کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆك وكارتى ڕێكەوتننامەى ستراتیژى

Thursday, 09/05/2013, 12:00






لەبەردەم پێگەیشتنى نەوەى نوێدا ئەگەرى گۆڕانى قۆناغێكى نوێ بەڕێوەیە , لە بەریەككەوتنى نەوەكاندا ئەكرێت ئەم چركە ساتانە پەڕینەوە بێت بۆ قۆناغێكى نوێ كە بتوانرێ بچینە ئەودیو دۆخى چەقبەستویى و هەژموونى حیزبییەوە , ئەمەش لە پرسى دەستور و سەرۆكێكى نوێدا خۆى دەبینێتەوە كە ئێستە یاریەكان بەردەوامى هەیە و كەوتوینەتە بەردەم پرسیارە گەورەكانەوە ...كە ئایا یاریەكان دەتوانن ئەو ئەنجامەمان بدەنێ كە بتوانرێ بە سەرەتاى قۆناغى نوێ ناو ببرێت ..؟
بەرى پارتى ئەو یاریە دەكات كە بتوانێت بۆ سستم هەر سەرۆكایەتى بێت و سەرۆكیش كاك مسعود بارزانى بێت بۆ ئەم یاریەش كار لەسەر هەردوو كارتى ناوخۆى و دەرەكى دەكات تا بتوانێت بەو ئامانجە بگات كە كۆى پارتى دەیەوێت , لە ئێستادا لە بەرامبەر دەستوردا بەرەى گۆڕان لە ئاستى ناوخۆدا تا بێت فراوانتر دەبێت چونكە هەموو حیزبەكان كەوتونەتە بەردەم حوكمى سەروەرى یاسا و دەستورەوە كە بە پێ ى دەستور كاك مسعود ناتوانێ بۆ خولێكى تر خۆى كاندید بكاتەوە مەگەر بە سازانێكى نیشتمانى كە هەموو هێزەكان بسازێن لەسەرى خۆ ئەگەر پارتى لەم سازانە گشتیەدا و لەم هەوڵەیدا شكستى هێنا بێت ئەوا لە بوارى دوەمدا كە پرسى دەستور خۆیەتى ئەگەرى گەڕاندنەوەى بۆ پەرلەمان و هەموار كردنەوەى دەبێتە كێشەیەكى گەورەى پەرلەمانى , بەڵام دەبێت بپرسین هەموار كردنەوەكە چۆن بێت و چ ماددەیەكى دەگۆڕێت , وە لەكاتى هەمواركردنەوەدا بە دەنگى زۆرینە بێت یان 3/2 ..... یان دواى دەسكارى كردنى دەستور لە دەرەوەى پەرلەمان دیسانەوە هەوڵى سازانى هێزەكان بدرێت , هەموو ئەمانە پارتى خستوەتە بەردەم ئەوەى كە بەرە فراوانەكە (بەرەى گۆڕان) داواى هەمواركردنەوەى بكەن و دەسەڵاتەكان لە سەرۆكى هەرێم بسێننەوە و باڵانسێك هەبێت بۆ دەسەڵاتەكان و سستم ببێتە پەرلەمانى خۆ ئەگەر ئەم داوایە داواى زۆرینەى هێزەكان بێت ئەوا بۆ خۆى پارتى ناتوانێت سەرۆكایەتى هەرێم بگرێتە دەست وەك ئەوەى كە ئێستە هەیە ئەو كات دەبێتە سەرۆكایەتیەكى تەشریفاتى و دەسەڵاتەكان دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان كە دەكاتە ئەوەى لەگەڵ ئامانجى پارتیدا پێچەوانە بێتەوە چونكە پارتى دەیەوێت دەستور بەم ڕەشنوسییەوە بخرێتە دەنگدان و بە سەرۆكایەتى بمێنێتەوە و پاشان كار لەسەر ئەوە بكرێت كە دەوترێت كاك مسعود لە خولى یەكەمدا لە گەلەوە هەڵنەبژێراوە و دەتوانێت بۆ خولێكى تر خۆى هەڵبژێرێتەوە(كە ئەمەش دیسانەوە لادانە لە یاساكان) ئەمە ئامانجى سەرەكى ئێستاى پارتیە بۆیە دەیەوێت كارتەكانى بەكار بهێنێت ... با بپرسین چۆن ..؟
كارتى گەورەى دەستى پارتى (یەكێتى نیشتمانى كوردستان)ە كە بە پێ ى پەیمانى ستراتیژى و هاوپەیمانى چەند ساڵەى دەسەڵاتیان هاوكارى بكات و شەرعیەتى یاساى هەڵبژاردنەكانى بۆ دابین بكات چونكە یەكێتى هێزى گەورەى نێوان بازنەى گۆڕان و پارتییە بەڵام یەكێتى دواى مام جەلال ناتوانێ ئەو یەكێتیە بێت كە جێ ى هیواى پارتى بێت چونكە لە ناو یەكێتیدا چەند هێزێك هەیە (مەكتەبى سیاسى , ئەنجومەنى ناوەند , بنكەى یەكێتى) كە جگە لە نیوەى مەكتەبى سیاسى و هەندێ دەنگى كەم نەبێت زۆرینەى ئەم سێ هێزە دژى هەوڵەكانى پارتین خۆ ئەگەر مام جەلال توانیبێتى كۆى دەنگەكانى ناو یەكێتى ڕازى بكات بە سیاسەتەكانى پارتى ئەوا ئێستا كۆمتمانەیى بۆ هیچ یەكێك لە سەركردەكانى ناو یەكێتى نیە بۆیە پارتى سەركەوتو نەبوو لە دروستكردنى مام جەلالێكى تر لە ناو یەكێتیدا یان نەیتوانى كۆپیەكى مام جەلال دروست بكات تا ببێتە ئەو دار شەقەیەى كە پارتى دەتوانێت بەردەوامى بە ڕۆشتنى خۆى بدات , لێرەدا پارتى پێویستى بە تەواوى یەكێتیە نەك بەشێكى بچوكى وە لەم هەوڵەشیدا سەركەوتو نەبوو بۆیە پارتى پەنا بۆ كارتى دوەمى دەبات ئەویش كارتى دەرەوەیە تا یەكێتى ناچار بكات پابەند بێت بە سیاسەتەكانى پارتیەوە ... با بپرسین چۆن ..؟
پارتى لە ڕێگەى ئێرانەوە كاردەكات تا سود لە لاسەنگى دەسەڵاتى مالیكى ببینێت و وەك كارتى دوەم كارى لەسەر بكات بە هاوكارى كردنى مالیكى لە لایەن پارتیەوە چونكە ئێستا مالیكى و بەرەى شیعە لە بەرامبەر بەرەى سونەدا توشى قەیرانى گەورە بوەتەوە زۆر پێویستى بە كارتى كورد هەیە بۆ بەرزكردنەوەى بالانسى خۆى ... ڕۆشتنى نێچیرەڤان بارزانى بۆ ئێران بۆ ئەو ناوەند گیریە بوە تا لە ڕێ ى مالیكیەوە كارتەكەى بەكار بهێنێت واتا كارت بە كارت دەكات ... لە بەرامبەر پشتیوانى كردنى كاك مسعود بۆ مالیكى و پشتكردنە سونە و بێدەنگكردنى سونە لە لایەن توركیاوە بتوانرێت بە ئێران و بە مالیكى یەكێتى ناچار بكات هاوپەیمانیەتیەكەیان لەم خولەى هەڵبژاردندا بەردەوام بێت و چانسى بردنەوەى مسۆگەر بكات (چونى هێرۆ خان بۆ ئێران) ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ ڕێكەوتننامەى ستراتیژى دەبێت كە لەبەرامبەر پۆستى سەرۆك كۆمارى عێراقدا سەرۆكى هەرێم بۆ پارتى بێت و ئەوانیش بتوانن بە پشتوانى هێزى ئەم كارتە یەكێتى ناچار بكات كە حیلە شەرعییەك بۆ كاك مسعود بدۆزنەوە و جارێكى تر ببێتەوە بە سەرۆكى هەرێم چونكە تاكە كاندیدى پارتى بۆ سەرۆكى هەرێم هەر كاك مسعودە و كۆمتمانەیى پارتى لەسەرە و كەسى دوەم و سیێەم بونى نیە كە بتوانێت ئەو متمانەیەى هەبێت لاى پارتیەكان كاك مسعودیش كەوتوتە بەردەم لادان لە ڕەشنوسى دەستور وە پارتى دەیەوێت لە ڕێ ى بەشكردنەكانى پەیمانى ستراتیژیەوە یەكێتى ناچار بكات بە پشتوانى پارتى ... لێرەوە دەكەوینە بەردەم گریمانەیەكەوە .... گریمان پارتى لەم یارییەیدا سەركەتو بوو یەكێتى ناچاركرد بەوەى كە دەستور بخرێتە دەنگدانەوە پاشان كار بۆ دانانەوەى كاك مسعود بكرێت ئەو كات دەستور پێویستى بە 3/2 دەنگەكان دەبێت بەڵام ئایا ئەگەر پێشتر مام جەلال كارى بۆ كاك مسعود كردبێت و ئەو دەنگەى هێنا بێت ئێستە كێ كار بۆ دەنگهێنانى دەستور دەكات ئەوەش ڕونە كە بنكەى یەكێتى و بەرەى گۆڕان دەنگ نادات بە دەستور ئەمە جگە لەوەى كە بۆ خۆى دەستور بەم شێوەیە (واتا سەرۆكایەتى) ناڕەزایەتیەكى گەورەى لێ دەكەوێتەوە هەڵە گەورەكە لێرەدایە كە دەستور بەم شێوەیە بخرێتە دەنگدانەوە وە ئەوە ڕونە كە ناتوانرێت دەنگى پێویست بهێنێت .. پارتى لەبەردەم هاوكێشەیەكى زۆر ئاڵوزدایە و بە هەموو دیوەكاندا لەبەرژەوەندى ئامانجەكانى پارتیدا نیە كارتەكانى تواناى ئەو یارییانەى نیە كە دەیەوێت بیكات وە یەكێتیش كەوتوەتە بەردەم دوڕێیانێك كە نازانێت ڕێگاكان بە كوێیان دەگەیەنێت خۆئەگەر یەكێتى لە ژێر گوشارى ئێران و مالیكى و پۆستى سەرۆك كۆماردا ناچار بكرێت بە گەڕاندنەوە بۆ ڕیكەوتننامەى ستراتیژى و چونەوە ناو بازنەى پارتى ئەوا بۆ خۆى دەكەوێتە بەردەم ئەگەرى كەرت بوون , وە ئەگەر بە دیوى دوەمدا بچێتە ناو بازنەى گۆڕانەوە ئەوا بەرژەوەندى زۆرێك لە سەرانى یەكێتى دەكەوێتە بەردەم مەترسیەوە و ئێرانیش وەك درێژكراوەى خۆى دەبێتەوە بەدژى وە توركیاش لە دۆخى چاودێریدایە و گڵوپى سەوزى بۆ پارتى هەڵكردوە كە ئەو یاریانە بكات تا براوە بێت چونكە بە درێژكراوە ئابورى خۆى دەزانى وە بۆ ئەم یاریە هاوكارى لۆجستى دەكات , لەم نێوەندەدا لە ناو هاوكێشەى ئەگەرى ئەم گۆڕانكارییانەدا بازنەى گۆڕان هەموو هێزەكانى خستوەتە بەردەم دوو هەڵبژاردنەوە یان گۆڕینى كۆى نەخشەى سیاسى هەرێم یان مانەوە وەك دۆخى چەقبەستوى خۆى وە یەكێتى زۆر ترین پشكى گۆڕانى ئەم هاوكێشەیەى بەردەكەوێ و ئەگەرى پەرت بونى زیاتر دەبێت وە بە گشتیش هەموو هێزەكان لەم هەڵبژاردنانەدا دەكەونە بەردەم هاتنە پێشەوەى چوار تەمەنى تر و چوار دید و بۆچونى تر كە دەكرێت هیواى دروست بونى قۆناغێكى نۆێ ببینرێت و خاڵى دووەم لە بڕینى قۆناغى نوێ دەستى پێ كردبێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە