کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سلێمانى و کەرکوک .. ڕیفراندۆم و ماددەى 140..تاکتیکەکان

Wednesday, 02/07/2014, 12:00




ئەگەر هەرێم دابەش بوو بێت بۆ دوو زۆن و هەر زۆنەى درێژکراوەى ستراتیژێک بێت ، ئەوا لەم نێوەندەدا بزوتنەوەى گۆڕان ویستى ئەم هاوکێشەیە تێک بدات و نەخشەى سیاسى هەرێم و ناوچەیى بە دیدێکى ترەوە دابڕێژێت ، ئەویش بەوەى داواى ستراتیژى سەربەخۆى هەرێمى دەکات ... بەڵام ئایا گۆڕان چى کردوە بۆ ئەم بەرنامەیە ..؟
گۆڕان ویستى لە زۆنى سەوزى ئێران + یەکێتیەوە دەست پێ بکات ، وەک پێگەى سەرەکى خۆى ، کە ئەمەش بۆ زۆنى ئێرانى زەرەرێکى گەورەیە ، بەڵام زۆنى تورکى + پارتى هیچ زەرەرێک ناکات ، کەواتە بزوتنەوەى گۆڕان دەیەوێت زۆنى سەوز بخاتە سەر بلۆکى تورکیا و لەسەر دەستى وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان ڕۆژئاواى کوردستان و باشورى کوردستان ببەستنەوە بە هێڵى ئەوروپاو ئەمریکاو ئیسرائیل و وڵاتانى خلیجەوە ، بۆیە ئێران هەوڵ دەدات یەکێتى ببێتە بەشێک لە درێژکراوە بەرنامە و ستراتیژى ئێران و لە حکومەت و پارێزگاکاندا نیوە بە نیوە پشکى هەبێت ، ئەویش دەبێت کەرکوک و سلێمانى هى خۆى بێت ، خو ئەگەر نەوشیروان مستەفا بچوایەتە سەر بلۆکى ئێرانى دەمێک بوو یەکێتى کۆتایى پێ هاتوو ، بە شێوەیەکى تر ئێران دەیەوێت هەم پشکەکانى لە عێراق و هەم لە کوردستان کەم نەکات و هەم درێژکراوەکانى خۆى پێکەوە گرێ بدات ، واتا یەکێتى ببەستێتەوە بە مالیکیەوە ، هەر بۆیە ئەم دوو بۆچونە بە ئاشکرا دەبینرێت (د. نەجمەدین دەڵێ گەڕانەوە بۆ ماددەى 140 و مسعود بارزانى دەڵێت ڕیفراندۆم و سەربەخۆیى هەرێم لە چوارچێوەى عێراقێکى کونفیدڕاڵدا و پێویست ناکات باسى ماددەى 140 بکرێت) واتا ئێران هەم دەست لە پشکەکانى لە ناو هەرێمدا هەڵناگرێ و هەم دەست لە پشکەکانى لە عێراقدا هەڵناگرێت ، خۆ ئەگەر لە نێوان تورکیا و ئێراندا ئەم بەشکاریە کرا بێت بەم شێوەیە (سەرۆک کومار بۆ ئێران و سەرۆکى پەرلەمان بۆ تورکیا و سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران بۆ ئێران و سەرۆکى هەرێم بۆ تورکیا ...وەزیرى خاریجى بۆ تورکیا ...هتد ..وە لە هەرێمدا کەرکوک و سلێمانى بۆ ئێران و هەولێرو دهۆک بۆ تورکیا و سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ تورکیا و جێگرەکەى بۆ یەکێتى و ئێران ...هتد) کەواتە کاتێک گۆڕان دەیەوێت ئەم هاوکێشەیە تێک بدات ، ئەوا دەسکارى نەخشەى سیاسى هەرێم و ناوچە دەکات و دەستکارى ڕێکەوتنى نێوان ئەو دوو بلۆکە دەکات ، بە قازانجى بلۆکى تورکیا ، ئەمەش نامەیەک دەدات بە ئێران بە تایبەت لە سەرۆکى پەرلەماندا ، کە پشکى ئێرانە و گۆڕان وەرى گرتوە ،، ئەمەش وا دەکات ئێران زیاتر پێ داگرى بکات لەسەر پارێزگاى سلێمانى بۆ هاوسەنگ کردنى بالانسەکە کە خەرێکە لە زەرەرى ئێران تێک دەچێت.
خۆ ئەگەر لەسەر ئاستى عێراق سەیر بکەین ئەوا ئەویش هەر بەش کرا بوو، بەڵام هەژمونى مالیکى ئەم هاوکێشەیەى تێک دابوو ، ئەویش بە پەراوێز خستنى سونە و دور خستنەوەیان لە دەسەڵات و ڕاکردنى سەرکردەکانى سونە بۆ تورکیا و پاشان ساختەیەکى زۆر لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ مالیکى و یەکێتى ، ئەمەش واى کرد بەرەى تورکیا لە ڕێ ى کارتى داعشەوە ئەم بەرەیە وەربگرێت و نامەکە پێچەوانە بکاتەوە ، خۆ ئەگەر کارتى ساختە کردن لە هەڵبژاردنەکان و دورخستنەوەى سونەکان لە دەسەڵات نامەى ئێران بێت بۆ بەرەى تورکیا ، کە هاوسەنگیەکە تێک دەدات..... ئەوا کارتى داعش هەمان نامەیە بە دیوە تورکییەکەدا بۆ ئێران کە ناتوانى هاوکێشەکە تێک بدەى ، وە ئەگەر کارتى پەیەدە نامەى ئێران بێت بۆ بەرەى تورگیا.. ئەوا پرۆسەى ئاشتى ئیمراڵى و زیندانى ئاپۆ ، وەڵامى هەمان نامەیە و دەرهێنان و سوتانى کارتى پەکەکە و پەیەدەیە بە دەست ئێرانەوە ، هەموو ئەمانە لە چوارچێوەى ئەو تاکتیک و سیناریۆیانەدا دەخولێتەوە کە بەردەوام بەرامبەر یەکتر بەکارى دەهێنن .
خۆ ئەگەر لە ئەجینداى ئەمریکی و ئەوروپیدا بێت تورکیا فراوان کەن ، ئەوا دەبێت لە عێراقدا ئەو باڵانسە ڕابگیرێ ، بەوەى حکومەتى تازەى عێراقى بریتى دەبێت لە حوکمى کورد و شیعە و سونە بە تەوافق ، ئەمەش لە داواکردنى ڕیفراندۆمى کەرکوکدا دەردەکەوێت ، خۆ ئەگەر شتێ بدەن بە ئێران لە شوێنێکى ترەوە و ڕازى بکەن بەم ڕیفراندۆمە ، ئەوا کورد و تورکمان دەنگ دەدەن بە بلۆکى تورکى و کەرکوک دەچێتە سەر هەرێمى کوردستان و پڕۆژەکەى جو بایدن سەردەگرێت ، بۆیە ئێران لە ڕێ ى یەکێتیەوە بەردەوام دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ماددەى 140 ، لە عێراقیشدا کارتى داعش و گەڕاندنەوەى سوونە ، توانى ئێران ناچار بکات مل بۆ پڕۆژەکەى ئەمریکا کەچ بکات ، هەر چەندە ڕوسیا و ئێران بەدەوام دەیانەوێت مالیکى باڵاتر بکەنەوە بەڵام هەمووى بۆ ئەوەیە کە باجێکى زیاترى بەر بکەوێت ... ئەم یارى و تاکتیکانە بەردەومیان هەیە .
لەسەر ئاستى سیاسەتى کوردى ..کاتێک پارتى بە تاک لایەنە پارێزگاکان پێک دەهێنێت ئەوا دیسانەوە ئەو تاکتیکە لە ئارادایە کە هاتە سەر دەنگدانى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ئەوکات کۆمەڵ و یەکگرتوو و پارتى دەنگ دەدەن بە گۆڕان و بە تەواوەتى ئەوەى پێ ى دەوترێت دەسەڵات و پێگەو پۆستەکانى زۆنى ئێرانى تێک دەچێت ، لە کەرکوکیشدا ئەگەر ئێران ڕازى بکەن بە ڕیفراندوم ئەوا یەکێتى و دەسەڵاتى مالیکى و ئێرانى بە تەواوەتى بچوک دەبێتەوە ، لە بەرامبەردا دەبێت بلۆکى تورکى باجەکەى بدات و شتێک بۆ ئێران بکات ، ئەگەر نا ئەوا نە پارێزگاى سلێمانى بەو ئاسانیە پێکدەهێنرێت ، نە ڕیفراندۆم لە کەرکوکدا دەکرێت و سەرجەم کێشەکان بە هەڵواسراوى دەمێننەوە تا بەکارهێنانى تاکتیک و سیناریۆیەکى تر .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە