژنامەوانى ئەگەر چى لە قۆناغى سۆرانى مامە حەمە و زەردەشت عوسمان توزێ باشتر بوە ، بەڵام کاوە گەرمیانى بەدوادا دێت و هیچ هەڵوێستیکى یاسایى پێویست نیە .
11. بەدوادچون بۆ ئەو ڕەخنە و گەندەڵیانە نیە کە بڵاو دەکرێتەوە .
چەندین خاڵى تریش .. کە هەموى دەکاتە ئەوەى کە سەرۆک مەسعود بارزانى بۆ ئەوەى مێژوو بۆ خۆى تۆمار بکات و هەرێم ببێتە دەستورى و کەس نەتوانێت دەستور تێپەڕێنێ ، لە ئێستا سیستم بکاتە پەرلەمانى دەستور بگەڕێنێتەوە پەرلەمان و ئەو کات هەر هاوڵاتیەکى ئەم وڵاتە بۆى هەبێت خۆى کاندید بکات بۆ سەرۆکایەتى هەرێم ، دەبێت لێرەوە بپرسین دواى 30 / 6 چى دەبێت ، ئایا هەر بە بەشککردن و ڕازى بونى وڵاتانى وەک ئێران و تورکیا دابەش دەبێت ، یان دەبینە خاوەن ئیرادەى خۆمان و دەبینە خاوەنى دەستور ، بەڵام سەرەتاکانى دیارە دواى ئەوەى سەرۆکى بەغداد دراوە بە یەکێتى و دەبێت سەرۆکى هەرێمیش (بەو بیانوەى کە دەستور نەخراوەتە دەنگدانەوە و بارى نائاسایى هەیە) بدرێتەوە بە پارتى ، ئەو کات دەیهێننە پەرلەمان و بە زۆرینە دەنگى پەرلەمانتارەکانى پارتى و یەکێتى ، ئەو بڕیارە دەدرێت و مەسعود دەبێتەوە سەرۆکى هەرێم ، ئەگەر چى دوو لەسەر سێ دەنگیشى پێویستە ، ئیتر ئەگەر دەنگى ناڕازیش هەبێت ، کەمینەن و هیچ کاریگەریەکى نابێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست